Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

یه‌ک دڵ و دوو ئاین .

Be First!
by August 17, 2008 گشتی

 برێڤ
 رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه‌.
  یه‌ک دڵ و دوو ئاین .

 
 بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ کیژێکمان برزبوو، زۆر  به‌دوایدا وێل بووین، دایکی زۆر گریا، منیش له‌ شه‌رما زۆر خۆم شارده‌وه‌، دایکی بۆ کتێبه‌کانی ده‌گریا، جله‌کانی ده‌بینی و ده‌گریا، ئاسان نییه‌ ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌ت له‌ناکاو گووم بێت … پیاوه‌که‌ به‌سۆزه‌وه‌ قسه‌کانی بۆ ده‌کردم، هه‌شت ساڵ بوو یه‌کترمان نه‌دیبوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ئاسایی براده‌رو ناسیار ماوه‌ی  زۆر درێژ  لێکدا‌ده‌بڕێن، چه‌ند هۆکاره‌کانی په‌یوه‌ندی زۆرو ئاسان و خێراو هه‌رزانه‌، ئه‌وه‌نده‌ش دوورکه‌وتنه‌وه‌و دابڕان ئاسان و زۆربووه‌، ماوه‌یه‌کی باش به‌رده‌وام به‌یه‌که‌وه‌بووین، ئه‌و زووتر ژن و مناڵه‌کانی هاتن، ئه‌وان زووتر له‌ ( ئوردن ) چاوه‌رانبوون بۆیه‌ش زوو هاتن، له‌ من دوورکه‌وته‌وه‌.
 له‌ناو جامخانه‌و گلۆپه‌ نازداره‌کانی گه‌له‌ریانی سه‌نته‌ری شیستا دۆزیمه‌وه‌، دوو جاری تر دیمانه‌مان بوو.
 چۆن له‌و وڵاته‌ که‌سێک بزرده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مێینه‌ش بێ، خه‌مخۆری هه‌بێت، دایک و باوکی به‌ شه‌یداییه‌وه‌ به‌دوایدا بگه‌رێن. به‌ ده‌نگه‌ گه‌وره‌که‌ی وڵامی دامه‌وه‌، ده‌ڵێم هیچ هه‌واڵ و شوێنه‌واری نه‌بوو، ئێمه‌و خاڵه‌کانی، ئێمه‌و پۆلیس، من و چاوو ته‌له‌فۆن و سه‌ردان و پرسیارو گه‌ڕان و گریان سوودی نه‌بوو ..!! به‌ڵام من عینادیم کرد، له‌ قسه‌که‌ی خۆم نه‌هاتمه‌ خوارێ، که‌س له‌و وڵاته‌ بزر نابێت، دیاره‌ ئه‌و خۆی شاردیته‌وه‌، ئه‌و یان پۆلیس نه‌یانویستووه‌، ئێوه‌ شوێنه‌که‌ی بزانن، وه‌ک ئێوه‌ ده‌ڵێن، ( المسآله‌ فیها آن )، که‌ زانی من ئیقناع نابم، بۆیه‌ سه‌ری باداو وتی:
 شتێکمان ده‌زانی ..!! به‌ڵام کیژه‌که‌مان نه‌دۆزیه‌وه‌، ده‌مانزانی ماوه‌و سه‌ڵامه‌ته‌، به‌ڵام ئێمه‌ شوێن و رێگامان نه‌ده‌زانی، نه‌مانده‌زانی له‌کام مه‌کته‌ب ده‌وامی پێ ده‌که‌ن، به‌ کام هێلی (  تونێلبانه‌ ) ده‌چێته‌وه‌، له‌ کام گه‌ڕه‌ک ده‌ژیت .. دوایی دۆزیمانه‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه‌و ماڵه‌وه‌، ئێستا له‌ ئێمه‌ زۆر نزیکه‌، له‌ باوه‌شی دایکی نزیکه‌، له‌ خوێندنه‌که‌ی به‌رده‌وامه‌، هه‌فتانه‌ یه‌ک دوو جار دێته سه‌ردانمان، ده‌ست به‌ گوڵه‌وه‌ دێته‌وه‌.
 ئه‌و کیژه‌ نازداره‌ له‌ مه‌کته‌ب، کوڕێکی دۆزیوه‌ته‌وه‌، کوڕه‌که‌ وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکی به‌غدابووه‌، وه‌ک ئه‌و به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان کردووه‌، وه‌ک ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی گوڵ بووه‌، وه‌ک ئه‌و زمانه سویدییه‌‌که‌ی هێشتا باش نه‌بووه‌، ئاستی گیرفان و بیرو ئاره‌زوویان له‌یه‌ک نزیک بووه‌، که‌ تێکگه‌یشتن یه‌ک دڵ و یه‌ک نیگاو یه‌ک ده‌ست و یه‌ک زمانیان هه‌یه‌، یه‌کتریان خۆش ویستووه‌، دایک و باوکی کیژه‌که‌ رازی نه‌بوون، کۆشش زۆرکراوه‌، هاتوچووکراوه‌، کۆمۆن و سۆسیال به‌ مه‌سه‌له‌که‌یان زانیوه‌، به‌ڵام سوودی نه‌بووه‌ ..!!
 بۆیه له‌ کۆتایی‌ به‌ناچاری یه‌ک دڵه‌که‌و یه‌ک مه‌به‌سته‌که‌، به‌ دوو ئاین و به‌ دوو نیگای جیاوازی ماڵه‌وه‌، ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی یه‌کتر ناوه‌و ئاگاداری لایه‌نی په‌یوه‌نداریان کردیته‌وه‌، هه‌ر که‌سه‌ له‌سه‌ر دینی خۆی، پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریان کردووه‌. ئێستاش کوڕه‌که‌ هێلانه‌ی خۆشه‌ویستی له‌ناو دڵی دایک و باوکی کیژه‌که‌ چێکردووه‌. باوک و دایکی شانازی به‌ نه‌وه‌که‌یان ده‌که‌ن، خانه‌واده‌ی کیژه‌که‌ مناڵه‌که‌یان به‌ ئاینی خۆیان ناوزه‌د کردووه‌، ماڵی کوڕه‌که‌ش له‌ که‌نیسه‌و دوور به‌ دووری ناویان ناوه‌. دوو دڵه‌که‌ بێ ویستی دوو ئاینه‌که‌ بوونه‌ یه‌ک دڵ، که‌ ئه‌و مناڵه‌ش گه‌وره‌بوو، ئه‌ویش بریارده‌دا دوو ئاینه‌که‌ی دایک و باوکه‌که‌و دوو ئاینه‌که‌ی داپیرو باپیره‌که‌ی بکاته‌ یه‌ک ئاین، ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌ دوارۆژا ئه‌و مناڵه‌ بڕوای به‌ ئاینێک کرد.!!
 

Sherzad.heini@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply