Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یەکگرتوو…فەرزەندە نازدارەکەی دەسەڵاتی کوردی

یەکگرتوو…فەرزەندە نازدارەکەی دەسەڵاتی کوردی

Closed
by January 4, 2012 گشتی

لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٩٣ دا ڕێکخراوێکی چەپ بەناوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (حكك)، وەک پارتێکی سیاسی، مەدەنی ناچەکدار لە کوردستان دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند. ساڵێک و یەک مانگ دواتر، لە ٢١ ی ئابی ١٩٩٤، یەکگرتووی ئیسلامی، هاوشێوی حكك، وەک پارتێکی سیاسی، مەدەنی ناچەکدار دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند. هەردوو حیزبەکە لەکاتی دامەزراندییان لە نەفوزو قەبارە و بنکەی جەماوەریدا نزیک لەیەکتری بوون. بەڵام، کۆمۆنیستەکان ڕێکخراوتر و پێشینە و ئەزموونێکی رێکخستنی زیاترییان هەبوو. هەردوو حیزبە تازە دامەزراوەکە ویستوییانە لە چوارچێوەی یاساکانی هەرێمی کوردستان کاری سیاسی و جەماوەری و ڕێکخراوەیی خۆیان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە داوای مۆڵەتی یاسایییان لە حکومەتی هەرێم کردووە.
مۆڵەتی یاسایی بۆ (حكك) دەبێتە سەراب و بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو (١٩٩٣-٢٠١١) داواکاری ئەو حیزبە ڕەتدەکرێتەوە. سەرەنجام دوای هەژدە ساڵی ڕەبەق چاوەڕوانی، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا “حكك” وەک پارتێكی ڕێگەپێدراو مۆڵەتی کارکردنی پێدەدرێت. جگە لە پێنەدانی مۆڵەتی یاسایی، لە هەردوو هەرێمی زەرد و سەوزدا، “حكك” وەک ئەوەی تابووری پێنجەم و یان تۆڕێکی مافیایی بێت، لایەنگرانی بەردەوام و بێ هیچ فەرمانێکی دادوەری لەکاتی چالاکی سیاسیی نۆرماڵییاندا، بۆ نموونە هەڵواسینی لافیتە، یان سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە، دەگیران و دەکەوتنە بەر شەق و قامچی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە و زۆرجاریش لە بەندیخانەی زەرد یان کەسک زیندانی دەکران. لەوەش خراپتر، لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠١ دا بەردەوام بارەگاکانییان داخراون و کۆمەڵێكی بەرچاوی کادیر و کەسایەتییە دیارەکانی نزیک لەم حیزبەش دەبنە ئامانجی تیرۆرکردن. نموونە دیارەکانی کەسایەتییە تیرۆرکراوانە بریتین لە: نەزیر عومەری لێپرسراوی ئەو حیزبە لە بادینان (١٩٩٣،  لە دهۆک تیرۆر کرا) ئەبوو بەکر عەلی شاعیر (١٩٩٤، سلێمانی)، شاپور و قابیلی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حكك (١٩٩٨، هەولێر)، فەرهاد فەرەجی نووسەر (١٩٩٩، سلێمانی)، پێنج کادیری ئەو حیزبە (٢٠٠٠، سلێمانی).
پێچەوانەی حكك، یەکگرتوو فەزایەکی لەبار و ئارامی بۆ کارکردن و هەڵسوڕان بۆ دەرەخسێنرێت و ڕووبەڕووی هیچ بەربەستێک نابێتەوە و لەیەکەم ڕۆژی دامەزراندنییەوە مۆڵەتی یاسایی پێدەدرێت. جیاواز لە کار و یاسای حیزبایەتی لەهەر وڵاتێکی دیموکراسی و موئەسەساتی ئەم جیهانەدا، یەکگرتو ڕێگەی پێدەدرێت دراوێكی زۆر لە سەرچاوەیەکی نادیاری دەرەوەی هەرێمەوە بۆ کاری حیزبی و بێ ئەوەی دەزگا حکومییەکان لێی ئاگادار بێت، تەوزیف بکات. جگە لەوە، تەنها دوو ساڵ دوای دامەزراندنی، لە ساڵی ١٩٩٦دا دەرگاو پۆستی وەزارەتەکانی لە هەرێمی زەردی ئەوسا بۆ دەخرێتە سەر پشت، ‌دەروازەی خەزینەی هەردوو هەرێمی زەرد و سەوزی تا ڕۆژی “یەکگرتنەوەی” ئەو دوو هەرێمە  بۆ ئاوەڵا کرابوون. بەکورتی، پێچەوانەی حكك، لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤ و ٢٠٠٤ دا کەپووی لایەنگرێکی یەکگرتوو خوێنی لێ ناپرژێت و لە هەموو جۆرە پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەوی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهرەمەند دەبێت و زەمینەیەکی بەپیتیش بۆ هەڵسورانی ئەم حیزبە فەراهەم دەکرێت.
بەم جۆرە لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا (١٩٩١-٢٠٠١) کۆمۆنیستی کرێکاری “حكك” وەک ناحەزێكی باوەکوشتەو یەکگرتووش وەک فەرزەندەیەکی تاقانە هەڵسووکەوتییان لەگەڵدا کراوە.
نازی ئەم فەرزەندە نازدارە بەجۆرێک سنوورەکانی تێپەڕاندووە، شێوەی نوکتەیەکی سیاسی لەخۆ گرتووە. بۆ نموونە، لە ماوەی شەڕی ناوخۆ و جەنگی ساردی نێوان یەکێتی و پارتی (١٩٩٤-٢٠٠٤) دا، کە هەڵسورانی یەکێتی لە دەڤەری زەرد و هی پارتیش لەهەرێمی سەوزدا قاچاغ بوو، ئەم دوو حیزبە ئەندامانییان لە دەڤەرە رکابەرەکە هاندەدا کە وەک لایەنگری یەکگرتوو خۆیان بناسێنن و دەنگییان بدەنە ئەو پارتە. ئەوە نهێنییەکی ئاشکرا بوو کە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکان و ئۆرگانە پیشەییەکاندا کە پێش روخاندنی رژێمی سەدام لەهەرێمی زەرد و سەوزدا ساز دەکران، لایەنگرانی یەکێتی لە ناوچەی زەردا دەنگیان دەدا بە یەکگرتوو، لایەنگرانی پارتیش لەدەڤەری سەوزدا هەمان سیاسەتییان پەیرەو دەکرد. بۆیە دوای ٢٠٠٣ کاتێک هەر یەک لە یەکێتی و پارتی بارەگاکانییان گێڕایەوە بۆ سنووری قەڵەمڕەوی ئەوی تر و لە هەڵبژاردنەکانی دەڤەرە رکابەرەکەیاندا بەشدار بوون، رێژەی دەنگەکانی یەکگرتوو لە هەردوو دەڤەرەکەدا بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەزی.  
ئەم دووفاقییە لە سیاسەتی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، کە بەرامبەر پارتێکی چەپ و یەکێکی تری ئیسلامی پەیرەو دەکرا، نە رێکەوتە، نە نموونەیەکی دەگمەنە، وە نە سنووردارە بە حكك و یەکگرتوو. بەڵکو ڕەنگدانەوەی هێڵی گشتی و تێگەییشتنی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بووە لەهەمبەر دوو بزووتنەوەی جیاوازدا کە یەکێکییان ئاراستە عەلمانی، چەپی و نەتەوەیی و تارادەیەک دیموکراتە ئەویتریشیان ئیسلامی-سیاسی کە ئاراستەیەکی نانەتەوەیی و تا رادەیەکیش نا-دیموکرات و تۆتالیتارییان هەیە. لەسەرێکەوە، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار هەموو قوورسایی خۆییان خستبووە سەر لاوازکردن و سنووردارکردن لەگۆڕەپان دەرکردنی بەرەی یەکەم (چەپی-نەتەوەیی). پارتەکانی سەر بەم بەرەیە لە بابەتی حكك، پەکەکە، یەکێتی تێکۆشین، پارتی کار، بزوتنەوەی جوتیاران، هەندێك جاریش حیزبی زەحمەتکێشان و حیزبی پارێزگاران بەردەوام ئازادی هەڵسوڕانییان لێ بەرتەسک کراوەتەوە و قامچی و زنجیر و تفەنگییان بەڕوودا بەرز کراوەتەوە. لەسەرێکی تریشەوە، پارتی و یەکێتی کارییان لەسەر لەمەیداندا هێشتنەوە و زۆرجاریش بەهێزکردنی بەرەی دووەم (ئیسلامییەکان) کردووە. حیزبەکانی سەر بە ئیسلامی سیاسی بەگشتی ئازادی هەڵسورانییان بۆ فەراهەم کراوە و کراونەتە شەریکە بەش لە حوکمرانی و دارایی و دەروازەی وەزارەتەکان و خەزێنەی دەوڵەتییان بەڕوودا کراوەتەوە. 
گوزەرێک بەسەر ڕووداوەکانی نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠١) بەرنامەی لێدان و لەمەیدان دەرکردنی بەرەی چەپی-نەتەوەیی ئاراستە عەلمانی لەلایەن پارتی و یەکێتیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بۆ نموونە، یەکەم کاری سەربازی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دوای راپەرین، لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو. ئەگەر فشارەکانی دەوڵەتی تورک فاکتەرێک بووبێت، ئەوا هۆکارێكی تر ئارەزووی پارتی و یەکێتی بووە کە رێگە نەدەن بەم پارتە لە هەرێمی کوردستاندا کار و چالاکی بکات و هەوڵێک بووە بۆ کاڵکردنەوە و سڕینەوەی کاریگەر هزری نەتەوەیی و چەپی و عەلمانی ئەم پارتە لە باشووری کوردستان. هەر بەم ئاراستەیە و لە ساڵی ١٩٩٧ دا، سەرجەم بارەگاکانی پەکەکە و رێکخراوە پیشەییەکانی سەر بەو حیزبە لەهەرێمی زەرددا سوتێنران و زۆربەی ئەندامانی ناو بارەگاکانی کوژران و شوێنبزرکران. حیزبی تێکۆشینی رەنجدەران، یەکێکی ترە لە حیزبە چەپە نەتەوەییەکان، کە بە کوشتنی سکرتێرەکەیی و گرتنی ئەندامەکانییان بەتەواوی لە نەخشەی سیاسی سڕێنرایەوە. لە ٢٦ی ٥ی ١٩٩٣ داو بەبەرچاوی خەڵک کامیل رەئووف ئاکرەیی لەبادینان تیرۆر دەکرێت و لایەنگرانی حیزبەکەی لەژێر هەرەشە و گرتندا پەرتەوازەیان پێ دەکرێت.
 حیزبی زەحمەتکێشان یەکێکی ترە کە لە ١٩٩٣دا لەبادینان هێرش کرایە سەربارەگاکانی و سوتێنران و ڕێناسی بەرپرسی بادینانی ئەو حیزبە تیرۆر دەکرێت و ئەندام و لایەنگرەکانییان دەگیرێن. بەمجۆرە، ئەم حیزبە بەتەواوی لەبادینان شوێن پێی سڕایەوە. جگە لەوە، بەردەوام کار لەسەر ئینشیقاق خستنە ناو ئەو حیزبە کراوە و تا سەرەنجام لە حیزبێکی نیمچە نوخبەوییەوە دەبێتە حیزبێکی بێکاریگەر و مردووی کوردستان. پارتی کار، حیزبێکی ترە کە هاوشێوەی زەحمەتکێشان رووبەڕووی دابەشکردن و لێدانی ڕابەرانی بووەتەوە. لە زستانی ١٩٩٥دا محەمەد حەلاق و ١١ ئەندامی تری ئەم حیزبە لە کۆیە تیرۆر دەکرێن. هەر هەمان ساڵ بزووتنەوەی جوتیاران خەفە کرا، دوای ئەوەی مامۆستا ئەمینی رابەری بزوتنەوەی جوتیاران لە ناوچەی ڕاپەرین تیرۆر دەکرێت و ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە دەگیرێن. ساڵێک دواتر لە هەرێمی زەرددا، پارتی پارێزگاران دەکەوێتە ژێر هێرش و سەرۆکی ئەو حیزبە و ٢٠ ئەندامی دەکوژرێن و سەرجەم بارەگاکانی دەسوتێنرێن و کاری ئەم حیزبە یاساغ دەکرێت. بەم جۆرە حیزب دوای حیزبی ئاراستە نەتەوەیی و چەپییەکانی کوردستان لەرێگای تیرۆر کردن و گرتن و راوەدونانی ڕابەرانی و بەرتەسک کردنەوەی چالاکی سیاسییان پاکتاو دەکرێن.
ڕەنگە بزووتنەوەی گۆڕان دوا نموونە پێکەنیناوییەکەی ئەو هەرێمە بێت، کە فۆبیای دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی ئەم هەرێمە لەهەمبەر جوڵانەوە چەپی و نەتەوەییەکان دەسەلمێنێت. بۆ ماوەیەکی زۆر، “گٶڕان” بوون لە هەرێمی سەوزدا بەمانای نان-بڕین و لێدانی پێگە و شوێنی کۆمەڵایەتی بوو. لەساڵی ٢٠١١ شدا، سەرجەم بارەگاکانی گۆڕان لە دەڤەری زەرد کەوتنە بەر هەڵمەتی سوتاندن. رەنگە گۆڕان تاکە حیزب بێت لەسەر ڕووی زەوی کە چوار یەکی ئەندامانی پەرلەمانێک پێک بێنێت بەڵام نەتوانێت کۆنگرەی ئاسایی حیزبی ببەستێ لە بەر سەلامەتی گیانی ئەندامانی. ئەمە نوکتەی هەرێمەکەی ئێمەیە، کە حیزبێک لەپەرلەمان بەشدار بێت، بەڵام بۆ کۆنگرە ناچاربێت ماسک بۆ ئەندامانی بەکار بێنێت. 
سیاسەتی پاکتاوکردنی حیزبە چەپ و نەتەوەییەکان هەرتەنها سنووردار نەبوو بەو هێزانەی کە لەسەرەوە ناوم هێنان، بەڵکو پارتی و یەکێتی هەمان سیاسەتییان دژی یەکتریش پەیرەو کردووە.  بۆ چەندان ساڵ، چالاکی هەر یەک لەم دوو حیزبە لە سنووری ئەویتردا قەدەغە کرابوو، لایەنگرانییان دەگیران و تیرۆر دەکران. بۆ خۆپاراستن و مانەوە ئەندامانی ئەو دوو حیزبە زۆرجار، دەچونە ناو حیزبە ئیسلامییەکان بەتایبەتیش ناو یەکگرتوو. هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، لایەنگرانی ئەو دوو حیزبە لەهەرێمە رکابەرەکەیان لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگییان دەدایە یەکگرتوو. ئەم سیاسەتی یەکتر سڕینەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە ئەم حیزبانە لە حیزبی کوردستانییەوە بگۆڕێن بۆ حیزبی نیمچە ناوچەیی. بۆ نموونە، یەکێتی لە حیزبێکی مونافیسەوە لە بادینان دەبێتە حیزبێکی پلە سێ و بەهەمان شێوەش پارتی لە سلێمانی و گەرمیان.
دوای چەندان ساڵ لە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی، هێشتا یەگرتوو ئازادانەتر لە یەکێتی لەناوچەی بادینان و لەپارتی لە هەندێک شوێنی سلێمانی و گەرمیاندا کار و چالاکی دەکات. بەواتایەکی تر، تاکە حیزبێک کە ڕێگای پێدراوە ئازادانە لەسەرتاسەری کوردستاندا  چالاکی سیاسی بنوێنێت بریتی بووە لە یەکگرتوو بەتایبەتی و حیزبە ئیسلامییەکانی تر بەگشتی. تەنانەت لەبادیناندا، کە بەوە ناسراوە، بواری کاری سیاسی لەلایەن پارتییەوە قۆرخ کراوە، ئەم سنووردارکردنە شموولی یەکگرتووی نەکردووە. تاکە حیزبێک لەدوای پارتی کە لە ١٩٩٤ تا ٢٠٠٤ ئازادانە و بێ هیچ گرفتێک لە بادینان سیاسەتی کردبێت یەکگرتووی ئیسلامی بووە. ئەم حیزبە لەیەک کاتدا هەم پشتیوانی ماددی و مەعنەوی حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەر دەڤەرێکی بدەدەست هێناوە، هەم بۆ نزیکەی دە ساڵیش پشتگیری و دەنگی ئەندام و لایەنگرانی حیزبە دەسەڵاتدارە یاساخکراوەکەشی لە هەر دەڤەرێکدا (پارتی لە سلێمانی و یەکێتی لەبادینان) مسۆگەر کردووە.

بەکورتی، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا یەکێتی و پارتی فەزایەکی ناهاوسەنگ و نا عەدالەتییان خوڵقاندووە. لەسەرێکەوە کوردستانیان  کردۆتە گۆڕستانی پارتە چەپە-نەتەوەییەکان و لەسەرێکی تریشەوە گۆڕەپانی هەڵسورانی پارتە ئیسلامییەکان. بەمانایەکی تر، سیاسەتی پارتی و یەکێتی بەردەوام دوو پایەی هەبووە. پایەیەکی بریتیبووە لە “دەست کۆتا” کردنی حزیبە نەتەوەیی و چەپییەکانی کوردستان و پایەکی تریشی “دەست-ئاوەڵا” کردنی حیزبە ئیسلامییەکان بووە.
رەنگە رەخنەیەک بگیرێت و بگوترێت، هەموو حیزبە ئیسلامییەکان نازی یەکگرتوویان نەدراوەتێ. بۆ نموونە، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوشێوەی حیزبە چەپ و نەتەوەییەکان رووبەرووی لێدان و سەرکوت هاتووە. بەر لەهەرشتێک، پێچەوانەی حیزبە نەتەوەیی و چەپە سەرکوتکراوەکانی کوردستان هەرگیز کێشەی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوە نەبووە کە ڕێگەی چالاکی و هەڵسورانی سیاسی لێگیرابێت و مافی مانەوە و کارکردنی وەک حیزبێکی سیاسی لێسەنرابێتەوە. بە پێچەوانەوە، كێشەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ دەسەڵات، بەتایبەت یەکێتی، ئەوە بووە کە ویستوویەتی لە ڕێگای چەک و زەبرو زەنگ ناوچەیەک داببرێت و دەسەڵاتی خۆی بەسەردا فەرز بکات و یەکێتی و پارتی تێیدا ئازادی هەڵسوران و کارکردنییان نەبێت. بەمانایەکی تر، هەروەک لەهەڵبجە کردی، گرفتی ئەم حیزبە لەگەڵ دەسەڵاتدا ئەوە بووە کە دەیەویست ئەمارەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت کە خاڵی بێت لە یەکێتی و پارتی و هەر حیزبێکی تر و سنووری ئەو کانتۆنە ئیسلامییەش لەرێگای چەکدارییەوە فراوان بکات (وەک لە پشدەر و بیتوێن لە ساڵی ١٩٩٣-١٩٩٤ هەوڵیاندا). واتە، ئەوە یەکێتی و پارتی نەبوون کە بزووتنەوەیان قەبوڵ نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوە بزووتنەوە بووە کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی رەفز دەکردەوە و دەیەویست ئەو دوو حیزبە لە نەخشەی سیاسیی بسڕێتەوە. جگە لەوەش ئەگەر ئەم حیزبە لە یەکێک لەدوو هەرێمەکە تەنگی پێهەڵچنرابێت، هەمیشە هەرێمەکەی تر بەخۆشحاڵییەوە باوەشی بۆ کردۆتەوە. سەرەڕای هەموو دەرگیرییە چەکدارییەکانیشی لەگەڵ یەکێتی و تارادەیەکی کەمتر پارتی، ئەم حیزبە هەمیشە هاوشێوەی یەکگرتوو پێیەکی لەناو حکومەتەکەدا بووە و وەزیری لەیەکێک یان لەهەردوو لەتە هەرێمەکەدا هەبووە و دەستێکیشی بەردەوام لەناو خەزێنەی گشتی هەرێمی کوردستاندا بووە و لە بودجەی خەڵک میزانییەی بۆ تەرخان کراوە.
 رەنگە رەخنەیەکی تر ئەوە بێت و بگوترێت کە ملدان و سازشکردنی یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر بزووتنەوەدا مەسەلەیەکی ناچاری بووە و لە ژێر فشار و هەڕەشەی ئێراندا بووە. واتە سیاسەتی بەهێزکردن و پشتیوانی کردنی بەرەی ئیسلامی–نانەتەوەیی ناچاری بووە و مەسەلەیەکی ستراتیژی نەبووە لە بەرنامەی ئەو دوو حیزبەدا. بەڵکەی ئەم ئارگومێنتە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی لەژێر فشاری ئێراندا فشارەکانی بزووتنەوەیان قبوڵکردووە. بەڵام، ئەگەر ئەم تێزە بەشێکی هەقیقەت بێت، ئەوا هەموو هەقیقەتەکە نییە، چونکە هەر وەک لە حاڵەتی یەکگرتوودا کە حیزبێکی ئیخوانییە دەردەکەوێت، فشاری دەرەکی هۆکاری سەرەکی نەبووە لە سیاسەتی بەهێزکردنی ئیسلامییەکان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە. تێڕوانینێکی گشتی هەیە کە سەرچاوەی فکری و ڕێکخراوەیی یەکگرتوو ئیخوانەکانی میسر و وڵاتە عەرەبییەکانە و  پشتیوانە دیپلۆماتی و ماددیەکەشی شێخەکانی کەنداو بووە ( بۆ نموونە لەرێگای رابیتەی ئیسلامییەوە). ڕەنگە ئەم تێگەییشتنە گشتییە ڕاست بێت، بەڵام کاریگەری هەردوو کاراکتەرە (کەنداوی و میسرییە-عەرەبییەکە) لەسەر کوردستان لانی کەم لەنێوان ١٩٩١ تا ٢٠٠٤، زۆر سنووردار بووە و لەو ئاستەدا نەبووە کە لەپێناو یەکگرتوودا فشار بخاتە سەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە.
رەخنەیەکی تر کە رەنگە لەم بابەتە بگیرێت ئەوەیە کە خودی یەکگرتووش قوربانی بووە و لە ٢٠٠٥ ەوە دوو جار بارەگاکانی لەدەڤەری زەرد سووتێنراون. هەرچەندە تەرکیزی ئەم بابەتە لەسەر ساڵەکانی نێوان ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٤-ه بەڵام ئەکرێت بگوترێت کە سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو بەهیچ شێوەیەک پاشگەزبوونەوە نییە لە ستراتیژی لاوازکردن و لەمەیدان دەرکردنی بەرەی چەپی-نەتەوەیی و بەهێزکردن و لەمەیدان هێشتنەوەی بەرەی  ئیسلامی نا-نەتەوەیی. روداوەکانی بادینان بەتایبەت لە ٢٠١١ دا، هێندەی کێشەی نێوان دوو باڵی ئیسلامییە کە ئەوانیش سەلەفی و ئیخوانین، هێندە کێشەی نێوان پارتی و یەکگرتوو نییە.
لە دووا ڕووداوەکەی بادیناندا، پارتی زیاتر واجیهە و تێوەگلاو بووە نەک نەخشەکێش و کارەکتەر. سەلەفی و ئیخوانییەکان لە کێشە و دەرگیرییەکی بەردەوام و قووڵ و هەمەلایەنەدان. لە کۆتایی نەوەدەکانەوە، سەلەفییەکان چوونەتە هاوپەیمانەتییەک لەگەڵ دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەوە، بەتایبەت پارتی و مەلاکانی سەر بەو رەوتە وەلا و پشتیوانی خۆیان بۆ پارتی دەربڕیوە. هەڵبژاردنی مەلا بەشیر حەداد بۆ پەرلەمانی کوردستان و کاندید کردنی مەلا عومەر چنگیانی بۆ پەرلەمانی عێراق لەلایەن پارتییەوە، دوو وێنەی زەقی ئەو هاوپەیمانەتییەن. لە رووداوەکەی بادینان دا، سەلەفییەکان، کاراکتەری سەرەکی و ئەسلی سووتاندنی مەیخانەکان و تارادەیەکیش بارەگاکانی یەکگرتوون. بەڵام، جگە لەلایەنگرانی سەلەفی، بەشێک لە هەوادارانی یەکگرتوو لە حالەتی مەیخانەکاندا و هەندێک لە لایەنگرانی و پارتیش لە هەردوو حالەتی سوتاندنی مەیخانەو بارەگاکاندا لە ڕووداوەکە تێوە دەگلێن. سەرەنجام تابلۆیەک درووست دەبێت کە هەریەکە لەپارتی و یەکگرتوو خۆیان بە قوربانی وێنا دەکەن و بەرامبەریش بەجەللاد. حاڵەتەکەی بادینان ناکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕینی سیاسەتی پارتی لەهەمبەر ئیسلامییەکان وەسف بکرێت. پارتی لە نێوان فەرزەندەیەکی نازدار (یەکگرتوو) و نۆبەرەیەکی نازدارتر (سەلەفییەکان)، نازی دووهەمییان زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام هەرگیز دەسبەرداری یەکەمییان نابێت.


ئارام ڕەفعەت

تێبینی: ئەم بابەتە بە دوو هەڵقە لە رۆژنامەی هاوڵاتیدا بڵاو کراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.