Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

‌دیوانی ( شاعیرێ‌ وێنه‌ ده‌كێشێ‌ ) ی عه‌بدولقادر سه‌عید

Be First!
by June 15, 2009 کتێبخانە

 

 

چوار تابلۆ له ‌دیوانی ( شاعیرێ‌ وێنه‌ ده‌كێشێ‌ ) ی عه‌بدولقادر سه‌عید
 

1
( ئێمه‌ كاتێ‌ مردنمان هه‌ڵبژارد، ده‌مانزانی هه‌ر زوو بیرده‌چینه‌وه‌. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مربین ده‌ستبه‌رداری چه‌ند ساڵێكی ته‌مه‌نی خۆمان بووین )

(( یاده‌ وه‌ری ))

ناوێرم بیڵێم ئه‌ترسم،
گوڵه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی شۆفار
گوێی لێ‌ بێ‌ و بۆت بگێرێته‌وه‌
له‌ده‌مشڕی دره‌ختی به‌رماڵه‌كه‌مان
له‌هه‌لپه‌رستی پشیله‌كانی كۆڵان
له‌گه‌واهی ته‌له‌فۆنه‌ ده‌ستیه‌كه‌م ئه‌ترسم
له‌خۆمی ببیسته‌گه‌وره‌م:
جه‌نابی سه‌ركرده‌ دوێ‌ شه‌و هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی ئێوه‌
له‌سه‌ر شاشه‌ تیڤیه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كه‌
له‌یاده‌وه‌ری خۆتاندا
بۆ شاخێكی شه‌هید گریان
مناڵه‌كه‌م ووتی بابه‌ تۆ هه‌میشه‌ ناڵێ‌ ی ئه‌وان
تارمایی ره‌وه‌ تیمساحن و
ئێمه‌ش ماسی ووردو درشت؟
مناڵه‌ سه‌ر به‌گۆبه‌نه‌كه‌م
پرسیاری
فرمێسكی تیمساحی ئه‌كرد
كه‌ ئه‌یبینی ئیوه‌ به‌كوڵ ئه‌گریان و
رێژنه‌ی فرمێسكتان بۆ ئه‌رشت.

 

2
(شه‌رخوازه‌كان هه‌میشه‌ ئه‌ڵێن.. چاره‌نووسی ئازادی له‌گه‌ڵ چاره‌ نووسی جه‌نگه‌كاندا ئاوێته‌یه‌.
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌نده‌یه‌ كه‌ ناچێته‌ خانه‌ی دادپه‌روه‌ریه‌وه‌)

 ( ئازادی )

سۆمایی چاومان داهات، تا
ئازادی گه‌یشت
ئه‌و كه‌هات،تارمایی لاوێكی به‌فرین بوو.
به‌ تفه‌نگێكی دار شووشه‌وه‌
له‌و شاخانه‌وه‌ دابه‌زی و
له‌ شارێكی جه‌نجاڵدا بزربوو.
كاتێ‌ له‌ناو جه‌نگاوه‌رانی شه‌ری ناوخۆدا
به‌ پیری دۆزیمانه‌وه‌،
له‌و ساته‌وه‌ ره‌نگی كفن و
بۆنی خوێنی لێنابڕێ‌.

3
(( په‌یكه‌ره‌ رۆحیه‌كان هه‌میشه‌ له‌په‌یكه‌ره‌ پۆڵایینه‌كان پته‌وترو نه‌مرترن ))

 ( پێشه‌وا وه‌همیه‌كان )

له‌ جه‌نگه‌ خوێناویه‌كان هه‌ڵهاتبووم
به‌شوێنتانا مۆزه‌خانه‌ جیهانیه‌كان ئه‌گه‌رام
له‌ پاڵ په‌یكه‌ری ژه‌نه‌راڵه‌ شه‌ركه‌ره‌كاندا
په‌یكه‌ره‌كانتانم دۆزییه‌وه‌.
شه‌رواڵه‌كانتان به‌خوێنی یه‌كتر سوور ببوون
دۆزیمنه‌وه‌
لێ‌ هه‌ررۆژه‌ی چاوێكتان
گوێچكه‌یه‌كتان
په‌نجه‌یه‌كتان به‌رئه‌بووه‌وه‌.
شاره‌زایانی شوێنه‌وار ئه‌ڵێن:
ئه‌م په‌یكه‌ره‌ خوێناویانه‌
له‌جۆره‌ قوڕێك دروست بوون
رۆژگارێكه‌، رۆحیان ئه‌مرێ‌ و
ناتوانن تاسه‌ر نه‌مربن.

4
(( با ده‌روازه‌كانیشمان له‌سه‌ر داخرابن ، به‌ڵام له‌ودیو ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌كه‌سانێكی تر هه‌ن ده‌ژین و بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ))..

( رۆبۆته‌ هاونیشتمانیه‌كان )

ره‌شه‌بای جه‌نگه‌كان هه‌ڵیانكرد
كه‌لله‌ سه‌ره‌كانمان به‌ربوونه‌وه‌
كه‌لله‌ سه‌ره‌كانمان بۆگه‌نیان كرد
به‌فه‌رمانی تۆ ره‌شه‌بای جه‌نگه‌كان هه‌ڵیانكرد
به‌ته‌نها هه‌ر كه‌لله‌ سه‌ری تۆ ،به‌رنه‌بۆوه‌
بۆیه‌ له‌جیاتی ئێمه‌ بیر ده‌كه‌یته‌وه‌
له‌جیاتی ئێمه‌ قسه‌ ئه‌كه‌یت، بۆن ئه‌كه‌یت و
بڕیار له‌سه‌ر ناشتنی كه‌لله‌ سه‌ره‌كانمان ئه‌ده‌یت
خه‌ونێكی چه‌ند كابووسیه‌ كه‌لله‌ سه‌رێك به‌ته‌نها
رۆبۆته‌كان كۆكاته‌وه‌و فێری چه‌پڵه‌و
نوسینی دروشمه‌ جوانه‌كانی خۆیمان بكات.

                                                               

Previous
Next

Leave a Reply