Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئاریشە و گێشە هەنوكەییەكانى كۆمەڵگاى كوردى  …..بەشی یەكەم

ئاریشە و گێشە هەنوكەییەكانى كۆمەڵگاى كوردى …..بەشی یەكەم

Closed
by May 30, 2008 گشتی

 خوێندنەوەى قۆناغى دواى راپەڕین …………

حەمەى ئەحمەد  رەسوڵ…….

        *   زۆر گرنگە  مرۆڤـ بتوانێت سوود لە زانستەكان وەربگرێت ، بۆ خوێندنەوەی ژیان و هەبوون و مرۆڤـ و دەوروبەری خۆی بەكاری بێنێتەوە،سۆسیۆلۆژیاش یەكێكە لە زانستە هەرە گرنگەكانی نێو كایەی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ، لە كۆمەڵگا و وردەكارییەكانی دەكۆڵێتەوە ، لە بچووكتیرن خانەی كۆمەڵ دەدوێت كە خێزانە و پەروەردەكردنی منداڵ و ئەركی سەرشانی باوان شیدەكاتەوە و ڕێنووماییە بۆ گەروەو بچووكی كۆمەڵگا لە پێناوی ئەوەدا كە بەسەر ئاریشە و گرفتەكاندا زاڵ بین وبتوانین ڕێچارەی زانستی و میتۆدی هاوچەرخ و مۆدێرن بەكاربەرین بۆ پێشەوەچوون و پەرەسەندنی تاك و كۆمەڵگا ئەویش لە پێناوی باشتر ژیان و ئاسوودەتربوونی تاكەكەسە لەنێو كۆمەڵگادا…. كۆمەڵناسی بۆ هیچ هەرێم و ناوچە و نەتەوەیەك باش نەبێت بۆ ئێمەی كوردی ستەمدیدە و نەخوێندەوار و دواكەوتوو باشە و بەسوودە ، بە تایبەت لەم چركەساتەدا كە كوردستانی ئازادمان بەرەو نیمچە سەربەخۆیی و دەوڵەت  هەنگاو دەنێت و لە دەموەختی  ئەوەداین كە بە ڕووی دەوروبەر و جیهاندا بكرێینەوە ..لە ململانێ و بەربەرەكانی ئەوەداین بەرەو باشتر و كرانەوەتر و تێكشكاندنی تەلیسمی دابونەریت و نۆرمی بەسەرچووی  كۆنەخوازدا هەڵبزنێن ..لەگەڵ دەرو دراوسێ و حكومەتی ناوەندا لە جەنگ و جەدەلی ئەوەداین كە تاكی كورد بگاتە ئاستی هاوڵاتی پلە یەك و وەكو مرۆڤی مۆدێرن و مەدەنی ژیانی بەختەوەر بژین ..!
        هەنووكە كۆمەڵگای كوردی هاوچەرخ ، لە قۆناغێكی هەستیاردا ژین دەباتەسەر ، لە مابەینی سەردەمی كۆن و سەروەختی مۆدێرنەدا بەرەو پەرەسەندن و فراوانبوون و بووژاندنەوەی كایەكانی ئابووری هەنگاو دەنێت ، لەم كات و ساتەدەشدا دیاردەی كۆمەڵایەتی نوێ و نامۆ سەرهەڵدەدەن ،  نۆژەنكردنەوەی  شار و بەرزبوونەوەی بینا و ئاپارتمانەكان بەرەو ئاسمان مرۆڤی سادە و ڕانەهاتوو تووشی شۆكی ژیاری و نامۆبوونی دەروونی دەكات ، بێكاری نێو شارەكان و تەنانەت گوندەكانیش دەسپێدەكات ، بڵاوبوونەوەی ئامێرە نوێیە تەكنۆترۆنی و تەكنۆلۆژییەكان  بەشێوەیەكی ڕەها و بێشوومار وەها  ڕەفتارێكی نوێ بەرجەستە دەكات كە خەریكبوون بەو ئامێرانەوە ئیدی پەیوەندی تاكەكان ساردتر دەكاتەوە و كاتژمێرەكان تەرخاندەكرێن بۆ كۆمپیوتەر و مۆبایل و سەتەلایت و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز ، بواری خوێندن و خولیای خوێندكار بۆ سەعیكردن و كۆششكردن لاواز و سست دەبێتەوە!
         خوێندنەوە كەمتر لە جاران گرنگی پێدەدرێت ، مرۆڤێكی نوێ پەیدا دەبێت كە بایەخ بە خۆی و تەنیایی خۆی دەدات ، بایەخ بە ئارەزووەكانی خود دەدرێت  و لەوانەش ئارەزووی ئیرۆسی و سێكسی مرۆڤو بەتایبەت لای لاوو گەنجەكانمان ، ئەو ئامێر و ئامرازانە بەداخەوە زیاتر بۆ ئەو مەبەستە و تێركردنی چاو و جەستەی خود بەكاردێت ، هەروەها بە ڕووەكەی دیكەدا ڕێژەی تاوان و دزی و كوشتن لەم سەروەختەی كۆمەڵگاكەماندا ڕوو لە زیادبوونە ..پەروەردەی كۆمەڵایەتی ناو خێزانی كوردی هاوچەرخ لە شارەكانی كوردستانی باشووردا موخابن چەواشە و نادەربەستە و باوان ناچارن بۆ بژێوی ژیان و لە بەرەنگاری گرانی و هەڵاوساندا ئاگا و بایەخیان لای پارە و پارەپەیداكردن بێت زیاتر لە خواست و ئارەزووی ماڵ و منداڵیان ..گرفتی هەژاری و نەداری و بێدەرامەتی لەم ڕەوشە نوێیەی كۆمەڵگاكەماندا  گەیشتۆتە پلەیەكی بەرز و ڕێژەیەكی زۆر لە چین و توێژەكان چینی هەژارن و مامناوەندن كە بژێوی ئەوان تەنها بەشی كرێی مانگانەی كرێچێتییەكەیانە و بۆ نانەسكییەكەیە ، هەروەها دیاردەی مێیینە كوشتن و خۆسووتاندنی ژنان لە زۆربووندایە ،ڕێژەی تەڵاق بەرزتر بۆتەوە و ئامارە سەرەتاییەكان واما پێدەڵێن كە جیابوونەوە و نەگونجانی هاوسەرە گەنجەكان(بەتایبەتی) هۆكارگەلێكی زۆری هەیە و ئەوە ئەركی كۆمەڵناس و دەروونناسەكانە ئەو دیاردە و ڕەوشە جڤاكییانەی كۆمەڵگای كوردی مۆدێرن شرۆڤە و ڕاڤە بكات ..!
          ئومێدەوارم  لەم وتارە خاكەڕایەدا سەرە قەڵەمێكی سۆسیۆلۆژییانەمان دەربارەی چۆنییەتی باس لێوەكردن و  تۆژینەوە لە دیاردە جوودا و دۆخە جیاوازەكانی تاك و كۆمەڵی كوردەواریمان نەخشاندبێت و دیارە ئەمەش سەرەتایەكە بۆ ڕێگایەكی دوور ودرێژی دونیای كۆمەڵناسی و خوێندنەوەیەكی ڕەخنەگرانە كە هەوڵ بێت  بۆ مەبەستی باشتركردن و زیاتر پەرەسەندن و بەرەو پێشڤەبردنی ئاقارەكانی كۆمەڵگا و تەقەلابێت بۆ وەرچەرخاندنی بیری كۆمەلایەتی و هزری فەرهەنگی ڕووناكبیران و پسپۆڕانی بواری سۆسیۆلۆژیا و سایكۆلۆژیا و پەروەدەزانی و ئەخلاقناسی ، كە دوواجار بتوانین پێكەوە خوێندنەوەی بەردەوام بۆ دیاردە ناشرینەكان بكەین و سەركۆنەیان بكەین بە مەبەستی  لابردنی ( كۆنسەرڤاتیڤ / خراپەكە)  و دانانی ( ئاكتیڤ /چاكەكەیان ) .. مەبەست و ئامانج لە ناواخنی ئەم بابەتەش تەنها خستنەڕووی خراپەكانە و هەوڵدانێكی دڵسۆزانەیە و گەڕانە بە دوای ئالتەرناتیڤ و بەدیلە پێشكەوتووەكەدا ، مرۆڤیش بەبێ هەوڵدان و گەڕان و پشكنین ناتوانێ یەك قولانج بەرەو نوێكردنەوە و گۆڕان هەنگاوی ئەوتۆ بنێت !
        بە درێـــژایی مێژووی كوردستان و لەوەتەى تاكى كورد چاوى بۆ ژیان كردۆتەوە ، لە نەهامەتىو دژوارىو زەلیلیىو جەنگو جەدەلدا ژینى بێئومێدى دەباتە سەر هیچ كام لەدەسەڵاتە تاكڕەوو دیكتاتۆرەكانى ئەم وڵاتە دەوڵەمەندو هەتیوە مافەكانى تاكى كوردى دەستەبەر نەكردوەو خزمەتو خزمەتگوزارییەكانى لەهەزار ناڵى عەلى بۆ جێبەجێكردووەو پاشان ناوى (مەكرەمە)ى لێناوەو بەمەكرەمەو دیارى یەكێك لەسەركردەو كاریزما زۆرەكانمان ناوزەدى كردوون ، ئەم وڵاتەى ئێمە كەیەكێكە لە دەوڵەمەندترینو بەپیتترین وڵاتێك لەناوچەكەدا ، دەوڵەمەندییەكەى هۆكارێك بووە لەڕاكێشانى وەیشوومەو نائومێدىو جەنگى بەردەوام بۆ وڵاتەكەو دروستكردنى كەشوهەوایەكى دڵََتەنگو پڕلە ناسۆرى بۆ تاكى كورد … كەبەڕاستەوخۆى كاریگەرى هەبووە بۆ پێكهاتەى كەسایەتىو پەروەردەیى تاكى كورد..دژواركردنو سەختتركردنى ژیانى مرۆڤو ڕاكردنى بەردەوامى بەدواى پێویستىو ناچارییەكانى بژێوى ژیانیدا ئەو ڕەوشەى بەرجەستەكردووە كە تاكى كورد هەمیشە تووڕەو بێزارو دڵتەنگ بێت ، هەمیشە ناچارو پێویستو نەدارو چاوەڕوانو دوودڵًو ترساو بێت لە ئایندەى خۆىو ئایندەى ڕۆڵەكانى…مەتەڵێكى كوردى هەیەو دەبێژێت : هەر ڕادەكەیت بەدوایداو نایگەتێ ! ئەم مەتەڵە دەقاودەقى بەسەرژیانو گوزەرانى ئێمەى كوردا جێبەجىَ دەبێتو لەمێژە تاكى كورد فریاى كڕینو تێركردنو مەیسەركردنى هەموو پێداویستیەكانى ژیانى ناكەوێت ، بەتایبەتى دواى ڕاپەڕینو دروست بوونى حكومەتى خۆماڵىو دەسەڵاتى كوردى …!
          چونكە دواى ڕاپەڕین ئەتمۆسفیرو كەشوهەوایەك ئافەریدەبوو ، بارگاوى بوو بەئازادىو نەترسانێكى سەدا سەدى لەئایندەو لەفەوتان ..كرانەوەو سنووربەزاندنى تاكى كورد ، ئەو دۆخەى دروستكرد لە پێداویستىو ئامرازى تەكنۆلۆژیاى نوىَ بەكاربێنىَو ماڵەكەى خۆى لىَ پڕبكات كە لەسەردەمى دیكتاتۆریدا لێى بێبەش بوو ، سەتەلایتو مۆبایلو كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتو ئۆتۆمبیلى مۆدێل بەرزو ڤێلاو كۆشكى گەورەترو قەشەنگتر لەجارانو چەندان پێداویستى دیكەى ژیانى نوێنو تاكى كوردى هاوچەرخ قەناعەتو چاوتێرى جارانى نەماوە ، بەڵام ڕەنگە ئەم خەسڵەتەش تەنها دووچارى تاكى كوردو ئەم دەڤەرە نەبووبێتەوە بەڵكو باهۆزى جیهانگیرى بەسەرهەموو دونیادا پەرشو بڵاوى كردۆتەوەو جیهان وەكو گوندێكى بچكۆلەى لێهاتووەو لە ناوەرۆكو لە ڕوخسارو لە ڕەفتارو لە گوزەراندا لەیەك دەچن ، تەنهاو تەنها گەندەڵىو بىَ خزمەتگوزەرانى نەبێت كەتەنهاو تەنها كوردستانە بێبەختەكەى ئێمەى گرتۆتەوە …!
          تاكى كورد لەم هەرێمێكدا كاتێك دڵتەنگو بێزارو تووڕەو بێئومێد دەبێت كەچۆڕێك كارەباو جامولكەیەك ئاوو مەنجەڵێك نەوتى تێدا نەبێتو پەیداكردنێك بڕستو هێز لەمرۆڤ ببڕێت ..مرۆڤى كوردى ئەمڕۆ هەر لەخەو هەڵدەستێت كارەباى نییە بەرچاوى خۆى ببینىَ ، دەست بۆ بەلوعەو دەستشۆرەكەى دەبات ئاوى پێدا نایەت یان لەشەختەو سەهۆڵبەندا بەستوویەتى یان تەقیوەو شكاوە ، دێتە كۆڵان ، قوڕو چڵكاوەو شارەوانى بۆى قیرتاو نەكردووە ، هەتادەگاتە سەرجادەو چاوەڕێى پاسى نەفەر هەڵگر ئەكات ، كەپاش نیو كاتژمێر ئەگاتە لاىو جمەى دێت لەنەفەرى قوڕاوىو چڵكن ، چونكە لە كۆڵانەكانى سەردەمى هۆلاكۆوە هاتووەو نزیكەى مانگێكە خۆى نەشۆریوە ، لەبىَ كارەبایىو بىَ ئاوىو سووتەمەنیدا ، لەجیاتى بۆنى عەترو گوڵاو ، بۆگەنى چڵكو دوكەڵى سۆپاى نەوتى پیسى لىَ بەرز دەبێتەوە …!
       ئەم مرۆڤە كە لە مرۆڤى سەردەمى نێندەرتاڵ دەچێت خۆىو خێزانەكەىو مناڵەكانى هەر سكاڵاو گازەندەیانە لەدەست نەبوونىو قاتوقڕىو گرانىو سەرماو سۆڵەو سەختىو ناخۆشى ژیان .!ڕەنگە لەهاویندا قاڵبىَ سەهۆڵو دانیشتن لەباخچەو ژێر سێبەرو باوەشێنێكو خواردنى قاشێك شووتى سارد فێنكىو سازگارییەك بەدڵو دەروونى ببەخشىَ ، ڕەنگە لەهاویندا چوون بۆ سەیرانو گەڕان بەهاوینە هەوارەهەتیووەو گرانو بىَ خاوەنو بىَ پاسەوانەكانماندا تۆزێك ئاسوودەیىو بەختەوەرىو قەترەیەك حەسانەوەو پشوومان پىَ ببەخشىَ ، بەڵام هەرگیز لەزستاندا ، زستانى كوردستانى بىَ كارەباو بىَ ئاوو بىَ سووتەمەنىو گرانیدا دانیشتنى بەردەم سۆپاى كزوڕیوەڵە ئاسوودەیىو بەختەوەریمان پێنابەخشێت بەتایبەت كەشەوانى زستان درێژوتاریكن ، بەتایبەت كوردستانێك كەشەوانى زستانى ماڵەوەت لێدەكات بەگۆڕێكى زیندووى ساردوسڕ! ئەگەر حكومەتێك گەندەڵ نەبێت، بیر لە هاوڵاتىو هاونیشتمانىو هاونەتەوەیى خۆى دەكاتەوە..بیر لەژیانى ملیۆنان دەكاتەوە نەك زیندە بەچاڵكردنى تاكەكانى لە گۆڕێكدا كە دڵتەنگىو بێزارىو بىَ ئومێدى زیاتر هیچیكەى لىَ نادروویتەوە …!
      *   لە سەرێكی دیكەوە : ئەو خەسڵەتە دیار و ئاشكرایەى كە كۆمەڵگای ئەمڕۆى پێئەناسرێتەوە ئەوەیە كە پەیویەندى نێوان تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردى هاوچەرخ زۆر لاواز و سست بووە و خێزان ئەو گەرمووگوڕییەى جارانى نەماوە, باوان و رۆڵەكانیان مام و برازاكان, خاڵ  و خوشكەزاكان سارد و سڕ بوونەتەوە.. خۆ ئەگەر دوو (زا)ى تێگەوێت و ببێت بە پورزازا, ئەوە هەر یەكدیش ناناسنەوە و سڵاو و مەرحەباش لە نێوانیاندا پردى پەیوەستى و یەكگرتنیشیان نییە و زۆر لە یەكتر دوورن ..!سەردەمانێك بوو, كۆڵان و گەڕەك, شەقام  و باخچەكانى گشتى و دەرەوەى شار…دانیشتن و یاریكردن و گەنم كوڵاندن وشایى و هەڵپەڕكێ و مەولود  خوێندنەوەى  كۆڵانەكانى شار و لادىَ, دانیشتن و شەوچەرە و چیرۆك گێڕانەوە لەگەڵ دەر و دراوسىَ و كەس و خزماندا, خۆشترین بۆنوبەرامەى خۆى هەبوو, كە پەیوەندییەكى رۆحى توند و پتەوى دروستكردبوو, هەمووان پێكەوە ئەژیان, پێكەوە بەشداربوون لە شین  و شاییدا..رێز و خۆشەویستى و متمانە لە نێوان تاكەكانى كۆمەڵى كوردەوارى كۆندا لەو پەڕیدابوو…هەموو خێزان و كۆڵان و گەڕەك ولادىَ و شار, بەخزم و دۆست و ئازیز و ئاشنا رازابۆوە و جمەى دەهات لە كامەرانى و لە وزە و دەربەست بە یەكتربوون, جاران ئەوەندەى دراوسىَ بە تەنگ تەندروستى و پەروەردە و ئایندەو كێشەى دراوسیىَ خۆیەوە سەرقاڵ و پەرۆش بوو, ئەوەندە خزم و كەسوكار و نزیك دەربەست نەبوون و بە پلەى دووەم دەهاتن.!بەرژەوەندى و بژێوى سەختى ژیان هێندە نەبووەتە بەربەست لە سست بوون و لاوازبوونى پەیوەندى كۆمەڵایەتیدا, دەروونى مرۆڤ تەندروستتربوو, هیلاك و ناسۆر و نامۆ و ناتەندروست نەبوو, كە ببێتە مایەى لێكترازان و لێك دووركەوتنەوە و نەمانى میهر و  بەزەیى لە نێوان یەكتردا.!
            بەڵام ئەمڕۆ, ئەمڕۆیەكى دیكەیە لەگەڵ دوێنێدا, یەكەم رەگەز و پێكهاتەو بنەمایەك كە گۆڕدراوە و بەرەو هەرەس چووە, پەیوەندى كۆمەڵایەتییە, لەگەڵ گەورەبوونى شارەكاندا, لەگەڵ راگواستنەوەى بە زۆرەملێى لادىَ جوانەكانى كوردستاندا, لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسییەكاندا,  دیمۆگرافیاش بزاڤى تێكەوت و گۆڕینى شوێنى نیشتەجێ و گەڕەك و شار هاتەكایەوە, گواستنەوە لە خانووى بچووكەوە بۆ گەورەتر, گۆڕانى گەڕەك و كۆڵانیشى بەسەردا دێت كە خۆى لە خۆیدا, رەنگ و جۆرى پەیوەندى دەشێوێنىَ و ساردترى ئەكاتەوە, چونكە دروستبوونى پەیوەندى نوىَ كات و زەمەنێكى دەوێت بۆ گەرمكردنەوە و بەهێزكردنەوەى پەیوەندى كۆمەڵایەتى متمانەدار لەم سەردەمەدا كە هۆكارەكانى ساردبوونەوەىپەیوەندىزۆرن و كاریگەرن..هۆكارێكى دیكە لە ساردبوونەوەى پەیوەندى كۆمەلایەتیدا, هۆكارى سیاسییە, كە بێگومان ئاشكرایە ساڵانێكى دوور و درێژ لە كوردستاندا, چ لە شاخ و چ لە شار, شەڕ و شۆڕ و یەكتر قبوڵنەكردنى پارتى و یەكێتى گەورەترین پاشماوە و ئاسەوارى بە جێهێشت و لێكترازاندن و هەڵوەشاندنەوەى  لە نێوان هەزاران خێزانى كورددا دروستكردو هەوادارەكانیان تاكو ئێستاش پەیوەندى و مامەڵەیان لەگەڵ یەكتردا وەكو پەیوەندى نێوان (تۆم) و (جیرى) وایە…. ئەمەش بێگومان حاڵەتەكانى رێز لە یەك نەگرتن و متمانە بەیەك نەبوون و بیروباوەڕى یەكتر قبوڵنەكردن دێنێتە كایەوە و زیانى زۆریش بە پەیوەندى كۆمەڵایەتى دەگەیەنىَ…!
         هۆكارێكى ترى لاوازبوونى پەیوەندى لە نێوان تاكەكانى كۆمەڵگەكەماندا  ئەوەیە كە بیروباوەڕى ئاینیى بە گشتى و خواناسى و دیندارى كەمتر بۆتەوە و ئامۆژگارییەكانى خواوەند دەربارەى رێزگرتن لە باوان و كەسوكار و دەر و دراوسىَ و پتەوبوونى (سیلەى رەحم) ئەو كاریگەرییەى جارانى نەماوە و ئەمڕۆكە دیاردەى سەرهەڵدانى ئیسلامیى سیاسیى و توندڕەو, هەروەها باڵادەستى مەزهەبى وەهابى ئەوەى دروستكردووە كە دراوسىَ متمانەى بەو دراوسێیەى نەمێنىَ كە (حیجاب) ناكەن و نوێژ و رۆژوو جێبەجێناكەن, ئەمەش وا دەكات حاڵەتى دووركەوتنەوە و گۆشەگیرى و بێبڕوا بوون و نامتمانەیى دروست ببێت.. هۆكارێكى دیكە كە زۆر گرنگە لەم بوارەدا, هاتنە كایەوەى ئامرازەكانى تەكنۆلۆژیا و تەكنۆترۆنە, بۆ وێنە: خەریكبوون و سەرقاڵبوون بە تەلەفزیۆن و سەتەلایت و كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆبایلەوە گۆشەگیریى و تەنیایى و دوورەپەرێزى و یاردبوونەوە فەراهەم  ئەكات… تاكێكى كورد رۆژانە (5-8) كاتژمێر لەبەرەدەم تەلەفزیۆن و كەناڵە جەنجاڵەكانى سەتەلایتدا  كات بەسەر بەرێت, بێگومان ئەوەندە بێدەنگ و كەمدوو ئەبێتەوە, لە تۆ وایە زمان لە دەمیدا نەماوە و زارى قسەكردنى لە گۆ كەوتووە… یاخود (4-8) كاتژمێر بە دیار یارى و گەمە و ۆرد و فۆتۆشۆپ و ئێكسڵى  كۆمپیوتەرەوە دابنیشێت,  ئیدى چ میهر و سۆزێكى بۆ براو خوشك  پێ ئەمێنىَ,  چ جاى بۆ دراوسێ  و هاوڕىَ و خاڵ و مام…  یان باوكێك (12-15)  كاتژمێر لە نێو تەكسیدا دەگوزەرێت و بژێوى پەیدا بكات, ئیدى چ كاتێكى بە دەستەوە ئەمێنىَ لە براو باوك و مامى و خۆى بپرسێتەوە و بە دەم ئازار و شادیى و شینیانەوە بچێت….!
          شایەنى وتنە  لە هەفتاكانى سەدەى بیستەمدا, داریوشى مەزنە گۆرانیبێژى فارس, گۆرانى ساڵى 2000ى چڕى و لەوكاتەدا باسى لە هاتنى ساڵى شوومى – ساردى و تاكگەرایى (2000) دەكرد و رایگەیاند كە كەس بیرى كەس ناكات و كەس نامەى كەس ناخوێنێتەوە و سۆز و مەحەبەت و خۆشەویستى سارد و سڕ ئەبنەوە و لە ژێر سفردا زەقەى چاویان دێت..! ئەمڕۆ كۆمەڵگەى كوردى هاوچەرخ لە قۆناغى گۆڕاندا ئەژى,  پەیوەندى كۆمەڵایەتى و خزمایەتى و هاوڕێیەتیش گورزێكى زۆر گەورەى بەركەوتووە و ئێستا لە تەنگژەدایە……
      *    كۆمەڵگەی كوردی ، بەوە ئەناسرێتەوە كە داخراو و چەقبەستووە ،بەڵكو كراوەتەوە بەسەر دابونەریت و نۆرم و بەهای كۆمەڵایەتی كۆن و سەلەفی خۆیدا ،واتە گۆێی قوڵاغە بۆ بیری كۆنی باووباپیران و پێشینانی خۆی وەكو تەلیسم و قورقوشم پێوەی نووساوە و لەبەر سیستمی فیۆدالیزمی و كاریگەری و نفوزی هۆزو خێڵی سەردەستا چۆكی داداوە و لە هەموو بوارەكانی ناو خێزان و كۆڵان و گەڕەك و خوێندنگە و دامودەزگا فەرمی و نا فەرمییەكاندا وەكو ئەختەبووت و  شێرپەنجە بڵاوبۆتەوە و هەرگیز گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوون و تێكشكاندنی تەلیسمەكانی ئەو سەلەفییەت و كۆنخوازییە  لەم چركەساتەدا لە ئارادا نییە و ئەو بیری پێشكەوتنخوازی و مۆدێرنیتە و عەلمانییەتەی لێرەو لەوێ  ڕۆشنبیران و ڕووناكبیران وەكو مەشخەڵێك  بەدەستییانەوەیە  ، مەخابن نەبۆتە هێز و فاكتەر و كاریگەریی بەسەر توێژە گرنگەكانی كۆمەڵگای كوردییەوە بە زەبر و توندو پتەو نییە..! لە گرنگترینی ئەو هۆكارانەی كە لە دوای ڕاپەڕینەوە  نەهاتوونەتە مەیدان و نەبوونەتە كۆڵەكە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و كراوە و شارستان و  هیچ نەبێت نیمچە پێشكەوتوویەك ، كارە نامەدەنی و پڕ گەندەڵییەكانی دەسەڵاتی كوردییە، چونكە ئەم دەسەڵاتە زەمینەی خۆشنەكردووە  بۆ دروستكردنی ئەو كۆمەڵگە مەدەنییە و كراوەیە و هەمیشە ئاغا و بەگ و شێخ و مەلا و پیاوانی ئایینی و بیری كۆنخوازییەكانی لە خۆی كۆ كردۆتەوە و لە پێناوی دروستكردن و گەورەكردنی ڕێژەی هەوادار و نفوزی خۆی و حیزبەكەیدا ، چاوپۆشی و وەلانان لە پرۆگرام و پلانی زانستی و ئەقڵ و بڕوانامەی كەسانی سەربەخۆ و ئازاد و ڕۆشنبیر و زانایان كرد و مەخابن هەر ڕەفتارێك ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆر  لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا  بە دەستی ئانقەست ڕەنگڕێژی بۆ كرابێت ،ئەم دەسەڵاتە بێ بەرنامە و پرۆگرامە زانستییە جارێكی دیكە بەكاریبردۆتەوە و بەكاریهێناوە و هیچ هەوڵێكی جیدی بۆ نەداوە كە خزمەتگوزاری و  بە ئاسوودە كردنی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی  بكاتە ئامانج و بەردی بناغەی خزمەتكردنی تاكی كورد… بۆیە تاكی كورد بۆ ئاسوودە بوون و بەسەربردنی كاتەكانی و دووركەوتنەوەی لە ئاریشە و سەریەشەی ژیان و گوزەرانی خۆی پەنای بۆ زۆر كار  و كردەوە بردووە لەوانەش بێجگە لە بێكارییە بەزۆر سەپاوەكەی تیایدا دەگووزەرێت،مەی خواردنەوە و جگەرەكێشانێكی بێشوومار و نێرگەلەكێشانی  خەڵكی كوردستان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی بۆتە دیاردەیەكی زۆر باوو ترسناك..!
          ئەم كردەوە لاساییئامێزە لە كۆنەوە و لە سەروەختی سەدامەوە ڕێی خۆشكردووە و زەمینەی بۆ خۆشكراوە ، ڕۆژانی هەینی هاوینان ،ئەم وڵاتەی ئێمە سەراپا سەرخۆش و ژێرخۆشە،ئەقڵ و زانست و مەعریفە و ماناكانی دیكەی ژیان و خولیا و ئارەزووی مرۆڤی كورتكردۆتەوە بۆ كحولیات خواردنەوە..ڕاستە لە وڵاتانی پێشكەوتوو بە تایبەت ڕۆژاوا  خواردنەوە بە حوكمی ئاینەكەیان  و ئازادیان لە كحولیات خواردنەوەدا و بە حەرام نەهاتووە..بەڵام لای  ئەوان وەكو ئاو خواردنەوە وایە و گرفت و ئاریشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری لێنەكەوتۆتەوە.. بەڵام ئەم كارە لێرە بۆتە ئاریشە و كێشەی گەورەی  كۆمەڵایەتی لێوە دروستبووە ، دیمەنی دەشتودەری كوردستانی پاش خواردنەوە و گۆشت برژاندن  ناشرینترین  و پیسترین دەشت و سروشت لە دونیادا كوردستانە سەرخۆشەكەی ئێمەیە…بوتڵی شكاو و عەلاگە ڕەشی دڕاو و خاشاك و بەرماوەی  سەرخۆشان ژینگەی ئەم وڵاتەی  لە كەلاوە نزیك كردۆتەوە..ئەمە بێجگە لە  كارەساتی پێكدادان و وەرگەڕانی سەیارە و مردن و برینداربوون و سەقەتبوونی چەندەها مرۆڤـی سەرخۆشی ڕۆژانی هەینی…هەروەها لە ماڵەوە پیاوان و باوكانی سەرخۆش دۆزەخێكی گەورەیان بۆ مناڵ و ژن و دەرو دراوسێیان دروستكردووە..ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە و شەڕو شۆڕی نێوان هاوسەرانی كوردستان باشترین نموونە و دەرئەنجامی ئەم دیاردە ناشرین و بەربڵاوەیە لە كۆمەڵگاكەماندا ….!
         ئەو دەرئەنجام و ئاكامە خراپانەی ئەم كردەوە ناجۆر و قێزەونە دروستی كردوون گەلێكن و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی مەیدانی و ڕێپۆرتاژی  تێروتەسەل  هەیە .. بەڵام لە گرنگترینیان  ئەوەیە كە ئیدی وردە وردە خەڵكی لە خۆ ڕۆشنبیركردن و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی دوور ئەكەونەوە و زانست و ڕۆشنبیری ڕۆڵی خۆی لەدەستئەدات ، لە جیاتی ئەوەی كتێب و گۆڤار كڕین پارە ئەدرێت بە بیرەو ئارەق و پێك بە پێك  نۆشئەكرێت .. كابرایەك ئێواران و شەوانی خۆی بە خواردنەوە بەسەربەرێت ئیدی كاتی چی ئەمێنێتەوە بۆ هۆش و بۆ ئەقڵ پەروەردە كردن .. چی ئەمێنێتەوە بۆ پەروەردە كردنی مناڵ و زارۆكە هەناسە ساردەكانی ..چ كاتێكی چاوكراوە و هۆشدار ماوەتەوە بۆئەوەی لە وانە و دەرسودەوری مناڵ بپرسرێتەوە..چ كاتێك ئەمێنێتەوە بۆ بەرنامە ڕێژی و پرۆگرام دانان  بە مەبەستی  خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتی و فەراهەمكردنی پێداویستییە یەكەمیین و گرنگەكانی وەكو كارەبا و ئاوی پاك و ڕێگەوبانی شارستانی و دەستەبەركردنی نیشتەجێی دانیشتوان  و هەرزانكردنی شتومەك و كاڵا و خۆراك و ئاسوودەتركردنی ژیانی هاوڵاتیان ..!
         بە كوردی و بە كورتی: نێرگەلە كێشان و جگەرەكێشانی لاوان و مەی و بیرە و ئارەقخواردنەوەی تاكەكان بە گشتی  لە كوردستاندا دیاردەیەكی تەندروست نییە و زۆر بەربڵاو وبێسنوورە و زۆر خراپ تەشەنەی كردووە..گرفت و ئاریشەی زۆر و بێشووماری دروستكردووە ، دابەزینی ئاستی هوشیاری و ڕۆشنبیری و بەپەراوێز كردنی خوێندنەوە و گرنگی نەدان بە زانین و زانیاری  كە ئەمڕۆ كۆمەڵگای كوردی پێوەی ئەناڵێت و  زۆرێك لە  خێزانەكانی  گرتۆتەوە  ، نەزانی و جەهالەت و وازهێنان لە خوێندن و ڕێژەی بەرزی  دەرنەچوون و سەرنەكەوتنی نەوەی نوێ لە خوێندندا یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی  مەشغوڵبوون و سەرقاڵی باوان و باوكانە بە خواردنەوە خۆ سەرخۆشكردنەوە .. سەرخۆشی و مەستی و كاتبەسەربردنی بێسنووری بەرپرسان و وەزیران و كارمەندانی ئەم كوردستانە ، لە هۆكارە گرنگەكانی بڵاوبوونەوەی گەندەڵییە بەو شێوە و ڕێژەیەی كە ئەمڕۆ بێچارە ماوەتەوە و لە هەموو قوژبنێكی ئەم كۆمەڵگایەوە سەرەتاتكێمان لێوە ئەكات و ژیانی شیرینی لێ تاڵكردووین ..!
      ئەمە و بێجگە لە ئاكامە خراپەكانی لە بارەی تەندروستییەوە  ، بە یەكێك لە هۆكارەكانی جەڵتە و خەستبوونەوەی خوێن و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و چەوری ناو خوێن و بە مۆمبوون (تەشەموع)ی جگەری ئادەمیزاد دانراوە .بەڵام مەخابن هەتا هاتنی ئەم وەزیرە بەڕێزە ( كاك زریان ) گوێمان لە هیچ ڕاگەیاندنێك نەبووە دەربارەی نەخۆشی و حاڵەتی خراپ و تەشەنەی بەدی باری تەندروستی لەم وڵاتە هەتیوەدا …هەروەها بیرمان نەچێت بە حوكمی خواردنەوەی ئاشكراو ئازادی باوكان لە نێو خێزاندا ، لاو و گەنجێكی زۆریش فێری خواردنەوە و جگەرە كێشان و بەكارهێنانی ماددە بێهۆشكەرەكان بوون كە ئاكامی زۆر خراپیان ئەبێت و كۆمەڵگەی سبەینێش لەوەی ئەمڕۆ باشتر و ئاسوودەتر و بێوەیتر و بێ ئارشەتر نابێت … بیرەو ئارەق خواردنەوە ، ئاستی ویژدان و بەكارهێنانی ویژدانی لە كار و كاسپیشدا كەم كردۆتەوە .. ئاستی پابەندبوون و ئیلتیزامی بە وڵات و بە ژیان و بە كاركردن و بە خۆشەویستی و بە متمانەبوونی نێوان تاكەكانی كوردەوەی كەم و كەمتر كردۆتەوە..!
         لە كارە هەرەگرنگەكانی بیل كلینتۆن ،ئەوەبوو كە جگەرە كێشان و كحوول بەكارهێنانی بە مودمین بوون و موعتادبوون لە قەڵەم دا و تەنانەت قەدەغەكردنی ڕێكلامی جگەرە فرۆشتن لە ئەوروپاشدا ڕەنگی دایەوەو قەدەغەكرا..ئەمڕۆ لە هەموو دامودەزگایەكی ئەوروپی و ڕۆژاواییدا، كحوول بەكارهێنان و جگەرە كێشانیش قەدەغەن و دەستیان خۆش بێت، چونكە ئەوان بەرنامە ڕێژن و ماندوون لەپێناوی پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەیان و ئاسوودەتركردنی ژیانی مرۆڤـدا..نەك سەرخۆشكردن و مەستركردنی هاوڵاتییە بێنەوا و هەناسە ساردەكانیان !  
         * هەروەها دیاردەیەكی كۆمەلایەتی گرنگ كە پێچەوانە بۆتەوە و كاریگەری خراپی هەبێت بۆسەر تاكی كورد و دواكەوتنی لە ڕەوتی ژیاری جیهانی سیستمی پەروەردەی خێزانی كوردییە كە بۆتە سەرچاوەی وەرچەرخانی پێوەرە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو نێگەتیڤی و خراپتر چوون..وردە وردە پێوەرەكانی ژیان بەرەو هەڵدێر ڕۆچوون،ڕاستگۆیی بووە بە درۆكردن لە پێناوی پارووە ناندا ،وەفا و دڵسۆزی بووە بە بێوەفایی و سپڵەیی لە پێناوی مانەوەی خوددا ، هاوڕێیەتی بووە بە دوژمنایەتی و  ڕێز و خۆشەویستی بوون بە بێڕێزی وكینە و ڕق جێگەیان گرتوونەتەوە ..عیزەتی نەفس و كبریای مرۆڤی شكۆمەند بووە بە زەلیلی و ڕیسوایی و زۆربەی زۆری مانا پۆزەتیڤ و چاكەكانی ناو خێزان ئاوەژوو بوونەتەوە چونكە دەستی بەهێزی دەرەكی خۆی بەسەر پێكهاتەكانی خێزاندا سەپاندوەو تاكی كورد هیچ نركەیەكی لێوە نەهاتوە و هەموو هێزێكیان لێسەندوەتەوە .!
        كۆمەڵگای كوردی هاوچەرخ، تێۆرییەكانی تۆماس هۆبزی بەسەردا ئەچەسپێت ،ئەو وای بۆئەچێت كە تاكەكانی كۆمەڵ وەكو گورگ وان و برسین بۆ خواردنی یەكتر و هیچ پەیوەندییەكی عاتیفی و دۆستانە لە نێوانیاندا نییە تا متمانە و ڕێز و خۆشەویستییان بۆ یەكتر هەبێت و بەختەوەر لەگەڵ یەكتردا بژین، بە پێچەوانەوە بەهێز كەسێكی بێهێز تێكئەشكێنێت،كەسی برسی كەسێكی دیكەی بێ پشتوپەنا ئەخوات ..لەشساغ كەمئەندام ئەچەوسێنێتەوە ..بە كاریگەری حكومەتە تاكڕەو و دیكتاتۆرەكان وڕێبازی بەعسیزم و پاشان زیندوو كردنەوەی هەمان ڕژێمی فیودالی وناعەدالەتی كە دەسەڵاتی كوردی تا ئێستاش پیادەی ئەكات و تۆختری ئەكاتەوە گرفتەكەی ئاڵۆزتر كردووە.. كەناڵە گرنگەكانی پەروەردە (ئەگەر سیستم ومیكانیزمی مەعریفی-زانستی لە پشتەوە نەبێت) لە دابونەریت و نۆرمی كۆمەڵایەتی وئایین وكەلتووری باوی ئەو كۆمەڵگایەوە سەرچاوە ئەگرێت كە بە پێی شارستانێتی بۆماوە داڕێژراوە ، بۆ نموونە پەروەردەی ژاپۆنی و چینی لەگەڵ ئەوروپی و ئەفریقی وكوردیدا جیاوازن و زۆربەی پێكهاتە و وردەكارییەكانیان لێكتر جوودان..!
        بەڵام زیندووكردنەوەی ئیسلامی سیاسی و توندڕەویی ودانەوەی هێز بە ئاغا و كوێخا و بەگ، هەروەها یەكتر قبووڵنەكردنی حیزبەكان و ئیدارەنەكردنیان پێكەوە،سەروەرنەكردنی یاسا و نەبوونی عەدالەت لە دابەشكردنی سامانی نەتەوەییدا كە ئەمانە هەموو دروشمە گرنگەكانی شۆڕشی فەڕەنسی مەزن بوون،كە دونیای سەراپا گۆڕی وئیدی جاڕی گەردوونی مرۆڤی بەدوادا هات كە  كاریگەری بۆسەر بیر و هوشیاری مرۆڤــ وسیاسەتی هەموو جیهان هەبووە.!
        لەنەبوونی ئەوكەشوهەوایەی ڕۆژاوا دا كە هەموو جیهانیش ئەیانەوێت لاساییان  بكەنەوە و خاڵە ئاكتیڤەكانی بەهێند وەربگرن و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پیادەی بكەن،ئەو بارودۆخە ناهەموارە درووست بووە كە باسمان لێوەكردو بە نادەربەست و چەواشە ناوزەدمانكرد،مرۆڤی كورد مرۆڤی دوای جەنگ وماڵوێرانییە،واتە:مرۆڤێكی هەلاهەلایە و پڕە لە گرێی دەروونی و لە كەلاوەی كۆمەڵگایەكی لێكترازاودا ژینی نائومێدی ئەژی،پڕە لە حەسرەت،قانگ دراوە بە جەنجاڵی و بێسەرو بەرەیی ودەورو بەریشی ئاخنراوە بە ئامرازو ئامێری هەمەجۆرەوە،خانەكانی مێشكی فریای چەند خواست یان چاوچنۆكی ولاساییكردنەوە بكەون..سیخناخە لە پێداویستی وداخوازی، كامەیان لەپێشتر و پێویسترە خۆشی نازانێت؟فریای كێ بكەوێت: ژنەكەی یان كچەكەی یان براكەی یان هاوڕێكەی یان ئۆتۆمبێلەكەی یان ورگی خۆی یان هتد!؟ ئاگای لە مناڵەكەی بێت كە نەخۆشە و بیبات بۆ خەستەخانە یان وەڵامی ساحێبخانوو بداتەوە كەچاوچنۆكی وداوای ئەوان لەبن نایەت.. فریای كڕینی چەند لە  كەلوپەلە پێویستەكان بكەوێت.؟هەتا بوتڵە غاز پڕ ئەكاتەوە نەوت قەترەی تیا نامێنێت، هەتا برنجی بۆندار دێنێتەوە،دۆشاوی تەماتە بەتاڵ بۆتەوە..ئینجا كێشەی ئەزەلی بێئاوی لەولاوە سەرەتاتكێی لێ ئەكات..یان  سەیارەكەی پەكی كەوتووە و ئەبێت چەند ڕۆژێكیش بۆفیتەر تەرخانبكرێت..یان پرسەیە و ئامادەبوون و هاوكاری لە خەمی ئەوانی تردا زۆر پێویستە و ناكرێت كەمتەرخەمی تیا بكرێت…ئیدی لەو سەروبەرەدا تاكی كورد چ باوك چ دایك بێت، ناپەرژێنە سەر پەروەردەكردنی مناڵ و لێپرسینەوە و بە دواداچوونی خوێندن و داخوازییە ڕۆحی و دەروونی و فەرهەنگییەكانیان .
         ئەمەش ئەو حاڵەتە چەواشەیی و نادەربەستەی پێكهێناوە كە ناكامڵی كرچوكاڵی خەمڵاندوە.بەكورتی و بە كوردی پەتی: پەروەردەی خێزانیمان تێكە ولێكەیە..گەورە ئاگای لە بچووك نییە، پارەدار چاوی لە هەژار  نییە، برا ئاگای لە خوشك نییە وكەس نامەی كەس ناخوێنێتەوە، بگرە كەس فریای كەس ناكەوێت..زۆر گرنگە ئێمە لە ژیاندا بەرنامە و خشتەمان هەبێت و لەسەری بڕۆین بەڕێوە،گرنگە پێداویستییە زۆرەكان كەمبكەینەوە و واز لە لاسایی بێنین ومناڵەكانمان فێری قەناعەت  بكەین ،كاتەكانمان بەفیڕۆ نەدەین و بۆ یەكتری تەرخان بكەین ، خۆشەویستی و ڕێز بەركەماڵ بكەین وكات بە مناڵەكان زیاتر بدەین وەك لە ئامێر و سەیارە و پایەی كۆشكەكانمان ..فێركردن و خوێندنی بەردەوام خولیا و ئارەزوومان بێت ..پەروەردە بە ئەركی سەرشان بزانین و دەربەستییان بین ،چاوێكی جیدی و گەشبین تەرخان بكەین بۆ ئەمڕۆ و ئاییندەی خێزانەكانمان !       
         *  لە دیاردە هەرە مەترسیدارەكان كە ئەمڕۆ كۆمەڵگاكەمان  دوچاری بۆتەوە بەرزبوونەوە و تەشەنەكردنی تاوان و كوشتن و ڕفاندن و دزیكردن و لاقەكردنی كچان و لەشفرۆشی و لەشكڕینە و زۆربوونی ڕێژەی دەلاڵەكانی ئەم دیاردانەن لە كوردستاندا بینیین یان بیستنى ئەو جۆرە چیرۆكانەی باس لە دزی یان فڕاندنی منداڵ و كچ و گەنج دەكات و پاشان كوشتنیان  ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە لە كوردستانى ئازاد و دەوڵەمەنددا زەمینەیەك خۆشە بۆ بەرهەمهێنان و ئافەریدەكردنى چیرۆكە دانسقەكان و پانتاییەك ئامادەیە تراژیدیاى ناوازە و ناواقیعى بخوولقێنىَ..بەندە پێویستەوەكو-كۆمەڵناسێك یان وەكو توێژەرێكی كۆمەڵایەتی لە پراكتیككردندا -لە دەركەوتنى ئەو دیاردە قێزەونەدا هەڵوێستەیەك بكەم و هۆكارەكانى ئەو دەركەوتنانە بە شێوەیەكى زانستیانە شیبكەمەوە, لێرەوە پێویستە بزانین ئایا كۆمەڵگەى كوردى تاوانبارە و ئیلهام بەخش و و خولقێنەرى ئەو رەوشە ناوازەیە؟ یان تاكى كوردى خۆى بوونەوەرێكى دەعجانى و ئەژدیهایە و بچێتە ئەوپەڕى هەندەران و گەردوونیش هەر ڤایرۆسێكى   زیانبەخشە و هەرگیز نابێت بە مرۆڤــ!؟
    یاخود ئایا هۆكارى سەرەكىو دروستكەرى هەرە گەورە, رەوشى سیاسییە و كیانى سیاسى و دەسەڵاتى كوردییە كە هەلومەرجەكانى ئەم دژواریی و تووند و تیژی و نائارامییەى بەرهەمهێناوە و توندوتیژى پیادە دەكات!؟هەنووكە كاتى ئەوە هاتووە ئێمەى نووسەر و كۆمەڵناس و دەروونناس  و مافپەروەر و كارمەند و مامۆستایانى ئەم نیشتمانە هەناسەساردە, بە دڵسۆزییەوە بچینە ژێر پێستەوە و قووڵتر و تایبەتمەندتر, پسپۆڕانەتر لەوە وردبینەوە كە بۆچى لە دواى راپەڕین و پاشتر لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە, پاش هەڵڕژانى دۆلار و گەشەسەندنى بوارى بیناسازیى و بازرگانى و بوژاندنەوەى كەرتى  تایبەتى و زیادبوونى مووچە لە كوردستاندا, كەچى بە پێچەوانەوە لە كۆمەڵگەكەى ئێمەدا دیاردەى كوشتن و سەربڕبن و سووتاندنى مرۆڤ بە مناڵ و كچ و ژن و پیاوەوە گەیشتۆتە ئاستێكى زۆر بەرزتر و ترسناك!؟ئەى بۆچى مرۆڤە سادەكانمان دەبنە مرۆڤكووژ؟ كە دەبوایە دواى رووخاندنى سەدامى دیكتاتۆر و بەخشینى مژدەى هاتنى بەختەوەرى و ئاسودەیى بۆ وڵات و هەروەهابە دوبەیكردنى هەولێر و بە بەهەشتكردنى شار لە سلێمانیدا لە بینین و بیستنى ئەم كارەسات و دیاردە دڵتەزێنانە دەروون و ویژدانمان بریندار و زامدار نەكرایە..!
    كوشتن هەر كوشتنە, كوشتنى منداڵێك یان ژنێك, یان كچێكى عاشق, یاخود پیاوێكى دەوڵەمەندى ساماندار, تاوان و دڕندەیى مرۆڤ نیشان ئەدەن, بەرزبوونەوەى رادەى كوشتن و سووتاندنى مرۆڤ  ئاماژە و زەنگێكى پڕ مەترسیدارە و خەتەرناكە..هەرچەند ئامار و دەزگاى ئامار و نیشاندەرى تاوان و كارەساتەكان لە كوردستاندا ئیفلیجە, بەڵام زۆر راشكاوانە ئەتوانین بڵێین كە كوشتن لەم كۆمەڵگەیەدا نەوەستاوە ونەوەستێنراوە, رۆژانە هەواڵى كوشتن لە میدیاكان و لە گەڕەك و شارەكانى كوردستانەوە دەبیستین, ئێستا كە دیاردەى كوشتن و بەكارهێنانى توندوتیژى و دڕەندەیى  وەكو دیاردەیەكى  رۆژانە وایە, بووە بە بەشێك لە ژیانى ئەخلاقى ئێمە!ئەمڕۆكە ، بە سەدان ئۆتۆمبیل و تاكسى لە شارەكانى كوردستاندا دەدزرێن و شۆفێرەكانیان  یان دەكوژرێن یان بریندار دەكرێن یان بە هەڕەشە لێكردن زەلیل و تڕۆ دەكرێن…
  (( بۆ نموونە و بەداخەوە كەسێك باسێكی ئەوتۆی نەكرد : كابرایەكى باریكەلەى سەرسپى خێزاندار لەبەر دەركى سەرادا,  تەنها كارتى ئاسیا و ساناى دەفرۆشت, ئێواەرەیەك دواى دەكەون و لە كۆڵانەكانى شارى سلێماندا پاش ئەوەى كارتەكانى لێدەسەنن, دەیكوژن…!)) یان ژنێكى عەرەب جانتاكەى گوایە پارەى تێدایە و سوارى تاكسى دەبێت, دەیبەنە قەراغ شارى سلێمانییەوە و دەیكوژن,  ئەوانە و سەدان كارەسات و تاوانى دیكەى كوشتن, بوونەتە هەواڵە هەرەخۆش و دڵفڕێن و شادیبەخشێك لە كوردستاندا و لە شەوى بێكارەبا و ساردوسڕى ئەم زستانە دڵتەنگ و رەزاقورسەدا بوونەتە سەمفۆنیا و لە نێو ئەشكەوتى پڕ شەمشەمەكوێرە و كوونەپەپوودا,  ئاوێزان لەگەڵ مۆتەكەى خەوى زبرزبر دەخەوین.!
     زەنگى خەتەرناك لێدراوە! تەنانەت بە چاوى نوقاوەوە ئەتوانرێت هەست بەوە بكرێت كە توێژێكى زۆر لە خەڵكى هەژار و سادە و ناحیزبى وەكو لە مەنجەڵًێكى بوخاردا بژین وایە و ئەو كونى هەوا و (تەنفیسە) نەبىَ دەتەقێتەوە, لە لایەكى ترەوە توێژێكى  كەمینەش سیاسەتمەدار و پارەدا و ملیاردێرن, كەمتەرخەمن و دڵساردن,  لە بورجى عاجێدان و لەو خەڵكە زۆرینە رەشۆكە دابڕون! بەڵام ئەوەى گورجكبڕە ئەوەیە: توێژێك لە بوونەوەر دروستبوون دەعجانى و میكرۆبن, غەریزەیى و سادیزمن, نەخوێندەوار و جاهیلن, بێبڕوا و كافرن, هەوەسدار و توندوتیژن و ئاژەڵ ئاسان, كحول و مەى خۆرن, جگەرە و نیرگەلەكێشن, حەشیشەخۆرن, مشەخۆر و بێكار و جەردە و دز و قۆڵبڕن, هەواو هەوەسى ئیرۆسى دەیانبات بەڕێوە, وەك مالۆس دەژین, گەدە و سێكس تێركردن ئارەزووى یەكەم و دواهەمینى ئەوانە, وەكو جەنگاوەرى نێو قومارخانە و مەلهاكان  تەنها هێرشبەر و پەلاماردەرن.. ئەمانەن كە بەشدارن لە كوشتن و سووتانندا, لە دزین و فڕانندا, دەلاڵى لەشفرۆش و لەشكڕیشن, لە كڕین و فرۆشتنى مادە هۆشبەرەكاندا رامبۆن!دزى و تاڵانكردنى ماڵ و سامان و ئۆتۆمبیل و دامودەزگاكان و سووتەمەنى و نامووسى خەڵكیان لە ئەستۆگرتووە!
    ئەم بوونەوەرە–ئاژەڵانە لە شێوەى باند و گروپدا نەماون و لە زیادبووندان, بەداخەوە كاریگەرییان هەیە بەسەر گەنجانى كوردەوە و رایاندەكێشن و ئیغرایان دەكەن, كەڵك لە وزە و تواناى چەپێنراو و پەنگخواردویان وەردەگرن,  بۆیە سەیر نییە دیاردەكانى وەكو بەكارهێنانى سەتەلات و ئینتەرنێت بۆ بینینى فیلمى رووت و سێكسى لە زیادبووندایە, تیژ لێخووڕینى سەیارە و لێدانى پیادە و نەوەستانیان لە شەودا و جگەرەو مەى خواردنەوە, نێرگەلەكێشان و حەشیشەخواردن و جنێودان و لێدان و شەراِنگیزیان لە شەقام و كۆڵان و خێزاندا لەوپەڕیدایە..!هەرئەمانە دەبنە هۆى كوشتن و سووتاندنى بێشوومارى ژنى كورد… ئەمانە بونەوەر و مرۆڤى لاواز و بێدەسەڵات  كە تواناى بەرگرییان لە خۆیان نییە, دەكەنە نێچیرى خۆیان, وەكو منداڵ و كچ و ژن…. ئەمانە فسفس پاڵەوانن و رامبۆیەكى ملكەچى تاوانكردن  و شەڕانگێزى  و توندوتیژین لە كۆمەڵگەى كوردیدا نەخوێندەوار و بێسەوادو بێكارەن!
     دەركەوتن و تەشەنەكردنى ئەم دڕەندەییە, دەرەنجامى ئەو گۆڕانە قووڵ و هەمەلایەنانەیە كە لە ئەخلاق و ئابوورى و كەلتور و ویژدانى كۆمەڵگەوە هەڵدەقووڵێن..هەلومەرجى سیاسیى و كەمتەرخەمی حكومەت و دەسەڵاتى كوردیش لێى بەرپرسیارە! گەندەڵى هەموو كایەكانى ژیانى مرۆڤى گرتۆتەوە, لێ نەپێچانەوە و لێ نەپرسینەوە سەرى ماسییەكەى گەندەڵ كردوە و دێتەخوارىَ بە نێو كرۆكى كۆمەڵگە و خێزان و تاكى كوردا و دارستانێكى پڕ لە دڕەندەیى بەرهەم هێناوە, یاسا ملكەچى گەندەڵییە, عەقڵ ئامرازییە و رەخنەیى نەماوە و هێزى مرۆڤ خەساوە…. عەقڵى كوردى بە دواى دەستكەوت و قازانج و شەهوانیەت و سەرمەستى و سەرخۆشى و پەڕیندا ویڵە, ئینسانى كوردى (نەریت و بەهاى كۆنەخواز و دین و ئەخلاق) پڕٍوكاندویەتى, هاووڵاتى و حكومەت دەستەوەستان و پەككەوتەن, تواناى بینا و گۆڕانى مرۆڤێكى سەركەوتووى دامەزراو و پتەویان نەماوە,  بەرەو باشتر و چاكتر….!
     پیاوانى ئاینى و سیاسەتمەدار و رۆشنبیران و كارمەندان بەرپرسیارن لە خەساندنى توانا و هێزە رەخنەیى و بگۆڕەكانى ئینسانى كوردا.!سەدان جار مەخابن و ئەفسووس  لە دواى دیكتاتۆرەوە, تاكى كوردى سادە و رۆشنبیریش پێكەوە بڵێن: (خۆزگەمان بە دوێنىَ و نەفرەت لە ئەمڕۆ و لە ئایندە! ئەمەش وەكو كفرێك وایە كە هێدى هێدى ژینمان لێ تاڵ و زەوت دەكرێت و رۆژانە مەرگمان نیشان ئەدرێت…!جێگەی داخە لە سایەی ئەو دەسەڵاتەی زۆربەمان خەونمان پێوە دەبینی و ئاواتمان بوو كورد خۆی بەرێت بەڕێوە : زۆربەی خەڵكی ناڕازی و بێزار بن لەخۆیان و لە ژیانیان !).
 
hemea.rasoel961@yahoo.com
   
    
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.