Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ئاشتبوونەوە …. ستار ئەحمەد عەبدولڕەحمان

ئاشتبوونەوە …. ستار ئەحمەد عەبدولڕەحمان

Closed
by May 7, 2012 ئەدەب

 

بڕیارمدا حەوایەكی تر بخەمەوە
ئادەم دوای قسەی نەكەوێ‌
پێویستمان بەگەڵای مێو نەبێت
عەورەتمان داپۆشین
برسیمان بوو
داڵدە بۆگوڵە گەنم نەبەین
نان كەرتمان نەكا
نەرمەبا هەڵمان نەگرێت
لەنێوانی ئاسمان و زەویدا
لەخۆڵ و ئاو نەگەڕێین
چیتر نەپرسین
پاش مردن بۆكوێ‌ دەچین
گیان چۆن دەچێتە جەستەمانەوە
ناهێڵم قابیل
خوێنی هابیل بخواتەوە
ستەم دەروونمان پڕكاتەوە
دەبمە گوڵێك
جوانیەكان لەگوێم بكەن
شیعر بتوانێت
لەنێوما بهزرێت
دەگەمە دواپەڕەی ستایش
لەگەڵ خۆمدا ئاشتدەبمەوە
بەنێوهەوری سپییا دەفڕم
لەسەر زمانی
ئاگرێكی ژێر عەردا دەنیشمەوە
باران دەكەمە هێزی كێشكردنی زەمین
سەبەتەیەك گلێنە
لەسەر گۆڕەكەم دەچێنم
بۆئەوەی دەرفەتەكان نیگام
لەخوێنی سێوێكا بمژن
جۆلانەی مناڵان لەباران چێدەكەم
دایك دەخەمە بەستەی ئەفراندنەوە
رۆحێك لەبێشكەی ژیانا دەنوێنم
قژكاڵێك لەبەفر هەڵدەچنم
ژنێكی زۆر دەخەمە رستەوە
هەموو شتەكان هەڵاوێر دەكەم
تەنیا بەپیرۆزی پیرۆزەكان
دەڵێم راستگۆیی لەشرۆڤەدا
نوور دەزانێت چۆن لەدایكدەبێت
رانامێنم لەوەی
تاریكی چۆن لەسنگی شەوگاردا دەنوێ‌
مانگ بۆ بەسنگی ئاسماندا خۆی هەڵدەواسێ
شێت بۆ لەزمانی پارە ناگا
ناپرسم بۆئەوەی بزانم
كێ‌ یەكەمجار لاپەڕەی قورئانی كردەوە
بەژن بۆدڵ ناگوشێ‌
هەنگ لەكوێڕای دڕك و گوڵدا دەژێت
چۆن گەڵای دەم رووبار
داری خۆی ناناسێت
كۆرپەلە لەسكی دایكیا ناتاسێت
چۆن چۆنی ئەستێرە
دیدەی بەخۆڵ كوێر نابێ‌
ئلسمان چ رۆَژێك
بەسەر زەمیندا دەتەپێ‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.