ئاو لەسەر بەفری نوسی …. حەمەشوان شەریف
ئاو وتی:
مرۆڤەکانی ئەم چەرخە
یەک ئێوارە
دڵیان بڕی خۆشەویستی ئەکات،
مرۆڤەکانی ئەم چەرخە
بەیەک ئێوارە
سەریان سپی سپی ئەبێت ،
گیرفانەکانیان لە نیوەی خەودا
پڕ پڕ
ئەبێ لە مەراق ،
چاویان بەدیار خۆیانەوە
غرۆلئەبێتەوە و
لەتاو پەشیمانی
بەگریانەوە هەڵئەوەرێ ،
مرۆڤەکانی ئەم چەرخە
سەریان لەبەرد ،
دڵیان لە پەشمەک چنراوە،
ئاو وتی /
تازە ئەی مرۆڤ
دەرگا بەڕوتا کڵۆم دراوە
بە لەخۆ باییەوە بۆ
ناو ژیان هاتی و
بەمشتێ تاوانەوە
لە ناو گوماندا گەوزای /
هاتی و
بەدەستەکانی خۆت
کلیلیی ژیانت
فڕێدایە ژێر باڵی لمی نەووسنەوە ،
مرۆڤ !
پەشیمانی
بەپێوە زۆر وەستا بۆ لێبوردن
کەچی تۆ
چەقۆت خستەسەر ملی هۆشیاری و
مەوجی ئایندەکەت گۆڕی
بۆ کوژانەوە ،
تازە بەسەر چوو ،
مرداربویەوە چاوەڕوانی ،
ئاو /
بەدەم شەپۆلێدانەوە
گرێکانی لەسەرپشتی
خۆی کردەوە و ووتی /
سێبەشم لە زەویدا
چواربەشم بۆ ژیان
تۆ ببینە / کەچی مرۆڤ
یەک بەشی هەیە بۆ وشکایی
چۆن پڕی کردوە لە تاوان .
……………………………………….
ئاگر وتی /
لەبیرمە ،
لقێکی درەختێک بووم
بۆ هەناسە
بەسەر شانی کانیەکەوە شۆڕبوو بومەوە
بۆ ناو ژیان
مرۆڤێک هات
بڕیمیەوە
هەموو لەشمی کرد بەسووتان
لەو ڕۆژەوە لە هەمووتان
یاخی بووم و
ناوتان لێناوم هەتاو
ئەمێستا منی هەتاو
ئاگرم و
ئەوەیش ئینسان ،
ئاگر وتی /
بەئاوم وتبوو
پێناسەیەکی مرۆڤ بنوسێ
لەسەر بەفر
ئاو / دوای عەیامێک بیرکردنەوە
لەسەر سنگی بەفر
بە قەڵەمی ڵێوی کچێ
بەڕەنگی سوور لەسەر بەفرەکەی نوسیبوو
درۆ …تاوان … ڕق … گومان /.