Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ئایا ئەوەى بۆ پارێزگار كرا ئاسایى بوو؟

ئایا ئەوەى بۆ پارێزگار كرا ئاسایى بوو؟

Closed
by August 25, 2008 گشتی

 ئایا ئەوەى بۆ پارێزگار كرا ئاسایى بوو؟
 خەبات نەوزاد
 بەرە بەیانى پێنج شەممە، 21 ى ئابى ئەمساڵ، هەڵەبجە جیاواز لە بەیانیەكانى تر گوزەى كرد، ئەو بەیانیە هەواڵى هاتنى جەنابى پارێزگار بۆ هەڵەبجە تەواوى خەڵكى شارى مەشغول كردبوو، سەرەنجام كاتژمێر نزیكەى 9ى سەرلەبەیانى دانا ئەحمەد مەجید پارێزگارى سلێمانى هاوڕىَ لەگەڵ شاندێكى یاوەرى گەیشتنە هەڵەبجە. بەر لە داغڵ بوون و لەدەروازەى ئەو شارەدا پیاو ماقوڵو زانایانى ئاینىو ریش سپیانى هەڵەبجەو گەنجانو ژنانو فەرمانگە حكومىو دامەزراوە حیزبیەكان نوێنەریان پێشوازیان لەو شاندەكرد. ئەگەرچى ئەوە بەئاسایى دەبینم وەلىَ تێبنى زۆرم لەسەر ئەم سەردانە هەیە بەرلەهەر شتێك دەبێت ئەوە بزانین دانا ئەحمەد مەجیدو تەواوى ئەوانەى لە پارێزگارى سلێمانى كاردەكەن وەك چۆن پارێزگارى سلێمانینو رۆژانە ئاساییە سەردانى گەرەكى بەختیارىو وڵوبەو سەرچنار بكەنو پێشوازى لەخەڵكى ئەو ناوچانە بكەن بۆ راپەراندنى كاروباریان ئاوهاش دەبێت سەردانیان بۆ هەڵەبجەو پێشوازیكردنیان بەئاسایى تەماشاكەین، دەبێت نەك بەهاتنى ساڵانەیان خۆشحاڵى دەربرین بەڵكە بەغیابى مانگانەو نەهاتنیان بۆ شارو لێنەپێچینەوەیان لەو روتینو گەندەڵیانەى لەسنورى دەستەڵاتیان گوزەر دەكات نارەزایى دەربڕینو وەبیریان بێنینەوە ئەم سنورەشمان بەشێكە لەدەستەڵاتى ئێوە، نكوڵى لەوە ناكەم بێشك ئەنجومەنى پارێزگارى سلێمانى لەم دوو ساڵەى رابردوودا كۆمەڵێك پرۆژەى خزمەت گوزارى باشى پێشكەش بەهەڵەبجە كردووە وەلىَ ئەبێت لەو راستیەش خۆمان نەشارینەوە ئەو دوو پرۆژەى جەنابى پارێزگار بەردى بناغەى دانان گۆمەڵگاى وەرزشیەكەیان ساڵانێكى زۆرە گەنجانو وەرزشكارانى ئەمشارە بەلێنیان وەرگرتووەو نەبوەتە راستى دەبێت وەك چۆن بەچەپڵەوە بەردى بناغەتان دانا ئاوهاش بەوردى چاودێرى بكەن نەبا لەخانەى لەبیرچونەوەدا پرۆژەكە لەبار بچێت.
 خەڵكى ئەمشارە زۆر رێز لەمیوان دەگرن و بەحورمەتەوە بەخێرهاتنى دەكەن وەلى ئەو لافیتەگەلەى لەهەڵەبجەدا بۆ پێشوازى پارێزگارو شاندى هاوڕێى بەئاسمانەوە سەمایان دەكردوو دیوارەكانیان داپۆشیبوو جێگەى تێرامانە، واى دەبینم تەنها پارەى ئەو لافیتانە بكرایەتە پرۆژەیەك خزمەتێكى باش بوو بۆ ئەمشارە بریندارانى چەكى كیمیاوىو پاشماوەى ئەو كارەساتە بەنوسینى لافیتە چارە ناكرێن و لەخەمى ئەوانەدا بوون خزمەتێكى مێژوو تۆمارى دەكات و وەك ئەولافیتانە كۆن نابێت كە ئێستا هەڵواسراون، بىَ پیلانى شار هەموو كەلەبەرێكى گرتووە تەماشاكە نوسینى لافیتەكان وەك كردنەوەى دوو پرۆژە لەیەك ساتدا بۆ گوندێك لە ئەنجامى بێپلانى و ئاگانەبوونى دامودەزگاحكومیەكان لەیەك ئاواها ئەمانیش دووبارە دەبنەوە زۆرى لافیتەكان ئەو دووبارە بوونەوەیەى خولقاندبوو نوسراوەكانى سەریان دووبارەبووبویەوە بۆنمونە دوو لافیتە بەتەنیش یەكەوە هەڵواسرابوون هەردوكیان لەسەریان نوسرابوو "بەگەرمى بەخێرهاتنى بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید پارێزگارى …" بەبىَ ئەوەى لەناوەرۆكو مانادا جیاوازیان هەبێت تەنها ئەوەندە نبێت فۆنت و قەبارەى نوسینیان جودا بوو، بەكورتى ئەوەى ئەورۆژە بۆ پێشوازى پارێزگارو هاورێیانیان كرا شتێكى بێوێنەبوو وە بەوتەى زۆرێك لە هەڵەبجەییەكان ئەوە بۆ گەورە بەرپرسان نەكرا كە سەردانى ئەو شارەیان كردووە، بێگومان ئەمە خوێندنەوەى تایبەتى هەڵدەگرێت و پەیوەندى بە شتگەلێكەوە هەیە كە پێویستە لە سلكى ئیداریدا بونیان نەبێت و بەوردى ماڵەى لەتەكدا بكرێت.
 كۆبونەوەى هۆڵى ئەحمەد موختارو سەرنجدانێكى ورد
 كاتژمێر یانزە لەهۆڵى تاقیكردنەوەى خوێندنگاى ئەحمەد مختار پارێزگارو شاندەكەى لەگەڵ خەڵكى ئەو شارەدا كۆبونەوەو قسەو باس و گللەیەكان وەرگیران ئەوەى جێگاى سەرنجدان بوو كۆبونەوەكە بۆ قسەكردن بوو لەگەڵ هاوڵاتى و وەڵى پشكى شێر بەر بەرپرسان كەوت لەهەمووى سەیرتر تاكى كوردى بەرەدەوام قسە لەسەر گرفت و كەمى خزمەتگوزارى دەكات بەرپرسانیش ئەمانە هەمدیس دەلێنەوە، تەواوى بەرپرسە حیزبیەكان بەتایبەت دوو پارتى دەستەڵاتدار ئەو رۆژە قسیان لەسەر كەم خزمەتگوزارى هەڵەبجە بەتایبەت لە بوارەكانى "رۆشنبیرى، كشتوكاڵ، تەندروستى، گەشت و گوزار، كەم ئاوى…" كرد. ئێستا پرسیارى سەرەكى ئەمەیە كە خۆتان ئەزانن هەڵەبجە و كوردستان گرفتارى ئەم دەردانەن ئیدى بۆ چارەى ناكانە؟ بۆ ئێوەش وەك خەڵك ئەیڵێنەوە؟ ئایا تواناى چارەسەریتان نیە!؟
 لە تەواوى ئەو قسەو باس و گللەیانەدا كۆمەڵێك قسە كرا بەدڵى ئێوە نەبوو كەمێك شپرزى خستە كۆبونەوەكەوە ئەوەى گرنگە پێویستە ئەو قسانە هەڵوێستەى لەسەر بكرێتو لیژنەى لێكۆلینەوەى لەسەر بگیرێتو بزانرێت تاچەن راستن و چەندێكیان هەر قسەن، خەتەرە لە شارێكدا ئەو بۆچونانە لاى گەنجێك دروست بێت، هاوڵاتیەك هەبێت بەو شێوەیە بیربكاتەوە كە ئەوىَ رۆژىَ پێى هاتە ئاخافتن. لەهەموو ئەمانە گرنگتر بینینەوەى هەڵەبجەیە لە ئەجێنداى كارى ئەنجومەنى پارێزگاو پارێزگارى سلێمانى بۆ خزمەت و بوژاندنەوەى شارو كەمكردنەوەى گللەیو گازندەى هاوتیان، پێویستە سەردانى لەو شێوەیە دوبارە بێتو ئاسای ببنەوەو بەوردى لەلایەن ئەوانەى بەرپرسى كاروبارى ئەم وڵاتەن چاودێرى هەبێتو هەوڵى كەمكردنەوەو نەهێشتنى رۆتین و گەندەڵى ئامانجى سەرەكیتان بێت.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.