Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئایا بۆچی ژیانمان بێتام و بێهوده‌یه‌..؟…..حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

ئایا بۆچی ژیانمان بێتام و بێهوده‌یه‌..؟…..حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

Closed
by April 12, 2009 گشتی

ئایا بۆچی ژیانمان بێتام و بێهوده‌یه‌..؟
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دیكتاتۆر له‌م وڵاته‌دا ره‌نگی بۆ رشت وجێبه‌جێیكرد، بریتی بوو له‌: بێنرخكردن و بێهێزكردنی مرۆڤــ و ونكردنی له‌ هه‌ڵدێرو سه‌رابی ژیانیدا، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای حیزبی و فه‌وتاندنی عه‌قڵ وهێزی مه‌عریفی بیركردنه‌وه‌ی ئینسانه‌وه‌بوو..
دیكتاتۆر هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوو مرۆڤێكی خاڵی له‌ رۆحی پاك و ویژدانی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقی به‌رز ده‌سته‌به‌رببێت،ده‌یوست مرۆڤێك ئافه‌ریده‌ بكات سیخناخ بێت له‌ چاوچنۆكی و پاره‌په‌رستی وبێویژدانی..بێبه‌هاو بێئامانج وبێهووده‌و سه‌رخۆش و جاسوس وبه‌ره‌ڵا بێت..مرۆڤێك خه‌ون وخوێنده‌واری وخولیای نه‌بێت بۆ ژیانی ئایینده‌و بیر له‌ گۆڕان و پێشكه‌وتن نه‌كاته‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌،ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌و عه‌قڵی بێسه‌روبه‌ره‌و بێبه‌رنامه‌ له‌گه‌ڕدایه‌و هه‌ركه‌س بۆخۆیو بازاڕو گوزه‌رانی به‌ره‌ڵا به‌ركه‌ماڵه‌و درێژه‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێكی گه‌نده‌ڵ ودزو درۆزن ونه‌خوێنده‌وارو بازاڕیی له‌ئارادایه‌.. بۆ پاسادانی ئه‌م وته‌یه‌مان: ئه‌وه‌تا خوێندن و بڕوانامه‌و كایه‌ی رۆشنبیری به‌گشتی، هیچ به‌هاونرخێكیان نه‌ماوه‌،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌جێی ریسوایی زۆرینه‌ن، زانكۆ كه‌ پایه‌دارترین مینبه‌ری رۆشنبیری وزانستیه‌،ئه‌مێستاكه‌ شوێنی ده‌رهاویشتنی جه‌هل ونه‌زانی وكاڵفامیه‌،كه‌ ئه‌مه‌ش كاره‌ساته‌ و بێهوده‌یی ستایلی ژیانمان نومایشده‌كات..
هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی توێژو چینه‌كان رووده‌كه‌نه‌ بازاڕو كاسبیكردنی ئازادو بوونه‌ته‌ فرۆشیارو بازرگان،ئه‌مه‌ش رێخۆشكه‌ره‌ بۆ پێگه‌یاندنی تاكێكی غه‌ریزی و ناڕۆشنبیرو بێئامانج و چاوچنۆك كه‌ ته‌نها له‌خشته‌بردنی كڕیارو ڕێزنه‌گرتن له‌ مرۆڤـ پیشه‌یه‌تی..تاكێكه‌ خێڵه‌كی وسوننه‌تی ودواكه‌وتووتره‌، غه‌ریزه‌وئاره‌زووی ئاژه‌ڵیانه‌ وبه‌رژه‌وه‌ندیی ماددی ده‌یبات به‌ڕێوه‌. ئه‌م ره‌وشه‌ بۆ وازهێنان له‌ خوێندنی زۆرینه‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و هیچ لایه‌ن و وه‌زاره‌تێكیش سزاو غه‌رامه‌یان بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ دانه‌ناوه‌..هه‌رچه‌نده‌ بڕوانامه‌ هه‌یبه‌تی خۆی له‌ده‌ستداوه‌،به‌رپرسێك یان خزمێكی ده‌ هێنده‌ی بڕوانامه‌دارێك مووچه‌و ده‌رامه‌تی ده‌ستده‌كه‌وێت(كه‌ داشنامه‌زرێت)..
لایه‌نێكی دیكه‌ی بێهوده‌یی ژیانی زۆربه‌مان بێبه‌رنامه‌ییمانه‌ له‌ زۆربه‌ی جومگه‌كانی ژیاندا، بۆ وێنه‌: پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌شێوه‌یه‌كی عه‌شایری ونه‌ریتییانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ین..په‌له‌ده‌كه‌ین له‌ زه‌واج و له‌ ته‌ڵاقدانیشدا.. سنووردانانێن بۆ منداڵخستنه‌وه‌و له‌ په‌روه‌رده‌كردنیاندا زۆر دواكه‌وتووین.. سه‌عاته‌كانی ئیشكردن وپشوودانمان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵن.. سه‌یران وگه‌شتوگوزارمان مه‌ده‌نییانه‌ نییه‌.. له‌پاكوخاوێنیدا، خۆپه‌رستین و كۆمه‌ڵگاو ژینگه‌مان پیس و بۆگه‌نه‌!
هه‌موو ئاره‌زوویه‌كمان له‌ موڵكدارێتیدا كۆبووه‌ته‌وه‌، وه‌كیتریش رژدو پیسكه‌ین وده‌ستی هاوكاریكردنمان بۆ هه‌ژار كورته‌و به‌و كه‌سه‌ ڕاده‌بوێرین كه‌ دێته‌لامان و داوای یارمه‌تیده‌كات.. له‌ولاشه‌وه‌ خوویه‌كی زۆر ترسناكمان به‌ مه‌یخواردنه‌وه‌و جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌و تریاك كێشانه‌وه‌ گرتووه‌و خه‌ڵكانێكی زۆر ئالووده‌ن به‌ قوماركردنه‌وه‌و ته‌له‌فزێۆنه‌كانیشمان جێی قومارخانه‌یان گرتۆته‌وه‌و تاكه‌كان هانده‌ده‌ن ئالووده‌تربن و زیاتر شه‌یداو كۆیله‌ی پاره‌بن نه‌ك خولیای زانست و مه‌عریفه‌و ئیشكردن و كارامه‌یی بن..
 بێهوده‌یی ژیانمان له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ نێو ئاریشه‌ زۆره‌كاندا دووچاری نه‌خۆشی ده‌روونی بووینه‌ته‌وه‌..ئه‌وه‌تا ئامارێك ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن عێراقی دووچارن به‌م حاڵه‌تانه‌وه‌و له‌وپه‌ڕی نائومێده‌ی و بێهوده‌ییدا ده‌گوزه‌رێن..چونكه‌ ژیانی ئه‌م نیشتمانه‌ هه‌ناسه‌سارده‌ به‌م ده‌موده‌سته‌ خۆشنابێت، ژیان له‌م زێده‌ وێرانه‌دا بۆ نزیكه‌ی هه‌زار كه‌سێك خه‌مڵیوه‌و ملیۆنه‌هاكه‌ی تری دانیشتوان له‌ بێهوده‌یی و نه‌هامه‌تیدا نه‌مری ونه‌ژی ده‌ژین، چونكه‌ ئه‌وه‌ی حوكمی ژیانمان ده‌كات سیستمێكی فه‌راهه‌مكردوه‌ كه‌ تیایدا: یاسا سه‌روه‌ر نییه‌، یه‌كسانی به‌ركه‌ماڵ نییه‌، دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ونه‌ و نایه‌ته‌دی، خزمه‌تگوزاری وه‌كو مه‌كره‌مه‌و خێرپێبه‌خشین به‌ نیوه‌چڵی پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتی پله‌ سفر ده‌كرێت!
به‌نرخترین و به‌ به‌هاترین سامان له‌سه‌ر رووی زه‌ویدا مرۆڤه‌..چ جای ژیانه‌كه‌ی!!
  وه‌لی له‌م وڵاته‌داو به‌ درێژایی مێژوو: به‌رپرس و چه‌كه‌كه‌ی له‌سه‌رووی یاساو ده‌وڵه‌ت و ته‌وقه‌سه‌ری مرۆڤه‌وه‌ بوون.. مرۆڤو خه‌ون و ژیانی له‌ژێر پێی به‌رپه‌سی حیزبیه‌وه‌ بوون.. نیشتمانی وه‌ها نه‌گریس و به‌دبه‌خت،  نه‌ ژیان و نه‌ ئومێدو نه‌ خۆشی تیا نه‌بووه‌ بۆ مرۆڤه‌ دڵ مردووه‌كه‌ی خۆی،  كه‌چی ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتی سه‌ر گۆی زه‌ویه‌و دیاره‌ هه‌رئه‌وه‌ش هۆكاری بێبه‌ختی مرۆڤه‌كه‌یه‌تی!

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.