Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئایا دەكرێت ئەمریكا بە دەوڵەتێكى مەسیحى سەیربكرێت؟

ئایا دەكرێت ئەمریكا بە دەوڵەتێكى مەسیحى سەیربكرێت؟

Closed
by March 14, 2008 گشتی

ن/سامان عزیز…..

 یەكێك لەو پرسیارانەى كەلە كۆمەڵگاى ئەمریكیدا هەمیشە نۆێ دە بێتەوە و جومگەیەكى گرنگى باس وخواسى سیاسى و كۆمەڵایەتى ویلایەتە یەكگرتووەكانە مەفهومى ئاینە لە دەستورى ووڵات و یاسادا، نەریتى كۆمەڵایەتى و سیاسى و سیماى دەوڵەت .هەمیشە ئەم باسە شۆینى گفتو گۆو بیرو راى جیاوازبووە .هەرچەندە دەستورى ووڵات بە رەسمى وبە دەق رەنگە باسى لە ئاین وەك بەرنامەیەكى جێبەجێكارى نەكردبێت بەڵكو تا ئێستا ئاینى فەرمى ووڵات لە دەستوردا دیارینەكراوەو وەك چۆن بەهەمان شێوە زمان لە ئەمریكا بەفەرمى نەناسێنراوە كە زمانى ئینگلیزى یان فەرەنسى یان ئیسپانیە.سەرەراى ئەوەى كە هەموو ئەمریكیەك زمانى ئینگلیزى دەزانێت .
  ئاین بەشێكى هەرە گرنگى كەلتورە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا وە ئەمریكا خۆى یەكێكە لەو وڵاتە پێشكەوتوانەى كە تارادەیەكى زۆر بە كۆمەڵگایەكى ئاینى دەژمیردریت (نەك لە ئاستى دەستورو حكومەتدا). بە پىَ ى ئامارێكى ساڵى (2002) كەلەلایەن (pew global attitudes project ) ئەنجامدراوە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا تەنها ووڵاتێكى پێشكەوتووە كە ئاین لە ناو زۆرینەى هاووڵاتیانیدا كاریگەریەكى سەرەكى هەیە لەژیانى رۆژانەیاندا ،لەناو (8) ووڵاتى پێشكەوتوودا كەلەئامارەكەدا هاتووە (59%) ى هاووڵاتیانى ئەمریكا ئاین بە بەزۆرگرنگ دادەنێن لەژیانیاندا ،لە كاتێكدا گرنگى ئاین لە ژیانى رۆژانەى هەریەكە لەم وڵاتانە بەشێوەى جیاوازە وەك،لاى بریتانیەكان (33%) ەولاى كەنەدیەكان(30%) ەو لاى ئیتالیەكان (27%) ەو لاى هاووڵاتیانى كۆریاى باشور(25%) ەولاى ئەڵمانیەكان (21%) لاى یابانیەكان (12%) لاى فەرەنسیەكان(11%) بۆ ژیانى رۆژانەى هەریەكە لەم ووڵاتانە جگە لەوەى كەلە ئامارەكەدا ناوى چەندین وڵاتى پێشكەوتوى تر نەهاتووە بەڵام دەوڵەتى ئیسرائیل تیادایە كە ژمارەى دانیشتوانەكەى زیاد لە (7) ملێۆن كەسەو یەكێكە لە ووڵاتە پێشكەوتوانەى كە(96%) ى هاووڵاتیانى ئیسرئیل ئینتیمایان بۆ ئاینەكەیان هەیە ، بەپىَ ى ئامارێكى ترى (American Religious Identification survey) لە ساڵى 2001 دا ،(80%) ى ئەمریكیەكان بەمەسیحى دادەنرێن و(12%) ئینتیمایان بۆ ئاینەكانى تر هەیەو ئەوى تر ئینتیماى بۆ هیچ ئاینێك نیە،وە پرۆتستانتەكان زۆرترین گروپى ناو ئاینى مەسیحى پێكدێنن دواى ئەمان (رۆمانە كاسۆلیكەكان دێت)، لە یەكەم هەموار كردنى دەستورى ئەمریكیدا مافى ئازادى ئاین ( Freedom of religion) زامن كراوە ،وەحكومەت بۆى نیە كە لەبەرژوەندى ئاینى یان لە دژى بەرژەوەندى ئاین هیچ یاسایەك دەربكات  ،بەڵام لەئاستى سیاسى و دەوڵەتدا روخسارێكى تر هەیەو ئەو بیرورائاینیەى لە عەقڵى زۆرینەى هاووڵاتیانى ئەمریكیدا هەیە لە كەمترین بابەتى فەرمى دەوڵەتیدا رەنگناداتەوە  و نا پەیوەنددارە لە بەڕێوەبردن و چۆنیەتى سیاسەتكردن لەم ووڵاتەدا.
 بۆ ئەوەى قوڵتر زانیاریمان هەبێت  لە سەر ئەوەى كە (ئایا ئەمریكا دەوڵەتێكى مەسیحیە) دەبێت لە چەند رەهەندێكەوە زانیاریمان هەبێت وەك:-
 -عیلمانیەتى دەوڵەت لە دەستورى ئەمریكیدا:-
 بە گۆێرەى خۆیندنەوەى زۆر بیرمەند دەستورى ویلایەتە یەكگرتووەكان بە بەڵگەنامەیەكى عیلمانى دادەنرێت بۆ نمونە لەدەستورەكەدا بە دەستەواژەى (ئێمە میللەتى ) دەست پێدەكات كە هیچ ئاماژەیەكى بۆ ناو هێنانى خوداو ئاین تێدا نیە.لەكاتێكدا وشەى ئاین لەدەستوردا بەشێوەیەكى پێچەوانە بەكارهاتووە  بۆ ئەوەى هیچ جیاوازیەك لە سەر بنچینەى بیرو راى ئاینى ئەنجام نەدرێت ،وە بڕگەى (6) لەدەستورى ئەمریكى جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە نابێت هەڵسەنگاندنى ئاینى بۆ هیچ كەسێك بكرێت كە ئارەزوو مەند بێت كاربكات وەك كارمەندێكى حكومى ..هەروەها یەكەم هەمواركردن كەلەناو دەستوردا كرا ئەوە بوو كەنابێت كۆنگرێس بە هیچ شێوەیەك یاسا دەربكات كە بوەستێت یان پشت ببەستێتە سەر بنچینەیەكى دینى.
 (تۆماس جیفرسۆن)یەكەم كەس بوو كەداواى هەمواركردنى دەستورى لێكراوە  لە ساڵ(1802) وەهەر لەو سەردەمەوە دەستەواژەى جیاكردنەوەى (دین لە دەوڵەت) باسیلێكراوە و دوا بەدواى ئەمەش دادگاى باڵاى ووڵات توانیویەتى بڕیارى زۆر گرنگ بدات لە مێژووى ئەم ووڵاتەدا.
 
  عەلمانیەكانى ئەمریكیاپێیانوایە ئەو دروشمە ئاینیانەى كە بەكاردەهێنرێن  وەك (یەك گەل و لە ژێر چاودێرى خودادا) لە فەرهەنگى سیاسى ووڵاتدا بە هیچ جۆرێك بونى نیە،وە ئەو دروشمانەى كەلەسەر دراوى كاغەزى وڵاتدا هەیە و نوسراوە (ئێمە بڕوامان بە خودا هەیە-In god we trust)
 یان (ئێمە لە ئەمانى خوداداین) لە راستیدا لە پێش ساڵانى 1954 هەبووە و وەبونى ئەم دروشمانە زۆرتر دروشمى رۆشنبیرین وكەمتر بەدروشمى ئاینى دادەنرێن.
 لەگەڵ ئەمانەشدا لەناو هاووڵاتیانى ئەمریكا دا چەندین دیاردەو  نەریت و رۆشنبیرى موحافیزكارانە وجودى هەیە كە كاردانەوى ئاینن لەو وڵاتە كە ئەمانەش بەئاشكرا لە نەریتى رۆژانەو یادە رەسمیەكان و گفتوگۆ جدیەئەخلاقیەكان و تەنانەت لەدەنگدانى كۆنگرێس و سەرۆكایەتیدا بەروونى دەبینرێت.
 بۆ هەر ئاستێكى سیاسى و كۆمەڵایەتى بگەڕێین لە ئەمریكا هەرگیز رۆشنبیریەكى یەك رەهەندو چونیەك نابینین بە پێچەوانەوە ئەمریكا ووڵاتى فرە رۆشنبیرى و ئایدیا جیاوازەكانە ،كە بەدڵنیایەوە ئەمەش لە مەسەلەى ئایندا رەنگى داوەتەوە كە ئاستێكى رەسمیەو دەستور بە فەرمى بریارى عیلمانى یاساى بونى داوە ،دیوى دووەمیش بەشێكى زۆرى هاووڵاتیە ئەمریكیەكانە كە موحافیزكارو نەگۆرن بەرامبەر رەمزو نەریتە ئاینیەكانى خۆیان ، وەململانێ و دایالۆگى ئاینى لە هەفتاكانى سەدەى رابردووەو لە زیاد بوندایەو دەورى دین لە فراوانبوندایە لەكۆمەڵگا دا.لەم چەند نمونەى كە دادێن باس وخواسى ئاینى و عیلمانى بە زۆرى دەبینرێن  ،وەك بەكارهێنانى هێما ئاینیەكان لە ئاهەنگى كریسماس ،لەباربردنى بێچو ى سكى دایك ، زەواجى هەمان رەگەز هەروەها ململانێى نێوان ئاین تێۆرى گەشەسەندنى داروین واتە (هەڵبژاردنى سروشتى) .
 *سىَ دیمەنى هەنوكەیى لە ململانىَ ى ئاین و عیلمانیەكاندا:-
 بەكارهێنانى هەردوو(گوزارشتى مێرى كریسماس یان هەپى هۆڵى دەیز):لەهەر یادێكداو لە كاتى هەر پیرۆزبایى كردنێكدا مەفهومى (میرى كریسماس ) و(هەبى هۆڵیدایز) بەكاردەهێنرێن كە هەریەكەیان مەدلولێكى ئاینى یان عیلمانى لە پشتە ،بۆ نمونە میرى كریسماس كە زیاد لە 80% ى ئەمریكیەكان بەكارى دەهێنن ئاماژەیەكى دینیەو دیندارە موحافیزكارەكان بەكارى دەهێنن كەلەبەرامبەردا ئەوانەى بیروراى عەلمانیان هەیە ئاماژەى (هەبى هۆلى دایز ) بەكاردەهێنن .لەكاتێكدا سەرەڕاى ئەم دابەشبونە زۆربەى مەسیحیە لیبراڵەكان جەخت لەسەر بەكارهێنانى (هەبى هۆلى دایز )ى عەلمانیەكان دەكەنەوە چونكە میرى كریسماس دەبێتە هۆى برینداركردنى ئەوانەى كە وەك ئاین مەسیحى نین و جەژنى تایبەتى خۆیان هەیە وەك جەژنى (هانكە)ى جولەكەو (كوانزا)ى هەندىَ لە ئەمریكیە بە رەسەن ئەفریقیەكان .
 – مافى ژیان یان لەباربردنى بێچوى سكى دایك:
 مافى لەباربردنى بێچوى سكى دایك تەوەرەیەكى زیندوى ئەم ململانێیەى ئاینە كە شۆێنى گفتو گۆیەو چەندین جار خۆپیشاندانى پشتگیرى و دژایەتى لەسەر كراوە ،بەوەى كە دایك مافى لەباربردنى بێچوى سكى هەیە یان نا ،كە ئەم بابەتە تائێستا چەندین جار بووە بەشۆێنى گفتوگۆى  چڕ لە بەرزترین ئاستى دەوڵەتیدا،تەنانەت یەكێك بووە لە باسە گەرمەكانى نێوان هەردوو كاندیدى كۆمارى و دیموكراتى لە دواترین هەڵبژاردەكانى ئەمریكادا كە هەریەكەیان بیرو راى جیاوازى لەم بارەیەوە هەبووە.
 لەهەندىَ حاڵەتى زۆر هەستیاردا رەخنەى ئێجگار توند ئاراستەى جۆرج بوش كرایەوە كە رازینەبووە بە دەركردنى یاسایەكى تایبەت كە ڕێگا بەئەنجامدانى دەیان تۆێژینەوەى زانستى بدات كە لە قۆناغێكى گەشەى زووى مرۆڤدا چارەسەرى دەیان نەخۆشى مروڤ دەكات بەڵام لەبەر ئەوەى بوش وا دەناسرێتەوە كە كەسێكى ئاینى موحافیزكارەو رێگر بووە لە بەئەنجامدانى ئەم كارەدا .
 تێۆرى داروین:
 عیلمانیەتى سیستەمى فێربوون لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا تەبەناى خۆیندن و فێربونى تێۆرى گەشەسەند ن و هەڵبژاردنى سروشتى دەكات كەلەساڵى 1859 داروین دایناوە،بیردۆزەكە دەڵێت(هەڵبژاردنى سروشتى هۆ كارى بون و مانەوەى ژیان و گیانلەبەرانە) ئەمە بەنیسبەت بیرى عیلمانى و سیستەمى فێربونەوە ،لەكاتێكدا دیندارە موحافیزكارەكان تەبەناى ئەو بیردۆزە دەكەن كە دەوەستێتە سەر گێڕانەوەیەكى تەورات لەسەردروست بونى دنیاو مرۆڤ كەناوى دارشتن یان ( دروست بونى زیرەكانە) یە كەئەمەش دژە لەگەڵ بیردۆزى داروین كە تیایدا جەخت لەسەر دروستكەرێكى دانا دەكات كەلەپشتى دروست كردنى دنیا دایە وەلەمەشدا سەرۆك بوش داواى كرد وەك پێشنیارێك كە ئەم بیرۆكەیەش بەتەنیشت بیردۆزى داروینەوە بخۆینرێت وەك روئیایەكى تر بۆ فێربون لە قوتابخانەكاندا بەڵام دادوەرێكى فیدراڵى لەویلایەتى پەنسلڤانیا ئەم داوایەى سەرۆك بوشى رەتكردەوە چونكە وتى (بیرۆكەى )واتە (وتەكەى ناو تەورات/دەربارەى دروست بون) تێۆرەیەكى نازانستیەو دەبێت نەخۆێندرێت.
 وەبڕیارەكەى دادگا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە كە پێشنیارەكەى سەرۆك پێچەوانەى كاركردنى دەستورى ووڵاتە.چونكە دەستور ئاینى جیا كردۆتەوە لە دەزگا فێركاریەكان لە ئەمریكا.
 بەمانەش دابەش بونێكى ئاشكرا لە ئاستى كۆمەڵایەتى سیاسى رۆشنبیرى كۆمەڵگاى ئەمریكیدا دەبینرێت لەمەڕ ئاین ، كە سەرەراى ئەو هەموو جیاوازى و ململانیانە هیًشتا پانتایەكى فراوانى ئازادى هەیە كە لەجوگرافیایەكى گەورەدا هەموو جیاوازیەكان كۆدەكاتەوە ئەیش ویلایەتە یكگرتووەكانى ئەمریكایە.
 
 
 
Samansl2001@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.