ئایه گۆڕانی ده‌م و چاوه‌کان ئه‌م قه‌یرانه ئابوریه‌ی که ئه‌وروپا تێی که‌وتوه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه؟!!
ڕه‌نگه ئه‌سته‌م بێت گه‌ر پێشبینی ئه‌وه بکه‌ین که ئه‌م قه‌یرانه ئابووریه‌ی که ئه‌مڕۆ جیهان به گشتی و ئه‌وروپا و ئه‌مریکا به تایبه‌تی پیاتێده‌په‌ڕن ببێته هۆی هه‌ره‌س هێنانی سیستمی ئابووری و سیاسه‌تی سه‌رده‌م . به‌ڵام گومانی تێدا نیه که ڕاچڵه‌کینێکی گه‌لێک گه‌وره‌یه بۆ له‌خه‌و هه‌ڵسانی ئابووریناسانی لیبراڵ و سه‌رجه‌می ده‌زگا دراویه‌کان و ئابووریه‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌کانیاندا ، که ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهانه به هه‌موو چه‌شنه‌کانیانه‌وه ، ئه‌مه له لایه‌ک ، له لایه‌کی تریشه‌وه بیرکردنه‌وه له تێگه‌یشتنی ئه‌و ڕاستیه که سیستمی کاری کرێگرته، سیستمی سه‌رمایه‌داری ، ناتوانێت هه‌تا سه‌ر وه‌کو راستییه‌کی مێژوویی بمێنێته‌وه، بۆیه ڕۆژێک دێت بیر‌و بۆچون و تێوری هه‌زاران نووسه‌رو ئابوو‌ریناس و کۆمه‌ڵناسی لیبراڵ به کۆن و نوێیانه‌وه تێده‌شکێت ، ئیدی وته‌که‌ی فۆکۆیامه ( Francis Fukuyama ) ” سه‌رمایه‌داری کۆتایی مێژوه” بڕوانه کتێبی ( The end of history and the last man ) ڕاست نابێت و ، له‌سه‌ر که‌لاکی کۆتایی ئه‌م مێژووه‌ی فۆکایه‌مه‌و هاوه‌ڵه‌کانی ، سه‌ره‌تای مێژووی سوشیالیزم وه ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌مه راستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره ، ته‌نها کێشه‌ی کاته‌و هه‌روه‌ها کێشه‌ی سۆشیالیزم ده‌بێته پێویستی ژیانی خه‌ڵکی .
ده‌توانین داوای به‌ڵگه بکه‌ین تاکو ئه‌م لیبراڵانه له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا پێمان بسه‌لمێنن که ئه‌م سیستمه له شوێنێکدا ، له سه‌رده‌مێکدا بێ خوڵقاندنی له‌شکرێکی گه‌وره له به‌تاڵه، بێ له‌هه‌ژارخستنی به‌شی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگه ، بێ له دروستکردنی دووجه‌نگی گه‌وره‌ی جیهانی و هه‌ڵگیرسانی ده‌یه‌ها شه‌ڕی گه‌وره‌تر له گه‌لێک شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا که به ملێونه‌ها خه‌ڵکی کردۆته قوربانی و دیسانه‌وه به‌قڕدانی ملێونه‌های تر له خه‌ڵکی ، له‌پاڵ ڕاونان و هه‌ڵکه‌ندنی سه‌ده‌ها هه‌زاری تر له خه‌ڵک ، بێ له‌که‌م ئه‌ندامکردن و نامۆ خستنی ده‌یه‌ها ملێون خه‌ڵکی تر ، به‌ده‌ر له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌و زۆری تریش، با ئه‌و زاتانه پێمان بڵێن، که ئه‌م سیستمه سه‌رکه‌وتوو بووه‌و به‌دوور له گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێگایه‌نه‌ش ده‌مێنێته‌وه؟ . له هه‌مان کاتیش‌دا لایه‌نگران و بڕیارده‌ران له‌ناو ئه‌م سیستمه‌دا ناتوانن دڵنیایی ئه‌وه‌شمـان بده‌نێ که گۆڕانی ده‌م و چاوه‌کان و کردنی پینه‌و په‌ڕۆکان، خۆیان وته‌نی ڕیفۆرم و مۆدیره‌نایزکردن، ده‌سته‌به‌ری مانه‌وه‌ی سیستمه‌که‌یان ده‌کات.
با هه‌ر چاوێک به مێژووی کردار‌و ڕه‌فتار، یا چاره‌سه‌ره‌کانی بزنسمان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و نوێنه‌ره‌کانیان له ده‌وڵه‌تدا، بگێڕین ، تاکو ببینین له‌م دوو ، سێ ، ساڵه‌ی که ئه‌م قه‌یرانه ئابووریانه دروست بوون ، توانراوه چ چاکسازیه‌ک بکرێت ؟ چ هیوایه‌کیان به خۆشیان و به ئێمه‌ش داوه بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌که ؟ هه‌ژده مانگه له یۆنان‌دا چاره‌سه‌ره یه‌ک به‌دوا یه‌که‌کان، له: ده‌سته‌سڕ داخستن و ده‌ستگیرۆیی کردنه‌وه، تا سه‌ردانی ئه‌م سه‌رۆک و ئه‌م ئابوو‌ریناس له‌پاڵ نوێنه‌ری ده‌زگا دراویه‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان، ئایا ێونانی به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی باشتر بردوه یا خراپتر؟
ئه‌م په‌تایه نه‌ك هه‌ر له‌وێ چاره‌سه‌ری نه‌کرا به‌ڵکو خۆی بۆ جه‌رگه‌ی ئه‌وروپاش کووتاوه، وه‌کو ئیرله‌نده‌و پورتوغال ، ئیسپانیا ، ئیتالیا ، به‌ریتانیاو هه‌روه‌ها تا ڕا‌ده‌یه‌کیش فه‌ره‌نساش . له راستیدا ته‌نها ووڵاتێك له ئه‌وروپادا که تا ئێستا تووشی تالوکه نه‌بووبێت ته‌نها ئه‌ڵمانیایه.
شایانی باسه گه‌ر ئه‌وه‌ش بڵێین به‌پێی ده‌یتایه‌کی یه‌کێتی ئه‌وروپی له نێوانی مانگی ئازاری ئه‌مساڵ و مانگی سێپته‌مبه‌ردا تێکڕای گه‌شه کردنی ئابوری هه‌ر 17 وڵاته‌که‌ی که به یورۆ مامه‌ڵه ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌شی که له‌ده‌ره‌وه‌ی دراوی یورۆ ن، ته‌نها له سه‌دا 0.2 بووه، که‌واته کێشه‌که له‌وه‌دا نه‌ماوه که کار له‌سه‌ر ڕاگرتنی یۆنان له چوارچێوه‌ی ووڵاتانی به‌کارهێنه‌ری دراوی یورۆدا ، بکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت له ئێستادا به‌هانای هه‌موو ئه‌وروپاو ئابوریه‌که‌ی ، نه‌ک به‌ته‌نها یورۆ، بدرێت .ا
چاره‌سه‌ری ده‌زگا دراویه‌کانی جیهان و ئابووریناسه‌کان وڕامیاریناسانی هه‌موو لایه‌ک بۆ ئه‌م کێشه‌یه چییه؟
له‌ڕاستیدا هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ی لای سه‌ره‌وه ده‌سته‌وه‌سانن له به‌ر‌ده‌م چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌دا ، چاره لای ئه‌مان هه‌ر هه‌مان ده‌رمانه ، ئه‌و ده‌رمانه‌ی که ساڵه‌هایه‌کی دوور‌و درێژه له زۆربه‌ی شوێنه‌کان و له سه‌رده‌می جیا جیادا ، که ده‌رمانی چاره‌سه‌ر نه‌بووه، به‌کاریان هێناوه‌و به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌وان له‌لایان مه‌به‌ست نیه که ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن چاره‌سه‌سه‌رێک بێت یا نا ، به‌ڵام ئه‌وان ده‌زانن ئه‌وه تاکه ڕێگایه‌که بۆ که‌ڵه‌که‌کردنی قازانج و سه‌رمایه‌ی زیاتر.
هه‌روه‌ها بانکه‌کان و هه‌موو لیبراڵه‌کان و ڕاست و چه‌پ و حکومه‌ته سۆشیالیسته‌کانیش ، هه‌ر هه‌مویان یه‌کده‌گرن بۆ “لابه‌لا کردنه‌وه‌ی” ئه‌و کێشه‌یه، به واتایه‌کی تر هه‌ر هه‌مویان له سه‌نگه‌ری پیلان گێڕیدا دژی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکه‌که‌یان یه‌ك ده‌نگ ده‌بن.
چاره‌سه‌ره‌کانیشیان یا یه‌کێکه له‌مانه‌ی خواره‌وه یا به‌کار هێنانی چه‌ند دانه‌یه‌کیانه یا هه‌ر هه‌موویان. له‌وانه گه‌مه‌ی به‌رز کردنه‌وه‌و نزم کردنه‌وه‌ی به‌های سووه ، که به‌هه‌ر بارێک‌دا هه‌ڵیسوڕێنن دادی کێشه‌که نادات ، چونکه بازاڕ، ماركێت، ڕاوه‌ستاو‌و سه‌قامگیر نابێت. به‌به‌رز کردنه‌وه‌ی به‌های سو‌و مانای به‌هێز کردنی دراو‌و هێنانه خواره‌وی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی بڕی کاڵای ووڵات، که‌مبوونه‌وه‌ی قه‌رز کردن بۆ کردنی یا كڕینی خانوو زه‌وی ، ئه‌مه‌ش سست کردنی بازاڕی خانوو به‌ره و هه‌روه‌ها هێواش بوونه‌وه‌ی قه‌رزکردنی پاره له بانقه‌کان بۆ به‌گه‌ڕخستنی .
داشکانی بڕی سووش، تا ڕاده‌یه‌ک یانی هێنانه خواره‌وی به‌های دراوی ووڵاته‌که ، که ئه‌مه‌ش خۆی به‌پێی ڕای ئابووریه لیبراڵه‌کان ده‌بێته هۆی هه‌ڵئاوسانی پاره‌و که‌مکردنه‌وه‌ی هێزی کڕینی شتومه‌ك و هه‌ره‌ها کارایی خۆشی له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی هێنانی یا هاورده‌ی کاڵای ده‌ره‌وه داده‌نێت. هه‌ر گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێگایه لای سه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م سیستمه‌و ه ، بۆ مامه‌ڵه کردنی هه‌ڵئاوسانی پاره‌ش به‌کار ده‌هێنرێت . د‌رك کردنیش به‌وه‌ی که ئه‌مه چاره‌سه‌ر نییه ، یا کار ناکات ، پێویستی به پسپۆڕی نییه له ئابووری ناسیدا، چونکه هه‌ڵ‌هێنانی ئه‌م مه‌ته‌ڵه زۆر ئاسانه. گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێگایه‌ش و ئه‌وانی تریش یانی خوڵقاندنی زیاتری له‌شکری به‌تاڵه، واتا ئه‌مانه‌ی که تا ئێستا خۆیان باجیان ده‌داو بوجه‌ی ده‌وڵه‌تیان ده‌وڵه‌مه‌ند تر ده‌کرد ، ئێستا خۆشیان ده‌بنه سه‌ربار به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌وه‌و ده‌بێت له‌سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی که ماونه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر کار‌و باج ده‌ده‌ن، بژین. ئه‌مه‌ش یانی که‌مبونه‌وه‌ی زیاتری بوجه‌ی ده‌وڵه‌ت ، که‌مکردنه‌وه‌ی توانای کڕینی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه ، یانی ڕاکێشانی به‌تا‌ڵه‌ی تر به‌دووی خۆیدا.
جاری واش هه‌یه ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه ئابووریه‌که‌ی به‌ناچاری نرخ و به‌های دراوه‌که‌ی ده‌شکێنێت ، که ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی گران دروست ده‌کات له‌سه‌ر هاورده‌ی کاڵای ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی ووڵات، ئه‌میش له خۆیدا ده‌بێته هۆی هه‌ڵئاوسانی پاره ، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به ئینگلیزی پێیده‌ڵێن ( Devaluation ) واته داگرتنی نرخ و به‌های دراوی وڵاته‌که له به‌رامبه‌ر دراوی وڵاته‌کانی تردا و له به‌رامبه‌ر ئاڵتونیشدا. خاڵی پۆزه‌تیڤی ئه‌مه‌ش بوژاندنه‌وه‌ی جموجوڵی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی کاڵای وڵاته‌که‌یه ، ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی کرێکاری زیاتر له وڵات‌دا ده‌خاته کاره‌وه‌و کاڵای زیاتر ده‌هێنرێته بازاڕه‌وه، به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌م سیاسه‌ته ئابوریه ئه‌وه‌یه ، یه‌که‌م : سڵکردنه‌وه‌ی یا وه‌ستانی پاره‌داری بێگانه‌یه له به‌گه‌ڕخستنی پاره‌کانیان له‌م وڵاته‌دا. دووهه‌م: مه‌ترسی کڕینی پاره‌ی وڵات له لایه‌ن خه‌ڵکانی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه، هه‌روه‌کو چۆن جۆرج سۆرۆ له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا کردی به‌رامبه‌ر دراوی بریتانی به‌کڕینی پاوه‌ندێکی زۆر له بازاڕدا، به‌مه‌ی که کردی خه‌ریک بوو ببێته هۆی هه‌ره‌سی ته‌واوی پاوه‌ند، ئه‌و ڕۆژو مانگه‌ی که ئه‌مه‌ی تیادا ڕودا له‌لای پیاوانی ده‌وڵه‌ت و ئابوریناسه‌کان به سێبته‌مبه‌ری ڕه‌ش ناسراوه، (Black September )
دووهه‌م: زیادکردنی باج له‌سه‌ر موچه‌و داهات و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر خواردن و خواردنه‌وه و پێداویستیه‌کانی تری ژیان . ئه‌مه‌ش کێشه‌ی ئابووری زیاتر خه‌ست ده‌کاته‌وه ، چونکه زیادکردنی باج له هه‌ر بوارێك ، ڕه‌نگه کۆمه‌کێک بکات به بودجه‌ی ووڵات و شتێك زیاده‌ی بخاته سه‌ر ، به‌ڵام توانای کڕینی خه‌ڵکی بۆ کاڵاو پێداویستیه‌کانی تر که‌مده‌کاته‌وه ، ئه‌مه‌ش ڕۆڵێکی گه‌وره ده‌بینێت هه‌م له سه‌ر کاڵای هاورده و هه‌م سه‌رف بوونی ئه‌و کاڵایانه‌شی که له ناو خودی ووڵاتدا دروست ده‌کرێت و هه‌نووکه له بازاڕدان . به‌ڕوودانی ئه‌مه یانی که‌ڵه‌که بوونی کاڵا له بازاڕدا ، که ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی داخستنی زیاتری کارگه‌و کارخانه‌و داخستنی دووکان و کۆگاو چێشتخانه‌و به‌شه‌کانی تری خزمه‌تگوزاری و ده‌رکردنی کرێکاران و کارمه‌نده‌کانیان . واته له بری چاره‌سه‌ر کردنی قه‌یرانه‌که ، خراپتر کردنێتی . ئه‌م سیستمه‌ش چاره‌سه‌ری ئه‌مه به دروستکردنی جه‌نگی گه‌وره‌و هه‌وڵدانی گواستنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌که‌یه له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر له‌گه‌ڵ کردنی چه‌ند سوکه ڕیفۆرمێکدا، ده‌کات .
سێهه‌میان: به‌کار هێنانی سیاسه‌تی ده‌ست گرتنه‌وه( ته‌قه‌شوف) ، ئه‌میش به ده‌ست گرتنه‌وه و که‌مکردنه‌وه‌ی بیمه‌کان، که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجیه گشتیه‌کان، ده‌رکردنی خه‌ڵک له‌سه‌ر کار، داخستن یا که‌مکردنه‌وه‌ی مه‌ودای خزمه‌تگوزاریه‌کان، لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی که خه‌ڵك له ڕابووردودا به‌خوێن به‌ده‌ستیان هێناون که له ئێستادا به خۆڕاییه، به‌ڵام دواتر له قۆناغی ده‌ست گرتنه‌وه‌که‌دا هه‌موی ده‌بێته پاره ، هه‌ڵکشانی یا بردنه سه‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشین کردن له‌گه‌ڵ دانان و به یاسایی کردنی چه‌ند جۆرێك له باجی ناڕاسته‌و خۆ. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا هێڕش کردنه سه‌ر نقابه ( سه‌ندیکاکان) به‌دانانی یاسای نوێ وسنوردارکردنی وکه‌م کردنه‌وه‌ی چالاکیه‌کانی .
هه‌مووشمان ده‌زانین هه‌موو ئه‌مانه یارمه‌تی سوك کردنی قه‌یرانه‌که نادات به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌ی تر خه‌ستی ده‌کاته‌وه. دیسانه‌وه ده‌مانخاته‌وه ناو بازنه‌یه‌کی داخراوه‌وه .
دواچاره‌سه‌ر: گه‌ر ئه‌مانه‌ش هیچیان کاری نه‌کرد ، که کار ناکات، ده‌بێت بیر له‌وه بکرێته‌وه که سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت، شالیاری دارایی ، یا سه‌رۆکی بانکه‌کان بکرێنه قوربانی ، واته ده‌بێت ده‌ست له کار بکێشنه‌وه و ده‌موچاوی تر بێته پێشه‌وه ، تاکو گه‌مه‌که لێره‌دا ته‌واو نه‌بێت و خه‌ڵکی زیاتر لێیان ڕاست نه‌بێته‌وه. گۆڕینی سه‌رۆکی حکومه‌تیش له حاڵه‌تی ئاوادا جار هه‌یه به‌زۆر فه‌رز ده‌کرێت، که‌واته لێردا ته‌نانه‌ت ئه‌و دیمۆکراتیه‌ی که سه‌ری زمان و بنی زمانیانه، چه‌نده‌ها ڕژێمیان بۆ گۆڕیوه تاکو دروستی بکه‌ن، ئا له‌م حاڵه‌تانه‌دا ، ئه‌وه‌ش به‌خه‌ڵکی ڕه‌وا نابینن.
له خواره‌وه ڕۆشنایی زیاتر ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌وانه‌ی که له سه‌ره‌وه باسم لێوه کردن.
با ئێستاش ته‌ماشای هه‌ندێک نمونه‌ی زیندوو بکه‌ین که ڕۆژانه له ئارادایه.
یۆنان: وه‌کو پێشترباسم کرد 18 مانگ له‌مه‌وپێش یۆنان که‌وته حاڵه‌تێکی واوه که له مانگی ئایاری ساڵی 2010 دا ناچار بوو که 110 ملیار یورۆ به قه‌رز وه‌رگرێت وه‌کو هه‌لێك که بقۆزرێته‌وه بۆ ڕزگار بوونی له‌و قه‌یرانه ی که به بڕی 360 ملیار یۆرۆ له ژێره‌وه بوو. بێگومان ئه‌م قه‌رزه‌ی به هه‌لو مه‌رجێکی گه‌لێک سه‌خت درایه ، وه‌کو : سه‌رخستنی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی، به‌تایبه‌تی کردنی که‌رته گشتییه‌کان و فرۆشتنیان به بڕی 50 ملیار یورۆ ، که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌ی خه‌ڵکی به ڕێژه‌ی له سه‌دا 20، به‌رزکردنه‌وه‌ی باج و زیادکردنی نرخی پێداویستیه‌کانی ژیان و گه‌لێک شتی تریش.
خه‌ڵکانی خۆڕاگری ئه‌وێ به هه‌مو توێژاله‌کانیه‌وه به‌رگرییه‌کی پاڵه‌وانانه‌یان کرد‌و به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان بوون بۆ به‌رگری له ژیانیان ، بۆیه حکومه‌تی پارتی سوشیالیست ( پاسۆک) که پاپه‌ئه‌ندرو سه‌ره‌ک شالیار بوو، نه‌یتوانی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه به‌ته‌واوی بکات. دواتر به‌ناچاری له ژێر فشاری سندوقی دراوی جیهانی ، بانکی ناوه‌ندی ئه‌وروپا و ئۆباما و ئه‌مه‌ریکادا، پاپه ئه‌ندرو زۆربار کرا که نه‌یاره سه‌ره‌کیه‌که‌ی که له پارتی نه‌یاردا بوو، ڤێنیزلۆس ، ( Evangelos Venizelos) بکاته شالیاری دارایی، واته ئیتر بڕیاره‌کان له لایه‌ن هه‌ردوو حیزبه‌که‌وه ده‌رده‌چێت و به هه‌ردوکیانیش ده‌یسه‌پێنن. به‌ڵام ئه‌م پینه‌و په‌ڕۆیه‌ش هه‌ر سه‌ری نه‌گرت نه‌یانتوانی به‌رنامه‌ی شوومی ده‌زگا دراویه‌کان و یه‌کێتی ئه‌وروپی بچه‌سپێنن ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سندوقی دراوی جیهانی به بڕی 8 ملیار یورۆی له قه‌رزه‌که ڕاگرت و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت که ده‌بێت ڕیفۆرمه‌کان له یۆنان‌دا به‌ته‌واوی جێبه‌جێ بکرێت، له‌م لاشه‌وه ده‌وڵه‌تی یۆنان هاواری ئه‌وه‌ی لێ به‌رز بووه‌وه که ئیتر ناتوانێت موچه‌ی کارمه‌ندانی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت بدات ، گه‌ر هه‌تا 16 -12 -2011 ئه‌م یارمه‌تیه‌یان پێنه‌گات، ئیدی هیچ چارێکیان نامێنێت و بارودۆخه‌که بێ چاره‌سه‌ر ده‌مێنێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی که سندوقی دراوی جیهانی ملی بۆ داخوازیه‌که‌ی پاپه‌ئه‌ندروی سه‌ره‌ك شالیاران نه‌دا، ئه‌میش دوا کارتی یاریه‌که‌ی به‌کارهێنا، به بانگه‌وازکردنی ڕاپرسی گه‌ل( ڕیفرانده‌م) به‌ناوی فرۆشتنی ووشه‌ی دیمۆکراتیه‌ت و حکوومه‌تی دیمۆکراتیه‌وه بۆ جێبه‌جێ کردنی داخوازیه‌کانی بانکی ناوه‌ندی ئه‌وروپاو سندوقی دراوی جیهانی، ئه‌ویش ئه‌و ڕیفۆرمانه بوون که له‌سه‌ره‌وه ناوم هێنان. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی که پاپه‌ئه‌ندرو نواندی هه‌موو سه‌رانی سیاسی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و سه‌رجه‌می ده‌زگا دراویه‌کانی توڕه و سڕ‌و به‌نج کرد، چونکه هه‌موی هه‌فته‌یه‌ک پێشتر بوو که حکومه‌ته‌که‌ی پاپه‌ئه‌ندرو ملی بۆ هه‌موو مه‌رج و به‌نده‌کانی ئه‌وان دابوو، بۆیه شاڵاوو هێڕشێکی زۆریان کرده سه‌ری و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌یان لێکرد چونکه ده‌یانزانی که خه‌ڵکی یۆنان ده‌نگ بۆ ئه‌و ڕیفۆرمه نادات ، ده‌نگدان بۆ ئه‌وه، ده‌نگدانه بۆ به‌هێواشی مردنیان. به‌مه‌ش قسه گرنگه‌که‌ی جه‌یمس که‌له‌هانی کۆنه سه‌ره‌ك شالیارانی حکومه‌تی بریتانی ده‌هێنێته‌وه یادمان که له بۆنه‌یه‌کدا کردبوی ” قه‌له‌کان ده‌نگ بۆ پێشخستنی کریسمس نادات”.
هه‌ر زۆری نه‌خایاند که پاپه‌ئه‌ندرو له ژێر گووشاری ناوه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی خۆی و ده‌ره‌وه له بڕیاره‌که‌ی په‌شیمان بووه‌وه، دواتریش فشاری زیاتریان بۆ هێنا تا ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه ، که‌سێکی تر به ناوی لوکاس پاپه‌دیمۆس( Lucas Papademos) کابرایه‌کی ته‌کنۆکرات که ده‌ر‌چووی زانکۆکانی ئه‌مه‌ریکایه و دواتر بووه‌ته جێگری سه‌رۆکی بانکی ناوه‌ندی ئه‌وروپی و پاش ئه‌وه‌ش بوه به پڕۆفیسۆرو وانه‌ی ئابوری له زانکۆکانی ئه‌مه‌ریکادا ده‌وته‌وه و له پاڵیشیدا ڕاوێژکاری ده‌وڵه‌تیشی ده‌کرد. هه‌تا ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ش ، 13-11-2011 ، له بانکی ژماره یه‌کی جیهانی، Goldman Sachs ، ڕاوێژکاری به‌گه‌ڕخستنی پاره بوو.
هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا وا پێشبینی ده‌که‌ن که ئه‌م کابرا ته‌کنۆکراته ده‌توانێت هه‌ر هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات ، وه‌کو ئه‌وه‌ی پێشتر هیچ ڕۆڵێکی له کێشانی نه‌خشه‌ی ئابووریدا نه‌بووبێت، و یۆنانیش له سه‌ر کورسی گه‌رم و گوڕی یه‌کێتی ئه‌ووروپی به باخه‌ڵی پڕ له یورۆوه دا‌نیشێت. هه‌رچی خه‌ڵکانی نا سیاسی و ناپسپۆڕو نائابوریناسی وه‌کو ئێمه‌شه که ڕه‌شه خه‌ڵکه‌که‌ین ، به گۆڕینی پاپه ئه‌ندرۆیه به پاپه‌دیمۆسێ ، باوه‌ڕمان نییه که گۆڕانکاریه‌کی بنه‌ڕه‌ت ڕووبدات.
ئیتالیا: ئیتالیا که سێهه‌م گه‌وره ووڵاتی ناوچه‌ی یورۆیه (زۆنی یورۆ) و هه‌شته‌م وڵاتی گه‌وره‌ی جیهانه، له بار‌و دۆخێکی گه لێك ئاڵۆزی ئابوری‌دا ده‌ژی ، که له یۆنان سه‌ختتره. ئیتالیا 1.9 تریلۆن یورۆ له ژێره‌وه‌یه ، ئه‌م قه‌رزاریه‌ی ئه‌م یه‌کسانه به کۆی قه‌رزاری ئیرله‌نده‌و پورتوغال و یۆنان و ئیسپانیا. به‌شی شێری سه‌رجه‌می قه‌رزی هه‌مو ووڵاتانی ئه‌وروپا که 2.3 تریلۆن یورۆیه، له سه‌ری ئیتالیادا شکاوه‌ته‌وه. قه‌رزه‌که ئه‌مه‌نده زۆر‌و قه‌به‌یه سته‌مه که له هه‌ره‌س هێنان ڕزگار بکرێت، گه‌ر قه‌رزیشی پێبدرێت، ڕێژه‌ی دانه‌وه‌ی سووه‌که‌ی به له سه‌دا 7 ده‌بێت که له کاتێکدا ئابوریناسه‌کان وایان خه‌مڵاندوه که ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری له‌وێ هه‌تا دوو ساڵی تر به ڕێژه‌ی له سه‌دا 0.05 ده‌بێت، به‌مه‌ش قه‌رزده‌ران سڵێکی گه‌وره ده‌که‌نه‌وه له یارمه‌تی دانی ئیتالیادا.
بارودۆخه‌که گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه که له ڕۆژی 08-11-2011 دا بۆرسه‌ی ئیتالی به ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 4 شکا، که ئه‌مه‌ش کارایی خۆی له‌سه‌ر دراوی جیهان و هه‌موو پشکه‌کان( سه‌هم) له ئه‌وروپاوه تا ئه‌مه‌ریکا، به ڕاده‌یه‌کی به‌رز دانا‌و نرخیان هاته خواره‌وه. ئه‌مه له کاتێکدا ئیتالیا ساڵی پار ده‌یتوانی قه‌رز بکات و ڕێژه‌ی سووه‌که‌ی له سه‌دا 4 بێت که‌چی ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی سووه‌که له نێوانی له سه‌دا 7 تا له سه‌دا 7.7 ده‌بێت.
ئیتالیا بۆ ئه‌وه‌ی که باری دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی سوک بکات ساڵی پار بیری له فرۆشتنی کۆمپیاله ( Bonds ) کرده‌وه. پارساڵ بایی 5 ملیار یورۆی بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ فرۆشتوه که بڕی له سه‌دا 4 سووی ده‌چێته سه‌ر له‌کاتی کڕینه‌وه‌یاندا، به‌ڵام هه‌فته‌ی پێشوو به‌هۆی پشێوی باری ئابووریه‌که‌یه‌وه ئه‌و ڕێژه‌یه سه‌رکه‌وت بۆ له سه‌دا 7.
ئیتالیا بۆ ئه‌وه‌ی که قه‌رزه‌که‌ی سوک بکات ده‌بێت له ئێستاوه کار له‌سه‌ر ئه‌وه بکات که ئه‌و قه‌رزه به بڕی 365 ملیار یورۆ له ماوه‌ی ساڵێکدا دابه‌زێنی که ئه‌مه‌ش کارێکی گه‌لێک گرانه چونکه ئه‌و قه‌رزه‌ی که ده‌یدرێتێ تاکو له‌و قه‌یرانه رزگار بێت ، هه‌ر بۆ ئه‌و ماوه‌یه ، ده‌بێت 13.2 ملیار یورۆش سو‌و بداته‌وه ئه‌مه بێ له‌خودی قه‌رزه‌که خۆی . ئه‌مه له کاتێکدا گه‌ر ئیتالیا مل بدات وبچیته ژێر ئه‌م باره گرانه‌شه‌وه هیچ دڵنیاییه‌ك نیه که ئابووریه‌که‌ی ده‌بووژێته‌وه و ده‌توانێت له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکی که‌مدا بچێته‌وه دۆخی پێش ڕودانی قه‌یرانه‌که که له ساڵی 2008 دا ده‌ستی پێ‌کرد، چونکه خودی مه‌رج و به‌نده‌کانی ده‌زگا دراویه قه‌رزده‌ره‌کان ، که سه‌پاندویانه به سه‌ر ئیتالیادا هه‌ر وه‌کو کردیان به‌رامبه‌ر یۆنان، کێشه‌ی زیاتر دروست ده‌کات و ڕه‌نگه هه‌مان ده‌رئه‌نجامی ببێت .
له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه نه‌رێنیه‌کانی مامه‌ڵه‌ی قه‌رزدانه‌که‌دا ، ئیتالیا چاری نییه و ده‌بێت په‌سه‌ندی بکات و په‌ڕله‌مانیش ده‌بێت پاساوی بدات و بیکاته یاسایه‌ک و شه‌رعیه‌تی جێبه‌جێکردنی پێببه‌خشێێت . له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێت ده‌موچاوێکی تر بهێنرێته پێشه‌وه تاکو گه‌مه سیاسیه‌کان و ده‌زگا دراویه‌کان، که ئه‌م کێشه ئابورییه، کێشه‌ی مردن و ژیانی خه‌ڵکی ئیتالییه، تا ماوه‌یه‌کی تریش بڕ بکات. ئه‌وه بوو له ڕۆژی 12-11-2011 سیلڤۆ بێرلێسکۆنی ملیارده‌ر که زیاتر له 17 ساڵه دۆمینه‌یتی ( هه‌یمه‌نه) ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حکومی له‌وێ کردوه ، له ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ده‌زگا دراویه‌کاندا ده‌ستی له کار کێشایه‌وه پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه‌ی که له لایه‌ن سیاسیه‌کان و ده‌زگا دراویه‌کانه‌وه بۆ خه‌ڵکی ئیتالیا دانرابوو له سه‌پاندنی مه‌رج و به‌نده‌کانیان له ناو ماڵی سێنه‌تای ئیتالیدا به ده‌نگی زۆربه ده‌رچوو. ئێستاش ماریۆ مۆنتی ( Mario Monti) که پڕۆفیسۆره و کۆنه سه‌رۆکی کۆمیسوێنی ئه‌وروپا بوو، کراوه به سه‌ره ك شالیارانی ئیتالیا.
له ئێستادا هه‌موو هیوای گه‌وره بزنسمانه‌کان، کۆمپانیه گه‌وره‌کان، ده‌زگا دراویه‌کان و سیساسیه‌کان به‌م کابرا ته‌کنۆکراته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که گوایه ئه‌م ده‌توانێت کێشه‌کان لابه‌لا بکاته‌وه. به‌ڵام ڕوداوو ئاڵوگۆڕه‌کان و تاقیکردنه‌وه‌کانی پێشتر پێچه‌وانه‌ی پێشبینه‌یه‌کانی ئه‌وانمان پێده‌ڵێت ، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م قسه‌یه‌ش ته‌نها ڕابردووی خۆیه‌تی که کاتێک به‌رزترین پله‌و پایه‌ی له یه‌کێتی ئه‌وروپیدا ، هه‌بووه، چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ نه‌کراوه، هه‌روه‌ها مێژووی ژیان و ڕۆژانی داهاتووش شه‌رمی له که‌س نییه‌و هه‌موو ڕاستیه‌کان وه‌کو خۆی ده‌رده‌خات.
هه‌وڵ و کۆششی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و چین و یابان و هه‌موو لایه‌نه‌کانی تر بۆ پاراستنی هه‌ره‌سی یورۆ، بۆچی؟
لێره‌دا دوو ڕاستی هه‌یه‌و زۆربه‌ی زۆرمان بێ هیچ گیر‌و گرفتێک په‌ی پێده‌به‌ین ، یه‌که‌م به‌گشتی قه‌یرانه‌که جیهانیه‌و ڕوو له خراپ بوونه نه‌ك باش بوون. دووهه‌میش دراوه سه‌ره‌کیه‌کانی جیهان وه‌کو یورۆو دۆلاری ئه‌مه‌ریکی و پاوه‌ندی بریتانی و Yuan ی چینی و Yen ی یابانی له‌گه‌ڵ دراوه نا سه‌ره‌کیه‌کانی تری جیهاندا ئه‌ڵقه‌یه‌کی نه‌بچڕاوی زنجیره‌یه‌ك پێکده‌هێنن ، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانیش له گیروگرفتدان.
به‌هاو نرخی ئه‌م دراوانه‌ش له به‌هێزی ئابووری وڵاته‌کانیاندا خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌هێزی ئه‌م ئابووریه‌ش له سه‌ر هه‌ندێک زه‌مینه ڕاوه‌ستاوه وه‌کو: نشونمای ئابووری وڵاته‌که و ستانده‌ری ژیانی دانیشتوانه‌که‌ی ( هێزی کڕینی کاڵا) و بازرگانی ووڵاته‌که له ناوه‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وی خۆیدا، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه کردن به خاڵی سه‌ره‌کی یاریه‌کانی بازاڕه‌وه وه‌کو هه‌ڵکشان و داكشانی ڕێژه‌ی سو‌و (قازانج) و شکاندنی نرخی دراوه‌که و به‌رز کردنه‌وه‌ی، یاری کردنێکی لێزانانه به زیاد کردنی باج، دانانی باجی تازه‌ی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ له هه‌موو بواره‌کاندا، له‌گه‌ڵ به‌ئاگا بوون له قسه‌و به‌ڵێن و په‌یمانی پیاوه ئابوریناس و سیاسیه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا.
ئه‌مڕۆ ئابوری جیهان به چه‌شنێك به‌یه‌که‌وه گرێدراوه که مه‌حاڵه گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌کێك له دراوه سه‌ره‌کییه جیهانیه‌کان ببێت، کارایی خۆی له‌سه‌ر دراوه‌کانی تر‌و سه‌رجه‌می ڕه‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵه‌کانی ئابووری دانه‌نێت.
بۆ نموونه بریتانیا له سه‌دا 60 مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و کاروباره‌کانی له‌گه‌ڵ ووڵاته ئه‌وروپیه‌کاندا هه‌یه که به یورۆیه. له لایه‌کی تریشه‌وه بریتانیا هه‌م به هۆی کێشه‌ی ئابووری خۆیه‌وه هه‌م کێشه‌ی یورۆشه‌وه که‌مهێنانی بودجه‌ی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی ئه‌مساڵ سه‌رکه‌وتوه بۆ 9.8 ملیار پاوه‌ند به هۆی جیاوازی نێوانی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی کاڵاو هاوردنییه‌وه ( ته‌سدیرو ئیستراد)، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ئێمه‌ی بریتانی به پێی قسه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ته‌که‌مان، ده‌یڤد کامیرۆن، ده‌بێت خۆمان بۆ ساڵێکی پڕ له زه‌حمه‌ت هه‌ڵگرین هه‌م به هۆی نادیاری چاره‌نوسی یورۆو یه‌کێتی ئه‌وروپاوه‌و هه‌م به‌هۆی نشونماکردنی ئابووری بریتانیاوه که له ساڵی داهاتوودا پێشبینی گه‌شه‌کردنی ته‌نها به ڕیژه‌ی له سه‌دا 0.05 ده‌کرێت. ئه‌م بارودۆخه به‌گشتی وای کردوه که بڕی به‌تاڵه، بێ‌کاری لێره له ( بریتانیا) به فه‌رمی نزیک بکاته‌وه له 3 ملیۆن که زیاتر له ملیۆنێکیان له نێوانی گه‌نجاندایه که له ته‌مه‌نی 16 بۆ 24 ساڵن، به‌پێی ده‌یتای ده‌وڵه‌ت ژماره‌ی بێکاران ئه‌وه‌نده به‌رزه ، که بریتانیا له ساڵی 1994 وه ئه‌مه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه . هه‌روه‌ها نرخی پێداویستیه‌کانی ژیان به ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌رز بوونه ته‌وه ، بۆ نموونه: خوارده‌مه‌نی له ساڵی پاره‌وه به ڕێژه‌ی له سه‌دا 4.6 چووه‌ته سه‌ره‌وه، جل و پۆشه‌مه‌نی به ڕێژه‌ی له سه‌دا 4.7 سوته‌مه‌نی به ڕێژه‌ی له سه‌دا 19.8 .
ئه‌وروپا بۆ ووڵاتی چینیش گه‌وره‌ترین هاو مامه‌ڵه‌ی بازرگانیه، له ڕیزبه‌ندی بازرگانیدا چین دووهه‌مینه بۆ ئه‌وروپا، له ساڵی پاردا به بڕی 363 ملیار یورۆ مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ ئه‌وروپادا کردوه. له گه‌ڵ په‌یدا بوونی گیروگرفتی یورۆدا ئه‌مساڵ بڕی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی ساڵی 2010 ی به ڕێژه‌ی له سه‌دا 15.6 دابه‌زیوه به‌هۆی داخستنی ژماره‌یه‌ك له کارگه‌و کارخانه‌و کۆمپانیه‌کانییه‌وه. له هه‌مان کاتیش‌دا چین ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه له لیستی مامه‌ڵه کردن له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا له ڕیزی چوارهه‌مینه‌وه ه بووه‌ته دووهه‌م، ئه‌مه ئه‌و راستییه ده‌گه‌یه‌نێت که ووڵاتی چین چه‌ندێك ئابوریه‌که‌ی نشونمای کردوه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت ، گه‌ر ئابوری ئه‌مه‌ریکا هه‌ره‌س بهێنێت چینیش له چی مه‌ترسیه‌کدا ده‌بێت.!
ئه‌مریکا: هه‌ڵبه‌ته ئه‌مریکاش به چه‌نده‌ها شێوه به‌ستراوه‌ته‌وه به ووڵاتانی ئه‌وروپاوه و له تێشکانی یورۆدا و هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپاد ا ئه‌ویش زۆر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.
به‌پێی ئاماره‌کانی کۆمیسۆێنی ئه‌وروپی European Commission Trade له مامه‌ڵه‌ی بازرگانیدا ته‌نها له ساڵی 2010 دا له‌م بوارانه‌دا ئه‌م ئه‌ژمارانه‌ی خواره‌وه‌مان پیشان ده‌دات:
له مه‌یدانی مامه‌ڵه‌ی بازرگانیدا نێردراوه‌ی ( ته‌سدیر) ئه‌وروپا بۆ ئه‌مه‌ریکا 125.2 ملیار یورۆ بووه. هاورده‌ی ئه‌وروپا له ئه‌مه‌ریکاوه 131.10 ملیار یورۆ بووه.
له بواری به‌گه‌ڕخستنی پاره‌و بواری پیشه‌سازیدا ئه‌وروپا 79.2 ملیار یورۆ بووه ، له کاتێکدا ئه‌مه‌ریکا له له ئه‌وروپادا 97.3 ملیار یورۆ بووه. له بواری خزمه‌تگوزاریدا ئه‌وروپا 242.1 یورۆی به‌گه‌ڕخستوه ، له هه‌مان کاتدا ئه‌مه‌ریکا له ئه‌وروپادا 169.5 ملیار یورۆ بووه. هه‌ر ئه‌و ئامارانه پێمان ده‌ڵێن ، سه‌رجه‌می به‌گه‌ڕخستنی پاره له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه له ئه‌وروپا دا 3 جار زیاتره له مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئاسیادا له هه‌مان بوار‌دا. هه‌روه‌ها به‌گه‌ڕخستنی پاره له ئه‌مه‌ریکا دا له‌لایه‌ن ئه‌وروپاوه 8 جار زیاتره له چین و هیند ، هه‌ردوکیان به‌یه‌که‌وه . شایانی باسه که ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌وروپا ئه‌وه‌نده بۆ ئه‌مریکا جێێ بایه‌خه که سه‌رجه‌می 15 ملیۆن کرێکار‌و کارمه‌ندیان ئیشه‌کانیان په‌یوه‌سته به‌و ڕه‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵانه‌ی سه‌ره‌وه.
له‌م چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌بێت که هه‌وڵ و تێکۆشانی ووڵاتانی ده‌رو دراوسێ و جیهان بۆ ڕێگه گرتن له هه‌ره‌س هێنانی یورۆ له‌به‌ر خاتری خودی ووڵاتی لێقه‌وماوو یا دانیشتوانه‌که‌ی نییه ، به‌ڵکو شین و شه‌پۆڕ بۆ خۆیان ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیری ئابووری خۆیان له‌وێشه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیان، بپارێزن. ئه‌مان ده‌ربه‌ستی ئه‌وه نایه‌ن که ستانده‌ری ژیانی خه‌ڵکی چه‌ندێك نزمه ، یان دێته خواره‌وه ، به دروست بوونی له‌شکرێکی گه‌وره‌ی به‌تاڵه به‌تایبه‌ت له نێوانی گه‌نجاندا، به‌که‌وتنه‌وه‌ی برسێتییه‌کی زۆر. گه‌ر ئه‌مان که‌مێکیش به‌ته‌نگه‌وه بهاتنایه، که‌مێک ده‌ستبه‌رداری که‌م بوونه‌وه‌ی قازانج و سه‌رمایه‌کانیان بوونایه، ئه‌و مه‌رج و به‌ندانه‌شیان به‌سه‌ر وڵاتانی لێقه‌وماودا نه‌ده‌سه‌پان. ئه‌مان هه‌میشه له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌یه‌کن که چاره نیه بۆ كێشه‌که. ئه‌وه بوو ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش وڵاتانی کۆمه‌ڵه‌ی 20 یا گروپی 20 له کۆبونه‌وه‌که‌یاندا 3 بڕیاریاندا: یه‌که‌م : پڕکردنی بانقه‌کان به پاره‌یه‌کی باش تاکوو به‌گه‌ڕخستنی پاره‌و وزه‌و توانای بازرگانی و مامه‌ڵه‌کانی تریش ببوژێته‌وه. دووهه‌م : له سه‌دا 50 ی قه‌رزه‌کانی یۆنان کوێرکه‌نه‌وه ( بکوژێننه‌وه) گه‌رچی ئه‌مه‌ش دادی یۆنان و یورۆی نه‌دا. سێهه‌م ته‌رخان کردنی 2 تریلۆن یورۆ بۆ یارمه‌تی دانی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که ده‌که‌ونه تالوکه‌وه .
دواتریش هاتن بانکی ناوه‌ندی ئه‌ورووپیان ناچار کرد به دابه‌زینی ڕێژه‌ی سو‌و له سه‌دا 1.50 وه بۆ له‌سه‌دا 1.25 ، که ئه‌مه‌ش ده‌بێت کارایی خۆی له‌سه‌ر زیاد بووونی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی کاڵای ئه‌وروپی دابنێت به‌هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی به‌های یورۆوه، ئه‌مه‌ش تا ئێساتا ڕۆحی به‌به‌ر ووڵاته ئه‌وروپیه‌کاندا نه‌کردۆته‌وه و نه‌بۆته هۆی رزگار کردنی یورۆ.
دوا پلان پشاندانی پرۆژه‌یه‌که به‌ناوی ” پرۆژه‌ی کردنه‌وه‌ی حسابێک بۆ په‌یدا کردن و دانانی پاره‌یه‌ک” که له‌مه یارمه‌تی ئه‌و ووڵاتانه بدرێت که لێیان ده‌قه‌ومێت هه‌روه‌ها هێنانه سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی قه‌رزاری که به‌پێی ڕێککه‌وتنی 17 ووڵاتی ئه‌ورووپی که له ڕێكه‌وتننامه‌ی ی ماستریختی نه‌وه‌ده‌کاندا، گرتویانه، له سه‌دا 60 بووه به به‌راورد کردن به داهاتی ووڵات (ده‌خل قومی) . ئێستا ده‌یانه‌وێت بڕی ئه‌و ڕێژه‌ی قه‌رزه سه‌ر بخه‌ن.
ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌رێکی تریانه بۆ کێشه‌ی یورۆو ئابووری ووڵاتانی به‌کارهێنه‌ری یورۆ، به‌ڵام تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه ڕێك نه‌که‌وتوون، گرفته‌که‌شیان ئه‌وه‌یه که هه‌ر هه‌مویان ناتوانن به یه‌ك بڕه پاره به‌شداری بکه‌ن له‌و پرۆژه‌یه‌دا ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕه‌چاو نه‌کرێت، ئه‌و کاته وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌ووروپا وه‌کو ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا ده‌بێت باری لاری وڵاتانی که‌مده‌ست ڕاست بکه‌نه‌وه.
له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌مان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن که چین بێت به‌هانایانه‌وه‌و له‌م قه‌یرانه ڕزگاریان بکات، ئه‌مانیش له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، هاوڕان که چین ده‌نگی زیاتری له بڕیاردانی له سندوقی دراوی جیهانیدا پێبدرێت له‌گه‌ڵ کردنی هه‌ندێك کارئاسانیی تردا له میانه‌ی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی نێوانیاندا، به‌ڵام تا ئێستا چین ڕه‌زامه‌ندی خۆی بۆ ئه‌م پێشنیازه ده‌رنه‌بڕیوه. ئا لێره‌دا ڕاستیه‌ک هه‌یه گه‌رچی یه‌کێتی ئه‌ورووپی ، خۆیان نایانه‌وێت پێی لێبنێن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هانا بردنیان بۆ چین یانی: یه‌که‌م دانپیانانیانه به مایه‌پوچ بونیاندا ، دووهه‌میش مانای ئه‌مان توانای به‌ڕێوه‌بردنی ووڵاتانی خۆیانیان نییه به‌وشێوه‌یه‌ی که ده‌یانه‌وێت.
وڵاتانی به‌کارهێنه‌ری تاک دراوی یورۆو ته‌واوی وڵاته‌کانی تری ناوچه‌که‌ش ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێک بکه‌ن بۆ وه‌ستانی هه‌ره‌س هێنانی یورۆ ، چونکه هه‌ره‌س هێنانی یورۆ یانی هه‌ه‌ره‌س هێنانی یه‌کێتی ئه‌وروپی و زه‌رمه‌ندبوونی ئابوری جیهانی له‌گه‌ڵ سیسته‌مه دراویه‌کانیدا.
که ئه‌م هه‌وڵ و کۆششه‌ش بۆ ڕێگه گرتن له هه‌ره‌س هێنانی یورۆ زیاتر وه‌ختیی ده‌بێت، چونکه له لایه‌ک ئه‌م کێشه‌یه وا به‌و ئاسانیه به‌م ڕێگاچارانه‌ی که ئه‌یکه‌ن حه‌ل نابێت، چونکه کێشه‌که، کێشه‌ی خودی سیسته‌مه‌که‌یه ، سیسته‌می سه‌رمایاداری، و له لایه‌کی تریشه‌وه ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی خه‌ڵک و بزوتنه‌وه‌ی دژ به کاپیتاڵیزم له به‌هێزی و به‌ره‌و پێشه‌وه چووندایه.
زاهیر باهیر
14/11/2011 له‌نده‌ن l