ئه‌زموون و ئایدیۆلۆجی لە شیعری هەردی دا…3
خوێندنەوەی : چەپکەگوڵێك بۆ ست فاتیمە و دڵداری كچی تازە
د.كەمال میراودەلی
1) سەرەتایەك
گۆرت پر پرشنگی رووناکی، کاکه‌ی فه‌للاح!
کاکه‌ی فه‌للاح مرۆڤێك بوو ساده به‌ڵام مه‌زن.
دڵ گه‌وره، میهره‌بان، به‌خشنده.
یه‌کێك بوو له شاعیره دۆسته نزیکه‌کانی (فانی) باوکم.
ئه‌و ماوه‌یه‌ی فانی له شه‌سته‌کاندا له سلێمانی بوو وه‌ك سه‌رۆکی شاره‌وانی مه‌رگه و له سالی حه‌فتاشدا که به‌سه‌ردان له‌وێ بوو، له‌و زیاره‌تگه‌یانه‌ی که ئارامگه‌ی دڵی بوون، چاپخانه‌که‌ی کاکه‌ی فه‌للاح و دیداری ئه‌و مرۆڤه ره‌نجده‌ر و شاعیر و رۆشنبیر و ئه‌و ئه‌ده‌ب په‌روه‌ره بوو! منیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد. کاکه‌ی فه‌للاح له‌ش و قیافه‌تێکی به‌خۆوه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام زۆر لێی ده‌هات و هه‌ر نه‌بێ له چاوی منه‌وه رۆحی سووکتر و دڵی میهره‌بانتر کردبوو. یه‌کێک بوو له‌و مرۆڤانه‌ی سایه‌ی باوکێتیی به گه‌نجانی ده‌ورو به‌ری ده‌به‌خشی.
گۆڕت پڕ له پرشنگی رووناکی و ئارام کاکه‌ی فه‌للاح!
ره‌خنه هه‌ر چۆنێ بێ، بوونی له نه‌بوونی باشتره. به‌بێ ره‌خنه شیعر‌و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له ته‌نیایی و دووره په‌رێزیدا ده‌ژاکێ، ده‌تۆرێ، له خه‌ڵك دوور ده‌که‌وێته‌وه. به‌بێ ره‌خنه راستی له خه‌ڵوه‌ت و دوورگه‌کانی خۆیدا نایه‌ته ده‌ره‌وه. به‌بێ ره‌خنه، دایه‌لۆگ و ئاخاوتنی ئه‌ده‌بیی و بیریی و که‌لتووریی به‌رهه‌م نایه‌ت..
ئه‌م پێشه‌کییه‌م بۆ ئه‌وەیه بڵێم: ده‌ك هه‌زارجار ده‌ستت خۆش و په‌نجه‌کانت ره‌نگین، کاکه‌ی فه‌للاحی مه‌زن، بۆ ئه‌و باسانه‌ی ده‌رباره‌ی شاعیرانی نوێ نووسیتن و به تایبه‌تی ده‌رباره‌ی هه‌ردی نه‌مر، که له‌م دواییه‌دا هات بۆ لات بۆ دنیای نه‌مران، هیوادارم به‌خۆشی و لێبووردویی دوو رۆحی گه‌وره‌وه باوه‌ش به یه‌کتردا بکه‌ن.
کاکه‌ی فه‌للاح، له ده‌مێکدا هه‌ردی ئاواره و دووره وڵات بوو، باسێکی له‌مه‌ڕ هه‌ردی نووسی و دوایی له کتێبه به‌نرخه‌که‌ی: [کاروانی شیعری نوێی کوردی] دا بڵاوی کرده‌وه.
لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه ناوه‌ڕۆکی باسه‌که‌ی کاکه باس بکه‌م یان هه‌لی سه‌نگێنم.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و باسه ئاکامه‌که‌ی چه‌ند گرنگ بوو، چه‌ند مێژوویی بوو، چه‌ند چاوه‌ڕێنه‌کراو و سه‌یر و خۆش بوو!
من دڵنیام باسه‌که‌ی کاکه نه‌بووایه هه‌ردی نه‌ده‌جووڵا. ئه‌و هه‌ردی یه به‌سته زمانه که وا دیار بوو دوای ئه‌و کۆمه‌ڵه شیعره گرانبه‌ها و نایابه‌ی گەنجێتی نه‌ك ته‌نیا له شیعر که‌وت، به‌ڵکو به‌سته زمانه زمانیشی گۆ ناکا.
هه‌ردی چ وه‌ك خیلقه‌ت و رواڵه‌تی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کاکه بوو. کاکه زه‌لام، به‌خۆوه و قسه گه‌رم و به‌رهه‌م به‌خش. هه‌ردی: مرۆڤێکی بچووك و ناسك و شێوە و ره‌فتار به‌سته‌زمان و فریشته‌یی و قڕ بەرهەم.
بۆیه به‌لامه‌وه سه‌یره که له شیعریشدا هه‌ردی توانیبێتێ تووڕه‌بێ.
بۆیه که به قووڵایی شۆرشه‌که‌ی به‌سه‌ر دڵداره (خیانه‌تکاره‌که‌ی) دا، لە [شۆرشی نائومێدی] دا، شۆڕبوومه‌وه، بینیم هه‌ردی هه‌ژار هه‌موو رق و تین و کین و شۆرش و یاخیبوونه‌که‌ی له کۆمه‌ڵه فرمێسکێکی گه‌رم و ئاوازێکی نه‌رم و ناسکی خه‌ماوی زیاتر نییه!!
هه‌ردی مه‌ته‌ڵێك بوو، بۆمان هه‌ڵنه‌هات.
هه‌ردی له دۆسته رۆحییه‌کانی باوکم بوو. هه‌ر له سلێمانی دیسان له کۆتایی شه‌سته‌کاندا له زیاره‌ته‌کانی باوکمه‌وه ناسیم. دواییش بۆ ماوه‌ی ساڵێ زیاتر هه‌ردی بوو به (حاکم) ی شۆرش! له گونده‌که‌مان له مه‌رگه. ئه‌وه بۆ باوکم وه‌ك دیارییه‌کی خوایی وابوو. من له باوکمه‌وه به مه‌ته‌ڵێ هه‌ردی ئاشنا بووم. چه‌نده‌ها جار له باوکم ده‌بیست که به خه‌م و خه‌فه‌ته‌وه ده‌یوت: بۆ هه‌ردی هیچی دی شیعر ناڵێ؟ شاعیرێکی ئه‌وه‌نده خاوه‌ن به‌هره‌ی به‌رز، وشه‌ی جوان، شیعری شیرین و به‌سۆز، بۆ ئه‌وا بێده‌نگ بووه؟ له هه‌موو دیدارێکی دا له هه‌موو نامه و په‌یامێکی دا، ئه‌م پرس و تکایه‌ی به‌ره‌و رووی هه‌ردی ده‌کرده‌وه: ئه‌ی بلبله به‌سۆزه‌که‌ی کوردستان چریکه‌ت بێ؟ عاشقه‌کانت شه‌یدای وشه‌یه‌کتن بۆ بێده‌نگی؟ به‌لای که‌مه‌وه له هۆنراوه‌یه‌کیش دا بۆ هه‌ردی ئه‌م هه‌ست و هه‌ڵوێسته‌ی به ئاشکرا ده‌ربڕیوه.
ئێ ئه‌وه خانی و هه‌ردی و کاکه‌ی فه‌للاح و من له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م باسه‌دا کۆبووینه‌وه؟ منێکی هه‌ژاری شاگردی ده‌رباری ئه‌و مرۆڤه مه‌زنانه، تاقه شایه‌ت و حوکمه‌وانێکم له پرسێکدا که وه‌ك مه‌ته‌لێکی مێژوویی ماوه‌ته‌وه.
کاکه‌ی فه‌للاح: به رێگایه‌کی تره‌وه، ناراسته‌وخۆ به ته‌کتیك و ته‌کنیکێکی دی، چه‌ند گرێیه‌کی گرنگی ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌ی بۆ کردینه‌وه.
کاکه‌ح فه‌للاح مامه هه‌ردی توڕه کرد.
هه‌ردی، هه‌قی بووبێ یان نا، که کاکه‌ی کرده هۆکاری تووڕه‌بوونه‌که‌ی، گرنگ نییه. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه من لێره‌دا نێوبژی و دادوه‌ریی له نێوان ئه‌و دوو سه‌روه‌ره‌دا بکه‌م!
نا ده‌ڵێم: کاکه‌ی فه‌للاح گیان ده‌م و ده‌ستت خۆش! ئافه‌رین که تۆ توانیت هه‌ردی- مان بۆ تووڕه بکه‌ی!
ده‌بێ تووڕه‌بوونی هه‌ردی یه‌کی فریشته چ بێ؟
تووڕه‌بوونه‌که‌ی له‌وه زیاتر نییه که رۆژووی بێده‌نگییه‌که‌ی بشکێنێ و به ده‌نگ بێ!
ئۆخه‌ی ئه‌وه هه‌ردی قسه ده‌کا،
ئه‌وه هه‌ردی کۆڕی ئاخاوتن گه‌رم ده‌کا.
خه‌ڵکینه نا، نا، زۆر له‌وه زیاتر. هه‌ردی روونی ده‌کاته‌وه.
هه‌ردی باس ده‌کا.
هه‌ردی: شیعر ده‌نووسێ!
هه‌ردی، پردێکی وشه بە سه‌ر بۆشایی ( 37 ) ساڵدا دروست ده‌کا.
ده‌بێته‌وه عاشقه لاوه به‌سۆزه‌که‌ی جاران و شتێکمان ده‌رباره‌ی ئایدیۆلۆجیا بۆ ده‌رده‌خا ( نه‌وای ئه‌وین و نه‌فره‌تی ئایدیۆلۆجی)
نه‌فره‌تی ئایدیۆلۆجی له‌و ئه‌زموونه دنیاهه‌ژێنه‌ی ناخ که زه‌مین ده‌هه‌ژێنێ و ئاسمان ده‌له‌رزێنێ!
ئه‌وه‌تا ئایدیۆلۆجی دێ و ده‌ڵێ: هه‌ردی، به‌سه!
ئایدیۆلۆجی ده‌ڵێ: هه‌ردی، به پێی ره‌چه‌ته‌ی ئایدیۆلۆجیاوشۆرشی مه‌زنی پرۆلیتاریا بنووسه!
ده‌ڵێ: سرۆش و خرۆشه‌که‌ت له په‌ریزاده‌کانی گه‌ره‌که‌که‌ت و جوانه‌کچانی وڵاته‌که‌ت وه‌رمه‌گره، به‌ڵکو له وته و په‌یامه پیرۆزه‌کانی مارکس و لینین و ستالین!
مه‌گری بۆ شیرینێ، بجۆشه بۆ ستالینێ!
به‌لای کاکه‌ی فه‌للاحه‌وه، هه‌ردی بۆیه له‌گه‌ڵ شیعردا هه‌ڵی نه‌کردو ئاڵاکه‌ی پێ هه‌ڵنه‌گیرا و به هه‌ڵدێری دۆزه‌خی به‌هره‌بڕاندا چووه خوار، چونکه هه‌ر زوو له ده‌روێشی خۆی بۆ شێخه‌کانی ته‌ریقه‌تی پرۆلیتاریا پاشگه‌زبۆوه. ته‌نانه‌ت کاکه‌ی فه‌للاح هۆنراوه‌یه‌کی هه‌ردی (ته‌پڵی به‌تاڵ) ی ساڵی 1951وا لێك ده‌داته‌وه هه‌ر وه‌ك هه‌ردی هه‌ژار بیست و سێ ساڵ پێش خه‌ڵکی تر ته‌پڵی ئاشبه‌تاڵی خه‌باتی ته‌مه‌نی خۆی لێ دابێ و له‌به‌رده‌می (کۆرۆش) ی ده‌سه‌ڵاتدا کڕنووشی هێنابێ!! و میلله‌تێکی به شوودابێ!
جا ئه‌ی چۆن ئه‌م فریشته هه‌ژاره په‌ڕی غه‌زه‌ب نه‌گرێ!
چۆن ئه‌م گیانه به‌سته زمانه نه‌که‌وێته زمانی حاڵ!
ده‌ستخۆش کاکه‌ی فه‌للاح!
ره‌خنه هه‌ر چۆنێ بێ پێویسته و داهێنه‌ره ته‌نانه‌ت له نیازه رووخێنه‌ره‌کانیشیدا.
ئه‌و کاته بیابانی بیر ده‌کشێته ناو هه‌رێمه‌کانی که‌ژی داهێنانه‌وه، که بارانی ره‌خنه نابارێ، که چاوگه‌ی ره‌خنه‌کان وشك ده‌بن، که ته‌نانه‌ت سروه‌بایه‌کی ره‌خنه‌یی رۆح فێنك که‌ره‌وه‌ش چیمه‌ن و باخه‌کانی داهێنان به‌سه‌ر ناکاته‌وه.
کاکه‌ی فه‌للاح، هه‌قی خۆیه‌تی بۆچوون و لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی بۆ هه‌ردی و هه‌ر شاعیرێکی دیکه هه‌بێ. لێره‌دا پرسه‌که راستی و چه‌وتی و نیاز پاکی به‌دنیهادی نییە. پرسه‌که رێزگرتنی جیاوازی خوێندنه‌وه‌کان و بۆچوونه‌کانه. وه‌ك وتم مه‌به‌ستم نییه ناوبژییه‌ك یان لایه‌نگیرییه‌ك له‌م نێوه‌دا بکه‌م.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم: تووڕه‌کردنه‌وه‌ی کاکه بۆ هه‌ردی چه‌ند مێژوویی یه!
ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه روونکردنه‌وه‌یه‌ی هه‌ردی له وه‌ڵامی کاکه‌دا نووسینی و له پێشه‌کی چاپی دووه‌می رازی ته‌نیایی دا (1984) بڵاوی کردنه‌وه چه‌ند به هادار و گرنگن.
هه‌ڵسانه‌وه‌ی به‌هره‌ی شیعری هه‌ردی (به ڕق) و هه‌ڵڕشتنی پریشکی خۆشه‌ویستی و خه‌می شیعریی له ئه‌نجامدا، چه‌ند سه‌یر و نائاسایی‌یه!
لێره‌دا وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێ، سه‌رسامم، چ له‌م چیرۆکه عه‌نتیکه بکه‌م؟
چۆن هۆنراوه‌یه هه‌ڵده‌سه‌نگێنی که پێش سی و حەوت ساڵ سه‌ره‌تاکه‌ی له دایکبووبێ و، دوای سی و حەوت ساڵ، ئه‌وسا بێته گاگۆڵکێ و گڕوگاڵ!
پێم وانییه و له سنووری پێزانینی خۆمدا ئه‌وه‌م نه‌بیستووه شاعیرێ دوای سی و حەوت ساڵ بگه‌ڕێته‌و سه‌ر هۆنراوه‌که‌ی و به هەمان سۆز و که‌ژ و ئاهه‌نگه‌وه، ته‌واوی بکات؟
ئه‌مه چ ده‌رباره‌ی تیۆری شیعر و هونه‌ر ده‌ڵێ؟
ئه‌م چ ده‌رباره‌ی گرنگی ئه‌زموون له خەمڵاندن و داڕشتنی به‌رهه‌می هونه‌ریدا ڕوون ده‌کاته‌وه؟
ئه‌مه چ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ بۆچوونی ڕۆمانسییه‌کان به‌ده‌سته‌وه ده‌دا که ئه‌زموون له یاده‌وه‌ریدا، وه‌ك گه‌نجینه هه‌ڵده‌گیرێ و شاعیر له ساڵه‌کانی دوایی ته‌مه‌نیدا، ده‌توانێ بۆی بگه‌ڕێته‌وه؟ بۆ بیره‌که‌ی وردزوێرس Wordsworth، که هه‌میشه مناڵی له‌گه‌ڵ خۆماندا هه‌ڵده‌گر‌ین، چرپه جوانه‌کان له گوێی ڕۆحماندا ده‌مێننه‌وه. خه‌ونه خۆشه‌کان حه‌وشه تاریکه‌کانی گیان جێ ناهێڵن؟
یان، ڕاستتر وایه، له‌م ئایدیاله به‌رزه فڕه، بێینه خواره‌وه و باوه‌ش به بیر و بۆچوونه‌کانی نۆده‌مدا و ته‌نانه‌ت پاش نۆده‌مدا بکه‌ین: مه‌سه‌له هه‌ر وشه‌ی هه‌ژاره، چی لێ ده‌که‌ین و چی پێ ده‌که‌ین، و چیمان لێ ده‌کا و چیمان پێ ده‌کا؟
ئێستا بۆ من به ڕاستی کێشه‌یه‌کی میتۆدۆلۆجی گه‌وره‌یه. ئایا، ئه‌و هۆنراوه دوای سی و حەوت ساڵ پتر ته‌واو کراوانه، به‌یه‌ك هۆنراوه داده‌نێین و ئاوا لێکی ده‌ده‌ینه‌وه بێ گوێدانه به‌تاڵاییه مێژووییه دوور و درێژه‌که؟ له کوێوه؟ به چ به‌ڵگه و حیسابێ، جه‌مسه‌ره‌کان لێك ده‌ده‌ی؟ له کوێوه دوا دێڕی به‌شه کۆنه‌که، ده‌ڕژێته ناو یه‌که‌م دێڕی به‌شه تازه‌که‌وه؟
ئایا وشه‌کان، له به‌شێکی ده‌رووندا قه‌تیس بوون و چه‌ند ساڵه له‌گریان و داد و هاوار و په‌رۆش و تاسه‌دا بوون تا بگه‌نه‌وه به‌و زیاد له سێ چاره‌که به‌شه‌ی ده‌بوو سی و حەوت ساڵ پێشتر هه‌یانبایه؟
هه‌ردی، له کوێدا، ئه‌و هه‌ست و خورپه و خولیایانه‌ی شارد‌بوونەوە، شاخە و شاخ و شارە و شار، له گه‌شته‌کانی ده‌ربه‌ده‌ری و کوێره‌وه‌رییدا، هه‌ڵی گرتن؟
ده‌شێ پرسیاره‌کان پتر هه‌ڵڕژێن؟
وه‌لی، لێره‌دا، ده‌وه‌ستم.
جارێ، خۆم له قه‌ره‌ی شیعره ته‌واوکراوه‌کان ناده‌م، تا ڕوخسه‌تی ڕێگایان لێ وه‌رنه‌گرم. ئێستا، به ڕوونکردنه‌وه‌کانی هه‌ردی ده‌رباره‌ی دوو هۆنراوه‌ی دی، دڵم ئاو ده‌خواته‌وه!
ئه‌و دوو هۆنراوانه، که لێره‌دا شیان ده‌که‌مه‌وه، ئه‌مانه‌ن:
1- چه‌پکه گوڵێك بۆ ست فاتمه.
2- دوو چه‌شن دڵداری که له چاپی یه‌که‌مدا به ناوی دڵداری کچی تازه، بڵاو کراوه‌ته‌وه.
2] خوێندنەوەی چه‌پکه گوڵێ بۆ ست فاتیمه 1950)
2.1] دەقی هۆنراوەكە
فاتمه! دوو چاوی مه‌ستت، پڕ ته‌لیسمی جوانی‌یه
پڕ شه‌رابی خۆشه‌ویستی و عاره‌قی یه‌زدانی‌یه
به‌ژن و باڵاکه‌ت نموونه‌ی هه‌یکه‌لی یۆنانی‌یه
لار و له‌نجه‌ت مۆسیقایه، به‌سته‌یه، گۆرانی‌یه
بووکی ڕازاوه‌ی خه‌یاڵم، گیانه‌که‌م ست فاتمه!
تاقه پرشنگێکی چاوت، ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه…
گه‌رچی دڵداری له خاکی ئێمه‌دا، ئه‌فسانه‌یه
هه‌ر به ته‌نیا بۆ کوڕی خاوه‌ن ته‌لار و عانه‌یه
گیانه‌که‌م! ئەمما دڵی من له‌و دڵه شێتانه‌یه
بێ ئه‌وه‌ی هیچ شك به‌رێ، کوژراوه‌ی ئه‌و چاوانه‌یه
هه‌ر به‌ته‌نیا خۆشه‌ویستی شك ئه‌به‌م، ست فاتمه!
سه‌روه‌تم ناوێ، بزه‌ی تۆ: ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه..
خۆشه‌ویستی وا که نامه‌ی خوایه بۆ پێغه‌مبه‌ران
به‌رز و ناسك، وه‌ك هه‌ناسه‌ی پڕ گوڵاوی دولبه‌ران
نه‌ك وه‌کو حه‌زکردنی دینار و گه‌وهه‌ر په‌روه‌ران
ئه‌و که‌سانه‌ی بۆ قڕانێ چه‌نده دڵیان هه‌ڵوه‌ران!
خه‌ڵکی تر پاره‌په‌رستی با بکه‌ن ست فاتمه!
من به ته‌نیا، تۆ په‌رستی، ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه!
زۆر که‌ڕه‌ت هانم ئه‌دا داخی ده‌روونی پڕ گڕم
بۆتی هه‌ڵڕێژم سکاڵای ناسکی گه‌رم وگوڕم
داخه‌که‌م کاتێ که دێمه به‌رده‌مت واقی وڕم
وام ئه‌شێوێنێ به جارێ نایه‌ڵێ هیچ ده‌ربڕم
بووکی ڕازاوه‌ی خه‌یاڵم! گیانه‌که‌م ست فاتمه!
گوێیه بۆ ئه‌م ڕازه شل که‌ی ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه!
گه‌ر ڕوون کردنه‌وه‌ی هه‌ردیش نه‌بایه من له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌دا چه‌ند سه‌رنج و ئه‌نجامێکم گه‌ڵاڵه ده‌کردن، که هه‌ر ئه‌و شتانه‌ن که خۆی به ڕوونی له ڕوونکردنه‌وه‌یدا ده‌ری بڕیون.
له‌به‌ر ئه‌وه گه‌رچی من حه‌زی خۆم ئه‌وه‌یه هۆنراوه‌یه‌ك وه‌ك هه‌یه، وه‌ك بوویه‌کی ئۆرگانی سه‌ربه‌خۆ بخوێنمه‌وه، ئه‌وجا ڕیشه و ڕواڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی سۆراخ بکه‌م، له‌م ڕێچکه‌یه لادەده‌م و به ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌ردی ده‌ست پێده‌که‌م.
(1 هه‌ردی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی چۆن نووسی؟
پوخته‌ی ڕاستکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌کانی هه‌ردی [ لە پێشەكی 1984دا] ئه‌مانه‌ن:
1- (له سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌ده‌بییه‌وه، جگه له سه‌رده‌مێکی کورت قوتابخانه‌ی ڕۆمانسی کاری تێ کردووم، پێش ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌ده‌بێکی ڕیالیزمی ببینم). (لاپه‌ڕه 9).
(که چوومه مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه، من له قۆناغی خۆشه‌ویستی دووه‌میش تێپه‌ڕی بووم).
3- به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی کاکه‌ی فه‌للاح وتوویه‌تی من له دنیایه‌کی پڕ جۆش و خرۆشی دڵداری و سۆزی ڕۆمانسییه‌وه ڕووم کردۆته مه‌یدانی سیاسه‌ت بۆیه له، سه‌ره‌تادا شیعری پڕ سۆزی ڕۆمانسی و له دواییدا شان به شانی ئه‌و بابه‌تی ڕیالیزمی له شیعره‌کانمدا دیاره. (9-10).
4- له‌مه‌دا زیاد له ڕوونکردنه‌وه، هه‌ردی جۆره تیۆرێك بۆ شیعر یان بۆ شیعری خۆی پێشکه‌ش ده‌کا و ده‌نووسێ:
(ژیانی ده‌روونی و هه‌ست و سۆز و ناخ و هۆشی مرۆڤ، ئه‌وه‌نده ساده نییه، یان ژوورێكی ساده‌ی دوو ده‌رگا نییه، له‌م سه‌ره‌وه ته‌وژمێكی تێ بکه‌یت، له‌و سه‌ری بچێته ده‌ره‌وه! به‌ڵکو هه‌ر شه‌پۆلێك یان ته‌وژمێکی بیر و ڕا، یان ته‌وژمێکی سۆز و خۆشه‌ویستی و هونه‌ر که چووه ده‌روون و ناخی هه‌سته‌وه و ڕه‌گی داکوتا، هه‌روا به ئاسانی شوێن بۆ ته‌وژمێکی نوێ جێ ناهێڵێ، به‌ڵکو له ته‌کی دا ئه‌که‌ێته زۆرانبازی، بگره له وانه‌یه تا ماوه‌یه‌کی زۆر هه‌ردووکیان شوێنه‌واریان له دڵ و ده‌رووندا دیار بێت، تا له دوایی دا یه‌کێکیان سه‌ر ده‌که‌وێت) ل 10-11
5- گه‌ر وازم له شیعر نه‌هێنایه، من لام وایه ڕێڕه‌وی دووه‌م واته: ڕێڕه‌وێکی (ئیجابی) شۆڕشگێڕانه‌م ئه‌گرت چونکه به‌ڕاستی له ساڵی 1957 دا خۆم هاتبوومه سه‌ر ئه‌و بیره و بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی (ڕازی ته‌نیایی) ته‌م و مژی نا ئومێدی و ئه‌و ئاوازه گریاناوییه‌ی شیعره‌کان کاریان تێ نه‌که‌ن. ئه‌وه بوو له سه‌ره‌تای چاپی یه‌که‌مدا وتبووم.. [حه‌ز ناکه‌م، به من بێت گوێی هیچ گه‌نجێکی کورد به‌و چه‌شنه ئاوازانه بئاخنرێ که سه‌رتاپا بۆ ئافره‌ت و دڵداری ئه‌لاوێنێته‌وه!.]
جارێ با لێره‌دا پشوویه‌کی ناکامی بده‌ین و هه‌ناسه‌یه‌کی ئاخاوی هه‌ڵکێشین!
ئه‌ی پیری عه‌شقی هه‌ژار! چه‌ند زوو کوشتیانی!
به‌وه‌ش ڕازی نه‌بوون به زیندوویی بتنێژن، هاتن به ڕاستی پاکانه‌یان پێ کردی!
پاکانه: له دڵداری و عیشق!
پێیان وتی: شۆڕشی ڕاسته‌قینه ته‌نیا له ئاره‌قی ناوچه‌وانی ئه‌و پرۆلیتاریانه نه‌دایه که نه‌ت ده‌زانی له کوردستاندا له کوێدا ده‌ستده‌که‌ون. پێیان وتی جوانی ئیستتیکی ڕاسته‌قینه‌ی شیعر له‌و ڕیالیزمه‌دایه که خه‌باتی چینایه‌تی ده‌کاته هه‌وێنی شیعری شۆڕشگێڕیی!
کاکه‌ی فه‌للاح، هه‌قی خۆیه‌تی که (ته‌پڵی به‌تاڵ) به ئاشتبه‌تاڵاندنی تۆ بۆ سیاسه‌تی چه‌پ لێك ده‌داته‌وه. ئه‌وه‌تا تۆ هێشتا دوای سی و حه‌وت ساڵ مێشکت له‌و وانه قورسانه‌ی مامۆستایانی (کۆمۆنیزم) ده‌رباز نه‌بوو؟ هێشتا هه‌ست ده‌که‌ی ڕۆمانسییه‌که‌ت خیانه‌ت بووه له ڕیالیزم؛ ئه‌وینه ناخییه‌که‌ت، خیانه‌ت بووه له شۆڕشگێڕێتی سیاسه‌ت!
ئه‌ی پیری عیشق، وه‌ك خۆت ده‌فه‌رمووی چه‌ند دۆستێ قه‌ناعه‌تیان پێ کردی ئه‌م چه‌ند پارچه‌ی دڵه‌ت، له بازاڕی سیاسه‌تا وه‌ك شیعری ڕۆمانسی پێشکه‌ش بکه‌یت و بۆیان چاپ کردی.. به‌ڵام ئه‌وانی دی، براگه‌وره‌کانی بیر فس فس پاڵه‌وانانی سیاسه‌ت ناچاریان کردی، (پاکانه) ی پێشه‌کیی بۆ پاکیی دڵت بنووسی.
پێیان وتی بەرپرسیاری مێژوویی ئه‌م وڵاته تۆیه‌کی عاشقی گه‌نجی؟ چۆن دڵداره‌که‌ت له دڵدا به‌خێو ده‌که‌ی، چۆن به فرمێسك خه‌مه‌کان ده‌شۆیته‌وه، چۆن به شیعر توڕه‌ییه‌کانت ته‌ڕ ده‌که‌ی، چۆن به ڕۆمانسیه‌ت ڕازه‌کانت دادەڕێژی؟ ئیدی تۆ فه‌لسه‌فه‌ی گریان فێری نه‌وه‌یه‌ك ده‌که‌ی له خه‌باتی شۆڕشگێڕی چینایه‌تی هه‌ڵیان دەبوێری. دنیای ساز و بازی ڕیالیزم له پێشته؟ ڕیالیزم یانی وابوویی و ڕاستی. به‌ڵام نه‌ء ڕاستی ئه‌وه نییه له ناخی ناختا ده‌تهه‌ژێنێ، ڕاستی ئه‌وه نییه ده‌روونت پڕ ده‌کا له خه‌ون و تاسه، ڕاستی ئه‌وه نییه چاو بۆ جوانییه‌کانی جیهان ده‌کاته‌وه و پیرۆزی ئه‌وین له دڵتا په‌روه‌رده ده‌کا، به چه‌شنێ جوانی دنیا لە جوانی دڵداره‌که‌ت دا ببینی؟
نه‌ء: لە شیعرنووسین بوه‌سته به‌رله‌وه‌ی شیعره‌کانت لافاوی فرمێسکی گه‌نجان دروست که‌ن و (بناغه و چینی ته‌لاری) ده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی پرۆلیتاری ڕاماڵن؟!
ست فاتمه کێیه؟
گه‌ر هه‌ر گۆرانی بۆ ده‌ڵێی؟ بۆ نایکه‌یته نموونەی ئافره‌تێکی بورژوازی، بۆ عیشقه‌که‌ت ناکه‌یته عیشق و چینایه‌تی؟ بۆ دڵ ناکه‌یته مه‌ڵبه‌ندی ڕق له ڕه‌وش و ڕه‌وشتی بۆرژوا؟
ئه‌مه‌یه ئه‌و ڕێبازه‌ی ڕۆمانسییه‌که‌ت ده‌کاته ڕۆمانسیه‌تێکی شۆڕشگێڕی ئیجابی! بۆ ناچی فه‌لسه‌فه بخوێنییه‌وه تا خۆت بناسی؟ ئه‌وسا به خۆت نازانی خۆت له به‌هه‌شتی داهێنانی ڕیالیزمانه‌دا ده‌بینیه‌وه؟ ئه‌ی نابینی چۆن (گۆران) یشمان به‌م ڕێیه‌دا برد؟ ئه‌ی نابینی چۆن له گۆرانی وتن بۆ ژن و سروشت و جوانی‌یه وەو بردمانه سه‌ر هه‌له‌ق مه‌له‌ق؟
ئه‌ی پیری عه‌شق:
سه‌یری دڵی خۆت کرد: دوو ده‌رگای نه‌بوون، له‌یه‌کێکیانه‌وه بێیته ژووره‌وه له‌وه‌ی تر بچیته ده‌ره‌وه. سه‌یری دڵت کرد: یه‌که یه‌ك خانه‌یه، ئه‌وه‌یه که هه‌یه و که تاقیت کردۆته‌وه. ئه‌و دڵه له ده‌ره‌وه بۆ دڵداریی ده‌جۆشا. ئه‌و هه‌ستی دڵدارییه هۆشتی پڕ کرد له‌و خورپه و خۆزگه و خولیایانه‌ی وه‌ك په‌پووله به باخی ڕۆمانسیزم شه‌یدا بوون.
تۆ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م بیرێکی ڕۆمانسییدا ڕۆحت ڕاچه‌نی و هاواری کرد: ئه‌وه منم!
هاواری کرد: ئه‌م ئاوازانه له به‌هه‌شته‌وه هاتوون، له‌و هه‌رێمانه‌وه که له پێش بوونمه‌وه خه‌ونیان پێوه ده‌بینم. دڵت یه‌کسه‌ر شایه‌تی پێ هێنا: منیش به هه‌وای ئه‌م به‌ستانه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕم، به ئاوازی خه‌ماوی ئه‌وانه‌وه هه‌ناسه ده‌ده‌م.
ئه‌وسا نه‌تزانی چۆن، (فریشته یان جنۆکه‌ی) شیعری گۆران- انه، لێت نه‌بوونه‌وه، به‌ڵام په‌له‌ت نه‌کرد: سه‌رنجت له‌و به‌چکه سه‌یر و عه‌نتیکانه‌ی ڕۆمانسیزم دا، ڕه‌نگیان، ڕوخساریان، ده‌نگیان، هه‌ڵس و که‌وتیان چۆنه؟ بۆ ئه‌وه‌ی بیانکه‌یته نموونه و ئایدیالی گۆرانی‌یه ده‌روونییه‌کانت.
زوو بۆت ده‌رکه‌وت. وشه‌کان چه‌نده پڕن له مانا و مه‌به‌ست. هه‌سته‌کان چه‌نده چڕبوونه‌وه و خه‌ست، جوانییه‌کان چه‌نده جادوویی کراون و مه‌ست.. ئاوازه‌کان چ لایلایه‌یه‌ك بۆ ناکامییه‌کان ده‌ڵێن، وێنه‌کان چ لانكەێك بۆ کۆرپه‌کانی خه‌م ڕاده‌ژێنن. دوای ئه‌مه، گه‌یشتیته وه‌ڵامی پرسیاره ڕۆحییه‌کانت.
ئه‌وەیە من، ئه‌وه هی منه.
ڕۆمانسیزمی خود، ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یه، دڵبه‌نده‌یه که هۆنراوه‌ی منی تێدا باڵه فڕێ ده‌کا.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانی داخۆ به ڕاستی شوناسنامه‌ی ئه‌و ڕێیه‌ت هه‌یه: هاتی سه‌رنجی وشه هه‌ڵقوڵاوه‌کانی ناخت دا و له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی خه‌می زمانی خه‌ڵکه‌که‌تدا به‌راوردت کردن. هاتی سه‌رنجی ساز و ئاوازه‌کانت دا و له‌گه‌ڵ ڕیتم و ڕایمی ڕۆمانسییه‌کاندا به‌راوردت کردن.. من دڵنیام: به هوشیاری و به نه‌خشه‌وه ده‌ستت بە نووسین کرد، به ته‌واوی له هونه‌ری هۆنینه‌وه‌ی شیعری رۆمانسی خۆت شاره‌زاکرد. ره‌نگه به‌ر له‌وه‌ی یه‌که‌م هۆنراوه‌ت به دڵ بوو بێ و ناوی له دایك بوونی بده‌یتێ، چه‌ندین هۆنراوه‌ت له‌به‌ر بردبن و زینده‌به‌چاڵت کردبن.
له رۆمانسییه‌تدا رووا بووی، کاتێ ویستیان به چه‌نگی ریالیزم له ره‌گه‌وه هه‌ڵتکێشن. ئه‌وه هیچ. سیاسه‌ت پیرۆز تره. وه‌هایان پێ وتی. کاتێ له هۆنراوه و هه‌ڵبه‌ست وتن كەوتی، وایان دانا ئه‌وه چونکه خۆتنه‌گرت و ده‌می چێژی هونه‌رییت به‌سه‌رچاوه‌ی تاسه‌ی تۆتالیتاریزمی پرۆلیتاریاوه نه‌نا.
نا، ئه‌وه‌تا تۆ ده‌ڵێی ته‌واو بە پێچه‌وانه‌وه له عیشقی دووه‌م تێپه‌رت کردبوو و هه‌ڵبه‌ت ئێستا (عیشق) لای تۆ هیچی دی ژماره نه‌بوو، ئه‌م ژن و ئه‌و ژن نه‌بوو ئه‌و جوانی‌یه روحییه بوو که له هه‌موو چاوگه‌یه‌کی عیشقی ده‌نۆشی. ده‌ڵێی: هه‌نگاوێکی ریالیزمانه‌ت هاویشت و چوویته دنیای سیاسه‌ته‌وه. له‌و دنیایه‌دا هه‌موو شتێ له کۆبه‌ندێکی ده‌روێشیی دا هه‌ڵواسراوه. ئه‌و ده‌روێشییه‌ی مانای دڵ نازانێ، جه‌زره‌به‌ی جوانی ده‌دا، مێشك ده‌کاته ماشێنێ به (مه‌قوله) ئیش ده‌کا و هه‌مووشتێ : ( نیفاقه)
[ له سه‌ره‌تادا شیعری پر سۆزی رۆمانسی و ئه‌وسا شان به شانی ئه‌و بابه‌تی ریالیزمی له شیعره‌کانمدا دیارن.]
به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌س نه‌بوو: ئه‌وه‌تا هه‌ستت کرد ناتوانی ئه‌و شیعرە پر سۆزانه‌ی رۆمانسی بڵاوبکه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر پاکانه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ نه‌نووسی:
( حه‌زناکه‌م به‌من بێ گوێی هیچ گه‌نجێکی کورد به‌و چه‌شنه ئاوازانه بئاخنرێ که سه‌رتاپا بۆ ئافره‌ت و دڵداری ئه‌لاوێنێته‌وه)!
2. تیۆرییه شیعرییه‌که‌ی هه‌ردی:
ده‌کرێ دوو سێ دێڕ به تیۆرییه‌ك دا بنێن؟
بۆ نا.
تیۆری بیرێکه که چۆنیه‌تی کرده‌وه‌یه‌ك روون ده‌کاته‌وه یان رێنمایی ده‌کا.
گه‌ر هه‌ردی ئه‌زموونی شیعری خۆی به چه‌ند رسته‌یه‌کیش روون بکاته‌وه به شێوه‌یه‌کی وا که تێگه‌یشتنی ئێمه له چییه‌تی ئه‌زموونه شیعرییه‌که‌ی زیاد بکا، ئه‌وه ئاخاوتنێکی تیۆریی پێشکه‌ش کردووین. راسته شاعیرە رۆمانسییه ئینگلیزه گه‌وره‌کانی وه‌ك وردزوێرس، کۆرج و شێلی به درێژی له‌سه‌ر ئه‌زموونی رۆمانسیگه‌ریی خۆیان نووسیوه. به‌ڵام ئه‌و بیرانه‌ی نوێن و ناو‌کی بیرکردنه‌وه و پراوه تازه‌که‌یان ده‌رده‌بڕن له چه‌ند دێرێکدا ده‌دۆزرێنه‌وه.
هه‌ردی له‌و چه‌ند دێره‌دا (خاڵی چواره‌م) دوو بیرۆکه‌ی دژ و به‌راوه‌ژوو ده‌وروژێنێ که ناویان ده‌نێ: دوو ته‌وژم.
یه‌کیان ته‌وژمی بیروباوه‌ڕه
ئه‌وه‌ی دی ته‌وژمی: سۆز و خۆشه‌ویستی و هونه‌ره. بۆ ئه‌مانه: ژیانی ده‌روونی و هه‌ست و سۆزی ناخ و هۆشی مرۆڤ داده‌نێ.
لێره‌دا گه‌رچی هه‌ردی ره‌ق و زەق ده‌ری نابڕێ، به‌ڵام دیاره که باسی ناکۆکی نێوان ئایدیۆلۆجی و ئه‌زموونی ده‌روونی/ سۆزی هونه‌ریی ده‌کا.
هیچ مرۆیه‌ك نییه به تایبه‌تی مرۆڤی رووناک‌بیر و هونه‌رمه‌ند که له ژیانیدا به‌رامبه‌ری هه‌ردوو له‌و ئه‌زموونانه و کارتێکردنانه نه‌بێته‌وه.
به‌ڵام چۆن کارمان تێده‌که‌ن؟
یان چۆن کار له هونه‌رمه‌ند ده‌که‌ن؟
هه‌ردی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گرنگه‌مان ده‌داتێ.
هه‌ردی ده‌ڵێ: دڵ دوو ده‌رگای نییه له‌م سه‌ره‌وه بێیه ژووره‌وه و له سه‌ره‌وه ده‌رچی. وا ساده نییه.
ئه‌و ده‌ڵێ: که هه‌ستی رۆمانسی دڵ و سۆزی هونه‌ر و جوانی وا له رۆحیدا روابوون که هه‌رچه‌ند ته‌وژم و تینی ئایدیۆلۆجیا به هێز بوو به‌ڵام له‌ناو دڵیا ده‌رگایه‌کی دی نەبوو که لێیه‌وه هه‌ست و سۆزه‌کانی ناخی فڕێداته ده‌ره‌وه. به‌ڵکو هه‌رده‌بوو لێگه‌ڕێ ئه‌و دوو ته‌وژمه‌ی ئایدیۆلۆجی و ئه‌وینه هه‌ر له‌ناو دڵ و ده‌روون و هۆشی ناوه‌وه‌یدا بکه‌ونه ( زۆرانبازی) ! تا یه‌کێکیان سه‌رده‌که‌وێت؟!
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: بۆ ده‌بێ هه‌ر زۆرانبازی بێ و بۆ ده‌بێ هه‌ر یه‌کێکیان سه‌ر بکه‌وێ؟ ئایا وشه‌ی (زۆرانبازی) وشه‌یه‌کی یان بیرۆکه‌یه‌کی ره‌ق و کرده‌یه‌کی توند و تیژ نییه؟
نا.. ئایدیۆلۆجی – ئه‌مه ده‌خوازێ.
ئایدیۆلۆجی (لاواندنه‌وه‌ی ئافره‌ت و دڵداری) ناوێ تا مێشکی گه‌نجانی شۆرشگێری پێ (بهاخنرێ)!!
بڵێی: ئه‌مه نه‌بێ ئاخری رۆحی شیعری هه‌ردی کوشتبێ! بڵێی ئه‌و دڵه بچکۆله ناسکه‌ی به‌ری ئه‌و زۆرانبازییه سه‌خته‌یان گرتبێ؟!
ئایا چاره‌سه‌رییه‌کی دی نییه؟
هه‌ردی هه‌وڵ ده‌دا چاره‌سه‌رییه‌کی مام ناوه‌ندی بدۆزێته‌وه تا دڵی هه‌ڤاڵه‌کانی رازی بکا یان وه‌ڵامێکی ئه‌و باوه‌ڕه ئایدیۆلۆجییه بداته‌وه که نابێ گه‌نجان ته‌نیا به لاواندنه‌وه‌ی دڵداری لایلایه بکرێن به‌ڵکو له پاڵ ئه‌مه‌وه هه‌ر له رێگای ئه‌و رۆحه رۆمانسییه‌ی له ناخیدا چه‌سپاوه وانه‌ی چینایه‌تی فێری لاوان بکا.
ئه‌م بۆچوونه ئایدیۆلۆژییه به‌مه‌سته پرۆژه‌ی دوو هۆنراوه‌ی: ( ست فاتمه) و دڵداری کچی تازه پێك دێنێ.
3. روونکردنه‌وه‌کانی هه‌ردی ده‌رباره‌ی ست فاتمه
با جارێکی دیش بۆ روونکردنه‌وه‌کانی هه‌ردی بگه‌رێینه‌وه ده‌رباره‌ی ست فاتمه.
هه‌ردی ده‌ڵێ: ( من هه‌رگیز شیعرم نه‌کردووه به پیشه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی، به‌ڵکو ساڵی جارێك یان دوو جار له بار و دۆخێکی تایبه‌تیدا شیعرم داناوه، یان با بڵێین: رازی دڵی خۆمم تێدا ده‌ربڕیوه.)
له‌م راگه‌یاندنه‌ش هه‌ردی دوو لایه‌نی گرنگی ئه‌زموونی شیعری خۆی ئاشکرا ده‌کا.
یه‌که‌م: شیعر لای ئه‌و له ئه‌نجامی ئه‌زموونێکی خۆیی تایبه‌تییه‌وه درووست بووە.
دووه‌م: سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شیعرانە، ئه‌زموونی ده‌روونیی و رازی دڵ بوون.
ئایا به‌م پێودانگه:
هۆنراوه‌ی ( ست فاتمه) له ئه‌زموونێکی ده‌روونی تایبه‌تی و رازی ( خۆشه‌ویستی) دڵه‌وه هه‌ڵقوڵاوه؟
پێشتر هێمام بۆ ئه‌وه کرد که ئه‌م هۆنراوه‌یه (پرۆژه) یه‌کی هاوسازی کردنه له نێوان دڵ و ده‌ره‌وه‌دا، له نێوان ئه‌زموون و ئایدیۆلۆجی دا، با بزانین هه‌ردی چ ده‌ڵێ:
{ له ساڵی 1950دا له ئه‌نجامی چه‌ند گفت و گۆ و قسه گۆڕینه‌وه و لێدوانێکی دوور و درێژی ئه‌وسادا وام به بیردا هات که چه‌ند شیعرێ‌کی دڵداری رێك بخه‌م که: [ دابه‌شکردنه‌که و هێڵه‌کان هی خۆمن]
1- له ناوه‌ڕۆکدا جیاوازی چینایه‌تی پیشان بدات.
2- به جۆرێك بێت له‌گه‌ڵ زه‌مینه‌ی گشتی شیعره‌که‌دا بگونجێت.. نه‌ك بیر و رایه‌کی ناساز بێت و به زۆر ئاخنرابێته ناو شیعره‌که‌وه.
3- له‌م رووه‌وه دوو شیعرم پێ وترا، یه‌که‌میان شیعری (ست فاتمه) بوو، ئه‌وی تریان ( دڵداری کچی تازه) بوو..
که‌واته هه‌ردی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که ئه‌م دوو شیعره‌ی وه‌ك پرۆژه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی نووسیون. له‌مه‌ش پتر ره‌گه‌زه‌کانی ئایدیۆلۆجی له‌ناو شیعره‌که‌دا به زه‌قی ده‌ستنیشان ده‌کا و ده‌ڵێ:
( ئه‌و په‌لاماردانی (خاوه‌ن ته‌لار و عانه) یه‌ی له شیعری ( ست فاتمه) دا هه‌یه له راستیدا زیاتر ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه… نه‌ك بۆ جیاوازی چینایه‌تی (من) و ( ئه‌و کچه‌ی) له‌وێدا ناونراوه ست فاتیمه…..
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و کچه زۆر هه‌ژاریش بوایه من هه‌روام پیشان ئه‌دا که له چینێکی له خۆم به‌رزتره. چونکه وه‌ك له پێشدا وتم مه‌به‌سته‌که ده‌رخستنی جیاوازی چینایه‌تی بوو له شیعرێ‌کی دڵداریدا). ( ل. 16- 17 )
دوایی زیاتر ئه‌م خاڵه روون ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ:
( ئه‌وی راستی بێ هۆی یه‌که‌م ( بۆ نووسینی ئه‌و شعره) ئه‌وه‌یه که له‌و کاته‌دا واته له ساڵی 1950دا کچێك سه‌رنجی راکێشابووم، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه که له شیعره‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و کچه‌ش هه‌مان هه‌ستی به‌رامبه‌ر من هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ستی هه‌ردووکمان دووران دوور بوو..
له هه‌مان ساڵدا هاوڕێی به‌ڕێزم کاك ئه‌کره‌می عیززه‌ت نه‌جیب، که له‌و کاته‌دا له کۆلیجی حقوق بوو، شیعرێكی بۆ هێنام که یه‌کێك له شاعیرانی ئه‌و کۆلیجه به‌سه‌ر کچه قوتابیه‌کانی ئه‌و کۆلێجه‌دا هه‌ڵدابوو.. پێشنیازی کرد شیعرێكی له‌و بابه‌ته دابنێم…. به‌ڵام ئه‌وسا واته ساڵی 1920، زۆربه‌ی ئافره‌تانی لای ئێمه په‌چه‌یان ده‌گرته‌وه،… بێجگه له‌وانه‌ی مامۆستای قوتابخانه بوون…. له پاشدا.. ناوی (ست فاتمه) م لێ نا.(لا. 22-23.) له 1957 دا که بۆ یه‌که‌مجار شیعره‌کانیان چاپ کرد، ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌م نووسی:
(ناوی فاتمه وه‌نه‌بێ ناوێکی ڕاسته‌قینه بێت، به‌ڵکو وه‌ك له‌گه‌ڵ چیرۆکدا ناوی خواسته‌مه‌نی بۆ کاره‌کانی چیرۆکه‌که دا ئه‌نرێت، ئه‌مه‌ش شتێکه وا..)
دوایی ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی 1957 زیاد ده‌کا:
(نه‌م وتووه ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌م شیعره‌ی بۆ دانراوه که‌سێکی ڕاست نییه، وتوومه (ناو فاتمه) وه‌نه‌بێ ناوێکی ڕاسته‌قینه بێت).
ئێ!! گۆڕت پڕ پرشنگی ڕووناکی کاکه‌ی فه‌لاح! ئه‌وه نه‌ك هه‌ر مه‌ته‌ڵی فاتمه‌مان هه‌ڵێنا، به‌ڵکو ته‌واوی چیرۆکه‌که‌ی ئه‌و و هی دڵدارییه‌که و هی پرۆژه‌ی شیعره‌که‌شمان لا ئاشكرا بوو!
ئێستا چ له‌م هه‌موو زانیارییه ڕوون و چڕه‌ی هه‌ردی ده‌که‌ین؟ چ شتێکمان ده‌رباره‌ی شیعره‌که، پرۆژه‌که، بیرکردنه‌وه و خولیای شیعری هه‌ردی، ئه‌زموونی دڵداری، ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه و ئاخاوتنی حیزبی… بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه؟
یه‌که‌م: ده‌رباره‌ی هۆنراوه‌که خۆی:
ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ی هه‌ردی پێنج ڕه‌گه‌زی گرنگ که له به‌رهه‌مهێنانی پرۆژه‌ی هۆنراوه‌که‌دا به‌شدارن روون ده‌کاته‌وه:
1- ئه‌زموونێکی دڵداریی ڕاسته‌قینه.
2- تێکه‌ڵاوکردنی پرۆژه‌یه‌کی ئایدۆلۆجی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه و له ئه‌نجامدا (شێواندنی ڕاسته‌قینه‌یی ئه‌زموونه‌که بۆ مه‌به‌ستی سیاسی ئایدیۆلۆجی.
3- ده‌وری ڕێکه‌وت له ده‌ستپێکردنی پرۆژه‌که.
4- ده‌وری چیرۆکی خه‌یاڵی له هه‌ڵبژاردنی پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که‌دا.
5- ئاخاوتنی نۆده‌می: هه‌ڵبژاردنی نموونه‌ی ژنێكی ئازاد: ست فاتمه.
دیاره هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه به ئاشکرا له هۆنراوه‌که‌دا نوێندراون و دیارن.
ئه‌وی گرنگه بۆ خودی ناوه‌ڕۆك و ستراکتووری هۆنراوه‌که له شێوه‌ی ته‌واو بوویدا بوونی دوو ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌کییه: که پێشتر له تیۆرییه‌که‌ی هه‌ردی دا ڕوونمان کرده‌وه که له به‌ربه‌ره‌کانی دان و ده‌شێ ماوه‌یه‌ك پێکه‌وه بژین به‌ڵام دوایی ده‌بێ یه‌کێکیان زاڵ بێ. ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌ش ژیانی ده‌روونی سۆز‌و خۆشه‌ویستی و بیر و باوه‌ڕی ئایدیۆلۆجین. وه‌ك هه‌ردی به ڕوونی ده‌ری ده‌خا:
1- ئه‌م هۆنراوه‌یه ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه. کچێکی خۆشویستووه و خۆشی ویستووه و ئه‌مه هه‌وێنی هۆنراوه‌که‌ی پێك هێناوه.
2- له ئه‌نجامی وت و وێژی دوور و درێژی (ئایدیۆلۆجی) بیریی، پرۆژه‌ی دروستکردنی جیاوازی چینایه‌تی له شیعری دڵداریدا لا دروست بوو. ئه‌م شیعره به ئه‌نجامگه‌یاندنێکی ئه‌و پرۆژه‌یه.
3- له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا، هه‌ندێ حه‌قیقه‌ت به‌راوه‌ژوو کرانه‌وه:
له بنه ڕه‌تدا جیاوازی چینایه‌تی نه‌بووه، به‌ڵکو ده‌بوو (درووست بکرێ) و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کچه‌که له بابه‌تێکی دڵداریی ڕاسته‌قینه‌وه و که ڕه‌نگه سۆزی دڵداری ڕاسته‌قینه‌ی جیای بهاروژاندبایه، گوازتراوه‌ته‌وه بۆ بابه‌تی داڕشته‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی: واته چیتر کچه ڕاسته‌قینه‌که‌ی دڵداری دوورا و دوور نییه، به‌ڵکو کچێکی خه‌یاڵکرده وه‌ك مۆدێلی خۆشه‌ویستی بۆرجوازی (که ده‌شێ له سلێمانی ئه‌و کاته‌دا هه‌بووبێ یان ده‌گمه‌ن بوو بێ یان هه‌ر نه‌بووبێ) که ئه‌مه‌یان باسێکی دی هه‌ڵده‌گرێ.
لێره‌دا خۆمان به‌رامبه‌ر پرۆژه‌یه‌کی دوو دیو یا دوو نیو دا ده‌دۆزینه‌وه:
پرۆژه‌یه‌کی شیعری دڵداری: نیوه‌و دیوێکی ئه‌زموونی ڕاسته‌قینه بێ و نیوەو دیوێکی دی داڕشته‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی ده‌سکردبێ؟ ئایا هۆنراوه ده‌توانێ ئه‌م دووانه لێك دا؟ ئایا دوو نیوه و دوو دیوه‌که به زه‌قی ناساز ده‌رناکه‌ون؟ ئه‌م پرسیاره ده‌مانباته‌وه بۆ چه‌ند هه‌ست و خولیایه‌کی ڕۆمانسییانه که له سه‌ره‌تای ئه‌م باسه‌دا ده‌رمان بڕی: ئایا شیعر وه‌ك ڕۆمانسیه‌کان ده‌ڵێن: ده‌ربڕینێكی خۆکردی هه‌سته خۆڕێژه‌کانه؟
یان له‌وه زیاتر نییه سنعه‌تێکی وشه بێ که هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌ت، یان (شاره‌زا) یان به ئه‌زموون، ده‌توانێ لێیان، (بوویه‌کی ئۆرگانی) ته‌واو دروست‌کا. ئایا هه‌موو فۆرمه‌کان له بابه‌تی جیاواز دروست نابن؟ له (جیایی له یه‌کێتی دا) به‌رجه‌سته نابن؟ هارمۆنی هه‌بوونی پێکه‌وه به‌ده‌ست ناهێنن؟
ئه‌ی بۆ ده‌بێ هۆنراوه له‌م ڕێکار و ئاکامه به‌دەر بێ؟ ئێستا گه‌یشتینه (خاڵێك) که ئاخاوتنه‌که له‌مه پتر ناکشێ و مه‌زه‌ندی وه‌ڵامه‌کان ڕه‌نگه به لاڕێماندا به‌رن. بۆیه کاتی ئه‌وه هاتووه که سه‌رنجی له‌نجه‌ی (ست فاتمه) بده‌ین، بزانین تا چه‌ند وه‌ڵامی ئه‌م پرسه و مه‌راقه‌کانی پێشوومان ده‌داته‌وه. پێش ئه‌وه با ئه‌وه بێنینه‌وه بیری خۆمان که هه‌ردی به هۆشیارییه‌وه ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی گه‌ڵاڵه کردووه مه‌ترسییه‌کانیشی بۆ سه‌ر به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌زانی! ئه‌وه‌تا خۆی ده‌ڵێ: له‌و ڕووه‌وه ته‌نیا دوو شیعرم پێ وترا. سه‌رنجی قورسایی ئه‌م ڕسته‌یه بده‌ن که قورسایی ئه‌رکه‌که ده‌رده‌بڕێ.
ته‌نیا: واته به نیازی زیاتر بووه و هه‌وڵی بۆ داوه و سه‌رنه‌که‌وتووه!
پێ وترا: دوو مانای هه‌یه: به ڕه‌نج و هه‌وڵی زه‌حمه‌تی خۆی شیعره‌کانی وتن. (که ئه‌مه مه‌به‌ستێتی) و (که ئه‌مه‌ش ده‌گرێته‌وه) که‌سانی دی شیعره‌کانیان پێ وتبن، هه‌ر وه‌ك که‌سێ له دانیشتنێكدا گۆرانیت (پێ بڵێ)!
له هه‌ردوو ماناکه‌دا ڕه‌گه‌زی زۆر پێکردن یان زۆر له خۆکردن هه‌یه!
مه‌رجی دووه‌م که هه‌ردی بۆ خۆی دانا ئه‌وه بوو که:
بابه‌ته ئایدیۆلۆجیه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه ڕاسته‌قینه‌که ناساز نه‌یه‌ته‌وه و وا ده‌رنه‌که‌وێ (به زۆر ئاخنرابێته ناو شیعره‌که‌وه). که‌وایه هه‌ردی هه‌ژار له نێوان دوو (ئاخنین) دا تێماوه!
– شیعری به‌سۆز و گه‌رمی ئه‌وین نابێ (گوێی گه‌نجی کوردی پێ بئاخنرێ).
– ئایدیۆلۆجیش نابێ گوێی شیعری پێ بئاخنرێ!!
له نێو ئه‌م دووانه‌دا ئاخ و داخێکی هونه‌ریی هه‌یه، که قوربانییه‌که‌ی ڕۆحی پاك و جوانپه‌رست و ئه‌وینپه‌رست و هونه‌ر په‌رستی هه‌ردی یه!
4. شیكردنەوەی هۆنراوه‌ی چه‌پکه گوڵێك بۆ ست فاتمه:
1- رواڵه‌تی هۆنراوه‌که:
هۆنراوه‌که بریتییه له چوار شه‌ش خشته‌کی. واته هه‌ر به‌شه‌ی بریتییه له شه‌ش دێڕ. چوار دێڕی یه‌که‌می هه‌ر شه‌ش خشته‌کییه‌ك یه‌ك قافیه یان هه‌یه، دوو دێڕی دوایان قافیه‌یه‌کی جیایان هه‌یه که دێڕی یه‌که‌م له هه‌موویاندا به ( ست فاتمه) دوایی هاتووه و قافیه‌که‌ش له دێڕی دووه‌می هه‌موویاندا هه‌مان قافیه‌ی (ئاواتمه). هۆنراوه‌که هه‌مووی له‌سه‌ر کێشی په‌نجه‌ی (15) بڕگه‌یی یه. که كێشێکی ره‌سه‌نی لیریکی کوردییه.
2- کۆ ئاخنی هۆنراوه‌که:
له پێشه‌کی ئه‌م باسه‌دا کۆئاخنی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌مان هه‌ر وه‌ك هه‌ردی خۆی ڕوونی کردۆته‌وه شی کرده‌وه. وشه‌ی کۆئاخن له جیاتی context ئینگلیزی به‌کاردێنم.
له وشه‌ی کۆ+ ئاخن پێك هاتووه. مه‌به‌ستم له‌مه (ناواخن) ی هۆنراوه‌که ( ئه‌و باس و خواسه‌ی تێی خنراوه) له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و شتانه‌شه که له ده‌ره‌وه‌ی هۆنراوه‌که راسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به‌و ناوه‌ڕۆکه‌وه هه‌یه یان به‌شدارییان له په‌یداکردن و دارشتنیدا کردووه. ده‌وری (کۆ ئاخن) به پێی سروشت و کێشه‌ی هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ك ده‌شێ فراوان یان ته‌سك بکرێته‌وه. زۆرجار بۆ تێگه‌یشتنی ته‌واوی مانا و مه‌به‌ست و دامێنه‌کانی هۆنراوه‌یه‌ك پێویستیمان به‌وه ده‌بێ کۆئاخنی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کۆئاخنی تایبه‌ت به بایۆگرافی نووسه‌ره‌وه بزانین. لێره‌دا مه‌به‌ستم له کۆئاخن ئه‌و چوارچێوه و هۆکاری مێژوویی و سه‌رده‌مییانەن که له به‌رهه‌مهێنانی ( شێوه‌ی کۆتایی) ئه‌م هۆنراوه‌یه‌دا ده‌وریان هه‌بووه. وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کرد ده‌وری ئایدیۆلۆجی، رێکه‌وت، ره‌وتی نۆده‌میی و کارتێکردنی رۆشنبیریی و ئه‌زموونی دڵداریی راسته‌قینه هه‌ر یه‌که به چه‌شنێ به‌شدارییان له پێگه‌یاندنی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌دا کردووه. له‌م رووه‌وه روونکردنه‌وه‌ی هه‌ردی یه‌کجار به‌نرخه و پرسه سه‌ره‌کییه گرنگه‌کانی یه‌ك لا کردوونه‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی هۆنراوه‌که سه‌رنجمان رابکێشێ هۆنراوه‌که خۆی، به‌و شێوه‌ی ناونیشان و روخساری خۆی پێشکه‌ش ده‌کا، سه‌رنجمان راده‌کێشێ.
یه‌که‌م: ناونیشانی هۆنراوه‌که: (چه‌پکه گوڵێك بۆ ست فاتمه): جارێ مه‌حاڵه پێش هه‌ردی هیچ هۆنراوه‌یه‌کی دی هه‌بێ که ناونیشانی له‌م چه‌شنه‌ی هه‌بێ. گرنگی ناونیشانه‌که بۆ ئه‌و دەمە (1950) له تازه‌ییه‌که‌یدایه، تازه‌یی به هه‌موو دامێنه‌کانیه‌وه. تازه‌یی به مانای نۆده‌میی (مۆدێرن بوون)… هه‌روا شێوه‌یه‌ك له یه‌کسه‌ری و کت و پڕی تێدایه: وه‌ك ئه‌وه وایه ده‌رگایه‌ك بکه‌یته‌وه و که‌سێ به چه‌پکه گوڵێکه‌وه وه‌ستابێ.. دیاره باسی گوڵ و گوڵبوونی دڵدار و پێشکه‌شکردنی گوڵ تازه نه‌بوون: به‌ڵام چه‌پکه گوڵێ پێشکه‌ش ژنێ بکرێ ئه‌وسا ئه‌و ژنه‌ش ( ست ) بێ ! ئه‌مه نیشانه‌یه‌کی گرنگه بۆ رواڵه‌تی نۆده‌می بوون له‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانیدا.. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به ده‌وری ده‌وڵه‌ت و به‌تایبه‌تی کۆبه‌ندی په‌روه‌رده و خوێندنه‌وه هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بواری (خوێندن) بۆ کچ و کوڕان کرایه‌وه پێگه‌یاندنی مامۆستایانی ژن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بوو به یه‌که‌م هه‌نگاوێکی نۆده‌میی گرنگ بۆ هێنانی ژنان بۆ ده‌ره‌وەی مال و به‌شداریکردنیان له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری‌دا. په‌یدابوونی دیارده‌ی (( ست )) بۆ ژنان ( له پاڵ ئه‌فه‌ندی بۆ پیاوان) به‌رهه‌می ئه‌و ره‌وته بوو. هه‌ردی خۆی ده‌ڵێ: بۆ وه‌سفی جوانی کچ، به‌و شێوه‌یه‌ی قوڵتر شاعیره‌که‌ی کولیجی یاسای به‌غدا به‌سه‌ر کچه‌کانیدا هه‌ڵدابوو، ئه‌و به‌خت و ده‌رفه‌تەی کچێک له‌به‌ر ده‌ست و له‌به‌ر هه‌ست بێ تا بیكاته بابه‌تی ئیستاتیکای شیعر هه‌یه‌و نییه وێنه‌ی بێ په‌چەی (( ست خان)) ه ! بۆیه ( ست خان) به نموونه بۆ ( کچانی سه‌رده‌م) هه‌ڵده‌بژێرێ. ئه‌مه وه‌ڵامی ده‌وری رێکه‌وته‌که ده‌داته‌وه. به‌ڵام وشه‌ی رێکه‌وت لێره‌دا به مانای که‌مکردنه‌وه له نرخی چ دیارده‌که چ هۆنراوه‌که نییه. به پێچه‌وانه‌وه نرخی پتر ده‌کا. رێکه‌وته‌که خۆی ئه‌نجامی هه‌لومه‌رجێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه. بوونی خوێندکاری کورد له زانکۆکانی به‌غدا و گوازتنه‌وه‌ی رواڵه‌ته‌کانی ژیانی روشنبیری شارستانی ئه‌وێ و هه‌بوونی تێکه‌ڵکاریی و کارلێکی له‌و بواره‌دا. له لایه‌کی دیکه‌وه شیعر یان شاعیر خرۆش و هه‌ژاندن یان پاڵنه‌ر و بیری ده‌وێ، تا هۆنراوه‌یه‌ك ده‌ست پێ بکا: له دوای ده‌ستپێکردنه‌که‌وه ئه‌وه پرۆسه هونه‌رییه‌که‌یه که نرخ به پێشینه و ره‌گه‌زه‌گان ده‌دا، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
لێره‌وه هه‌ر هاتنی ناوی (ست فاتمه) له‌و کاته‌دا بۆ ناو هۆنراوه‌که و بوونی به بابه‌تی هۆنراوه‌که خۆی له خۆیدا ( تازه‌یی یه‌کی) خۆش و جوانی هێنایه ناو ئاخاوتنی شیعری و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه و بوونی ئه‌و هۆنراوه‌ش به گۆرانی به ده‌نگی به سۆزی عه‌لی مه‌ردان زیاتر ئه‌م– ست فاتمه: لێره‌دا له تاکه‌وه، له تایبه‌تییه‌وه كردە (نموونه) و (مۆدێل) و خوێند‌نەوەیی ده‌ورێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و کرانه‌وه‌یه‌کی شارستانی تازه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا..
((چه‌پکه گوڵه‌که‌ش) مانایه‌کی مێژوویی تازه‌ی وه‌رگرتووه: چه‌پکه گوڵی پێشوازییه بۆ ئه‌م ره‌وته نوێیه.. جا چ له‌وه جوانتر و به‌سۆزتره که له‌مه‌ش پتر ( ست فاتمه) ببێته بابه‌تی جیهانی دڵداری…
به‌ڵام دیاره وه‌ك هه‌ردی روونی کرده‌وه (ست فاتمه) ی نموونه‌ی مۆده و مۆدێرنیزم له‌وه‌ش پتر کراوه‌ته بابه‌تی پرۆژه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی. ئه‌و جوانی‌یه دڵدارییه‌کی ساده و خۆشه‌ویستییه‌کی ده‌روونی قووڵی له ناخه‌وه هه‌ڵقوڵاو دروست ناکا، ئه‌وەی زوو سه‌رنجمان راده‌کێشێ، به پێچه‌وانه‌ی هۆنراوه‌کانی ( ڕازی ته‌نیایی) و ( شۆرشی نائومێدی) ئه‌وه‌یه که ئه‌م هۆنراوه‌یه له ده‌ره‌وه‌دا روو ده‌دا. ( ست فاتمه) نموونه‌یه‌که، مودێلێکه رازێنراوه‌ته‌وه‌و هێنراوه‌ته سه‌ر ( کورسی) وێنه کێشان، تا (هونه‌رمه‌ند) وێنه‌یه‌کی بکێشێ، له‌مه‌ش پتر چه‌ند هێما و ره‌مزێك بۆ وێنه‌که زیاد بکا که نیشانه‌ی جیاوازی و په‌یامی چینایه‌تی بگه‌یه‌نن.
3) هۆنراوه‌که باسی چی ده‌کا؟ تیمه‌که‌ی ( نێو باسه‌که‌ی) چییه؟
کۆئاخنی هۆنراوه‌که ناواخنه‌که‌ی و له ئه‌نجامدا تیمه‌که‌ی یان تیمه‌کانی دیاری ده‌کا.
ناونیشانه‌که ((چه‌پکه گوڵێ بۆ ست فاتمه)) هه‌موو ناوه‌ڕۆكی هۆنراوه‌که ده‌رنابرێ، وه‌ك باسم کرد، ئه‌م به پێچه‌وانه‌ی هۆنراوه‌کانی پێشووی یان زۆربه‌ی هۆنراوه‌کانی هه‌ردی ناونیشانێکی گه‌ش و گه‌شبینانه‌یه که جوانی و به‌رامه‌ی پێشوازی کردنی ژیان و مرۆڤ و خۆشه‌ویستان ده‌گه‌یه‌نێ!
چه‌پکه گوڵه‌که هه‌ڵبه‌ت، هۆنراوه‌که خۆیه‌تی. به‌م پێیه ده‌بێ هۆنراوه‌که هۆنراوه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی بێ و پێشکه‌شی ست فاتمه کرابێ. لێره‌وه ده‌کرێ بڵێین تیمی سه‌ره‌کی هۆنراوه‌که: (ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی) قسه‌که‌ره بۆ کچێکی مۆده و مۆدێرن که ناوی نراوه (ست فاتیمه).
ئایا، وه‌ك هۆنراوه‌کانی دی، (گرژی ده‌روونی) له‌م هۆنراوه‌دا هه‌یه؟ له‌م هۆنراوه‌یه‌دا زیاتر له (گرژی) هه‌یه، ڕاستی گرژی نییه (ناکۆکی) یه. به‌ڵام (ناکۆکی) یه‌که (ده‌روونی) نییه، (ده‌ره‌وه‌یی) یه.. سۆز به‌ند و عاتیفی نییه. هۆشمه‌ند و ئایدۆلۆجییه. (فاتیمه) خێرا له‌و نموونه‌یی یه شارستانییه نوێیه له لایه‌که‌وه و، نموونه‌ی جوانی ئایدیاڵ و خه‌ونی دڵداریی ئایدیاله‌وە، گوازتراوه‌ته‌وه بۆ (به‌رکار) بۆ (بابه‌ت)، بۆ (شتێ) که به‌هۆیه‌وه (شته‌کانی تر)، مانا و ڕه‌نگ و ڕواڵه‌تێکی تایبه‌تیان بدرێتێ، یان وه‌ك هه‌ردی ڕاست و روون ده‌ڵێ: (په‌لاماردانی خاوه‌ن ته‌لار و عانه)! له شیعری ست فاتمه‌دا.. ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی…[ (ڕێکخستنی) چه‌ند شیعرێكی دڵداری که له ناوه‌ڕۆکدا جیاوازی چینایه‌تی پیشان بدات به‌ڵام به جۆرێك بێت له‌گه‌ڵ زه‌مینه‌ی گشتی شیعره‌که‌دا بگونجێت، نه‌ك بیروڕایه‌کی ناساز بێت و به‌زۆر، ئاخنرانێته ناو شیعره‌که‌وه.. دوایی شاعیر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کا که زۆری له خۆی کردووه تا ئه‌و شێوازه بێ و (هه‌ردوو شیعری له‌م ڕووه‌وه پێ وترا).]
له‌به‌ر ئه‌وه بۆ بابه‌تی هۆنراوه‌که که ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی مرۆڤێك بۆ کچێکی مۆدێرن ە، دامێنێکی تر زیاد کراوه که (خۆشه‌ویستی) له کۆمه‌ڵدا، که‌وتۆته ژێر کارتێکردنی جیاوازی چیانه‌تی‌یه‌وه و کراوه‌ته قوربانی به‌رچاوگرتنی (ئیعتباراتی) پاره و سامان.
ئه‌م دوو لایه‌نه: دوو تیمه سه‌ره‌کییه‌که‌ی هۆنراوه‌که نیشان ده‌ده‌ن. (ناکۆکی) ناو هۆنراوه‌که ناکۆکییه‌کی ئایدۆلۆجییه: ناکۆکی نێوان خۆشه‌ویستی ڕاست و ڕووتکراوه له مه‌به‌ستی پاره‌داریی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی و خۆی له خۆیدا، و خۆشه‌ویستییه‌ك که به پاره و سامان ده‌کڕدرێ و ده‌فرۆشرێ و قوربانی ده‌کرێ.
4- بنکار و ستراکتووری هۆنراوه‌که:
وه‌ك وتم ئه‌و هۆنراوه‌یه ده‌ره‌وه‌یی‌یه: شاعیر له ده‌ره‌وه ڕا سه‌یری (کچێ) ك وه‌ك (بابه‌تی) خۆشه‌ویستی و (شیعر) له هه‌مان کاتدا ده‌کا. کچێ که هه‌م ڕاسته‌قینه‌یه‌کی ئه‌زموونکراوه، هه‌م بابه‌تێکی داڕێژراوه، بابه‌تێك له نێوان ڕاسته‌قینه‌یی بوون و ئه‌رکیاریی (وه‌زیفه‌ی) ئایدۆلۆجیدا تێماوه.
له شه‌ش خشته‌کی یه‌که‌مدا: شاعیر له ده‌ره‌وه‌ڕا ده‌ڕوانێته (ست فاتمه): (ست فاتیمه‌یه‌ك) که به له‌نجه و لار له ماڵه‌وه بۆ قوتابخانه دێ و ده‌ڕوا.
ئه‌م به‌شه‌ی یه‌که‌م (وه‌سف) ه: وه‌سفی جوانی (فیزیکی) (له‌ش و لاری) ست فاتیمه. له‌م وه‌سفه‌دا جوانی فاتمه خۆی له خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی خۆشه‌ویستییه. چاوه مه‌سته‌کانی فاتمه: له هه‌مان کاتدا پڕن (له ته‌لیسمی جوانی و شه‌رابی خۆشه‌ویستی)، ئه‌م شه‌رابه‌ش بۆ ئاستی (عاره‌قی یه‌زدانی) به‌رز کراوه‌ته‌وه. له چاوه‌وه بۆ به‌ژن و باڵا: وه‌ك نموونه‌ی په‌یکه‌ره جوانه‌کانی یۆنان وه‌سف کراوه. ئه‌وسا فاتمه له دێڕی چواره‌مدا له هاتن و چۆیەکه‌یدا وه‌سف کراوه: لار و له‌نجه‌ی به‌سه‌روێنه‌ی: مۆسیقا و به‌سته و گۆرانی، نوێینراوه.
وه‌سفه‌کان ده‌ره‌وه‌یین، ساده‌ن، ڕه‌وانن، (باسی) فاتمه ده‌که‌ن (نه‌ك ده‌ربڕینی وه‌ك شیعره‌کانی پێشوو) و له چوار دێردا وێنه‌یه‌کی مۆدێرن (دیاره په‌یکه‌ری یۆنانیش وه‌ك نموونه‌ی هونه‌ر و جوانی هه‌میشه له کۆنیدا مۆدرێن ده‌مێنێته‌وه!!) بوونی فیزیکی پێشكەش دەكەن.
ئه‌وسا دوو دێڕه‌که‌ی دوایی: شوێنی ست فاتمه له بیر و خه‌یاڵی ته‌ماشه‌که‌ردا ده‌نوێنێ.
ته‌ماشاکه‌ر له خه‌یاڵی خۆیدا ست فاتمه‌ی وه‌ك بووك (واته هاوسه‌ری داهاتووی خۆی) ڕازاندۆته‌وه.. بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه (له تاقه پرشنگێکی هه‌ڵبه‌ت خۆشه‌ویستی) چاوی ئه‌ودا ئه‌و په‌ڕی ئاواتی خۆی بخوێنێته‌وه.
وه‌سفه‌کان له ڕێگای چه‌ند سه‌روێنه‌یه‌ك ده‌ربردراون: هه‌یکه‌لی یۆنانی، لار و له‌نجه، مۆسیقا و گۆرانی، بووکی ڕازاوه‌ی خه‌یاڵ.
ستانزای دووه‌م:
سه‌ره‌تای ئه‌م ستانزا‌یه بازدانه بۆ دنیای ئاخاوتنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی. ئه‌م به‌شه به شێوه‌یه‌کی ئۆرگانی (وه‌ك له هۆنراوه‌کانی پێشوودا بینیمان) به ستانزای پێشووه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی واتایی (ده‌ره‌وه‌یی) یه‌وه (پرد) ی پێکه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی دروست کراوه. له دوو دێڕی دوای به‌شی یه‌که‌مدا، قسه‌که‌ر خۆی وه‌ك دڵدارێکی ست فاتمه کاندید ده‌کا. بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه و ئه‌م بازدانه ئایدۆلۆجییه له شیعر و پرۆژه‌که‌دا، ته‌نیا به گێڕانه‌وه‌ی هه‌م وه‌سف و هه‌سته‌کان، هه‌م بیر و لێکدانه‌وه‌کان، بۆ که‌سی قسه‌که‌ر گونجاو ده‌بێ، واته لێره‌دا قسه‌که‌ر، دڵداری ئه‌وینخواز، ئه‌و هۆشیارییه چینایه‌تییه‌ی هه‌یه که ئه‌و له (کۆمه‌ڵێکی چینایه‌تیدا) ده‌ژی، که دڵداری کردۆته (ئه‌فسانه) و کردوویه‌تیه (مۆنۆپۆلی) کوڕی ده‌وڵه‌مه‌ندان و ته‌لاردار و سامانداران. دوو دێڕی یه‌که‌م زیاد کراوی پرۆژه ئایدۆلۆجیه‌که‌ن:
گه‌رچی دڵداری له خاکی ئێمه‌دا ئه‌فسانه‌یه
هه‌ر به ته‌نیا بۆ کۆڕی خاوه‌ن ته‌لار و عانه‌یه
ئه‌و پێوانه و سنووره هونه‌رییه‌ی هه‌ردی بۆ خۆی دانا و ئه‌وه‌یه ئه‌م زیادکردنه ئایدیۆلۆجییه له‌گه‌ڵ (ئه‌زموونه‌که‌دا) بێته‌وه و ناسۆز و به زۆر ئاخنراو ده‌رنه‌که‌وێ.. هه‌ڵبه‌ت شاعیر له‌مه‌دا سه‌رکه‌وتووه هه‌ر دوای ئه‌م دوو دێڕه ئایدیۆلۆجییه خێرا ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر (وه‌سف) (نه‌ك ده‌ربڕینی) راستییه ئه‌زموونیه‌که:
گیانه‌که‌م! ئه‌مما دڵی من له‌و دڵه شێتانه‌یه
بێ ئه‌وه‌ی هیچ شك به‌رێ، کوژراوی ئه‌م چاوانه‌یه
سه‌رکه‌وتنی شاعیر له‌وه‌دایه که بە دوو دێڕ توانی ناکۆکییه‌کی یان دژایه‌تییه‌کی دراماتیکی زه‌ق و به‌هێز له نێوان ( خۆشه‌ویستیه چینایه‌تییه‌که) و ( خۆشه‌ویستیه تاكەكەس‌ییه) پشت به دڵ به‌ستووه‌که.. دروست بکا. گه‌رچی راستی ئه‌و راگه‌یاندنه گشتگر و راماڵکه‌ره ره‌نگه له ڕوانگه‌ی راستی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کاته‌وه زولمێکی گه‌وره بێ له راستی و له سروشتی عیشق خوازی کۆمه‌ڵگای کورد، به‌ڵام هۆنراوه‌که له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتووه، که ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه له راستییه‌کی بابه‌تی به‌لاوه بنێ و ئاخاوتنه‌که بکاته ئاخاوتنێکی شیعری که راستیه‌کانی له‌ناو خودی هۆنراوه‌که‌دا هه‌ن و ما‌نایان هه‌یه.
دوو دێڕه‌که‌ی دوایی– که وه‌ك و تاك دێڕییه‌که‌ی هه‌موویان به ناوی (ست فاتمه) کۆتای‌یان دێ – سه‌لماندنه‌وه‌ی درووستبوونی (ست فاتمه) یه وه‌ك بابه‌تی خۆشه‌ویستی راسته‌قینه به پێچه‌وانه‌ی خواستی ئایدیۆلۆجی چینایه‌تی که بیکاته بابه‌تی خۆشه‌ویستی فرۆشراو.
هه‌ر به ته‌نیا خۆشه‌ویستی شك ئه‌به‌م ست فاتمه!
سه‌روه‌تم ناوێ، بزه‌ی تۆ: ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه.
لێره‌دا ئایدیالی کردنی خۆشه‌ویستییه‌که خۆی له خۆیدا و جیاکردنه‌وه‌ی له پێداویستی ماددی و ( نه‌وینی سه‌روه‌ت) په‌رەدۆكسێ له لایه‌نی ئایدیۆلۆجی شیعره‌که‌دا دروست ده‌کا. به بۆچوونی مارکسیزمیش بێ خۆشه‌ویستی له‌هه‌ر ئاستێک‌دا، له هه‌لومه‌رجی ماددی جیاناکرێته‌وه – ئه‌مه ده‌یخاته ئاستی ئایدیالی – هه‌لبه‌ت – ئه‌فلاتونییه‌وه.
له ستانزای سێیه‌مدا ، ئه‌م ئایدیالی کردنه، دروست به‌ره‌و ئه‌و ئاکاره ده‌ڕوا و خۆشه‌ویستییەكە ئایدیالی و یه‌زدانیی ده‌کرێ:
خۆشه‌ویستی وا که نامه‌ی خوایه بۆ پێغه‌مبه‌ران
به‌رز و ناسك وه‌ك هه‌ناسه‌ی پڕ گوڵاوی دولبه‌ران.
ئه‌مه ئایدیالی کردنی خۆشه‌ویستییه وه‌ك بابه‌تێکی یه‌زدانی و خاوه‌ن بایه‌خ و به‌های خودکار ( ناوه‌وه‌یی intrinsic ). بنکاری هۆنراوه‌که له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دروستکردنی دژایه‌تی له نێوان ئه‌م لایه‌نه ئایدیالییه‌ی خۆشه‌ویستی و لایه‌نه ئایدیۆلۆجییه چینایه‌تییه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ:
نه‌ك وه‌کو حه‌زکردنی دینار و گه‌وهه‌ر، په‌روه‌ران
ئه‌و که‌سانه‌ی بۆ قڕانێ، چه‌نده دڵیان هه‌ڵوه‌ران
خه‌ڵکی تر پاره په‌رستی با بکه‌ن ست فاتمه!
من به ته‌نیا تۆ په‌رستی، ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه!
هۆنراوه‌که تا ئێره به هه‌ڵچنینی ناکۆکی و دژایه‌تییه کۆمه‌ڵی و بیرییه‌کان و به زێده‌ڕۆیی (موباله‌غه) له لایه‌نی ئایدیالیکردنی خۆشه‌ویستی وه‌ك بایه‌خێك خۆی له خۆیدا و باوه‌شکردنی ده‌روونی دڵداره‌که به‌م لایه‌نه‌دا و ئایدیۆلۆجی کردنی وه‌ك بابه‌تی جیاوازییه‌کی چینایه‌تی سته‌مگه‌ر، داڕێژراوه.
گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م دوو ستانزایانه‌ی پێشوو بده‌ینه‌وه، ئه‌م کۆمه‌ڵه بیر و تێزه دژ به‌یه‌کانه‌مان به‌رچاو ده‌که‌ون.
دڵداری ئه‌فسانه: x دڵداری راسته‌قینه
کوڕی ده‌وڵه‌مه‌ند:x دڵی شێت
ته‌لار و عانه:x هیچ شک نه‌بردن
کڕینی خۆشه‌ویستی حازر:x کوژران بۆ چاوان
خواستنی سه‌روه‌ت:x خواستنی بزه‌ی یار
خۆشه‌ویستی خوایی:x حه‌زکردنی دینار و گه‌وهه‌ر په‌روه‌ران
( قوربانی بۆ خۆشه‌ویستی):x هه‌ڵوه‌راندنی دڵان بۆ قڕانێ
دڵدار په‌رستی: x پاره په‌رستی
تا ئێره دژایه‌تی زه‌قی نێوان (ئه‌زموون و ئه‌وین) و پرۆژه‌ی ئایدیۆلۆجی له شیعره‌که‌دا دیاره. دیاره هه‌ردی به وریایی خۆی و توانای هونه‌ریی و ده‌سترۆیی به‌سه‌ر هونه‌ری شیعردا، لێره‌دا له رووی وشه و ئاوازه‌وه، توانیوێتی ئه‌و ناکۆکییانه له‌ناو کۆئاخنێکی شیعرییدا بگونجێنێ. به‌ڵام هێشتا ئه‌و بۆشایی یانه دیارن که رێگای درووست بوونی ئۆرگانیی هۆنراوه‌که ده‌گرن و له‌جیاتی ئه‌وه‌وه وه‌ك چه‌ند پارچه‌یه‌کی پێك نامۆی به‌یه‌که‌وه کۆکراوه (تجمیع) به‌رهه‌می دێنن. بوونی پرۆژه ئایدیۆلۆجییه‌که، لایه‌نه ئه‌زموونییه‌که‌شی سووك و سه‌ر روویی ( سطحی) کردووه و له ئاستی وه‌سفی ده‌ره‌وه‌ییدا هێشتوویەتیه‌وه.
به‌شی چواره‌م: دوایی ستانزاکه، وه‌ك به‌شێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ ده‌رده‌که‌وێ لێره‌دا شاعیر به‌ته‌واوی له به‌کارهێنانی ره‌گه‌زی ئایدیۆلۆجی دوور ده‌که‌وێته‌وه و وێنه‌ی دڵدارێکی په‌تی ده‌کێشێ که دوای گیرۆده بوونی به جوانی و عه‌شقی ( ست فاتمه) ده‌یه‌وێ ئه‌و هه‌ستانه ده‌ربڕێ که له دڵیا کۆبوونه‌وه:
زۆر که‌ڕه‌ت هانم ده‌دا. داخی ده‌روونی پڕ گڕم
بۆتی هه‌ڵڕێژم: سکاڵای ناسکی گه‌رم و گوڕم
گیانه‌که‌م – ئه‌مجا که دێیه به‌رده‌مت واقی وڕم
وام ده‌شێوێنێ به جارێ نایه‌ڵێ هیچ ده‌ربڕم
سه‌رنج ده‌ده‌ین لێره‌دا، شاعیر له ئاستی ئایدیۆلۆجی به ته‌واوی دوور ده‌کەوێته‌وه و خه‌ریکه بچێته ناو قووڵایی ئه‌زموونی عیشقه‌که‌وه. به‌ڵام ئه‌مه ڕوو نادا، ده‌ربڕینه‌که له ئاستی وه‌سف و باسکردنی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ده‌ری بڕێ، ده‌مێنێته‌وه.
دوا دوو دێڕی کۆتایی هۆنراوه‌که ئه‌نجامی وابوون و لۆجیکی هۆنراوه‌که به‌سه‌رکه‌وتوویی به ده‌سته‌وه ده‌دا، له پاڵ دووباره کردنه‌وه‌ی دێڕی سێیه‌می ستانزای یه‌که‌م:
بووکی رازاوه‌ی خه‌یاڵم، گیانه‌که‌م ست فاتمه
گوێ یه بۆ ئه‌م ڕازه شل که‌ی، ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه.
رازه‌که: هۆنراوه‌که‌یه، چه‌پکه گوڵه‌که‌یه.
شاعیر ده‌ڵێ: ها ، ئه‌و هۆنراوه، ئه‌و چه‌پکه گوڵه خۆشه‌ویستم
لێم وه‌ربگره، بۆنی بکه،له راز و خواستی خۆشه‌ویستیم حاڵی ببه،
ئه‌مە ئه‌و په‌ڕی ئاواتی منه.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه دووباره‌کردنه‌وه‌ی (بووکی ڕازاوه‌ی خه‌یاڵم) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێته‌وه که بوونی ست فاتمه له‌وه زیاتر نییه که بابه‌تی پرۆژه‌یه‌کی خه‌یاڵییه: پرۆژه‌یه‌ك که ره‌گه‌زی خواستی خۆشه‌ویستی راسته‌قینه و دروست کردنی وێنه‌ی ئایدیۆلۆجی جیاوازی چینایه‌تی تێدا تێکه‌ڵ ده‌بێ.
5) ئه‌نجام:
هه‌ردی له پێشه‌کی چاپی دووه‌می ( ڕازی ته‌نیایی ) دا وه‌ك راگه‌یاندنێکی گشتی ده‌رباره‌ی شاعیرێتی خۆی ده‌ڵێ: هه‌ر جارێ ئاره‌زوویه‌کی ده‌روونی یان هێزێکی هانده‌ر پاڵی پێوه نابم، توانیومه شیعری وا بڵێم که جێی په‌سه‌ند کردنی خاوه‌ن دڵان بێ)) ( ل 34 ).
له چه‌پکه گوڵێ بۆ ست فاتمه‌دا (( ده‌وری هێزی هانده‌ر)) که له ده‌ره‌وه دێ، له ئاره‌زووی ده‌روونی ناوه‌وه پتر و بڕیار ده‌رتره. هۆنراوه‌که به ئاشکرا له نێوان ئه‌زموونی ده‌روونی و هانده‌ری ئایدیۆلۆجیدا گیری خواردووه، دابڕان له نێوان به‌شه‌کان هه‌یه و ئه‌و یه‌کێتییه ئۆرگانییه‌ی له ڕازی ته‌نیایی و شۆرشی نائۆمێدی دا هه‌یه، لێره‌دا نابینرێ. ناکۆکی و دوولایه‌نیی به‌رچاو له هۆنراوه‌که‌دا هه‌یه. له لایه‌که‌وه هه‌ست ده‌که‌ین (ست فاتمه) هه‌بوونێکی له راستی و وابوو دا هه‌یه، ئه‌م هه‌بوونه له وه‌سفی فیزیکی له‌ش و لار و جوانی ( ست فاتمه) دا خۆی ده‌رده‌خا. دوای ئه‌وه هۆنراوه‌که ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆژه‌وه که هه‌ردی خۆی وا به وردی ڕوونی کردۆته‌وه. به‌ڵام هه‌ردی توانیوێتی بابه‌ته‌که به گشتی بکاته ( شیعرێ که جێی په‌سه‌ند کردنی خاوه‌ن دڵان بێ) . گه‌ر راستی شیعره‌که به راستی ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌که و کۆئاخنی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان و ته‌نانه‌ت سلێمانیش له ساڵی 1950 دا به‌راورد بکه‌ین، ره‌نگه شیعره‌که شێوازێکی ئایدیۆلۆجی زه‌قی راستی دڵداری له کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا تێدابێ. به‌ڵام خوێنه‌ر گرنگی به راستی ناو ناواخنی شیعره‌که خۆی ده‌دا. لێره‌دا هه‌ردی له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوه که زیادکردنه‌که و‌اتە ئایدیۆلۆجیكردنه‌که وه‌ك ره‌گه‌زی دژ، پێچه‌وانه‌یی یان ناکۆکی بخاته ناو هۆنراوه‌که‌وه و وه‌ك خۆشه‌ویستی چینایه‌تی ناراستی خاوه‌ن سامان، به‌رامبه‌ر عه‌شقی راسته‌قینه‌ی عاشقی خاوه‌ن دڵ! دایبنێ، ئه‌مه‌ش دینامیکیه‌تێکی درامی بۆ شیعره‌که زیاد ده‌کا و خوێنه‌ر راده‌کێشێ وه‌ك لایه‌نگرێك شیعره‌که بخوێنێته‌وه خۆی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی دڵه شێته‌که‌دا ببینێته‌وه.
ده‌ربڕینی هه‌ستی لاوی تازه‌حه‌ز و بێ ئه‌زموون له ستانزای دواییدا و پێشکه‌شکردنی (ست فاتمه) وه‌ك ژنێکی مودێرن و گونجاندنێکی فۆرمێکی لیریکی ساده و مۆسیقایه‌کی ره‌وان وایان کردووه، که‌ژەوا‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ شیعره‌که دروست بکه‌ن که زه‌قی و زۆرکاریی زیاده ئایدیۆلۆجیه‌که داپۆشێ.
خوێندنەوەی هنراوەی دوو چه‌شنی دڵداری ( دڵداری کچی تازه)
دیاره پرۆژه ئایدیۆلۆجیه‌که‌ی هه‌ردی هه‌ر ته‌نیا (چه‌پکه گوڵێ بۆ ست فاتمه) نییه.. به‌ڵکو وه‌ك له پێشه‌کییه‌که‌دا روونی کردۆته‌وه هۆنراوه‌ی ( دڵداری کچی تازه) ی چاپی یه‌که‌م که له چاپی دووه‌مدا ناوه‌که‌ی گۆڕیوه به ( دوو چه‌شنی دڵداری) ئه‌ویش بابه‌تی ئه‌و پرۆژه‌یه‌یه. هه‌ردی ڕوونی ده‌کاته‌وه که ( سه‌رکه‌وتنی له شیعری ست فاتمه) هانی داوه ( که شیعرێ‌کی تر بڵێ سه‌ر و چڕ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان کرابێ) واته ده‌ربڕینی جیاوازی چینایه‌تی ( ل 17 ). هه‌ردی به وردی ڕوونی ده‌کاته‌وه که پلۆتی یا نه‌خشه‌سازی چیرۆکخوانی بۆ ئه‌م شیعره داناوه، به‌ر له نووسینی، پاڵه‌وانه‌کانی هه‌ڵبژاردوون و رێباز و ئاکامی عیشقه‌که‌شیانی دیاری کردووه، ئه‌وسا هاتووه ئه‌م پلۆته‌ی گوازتۆته‌وه بۆ شیعر.
پاڵه‌وانه‌کان سێ که‌سن:
1- کچێکی جوان
2- کوڕێك له پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هاوچینی کچێکه یان که‌مێك خوارتره له‌و، حه‌ز له کچه‌که ئه‌کات و به‌ته‌مایه بیهێنێ.
3- کوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندێکی خاوه‌ن کادیلاك که ده‌ور و خولی کچه ده‌دات و کچه حه‌ز له‌و کوڕه ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌کات.
دیاره له نێو ئه‌و سێ یانه‌دا پاڵه‌وانه راسته‌قینه‌که یان بابه‌ته‌که ( خۆشه‌ویستی) خۆیه‌تی. بە چینایه‌تیکردنی خۆشه‌ویستییه‌که مانای وایه کوڕه کادیلاکییه‌که خۆشه‌ویستی راست نازانێ و ته‌نیا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ کچه‌که‌دا (( ڕابوێرێت و پاشان وه‌ك گوڵی سه‌ر مێزه‌که‌ی به سیس و ژاکاوی فڕێی بدات)) ل 18 هه‌ڵبه‌ستەكە بۆ ئە‌وەیە تا کچه‌که بۆ لای خۆی رابکێشێ و پێی بڵێ: (( هه‌رچه‌نده تۆ به ته‌مای ئه‌و کوڕه‌یت به‌ڵام ئه‌و ناتهێنێت و وه‌ك گوڵی سه‌ر مێزه‌که سڕت ئه‌کات و هه‌ر که لێت تێر و بێزار بوو فڕێت ئه‌داته سه‌ره‌نوێڵه‌کان)) ل180
ئه‌وسا هه‌ردی زیاتر مانا و مه‌به‌سته ئایدیۆلۆجییه‌که‌ی ئه‌و سیناریۆیه پێش رێکخراوه ڕوون ده‌کاته‌وه:
{ قسه‌کانیش هه‌مووی له ده‌وری یه‌ك شت ئه‌سووڕێنه‌وه که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خۆشه‌ویستی دوو چینی جیاواز نیشان بدات. چینێك ئافره‌ت به هۆی رابواردن ئه‌زانێت و چینێك به هاوڕێی ژیانی ئه‌زانێت} ل18
ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ی هه‌ردی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه ده‌وری ئایدیۆلۆجی تۆتالیتاری که ئاماده نییه واز له خۆشه‌ویستی شیعری خۆشه‌ویستی بێنێ رێبازی ئاسایی خۆیان له‌ناو جه‌رگه‌ی راستیه‌کانی ژیان خۆیدا وه‌رگرن، ده‌رده‌خا ئا ئاوا چینێك هه‌مووی خۆشه‌ویستی به ڕابواردن و ده‌ستبڕین ده‌زانێ و ئه‌وی دیش به هاوڕێی ژیان!!
گرفتێکی لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌م شیعره ئه‌و زیاده‌یه که هه‌ردی دوای 33 ساڵ خستوویه‌ته سه‌ری که بریتییه له سێ شه‌ش خشته‌کی نوێ؟ ئێمه وه‌ك شیعر، چی له‌و پاشبه‌رهه‌مه‌ی 1983 بکه‌ین؟
به داخه‌وه له‌م شیعره‌دا ئه‌و زیاده‌یه هیچی بۆ ناوه‌ڕۆکه‌که زیاد نه‌کردووه: واته بیر و لاباس و ته‌نانه‌ت داهێنان و شتی تازه‌ی له ڕووی وشه و وێنه و دراماشه‌وه زیاد نه‌کردووه، ته‌نیا روونکردنه‌وه‌ی پتری دوو به‌شه سه‌ره‌کیێه‌که‌یه، واته دووباره‌کردنه‌وه‌ی تیم و ماناکا‌نە به شێوه‌ی تر.
له‌به‌ر ئه‌وه له‌م لێکدانه‌وەیە‌دا من ته‌نیا سه‌رنجی دوو به‌شه ئه‌سلییه‌که ده‌ده‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌ی لێکۆلینه‌وه‌که‌مدا: ئه‌زموون و ئایدیۆلۆجی مه‌به‌ستم ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه وه‌ك چۆن له 1950دا له شیعری هه‌ردی دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و ئه‌وسا کارکردنی ئه‌م پرسه له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌زموونی شیعری و پاشه‌ڕۆژی شیعر وتنی هه‌ردی.
1- ده‌قی هۆنراوه‌که
ئه‌م دڵه‌ی وه‌ك بت په‌رستێ ڕوو ئه‌کاته چاوه‌که‌ت
نوێژ ئه‌کا بۆ تیشکی چاو و زولفه تێك ئاڵاوه‌که‌ت
گه‌رچی ئه‌ێشێلی به زه‌بری قۆنده‌ره و پێڵاوه‌که‌ت
قه‌ت به دڵره‌ق باست ناکه‌م، نایزڕێنم ناوه‌که‌ت
چونکه ئه‌یزانم ته‌لاری یاره خوا پێداوه‌که‌ت
مه‌ستی کردووی، بۆیه نابینی له عاستم چاوه‌که‌ت
باخه‌وان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گوڵ ئه‌لاوێنێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ی بکا و بۆ پاره بیگۆڕێته‌وه
بیفرۆشێ به‌و که‌سه‌ی خه‌ڵکی ئه‌ڕوتێنێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی مێزی شه‌رابی پێ بڕازێنێته‌وه
کچ له لای ئێمه گوڵێکه بۆیه په‌روه‌رده‌ی ده‌که‌ن
تا بڕازێنێته‌وه مێزی شه‌رابی ده‌وڵه‌مه‌ن
ئه‌م هۆنراوه دوو شه‌ش خشته‌کییه، ئه‌وه‌ی زوو سه‌رنجمان راده‌کێشێ وشه کوردییه په‌تی و ده‌ربڕینه ساده و یه‌کسه‌ری و ره‌وانه‌که‌یه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست و خواستی هۆنراوه‌که‌دا ده‌گونجێ. که ئامانجی ئاشکراکردنی ( رازێکی) تری خۆشه‌ویستییه له شێوه‌ی بوونی سێ لایه‌ن که له نێوانیاندا ناکۆکی و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار هه‌یه.
به‌شی یه‌که‌م: چوار دێڕی یه‌که‌می ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی راست و ئایدیالا‌نه‌ی دڵداره‌که‌یه بۆ ( خۆشه‌ویسته) هه‌ڵبه‌ت خه‌یاڵییه‌که‌ی. دانانی دڵ به بت په‌رست ( به‌کارهێنانی که‌ساندن/ وێنه) بۆ دڵ و درێژ کردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه له هه‌رسێ دێری دواتردا ( له نوێژ، شیلان، دڵره‌قی، ناو نه‌زڕان) وا ده‌کا شاعیر بتوانێ وێنه‌ی سه‌ره‌تایه‌کی به هێز بۆ عه‌شقێکی ئایدیال دابنێ…. گه‌ر ئه‌م چوار دێڕه‌مان به ته‌نیا بدیبان، ئه‌وه‌مان چاوه‌ڕێ ده‌کرد شاعیر زیاتر و قووڵتریش به دنیای ئه‌و خۆشه‌ویستییه ناسك و ده‌روونی و به‌خشنده‌کاره‌دا بچێته خوار و لاپه‌ڕه‌ی دراماکانی هه‌ڵداته‌وه. به‌ڵام له دوو دێڕی دوایی شه‌ش خشته‌کییه‌که‌دا ره‌وتی هۆنراوه‌که له خۆشه‌ویستیه‌که‌دا تووشی ( ئه‌سته‌نگێکی) زه‌ق و ناخۆش ده‌بێت: کچه‌که شه‌یدای یاری خاوه‌ن ته‌لاره و هێنده به عیشقی (ئه‌و) مه‌سته که چاوه‌کانی (ئه‌م) نابینێ.
لێره‌شدا بابه‌ت و تیمی سه‌ره‌کی هۆنراوه‌که جیاوازی چینایەتییه له خۆشه‌ویستییدا: خۆشه‌ویستییه‌کی راست و ده‌روونی و پاکانه ده‌بێته قوربانی خۆشه‌ویستییه‌کی کڕدراو.
له‌م هۆنراوه‌یه‌دا ده‌وری ره‌گه‌زه ئایدیۆلۆجییه‌که ته‌نانه‌ت له شیعری (ست فاتمه) ش زه‌قتره، گه‌ر چی مه‌به‌ست ئه‌وه بێ ( جیاوازی چینایه‌تی) ده‌ربخا ده‌بێ ( هه‌لوێستی) ئایدیۆلۆجی ئاساییش به‌رامبه‌ر ئه‌و عیشقه چینایه‌تییه هه‌بێ، بەڵام لێره‌شدا دڵداره‌که ته‌واو خۆی ده‌داته ده‌ست دڵداره بێ باره‌که‌وه. له کاتێکدا (ئه‌و) ناتوانێ به چاویش (ئه‌م) بینێ. ئه‌م ئه‌وه قبووڵ ده‌کا که دڵی به زه‌بری قۆنده‌ره‌ی و پێلاوه‌که‌ی ده‌شێلێ و هێشتا به دڵ ره‌ق ناوی نابا و هێشتا ناوی لای که‌س نازڕێنێ، ته‌نانه‌ت: بێ وه‌فایی یان بێ موباڵاتی دڵداره‌که به خۆشه‌ویستییه چینایه‌تییه‌که پاکانه کراوه:
قه‌ت به دڵره‌ق باست ناکه‌م
چونکه ئه‌یزانم ته‌لاری یاره خوا پێداوه‌که‌ت
مه‌ستی کردووی!
به‌شی دووه‌می شیعره‌که هه‌مووی: هه‌وڵێکه بۆ ئه‌وه‌ی به پێی سیناریۆیه چینایه‌تییه‌که ئه‌م دڵدارییه بخاته ناو چوارچێوه‌ی دڵداری کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی که تێیدا کچان وه‌ك گوڵ بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی مێزی شه‌رابی ده‌وڵه‌مه‌ندان به‌خێو ده‌کرێن و ده‌فرۆشرێن و ( هه‌ڵبه‌ت دوای به‌کارهێنانیش فڕی ده‌درێن). ئه‌م به‌شه‌ش گه‌رچی وه‌ك ڕاگه‌یاندنێکی بیریی ئایدیۆلۆجی له چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌که‌دا کاریگه‌ری بیری خۆی هه‌یه، وه‌ك شیعر ساده و راسته‌وخۆ و لاوازه پێرێزه‌ی (مێزی شه‌راب) له سێ دێڕدا دووجار دووباره کراوه‌ته‌وه. هه‌موو شه‌ش خشته‌کییه ده‌توانرا له دوو دێڕی یه‌که‌مدا خه‌ست کرابایه‌وه. دێڕه‌کانی دوایی راکێشانی ئه‌و بیره‌ن تا شه‌ش خشته‌کییه‌که ته‌واوکا، به‌ڵام دیاره (وه‌ك ڕوونکردنه‌وه) . ڕوونکردنه‌وەش ئه‌رکێکی په‌خشانییه نه‌ك شیعریی؛
باخه‌وان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گوڵ ئه‌لاوێنێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ی بکا و بۆ پاره بیگۆڕێته‌وه
بیفرۆشێ به‌و که‌سه‌ی خه‌لقی ئه‌روێنێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی مێزی شه‌رابی پێ برازێنێته‌وه
کچ له‌لای ئێمه گوڵێکه بۆیه په‌روه‌رده‌ی ئه‌که‌ن
تا برازێنێته‌وه مێزی شه‌رابی ده‌وڵه‌مه‌ن
لێره‌دا مه‌به‌سته ئایدیۆلۆجییه‌که تا راده‌یه‌ك زیاد راکێشراوه و وه‌ك داپۆشینێکی گشتی به‌سه‌ر پیشه‌ی باخه‌وان و سروشتی دڵداری به کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا دراوه که ئه‌گه‌رچی له ئاستی ئه‌زموونی تاکه که‌سی له‌و چه‌شنه‌دا ده‌شێ ده‌نگدانه‌وه‌ی له ده‌رووندا هه‌بێ، وه‌ك حه‌قیقه‌تێکی مێژوویی و سوسیۆلۆجی زیاده ڕۆیی و شێواندنه: چ به نسبه‌ت باخه‌وانه‌وه چ به‌نسبه‌ت خێزان و کۆمه‌ڵگای کورده‌وارییه‌وه. ئه‌ی هه‌ردی خۆی چه‌پکه گوڵه‌که‌ی بۆ ( ست فاتمه) له کوێ ده‌کڕی ! یان ده‌چنی!.
ئه‌نجام: ده‌توانین بڵێین چوار دێڕی یه‌که‌م له‌م شیعره‌دا سه‌ر به ئه‌و به‌شه‌یه که هه‌ردی به ( ئاره‌زووی ده‌روونی) ناو ده‌با و دوای ئه‌وه ئه‌و به‌شه‌ی پرۆژه ئایدیۆلۆجیه‌که‌یه که به هانده‌ری ده‌ره‌وه بۆ ئه‌زموونه‌که، شیعره‌که زیاد کراوه، شیعره‌که‌ی لاڕێ و لاواز کردووه و وه‌ك به زۆر سه‌پاندنێکی ئایدیۆلۆجی ناحه‌زکارانه به‌سه‌ر ئه‌زموونه‌که و ئه‌و وابوویه‌شدا سه‌پێندراوه که وه‌سفی ده‌کات. دیاره بۆ خوێنه‌ر شیعره‌که مانای پتر دەبەخشێ کاتێ خۆی ئه‌زموونی خۆشه‌ویستی و چینایه‌تی له خۆشه‌ویستیدا تاقی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش چیرۆکی ئه‌م جۆره ”خۆشه‌ویستییه” له کۆمه‌ڵێ فره‌ژن و شووکردنی زه‌حمه‌تدا نه‌زانراوه. بۆ فرۆشتنی ئافرەت بە پارە ده‌گمه‌نە.
ئه‌نجامی دوو هۆنراوه‌که:
جارێ با بۆ هه‌ردی خۆی بگه‌رێینه‌وه و به پێی لێکدانه‌وه‌کانی خۆی ئه‌م دوو هۆنراوه‌یه پێناسه بکه‌ینه‌وه.
1- ئه‌وه به‌شێکن له پرۆژه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی بۆ ده‌رخستنی جیاوازی چینایه‌تی له خۆشه‌ویستی و شیعری خۆشه‌ویستیدا.
2- شاعیر زۆری له خۆی کردووه ئه‌م جۆره شیعرانه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی ( شیعری لاوانه‌وه و گریان- هتد) بنووسێ.
3- نازانین بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ ، مانگ ، ساڵ – هه‌ردی خه‌ریکی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆژه‌یه بووه به‌ڵام خۆی ده‌ڵێ ( له‌م ڕووه‌وه هه‌ر دوو شیعرم پێ وترا)! وشه‌کانی ( هه‌ر) و ( پێ وترا) سه‌ختی پرۆسه‌که لای ئه‌و ڕوون ده‌كەنه‌وه.
4- هه‌ردی به ڕوونی به قسه‌ی خۆی و به کۆنکرێتی له شیعره به‌رزه‌کانیدا ئه‌وه به ته‌واوی ساغ ده‌کاته‌وه که هه‌ست و ڕۆحی ئه‌و سه‌ره‌تا و ( ته‌نانه‌ت کۆتایشدا وه‌ك له ته‌واو کردنی شیعره‌کانیدا ده‌بینین) هه‌ر له‌گه‌ڵ شیعری خۆیی رۆمانسی بووه.
له سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌ده‌بیه‌وه جگه له سه‌رده‌مێکی کورت قوتابخانه‌ی ڕۆمانسی کاری تێکردووم. ( ل 9)
له دنیایه‌کی پڕجۆش و خرۆشی دڵداری و سۆزی ڕۆمانسیه‌وه دووه‌م کردۆته مه‌یدانی سیاسه‌ت… بۆیه ئێستا له سه‌ره‌تادا شیعری پڕ سۆزی رۆمانسی و له دواییدا شان به شانی ئه‌و بابه‌تی ریالیزمی له شیعره‌کاندا دیارن. ( ل 10)
ژیانی ده‌روونی هه‌ست و سۆز و ناخ و هۆشی مرۆڤ ئه‌وه‌نده ساده نییه له‌م سه‌ره‌وه ته‌وژمێکی تێ بکه‌یت، له‌و سه‌ره‌وه بچێته ده‌ره‌وه. ل 10
ته‌وژمی سۆز و خۆشه‌ویستی و هونه‌ر که چووه ده‌روون و ناخی هه‌سته‌وه ره‌گی داکوتا، هه‌روا به ئاسانی شوێن بۆ ته‌وژمێکی نوێ جێ ناهێڵێ به‌ڵکو له ته‌کیدا ده‌که‌وێته زۆرانبازی. ل 11
له ساڵی 1957 دا خۆم هاتبوومه سه‌ر ئه‌و بیره { واته ڕێرۆوی ئیجابی به شۆرشگێرانه} بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی ( رازی ته‌نیایی) ئه‌و ته‌م و مژی نا ئومێدی و ئاوازه گریاناوییه‌ی شیعره‌کان کاریان تێ نه‌که‌ن. ( ل 11)
له کاتی خۆیدا بوو به هۆی مقۆ مقۆ و قسه لێکردنی براده‌رانی ئه‌وسا له‌و ڕووه‌وه که که‌سێك خاوه‌نی بیر و رایه‌کی پێشکه‌وتن خواز بێت، نابێ شیعری گریاناوی پڕ له نائومێدی بڵێت.
له 1936 تا 1942 تاقه شیعرێکم نه‌وتووه که ناوی شیعری لێ بنرێت – ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ جۆری موتالاکردنی ئه‌و سه‌رده‌م که بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی کتێبی ره‌خنه و لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و زمان له‌مانه گرنگتر: .. بۆ یه‌که‌مجار ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تایه‌کی فه‌لسه‌فه په‌یدا کرد.
له دانانی شۆرشی نائومێدی یه‌وه، توانیومه خۆم له‌م قۆناغه رزگار بکه‌م… ساڵی وا هه‌یه ته‌نیا شیعرێك و ساڵی وا هه‌یه دوو شیعرم وتووه هه‌ندێك جار له دوو ساڵدا شیعرێکم پێ وتراوه.
به‌ش به حاڵی خۆم بڕوام وایه: تۆوی سارد بوو نه‌وه‌ی له‌وه دوام هه‌ر له ساڵی 1942 دا وه خه‌ریکی چه‌که‌ره کردن بوو له ده‌روونما، بۆیه ساڵی جارێك دوو جار نه‌بێ شیعرم نه‌وتووه.
هه‌رگیز شیعرم نه‌کردووه به پیشه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی به‌ڵکو ساڵی جارێك دوو جار له باروو دۆخێکی تایبه‌تیدا شیعرم داناوه: با بڵێین: ڕازی دڵی خۆمم تێدا ده‌ربڕیوه.
له سه‌ره‌تای هه‌رزه‌کاری و سه‌رده‌مێکی لاویشمدا دڵی من.. هه‌رچی شیعری تێدا ئه‌بۆوه و له راستیم لانه‌داوه، که ئه‌مه قۆناغی یه‌که‌مه..
دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه و لێکۆلینه‌وه‌ی زانستییانه… ئه‌مه‌ی دوایی جێی خۆی کرده‌وه له دڵ و ده‌رووندا و تا وای لێهات بوو به هاوشانی شیعر.
له گه‌رمه‌ی موتالاکردنی ئه‌و کتێبانه‌دا کاتێکم زانی شیعرم فه‌رامۆش کردووه… ئه‌مه‌ش قۆناغی شیعرمه.. تا ئیمڕۆ..
جاروبار له هه‌ندێ بار و دۆخی تایبه‌تیدا پرشنگی شیعر منی بۆلای خۆی راکێشاوه
ئێستاش بووکی شیعر جاروبار ئه‌مجووڵێنێ و به تاقیکردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆم بۆم ده‌رکه‌وتووه، هه‌ر جارێ ئاره‌زوویه‌کی ده‌روونی یان هێزێکی هانده‌ر پاڵی پێوه‌نابم، توانیومه شیعری وا بڵێم جێی په‌سه‌ندی خاوه‌ن دڵان بێ.
وا بزانم هه‌ردی له‌م ڕوونکردنه‌وه راستگۆیانه‌دا چوارچێوه‌ی تیئۆری رۆمانسی خۆی بۆ داڕشتووین و کلیلێکیشی بۆ کردنه‌وه‌ی مه‌ته‌ڵی وازهێنانی له شیعر یان له شیعر که‌وتنی پێشکه‌ش کردووین. گه‌ر سه‌رنجی راگه‌یاندنه‌کانی به تایبه‌تی ئه‌و به‌شانه‌ی هێلمان به ژێردا هێناون یان تۆخمان کردوون بده‌ین ده‌توانین سێ هێز له ژیان شیعری هه‌ردیدا دیاری بکه‌ین. یه‌کیان هێزی رۆمانسیه‌که: شیعری ناخ، ره‌سه‌ن راستگۆ خۆیی تایبه‌تی له ئاره‌زووی ده‌روونی و ئه‌زموونی تایبه‌تیه‌وه هه‌لده‌قوڵی بووکی شیعر خۆی له جوانی و سیحر و به‌رگه ئاڵ و واڵاکه‌ی و له‌شه ڕووت و ناسکه‌که‌یدا خۆی پێشکه‌ش ده‌کا، ئه‌وساته‌یه شاعیر به پێێ هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ژیانی باوه‌ش به دنیای ئه‌ویندا ده‌کا هه‌رچی له ئه‌نجامی ئه‌و ئه‌زموونه‌دا له دایك بێ کۆرپه‌یه‌کی فریشته‌یی گرینۆك بێ یا مناڵێکی به‌ناز و تووڕه ئه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ئیختیاری ئه‌ودایه. ئه‌مه فریشته‌ی شیعر خۆی لێره‌دا داهێنه‌ر و دارمێنه‌ڕه.
دووه‌میان: هێزی بیر و ئایدیۆلۆجیه‌ته: ئه‌م له ئه‌نجامی کارتێکردنی ده‌وروبه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی زانست و فیکری که له ناخیا جۆره دوولایه‌نییه‌ك له نێوان دڵ و مێشکی تاسه‌ی ده‌روون و خولیای رووناکبیری دروست ده‌کا و له‌به‌ر کارتێکردنی ده‌وروبه‌ره سیاسیه‌که‌ش به شێوه‌یه‌کی نه‌کار (سەلبی) کاری تێ ده‌کا و ماوه‌یه‌ك وای لێ ده‌کا هاوتایی هۆشیاری و رۆحی خۆی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا له ڕێگای فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆجیا بدۆزێته‌وه. به‌ڵام رۆحی ئه‌و هه‌ر لەئه‌زموونه ناخیه‌کاندایه و هه‌ر ئه‌وانه ده‌توانن بۆ شیعر وتن بیجووڵێنن.
سێیه‌م: به‌شداری راسته‌وخۆیه‌تی لە سیاسه‌ت و بوونی به هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژیه‌تێکی پێشکه‌وتنخواز!! ئه‌م ئایدیالۆژیایه وا لێکدراوه‌ته‌وه دژ به رۆمانسیه‌ت و شیعری خۆیی و بابه‌تی دڵداریه. له کاتێکدا ( راستگۆیانه) هه‌ستی ده‌روونی خۆی له رازی ته‌نیایدا ده‌ربڕیوه، هاورێ و ره‌فیق حیزبییه‌کان لێی ده‌که‌ن به مقۆ مقۆ که له خه‌تی پیرۆز و هه‌رگیز نه‌گۆڕی تۆتالیتاری حیزبی لاداوه و بۆته هۆی تێکدانی مێشکی گه‌نجان و راکێشانیان تا له کۆڵانه و جاده‌کاندا له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان بکه‌ن و سروودی شۆرشگێری بڵێنه‌وه، بیکه‌نه شین و ڕۆ ڕۆی گریان بۆ دڵی ناکام و رۆحی به عه‌شق لاوێنراوه!
رۆحی هه‌ردی له کوێ بوو؟ گه‌ر سه‌یری ئه‌و وشه گه‌رم و ساغ و راستگۆ و ده‌روونیانه بکه‌ی که بۆ ئه‌زمونه شیعرییه ڕۆمانسییه‌که‌ی به‌کاریان دێنێ و ئه‌و وشه سارد و سڕ و ناچاری و ته‌نانه‌ت ناحه‌زانه‌ی بۆ کارتێکردنی ئایدیۆلۆجیا و مقۆ مقۆی هاورێیان به‌کاری دێنێ، ئه‌وه ئاشکرایه که هه‌ردی هه‌ژار چه‌نده رۆحی له تیمی رۆمانسی شیعریدا جێنیشین بووه و چه‌نده په‌ژاره و نیگه‌ران و زولم لێکراو بووه که فشاری لێ کراوه گوڵه‌به‌رۆژه‌ی رۆحی له‌و هه‌رێمه خۆرییه‌دا بۆ وشکه‌ڵانی بیر و ئایدیۆلۆجی بگوێزێته‌وه.
له سه‌رده‌می دنیای رۆمانسیدا هه‌ردی ده‌ڵێ:
دڵم هه‌ر جێی شیعری تێدا ده‌بۆوه و له راستیم لانه‌داوه.
به‌شی دووه‌می ئه‌م رسته ئه‌وه‌یه:
بە زۆر وایان لێکردم جێێ شتی تری تێدا بکه‌مه‌وه و له راستی لابده‌م.
راستی وه‌ك پرسێکی مۆرالی نا.
راستی وه‌ك راستی له‌گه‌ڵ خورپه و خولیا و خواسته‌کانی ناخی خۆت.
کوشتنی ئه‌م راستییەیە که گه‌وره‌ترین خیانه‌ته به مرۆڤایه‌تی،
قارەمانانی مقۆ مقۆی ئایدیۆلۆجی ئه‌مه‌یان به هه‌ردی کرد.. هه‌ردی که‌وت.. به ئاسته‌م هه‌ستایه‌وه..
هەردی
خوێندنه‌وه‌ی دڵێکی تێکشکاو..!
ده‌قی هۆنراوه‌که:
به‌سه‌ر سامی له‌سه‌ر لوتکه‌ی بڵندی گه‌نجی وه‌ستاوم!
شریتی عومری ڕابردووم وه‌کو خه‌و دێته به‌رچاوم
شریتی چی؟ سه‌راپا سه‌ر گوزه‌شته‌ی نائۆمێدیمه
فلیمی پڕ له ناسۆری هه‌ره‌س هێنانی لاویمه
تروسکه‌ی تیا به‌دی ناکه‌م، سه‌رنجم چه‌نده لێداوه:
له تاپۆی نامرادیم و ته‌می ناسۆری به‌ولاوه..!
به‌ڵێ ئه‌وسا دڵێکم بوو، که سه‌رچاوه‌ی ژیانم بوو
دڵی: مه‌ڵبه‌ندی ئاوات و ته‌وژم و تینی گیانم بوو
دڵێ: گوڵزاری دڵداریی و به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی بوو
وه‌کو بتخانه مه‌یدانی بتی جوانی په‌رستی بوو
له‌گه‌ڵ هاوار و گریانی هه‌ژارانا له شینا بوو
له‌گه‌ڵ ناڵه‌ی که‌ساسانا له خورپه و راچه‌نینا بوو.
1- پێشه‌کی:
وه‌نه‌بێ وه‌ك له به‌شی ( ئه‌زموون و ئایدیۆلۆجی) دا ڕوونمان کرده‌وه، هه‌ردی هه‌ژار به‌وه ده‌ربازی بوو بێ که بێده‌نگ كر‌او سۆز و هه‌سته روحییه رۆمانسییه‌کانی له‌ناو دڵ و سنگیدا خنکێنران.. نا… ئایدیۆلۆگه‌کان به‌وه وازناهێنن.
ده‌روێشانی بیری بێگانه به‌وه دڵیان ئاو ناخواته‌وه هه‌موو خوڕه و خورپه‌یه‌کی ره‌سه‌نی كوردیی و کوردستانیی بکوژن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی هه‌شه ده‌یشێوێنن، به‌و شێوه دایده‌ڕێژنه‌وه و شیی ده‌که‌نه‌وه و شرۆڤه‌ی ده‌که‌ن، که راستی و ره‌سه‌نێتییه‌که‌ی لێ دابماڵن، بیگۆڕن به ( دارشته‌یه‌کی یا پێکهاته‌یه‌کی) ئایدیۆلۆجی له‌سه‌ره‌وه سه‌پاوو له ده‌ره‌وه به ناهه‌ق دامه‌زراو.
ئه‌م هۆنراوه هه‌ژاره ساده و ره‌وانه باسی ئه‌زموونی ساده‌ی شکستی دڵداریی گه‌نجێکی هه‌رزه‌کار ده‌کا! که‌چی جارێکی تر سووپاس بۆ کاکه‌ی فه‌للاح که هه‌ردی به ده‌نگ هێنایه‌وه، هه‌ردی به‌و په‌ڕی بێزاریی و ناره‌حه‌تییه‌وه به شێوه‌یه‌کی هێمن ده‌ری ده‌بڕێ که ئه‌وه‌ی لێکدراوه‌ته‌وه و شی کراوه‌ته‌وه‌و بۆ ئه‌و کراوه به مێژوو و وه‌کو که‌وڵ له‌به‌ری کراوه، فڕی به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه نییه!!
هه‌ردی ده‌نووسێ:
”ئه‌م شیعره هه‌ر چه‌نده له چاپی یه‌که‌مدا حه‌وت به‌یته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆشنبیران گه‌لێك بایه‌خیان پێ داوه و لێی دواون! هی وا بووه ئه‌م شیعره‌ی به‌یادکردنه‌وه‌ی قۆناغێکی سیاسی زانیوه! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی وا بووه دوای ساڵی 1949 دانراوه! وه‌ك هاوڕێی به‌رێز ( د، عیززه‌دین مسته‌فا) و هی واش بووه: گره‌وی له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که گوایه من ناتوانم ئه‌م شیعره ته‌واو بکه‌م! وه‌ك هاوڕێی به‌رێز مامۆستا ( عومه‌ر عارف)، هی واش بوو، وه‌ك مامۆستا ( کاکه‌ی فه‌للاح) که لای وابووه نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له‌م شیعره‌دا نه‌متوانیوه شیعرێ‌کی تری له‌و بابه‌ته بڵێم: ( ل 58 ) .
هه‌روا له په‌راوێزیشدا ده‌نووسێ:
هاوڕێی به‌رێز د، عیززه‌دین مسته‌فا ره‌سول وا ئه‌زانێت ئه‌م شیعره دوای ساڵی (1949) دانراوه له‌به‌ر ئه‌وه به‌یادکردنه‌وه‌ی قۆناغێکی سیاسیی یان به شیعرێ‌کی ئه‌و قۆناغەی ئه‌زانێت!.. بڕوانه دکتۆر نامه‌که‌ی: ( الواقعیه الادب الکردی ص 109) له کاتێکدا ئه‌م شیعره له ساڵی 1946 دا وتراوه و باسی به‌سه‌رهاتی خۆشه‌ویستییه‌که و هیچی تر.”
ڕوونکردنه‌وه‌کانئ مامۆستا هه‌ردی ته‌واو بوون.
به‌سه‌ر هاتی خۆشه‌ویستییه‌که و هیچی تر!!
ئه‌مه روونکردنه‌وه ساده و روون و ڕه‌وانه‌که‌ی هه‌ردی یه. سه‌یره! سه‌رنجێکی سه‌رسپێیی ئه‌وه ئاشکرا ده‌کا که ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ش پارچه‌یه‌که، له‌ت و کوتێكه له ئاخاوتنی ناهومێدیی شاعیر، له گێرانه‌وه ڕۆمانسییه‌که‌ی، له چیرۆکی رۆمانسه تێکشکاوه‌که‌ی!!
به‌ڵام ئایدیۆلۆجی دێ به‌وشێوه ده‌یخوێنێته‌وه که هه‌لومه‌رجی ئه‌رکیاریی سیاسی خۆی، نه‌ك ستایل و ره‌وشی هونه‌ری ئێستاتیکی شیعره‌که، ده‌یخوازێ ده‌یخوێنێته‌وه.
سووپاس کاکه‌ی فه‌للاح! که هه‌ردی- ت به ده‌نگ هێنا، ئه‌م رازانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌بردنه ناو گۆڕ و ناچار کرا په‌نجه پیرۆزه‌که‌ی خۆی بۆ خۆری ئاشکرای راستی رابکێشێ. هه‌ژاره به ناچاری ناونیشانی هۆنراوه‌که‌ش له ( ناهومێدی) به‌وه ده‌کاته ( دڵی شکاو) تا جەخت بكا باسی دڵی شکاوی ئه‌وە و هیچی دی.
2- رواڵه‌تی هۆنراوه‌که[ من ته‌نیا سه‌رنجی هۆنراوه ئه‌سڵییه‌که بێ ته‌واوکردنه‌که‌ی دەده‌م]: هۆنراوه‌که حه‌وت به‌یته: واته حه‌وت دوو دێڕی قافیه‌دار. هه‌ر به‌یته قافیه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه، واته: aa, bb, cc, dd, ee, ff . دێڕه‌کان هه‌موویان کێشی هیجای شازده بڕگه‌یی یان هه‌یه. که له‌هه‌ر دێرێکدا به‌سه‌ر دوو نیوه کێشی 8 x 8 دابه‌ش ده‌بێ.
3- هۆنراوه‌که باسی چی ده‌کا؟ گرژی ده‌روونی له هۆنراوه‌که‌دا کامه‌یه؟
وشه و زمانی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ش به‌شێکی ته‌واوکه‌ری فه‌رهه‌نگی خه‌م و بێهومێدی رۆمانسی هه‌ردی یه، زۆر هێما یا دووباره‌کردنه‌وه‌ی وشه و ده‌ربڕینی شیعره‌کانی پێشووی تێدایه وه‌ك ( سه‌رسامی، سه‌رگوزشته، نا‌ئومێد، ناسۆری، مه‌ڵبه‌ندی ئاوات، گوڵزاری دڵداری) . هتد. به مانایه‌کی دی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ش به‌شێکی بنچینه‌یی و ته‌واوكەری( ئاخاوتن) یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی رۆمانتیکی خویاریی هه‌ردی یه که ناوه‌ڕۆکی سه‌ره‌کی پێکهێنه‌ری ئه‌و گێرانه‌وه‌یه بابه‌تی ناهومێدیی عه‌شق – ه.
به ساده‌یی شاعیر له‌م هۆنراوه‌یه‌دا ده‌ڵێ: ژیانی گه‌نجیم هه‌مووی ناهومێدی و هه‌ره‌سهێنانی خه‌ون و ئاواتی خۆشه‌ویستیم بوو.. بۆیه رابردوو خه‌وه، شریت ( تۆمار له شیعری تردا) ی چیرۆکی ئه‌و شکست و رووخانه‌یه.
گرژی ده‌روونی له‌م هۆنراوه‌یه‌شدا له نێوان هیوا و رووناکی و گوڵزارو ئاهه‌نگی خۆشه‌ویستی ڕابردوو له لایه‌که‌وه و راستی ناهومێدی و هه‌ره‌س و رووخانی ئێستایه له لایه‌کی تره‌وه.
وردتر ده‌ستنیشانی بکه‌ین: گرژیی و ناکۆکییه‌کان که هۆنراوه‌که‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه ئه‌مانه‌ن:
لوتکه‌ی بڵندی گه‌نجی x شریتی عومری رابردوو
ئێستای ناسۆر و هه‌ره‌س و رووخان و تاپۆی نامرادی و ته‌می ناسۆر x به‌رامبه‌ر رابردوو ( ئه‌وسایه‌ك) دڵی مه‌ڵبه‌ندی ئاوات، ته‌وژمی گیان و گوڵزاری دڵداری و به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی و جوانیپەرس‌تی، هتد.
دیاره وه‌سف کردنی دڵی له به‌یتی دواییدا:
له‌گه‌ڵ هاوار و گریانی هه‌ژارانا له شینا بوو
له‌گه‌ڵ ناڵه‌ی که‌ساسانا له خورپه و ڕاچه‌لینا بوو
ئه‌مه‌یه هه‌ڵبه‌ت وای کردووه، زیاد له مانای خۆی قورسایی مانا و مێژووی سیاسیی یان چینایه‌تی بخرێته سه‌ر شیعره‌که! ئه‌وه‌ی هه‌ردی هه‌ژار مه‌به‌ستی بووه و شیعره‌که ده‌ری ده‌بڕێ له‌وه زیاتر نییه که: دڵێ که ئه‌وه‌نده گه‌ش و خۆش بێ كەب‌بێته گوڵزاری دڵداری و به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی ئه‌و دڵه ئه‌وه‌نده هیوای به ژیان و خۆشه‌ویستی و جیهان هه‌یه که باوه‌ش به هه‌موو جیهاندا ده‌کا و له‌گه‌ڵ هه‌ژارانیشا ده‌گری و له‌گه‌ڵ ناڵه‌ی که‌ساسانیشدا راده‌چه‌نێ؟ له‌مه زیاتر هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی دی هه‌ڵناگرێ گه‌رچی – دوور به دووریش له پشت ئه‌م رسته‌وه‌یه رەنگە کارتێکردنێکی ( پرۆژه ئایدیۆلۆژی) یه‌که‌ی پێشتر باسمان کرد، ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ!
ئه‌زموونی بێ هومێدیی
خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌ی (( شانزه ساڵ چاوه‌ڕوانی))
ده‌قی هۆنراوه‌که:
دوێنێ له‌ته‌ك نه‌مانی سوورایی خۆرنشینا
که‌شه‌و هێواشی باڵی کێشا به‌سه‌ر زه‌مینا
تۆماری شانزه ساڵی ژیانی خۆشه‌ویستیم
ئاواتی پڕ له تاسه‌ی ده‌روون و گیانی برسیم
به جارێ نایه چاڵی ژیانی پرسزاوه..
که شه‌وقی چه‌نده گه‌نجی هه‌ژاری تیا دزاوه
له ته‌ك هه‌موو عه‌زاب و ژیانی بێ هیوادا
ئه‌م ره‌نجی ساته‌هایه‌م، که گشتی چوو به بادا
له ته‌ك ئه‌مانه‌شا من هه‌رچه‌نده تێگه‌یشتووم
که دووی خه‌یاڵی دووری، په‌ری نیگارێ که‌وتووم
له کاتی قووڵی دڵما: که بۆته گۆڕی ئاوات
رژاوه نه‌قشی باڵای بڵندی ئاڵ‌و واڵات
پێشه‌کی:
هه‌ردی په‌راوێزی روونکردنه‌وه‌یه‌کی گرنگی بۆ ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ش نووسیوه!
ده‌نووسێ: ئه‌م شیعره له ساڵی 1948 وتراوه.. یادکردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه‌کی سه‌ره‌تای هه‌رزه‌کارییه که له ساڵی 1938 دا کۆتایی هاتووه، واته له کاتێکدا وتراوه که هیچ تین و شوێنه‌وارێکی ئه‌و خۆشه‌ویستییه له دڵ و ده‌رووندا نه‌ماوه. به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی به‌سۆزی به‌سه‌رهاتێکی له‌م وێنه‌یه له لایه‌ن هاوڕێیه‌کی ئه‌وسامه‌وه بوو به هۆی دانانی ئه‌م شیعره..!
هه‌ردی ده‌ڵێ چی:
1- له ساڵی 1948 دا شیعره‌که‌ی وتووه، یادکردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه‌کی ده‌ساڵ له‌وه پێشتر کۆتایی هاتووه – شازده ساڵ چاوه‌ڕوانیه‌که وا نیشان ده‌دا شازده ساڵ پێشتر ده‌ستی پێ کردووه: واته له 1932 دا یه‌که‌مجار وه‌ك هه‌رزه‌کار عاشق بووه!
2- هه‌ردی ده‌ڵێ کاتی دانانی شیعره‌که ئه‌م ئه‌وینه ده‌ساڵ مردووه‌ی تین و شوێنه‌واری نه‌ماوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا چیرۆکێکی هاوچه‌شنی هاورێیه‌کی برینی ده‌کولێنێته‌وه… برینه‌که یارمه‌تیده‌رییه‌که ئه‌م هۆنراوه – ئێشی ئه‌و برینه سارێژ نه‌بووه‌یه.
به واتایه‌کی دی: دیسانه‌وه هه‌ردی په‌نا ده‌باته به‌ر بیره‌وه‌ری بۆ هه‌م بابه‌ت و هه‌مه هێزی ده‌ربڕینی ڕۆمانسیانه‌ی شیعر.
(2) ڕواڵه‌تی هۆنراوه‌که:
هۆنراوه‌که بریتی یه له شه‌ش به‌یت ( که بڵێت) واته دوو دێڕی قافیه دار. هه‌ر دوو دێڕه قافیه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه. شێوه‌ی قافیه‌کان به‌ریز: aa, bb, cc, dd, ee, ff ه، هۆنراوه‌که کێشی په‌نجه‌ی چوارده بڕگه‌ی هه‌یه.
(3) بابه‌تی هۆنراوه‌که:
وه‌ك وتمان چاوگه‌ی هۆنراوه‌که بیره‌وه‌رییه‌کی دووری کوێربووه‌یه. له بنخۆله‌مێش که‌ره‌سه‌که‌ی شانزه ساڵدا شاعیر بۆ چرووی ژیله‌مۆیه‌ك ده‌گه‌رێ که به‌روحیه‌وه بدا و رایچه‌تێنێ. بیستنی به‌سه‌رهاتی دۆسته‌که‌ی ده‌بێته پاڵنه‌ری ئه‌و کولانه‌وه‌یه: وه‌ك یه‌وژمه بایه‌کی له پڕ که بیه‌وێ چین له دوا چینی خۆڵه‌مێش به‌ستوو هه‌ستێنێته‌وه و نه‌توانێ. هه‌ردی خۆی له ڕوونکردنه‌وه‌که‌یدا ئاشکرای ده‌کا که (هیچ قین و شوێنه‌وارێکی ئه‌و خۆشه‌ویستیه له دڵ و ده‌رووندا نه‌ماوه).. هۆنراوه‌که ئه‌م بۆچوونه ڕه‌ت ناکاته‌وه، به‌ڵام ته‌واو ناشی سه‌لمێنێ: ڕاسته گه‌ر شوێنه‌واره‌کان _________ و گۆڕیان هه‌با، هۆنراوه‌که‌ش به‌سۆزتره گه‌رم و گوڕ تر ده‌بوو.. گه‌ر به‌ته‌واویش له ناوچووبایه، ئه‌م هۆنراوه یاده‌ش له‌دایك نه‌ده‌بوو؟ که‌وایه هۆنراوه‌که له نێوان ئه‌م دوو هاوکێشه‌یه‌دا له کوێدا وه‌ستاوه؟
هه‌ر شاعیرێ به‌و ئه‌زموونه‌دا ڕۆیشتووه: بیستنی چیرۆکێ، بینینی دیمه‌نێ، خوێندنه‌وه‌ی پارچه نووسینێ.. هتد شتێ له ناخت‌دا ده‌جوڵێنێ، جه‌مسه‌رێ بۆ ڕۆحت ده‌کاته‌وه، هه‌ست به هاوسۆزی و هاو هه‌ستیه‌ك ده‌که‌ی، پشکۆیه‌ك له ناختا ده‌سووتێ، بێ ئۆقره ده‌بی، شتێ ده‌یه‌وێ له‌دایك بێ، ده‌نگ و ڕه‌نگی هه‌بێ. ئه‌مه له‌حزه‌ی سروشته.. سروشتێ ده‌شێ ڕاست و ڕه‌وان و قووڵ بێ، ده‌شێ لاوه‌کی و که‌بیریش بی.
ئه‌مه‌ی هه‌ردی ئه‌مه‌ی دواییانه: هه‌موو هۆنراوه‌که سه‌ره‌تای هۆنراوه‌که: وێنه‌کێشانی دیمه‌نی خۆراوابوونی ئێواره‌یه. هه‌موو شیعره‌که‌شی، هه‌موو یاده‌وه‌ریه 26 ساڵیه‌که‌شی به قه‌ده‌ر ماوه‌ی خۆرئاوابوونه‌که. خێرا دێ، خێرا ده‌ڕوا، ژیاندنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌که نیه.دووباره تێپه‌ڕبوونه‌وه‌به ئه‌زموونه‌که‌دا نیه. باس کردنیه‌تی. باس کردنێکی ______ ، سه‌ریالیست، وه‌ك دوو ماوه‌ی به‌سه‌ر چوو، به‌ڵام شوێنی ماوه، یان نه‌ماوه!! له ئاخ و ئاهێکی قووڵی بێ ئومێدی زیاتر نیه:
ئای: دۆستی ئازیز
منیش، منیش، وه‌ك تۆ، شازده ساڵ له‌مه‌وپێش، کچێکم بۆ شه‌ش ساڵ خۆش‌ویست. دوایی کوته‌کی له ڕۆحم وه‌شاند، دڵمی تێك شکاند، هه‌موو هیوا و تاسه‌یه‌کی ژیانی خۆشه‌ویستی تاساند.
ئه‌مه سوورایی ئێواره‌ن وه‌ك خوێن ئاڵی ئاسۆ له ژێر باڵی تاریکیدا نقوم ده‌بێ… دنیا ده‌که‌وێته باوه‌شی شه‌وێکی ره‌شه‌وه… راده‌مێنم، داده‌مێنم: به ده‌ست خۆم نییه.. هه‌ر که باس و خواستێکی خۆشه‌ویستی ده‌بیستم دیمه‌نێکی ئاوا پشکۆ سووره‌کانی ناخم ده‌خاته‌وه یاد.. که ئێستا جگه له خۆڵه‌مێشێکی سارد و سڕ و زیاتر نین..
وام لێ ده‌کا: تۆماری شازده ساڵی ژیانی خۆشه‌ویستیم بێنمه‌وه به‌رچاوم: رۆژانی هه‌رزه‌کاریم ئای که ده‌روونم پڕ تاسه بوو بۆ خۆشه‌ویستی، ئای که رۆح پرسی بوو بۆ چرپه و خورپه‌ی ئه‌وین!
به‌ڵام من هه‌موو ئه‌مانه دوێنێ ئێواره به یه‌کجاری خستنه ناو (( چاڵی ژیانی پرستراوه)) ئه‌و چاڵه‌ی شه‌وق و حه‌ز و ئاره‌زووی چه‌ندان گه‌نجی به‌دبه‌ختی وه‌ك منی تێدا رزیون.
ئێستا لام یه‌قینه هه‌موو ژیانم ژیانم ژان و بێ هیوایی بوو. لام یه‌قینه ره‌نجی ساڵه‌هام بێ هووده ده‌رچوو.
لام یه‌قینه ته‌نانه‌ت ئه‌م یاده‌وه‌رییه لاوه‌کیه‌ش له‌وه زیاتر نیه که به ده‌ور خه‌یاڵی دووره ده‌ستی په‌ری نیگارێ که‌وتووم:
به‌ڵام، دۆستم، دۆستی ئازیزم: لێت ناشارمه‌وه!
نا.. من له‌م ده‌ردی عیشقه ده‌ربازم نه‌بووه؟
نا.. من له‌و نه‌فره‌ته‌ی ئه‌وینه کوشنده‌یه ئازاد نه‌بووم!
وه‌ره، دۆستم، وه‌ره
سه‌یری کانی قووڵی دڵم که:
تکا ده‌که‌م، قووڵ، قووڵ سه‌یر که، تا ده‌گه‌یته بن و بنه‌وانه‌که‌ی
چی ده‌بینی؟ ئه‌وسا پێم بڵی چی ده‌بینی.
جگه: له گۆڕی ئاوات و هیوا و خه‌ونه‌کانم!!
نا.. هاوڕێ.. نا
با.. ئه‌و تاریکستانه نه‌ترسێنێ و به‌رچاوت لێڵ نه‌کا..
و تیژ تر بڕوانه، بڕوانه، ئه‌و دیو تاریکیا‌یه‌که، ئه‌و دیو چاڵه ته‌نگه‌که، بڕوانه هه‌موو شوێنێ، هه‌موو لایه..
چ ده‌بینی دۆستی ئازیزم.
ئه‌و ڕووناکییه ئه‌زه‌لییه.
ئه‌و جوانی‌یه بێ کۆتایی‌یه.
ئه‌و حه‌زه هه‌رگیز دانه‌مرکاوه:
(نه‌خشی باڵای بڵند و تاڵ و لاڵ) عاشقه دڵکوژه‌که‌مه!
(4) گرژی ده‌روونی له هۆنراوه‌که‌دا:
گرژیه‌که ئاشکرایه:
ته‌مه‌نێکی خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر ئه‌زموونی دڵدارییه‌کی کوشنده:
زۆرانبازی ئه‌به‌دی نێوان هیوا و بی هومێدی
نێوان مه‌رگ و له‌ناوچوون و زیندووێتی یاده‌وه‌ریی
نێوان ته‌سلیم بوونی عه‌قڵ به (کۆتایی هاتنی هه‌موو شتێ) و کشانی باڵی تاریکی شه‌و مه‌رگی خۆر و ….
خورپه‌ی ڕۆح: که نا. نا. نا.. له‌و دیو شه‌وه‌زه‌نگه‌وه هێشتا له شوێنێ، له دنیایه‌کی دی‌دا، فۆرمێکی گه‌شی په‌خشانه، له ناو ناخی ناخی تاریکیدا، پشکۆیه‌ك ده‌سووتێ.. ژیله‌مۆی خۆشه‌ویستی‌یه‌که‌م له دڵدا دانامرکێته‌وه.
(5) ئه‌نجام:
ئه‌نجامی ئه‌م هۆنراوه‌یه ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌زموونه‌که‌ی هه‌ردییه:
ئه‌زموونی عیشقێکی ڕۆحی ناکام، خۆشه‌ویستیه‌کی جوانه‌مه‌رگ،
خۆشه‌ویستیه‌کی به ژه‌هر کراو.
ئه‌م چیرۆکی عیشقه‌یه که ئاخاوتنی شیعری هه‌ردی دروست ده‌کا: که ژیانی شیعری هه‌ردی ده‌کاته دڵخوازییه‌کی ڕۆمانس.. که هه‌موو وشه و دێڕ و ستانزایه‌کی شیعری هه‌ری له‌یه‌ك (گێڕانه‌وه‌ی) ی چیرۆکی دڵداری گه‌نجێتی و ئه‌و شوێنه‌واره قووڵه‌ی تراژیدیای دڵداریه‌که له‌سه‌ر ژیان و هه‌ست و ڕۆحی شاعیردا به‌جێ دێڵێ.