ئه‌مریكاییانه … ئه‌نتۆن چیخۆف
به‌هۆی ئه‌و پێداگریه سه‌خته‌ی كه بۆ زه‌ماوه‌ند كردنێكی یاساییانه هه‌مه ، وه به سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه زه‌ماوه‌ندكردن به‌بێ به‌شداری ڕه‌گه‌زی مێیینه كارێكی مه‌حاڵه ، له‌خۆبوردوانه و به‌وپه‌ڕی شانازی و شادمانی و هه‌ستكردن به ڕه‌زامه‌ندیی ته‌واوه داوا له سه‌رجه‌م بێوه‌ژنان و كچان ده‌كه‌م بفه‌رموون ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بكه‌ن:
– سه‌ره‌تا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من پیاوم ، ئه‌م بابه‌ته بۆ خانمان گرینگی خۆی هه‌یه. باڵام دو ئارشین و هه‌شت ڤیرشۆك (176 ) سانتی مه‌تره. گه‌نجم. هێشتا بۆ سه‌رده‌می پیری زۆرم ماوه. دروست به ئه‌ندازه‌ی نێوان باڕۆكه له جه‌ژنی پتروس. له ڕه‌گ و ره‌چه‌ڵه‌كێكی باشم. جوان نیم به‌ڵام هێنده‌ش ناشیرن و دزێو نیم. به‌ڵگه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه ناشیرن نیم ئه‌وه‌یه كه زۆر جاران له تاریكایی ئه‌نگوسته‌چاودا منیان به كه‌سانی زۆر جوان لێ گۆڕاوه. ڕه‌نگی چاوه‌كانم له نێوان شین و قاوه‌یی دایه. سه‌ر گۆناكانم ( به‌داخه‌وه ) چاڵیان تێ ناكه‌وێ. دو دانه له ددانه شاش و واشه‌كانم ڕزیون. له به‌خێرهێنانی میوانان و هه‌واڵپرسیی دا لێزان نیم به‌ڵام ڕێگاش به هیچ داماو و زه‌بونێك ناده‌م شكی له پته‌وی و به‌هێزی ماسولكه‌كانم هه‌بێ. ژماره‌ی ده‌سته‌وانه‌كانم حه‌وت و سێ له‌سه‌ر چواره. جگه له دایك و باوكێكی هه‌ژار به‌ڵام خانه‌دان ، هیچ شتێكی ترم نیه. به‌ڵام ئاینده‌م ڕوون و دره‌وشاوه‌یه. لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی نازدارانم به‌گشتی و خزمه‌تكارانیش تاكوته‌را. باوه‌ڕم به هه‌موو شتێك هه‌یه. گونجانم له گه‌ڵ مقوله ی ئه‌ده‌بیات دا به ئه‌ندازه‌یه‌كه كه له خوێندنه‌وه‌ی ستونی سنوقی پۆسته‌ی گۆڤاری ( ستركازا ) به‌ده‌گمه‌ن گریان ده‌مگرێ. به‌نیازم له ئاینده‌دا ڕۆمانێك كه پاڵه‌وانه‌كه‌ی ( ژنێكی جوانی گوناهكار و لامل ) و هاوسه‌ری ژیانی جه‌نابم ، ده‌بێ ، بنوسم. له شه‌و و ڕۆژێكدا دوانزه ده‌مژمێر ده‌نوم. زۆر خۆرم. ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵان دا ده‌خۆمه‌وه. ئاشنایه‌لی باشم هه‌ن ، دوانیان نوسه‌ر و یه‌كیان شاعیر و یه‌كیشیان مفته‌خۆره. كه له ڕێگه‌ی ڕوپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه شه‌ریفه‌كه‌ی ( ڕیڤسكایا گازیتا ) وه سه‌رگه‌رمی فێركردن و باشتر كردنی به‌نی ئاده‌من. ئه‌و شاعیرانه‌ی خۆشمده‌وێن بریتین له پۆشكاربۆف و هه‌ندێك جاریش خۆم. عاشقی پیشه‌كه‌مم به‌ڵام به‌خیل نیم. ده‌مه‌وێ به پێی مه‌رجه‌كانی خۆم و خوازیارانم زه‌ماوه‌ند بكه‌م.
ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی به‌نده بو ، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی هاوسه‌ری ئاینده‌م:
– كچ بێ یان بێوه‌ژن ( ئیدی كامیان گونجاوتر بێ ) ده‌بێ ته‌مه‌نی له پانزه ساڵ به‌سه‌ره و له سی ساڵ زیاتر نه‌بێ. كاسۆلیك نه‌بێ. واتا دڵنیابێت و سور بزانێ له‌م دنیایه‌دا مرۆڤی بێبه‌ری له گوناه ، بونی نیه. یه‌هودی قبوڵ ناكرێ. كچانی یه‌هودی هه‌میشه له پیاو ده‌پرسن: ( بۆچی ئه‌م دێڕه له ناوه‌ڕاست ده‌نوسی؟). (بۆچی ناچی له‌لای باوكم فێری شێوازی پاره په‌یدا كردن بیت؟). ئه‌م چه‌شنه قسانه به هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ سروشتی مندا نایه‌نه‌وه. پرچ زه‌رد و چاوشین بێ. ئه‌گه‌ر كرا ( برۆ ڕه‌ش بێ ). نه ڕه‌نگ لێ بڕاو و نه سوره‌ش بێ. نه قه‌ڵه‌و بێ نه لاواز. نه زۆر باڵابه‌رز و نه كورته‌بنه. له‌به‌ردڵان بێ و ڕه‌زاقورس نه‌بێ. سه‌ری هه‌ڵنه‌قاچیبێ. هه‌ڵه‌وه‌ڕ نه‌بێ و به‌رده‌وامیش له كونجی ماڵ دانه‌نیشێ. وه هه‌روه‌ها خه‌تیشی خۆشبێ چونكه زۆر پێویستیم به كه‌سێكی لێهاتوه بۆ له‌به‌ر نوسینه‌وه ، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌ویش هێنده زۆر نیه. ده‌بێ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڤارانه‌دا هه‌بێ كه من هاوكاریانم و ئامانجی ئه‌وان بكاته سه‌رمه‌شقی ژیانی خۆی. گۆڤاره‌كانی وه‌ك ( شادمانی ) و ( تازه‌گه‌لی ڕۆژ ) و ( نا نا ) نه‌خوێنێته‌وه و خوێندنه‌وه‌ی سه‌ر وتاره‌كانی ( نامه‌كانی مۆسكۆ ) كاریگه‌ری له‌سه‌ر دانه‌نێ و له خوێندنه‌وه‌ی سه‌روتاره‌كانی ( كه‌نار ) یش بێزوو نه‌كا و سست و بێ توانا نه‌بێ.
ده‌بێ بتوانێ گۆرانی بڵێ ، سه‌ما بكا ، بنوسێ ، بكوڵێنێ ، ببرژێنێ ، زمان شیرن بێ ، كێك و كولیچان دروست بكا ، ( به‌ڵام گوێچكه ڕانه‌كێشێ ) ، قه‌رز بكا بۆ پیاوه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ، به گوێره‌ی توانا جوانپۆش بێ ، له هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه گوێڕایه‌ڵ بێ. نابێ له‌شی خۆی بخورێنێ ، بیكاته جیڕوهۆڕ ، بزیقێنێ ، هاوار بكا ، گاز بگرێ ، ددانه‌كانی نیشان بدا ، ده‌فروئامانان بشكێنێ ، نابێ خۆی له دۆستان پێ گه‌وره‌تر بێ و فیزیان به‌سه‌ردا لێدا. تێ‌بگا له‌وه‌ی كه قۆچ شایسته و شایانی مرۆڤ نیه و تا كورتتر بێت باشتره و بۆ كه‌سێك كه بۆ وه‌ده‌سهێنانی ئه‌م وجوهاتانه خۆی ده‌خاته ژێر بارێكی ئاواوه ، مه‌ترسییه‌كه‌ی كه‌متره.
نابێ ناوی ( ماترینا ) یان ( كۆلینا ) یان ( ئاڤدۆتیا ) و ناوه‌لی له‌م بابه‌ته بێ. وا باشتره ناوێكی خانه‌دانانه‌ی له چه‌شنی ( ڤیلیا ) ، ( لینۆچكا ) ، ( ماروسكا ) ، ( كاتیا ) و ( لیپا ) و ئه‌مانه‌ی هه‌بێ.
دووری نێوان ئه‌و و دایكی كه ده‌كاته خه‌سوی به‌نده به ئه‌ندازه‌ی ئێره و پشت كێوی قاف بێت
( به پێچه‌وانه‌وه به‌نده هیچ گرێنتیه‌ك نادات ).
بونی لانیكه‌م 200000 ڕۆبڵ زیو له شته هه‌ره پێویسته‌كانه
لێتان ناشارمه‌وه له حاڵه‌تی ڕازیبونی خوازیارانمدا ده‌كرێ ئه‌م بڕگه‌ی دواینیان گۆڕانكاری تێدا بكرێت.
له‌فارسیه‌وه: ئازاد نه‌جم
سه‌رچاوه / مجموعه داستانهای كوتاه چخوف / سایتی كتابناك