ئه‌و پیاوه‌ی له باوکم ئه‌چوو…… جه‌بار حه‌مه‌د
کاتێک له پارکینه‌که‌ی پێش مۆڵه‌که* چاوم چووه‌سه‌ریان، ژنه‌که‌ی خه‌ریکی هه‌ڵسانه‌وه‌ی بوو ، نه‌یئه‌توانی و ده‌ره‌قه‌تی نه‌ئه‌هات،ده‌ستێکی وه‌بن هه‌نگڵی دابوو، به‌ده‌وری خۆیدا ئه‌یڕوانی، تا بانگ له که‌سێک بکات یارمه‌تیان بدات. ته‌کسیه‌که‌م له‌وان نزیک کرده‌وه و وه‌ستام ، به‌په‌له دابه‌زیم.کابرایه‌کی تریش په‌یدا بوو ، به‌هه‌ردوکمان هه‌ڵمانساند.سه‌ری خوێنی پیا ئه‌هاته خواره‌وه، دیاربوو که‌که‌وتووه، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ده‌نکه زیخانه‌ی ئه‌م زستانه سارده له‌گه‌ڵ خوێ تێکه‌ڵیان کردووه‌و پرژانوویانه تا پارکینه‌که نه‌یبه‌ستێ ، سه‌ری بریندار بوو.گه‌ڕامه‌وه بۆلای ته‌کسیه‌که‌م ، هه‌ندێ ده‌سره‌کاغه‌زم هێنا ، خوێنه‌که‌م له سه‌رو ملی پاکرده‌وه‌و ده‌سڕه‌که‌م خسته سه‌ر برینداریه‌که و ووتم ده‌ست بخه‌سه‌ری. به‌من و کابرای یارمه‌تیده‌ر که ئێستا شێوه‌یمم له بیر نه‌ماوه، خستمانه ناو ڤانه‌که‌یه‌وه*.
که هه‌ردوکیان به واکه‌ر* له مۆڵه‌که هاتبوونه ده‌ره‌وه، واکه‌ره‌کانیان له پاشی ڤانه‌که‌یان جێگیر کردبوو، له‌کاتی سواربوون، ئه‌م به‌هۆی نه‌مانی باڵانسیه‌وه*، به پشتا که‌وتبوو. چۆن که‌وتبوو؟ نازانم،،،له‌وانه‌یه کلێنچکه‌شی ئازاری گه‌شتبێ.لێم پرسی ئازارت نیه؟ وتی نا. کابرای یارمه‌تیده‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌م جێگیر بوو سیتبێڵته‌که‌ی* بۆ کرد و ڕۆیشت. منیش هه‌ندێکی تر سه‌ریم بۆ پاکرده‌وه‌و پێم وت ده‌ستی پێوه بگره تا ئه‌گه‌یته ئێمرجنسی*..تۆ ئه‌توانی ڤانه‌که* لێبخوڕی؟ به‌ژنه‌که‌یم وت: وتی ئۆ،،، یا،،، ثه‌نکیو*، کابراش به‌س به‌چاو سوپاسێکی بێپایانی کردم،ئه‌و سوپاسه‌ی زۆرجار به‌ده‌م ناتوانی ده‌ری ببڕیت.
ته‌کسیه‌که‌م ئاژوو و ده‌ستم به ستێرنه‌که‌وه*،خه‌یاڵ بردمی،،،،،،
ئا‌ی پیری!! بزانه ئه‌و مرۆڤه چه‌ند بێهێز بوو؟ ته‌نانه‌ت توانای جوڵانی قاچه‌کانیشی نه‌مابوو،،به‌ڵام چاوه‌کانی پڕبوون له هیوا،،ئه‌وسوپاسه‌ی که به‌چاوانی کردی،مانای ئه‌وه‌یان به‌من به‌خشی ئه‌تۆش پیر ئه‌بیت،که‌سێک هه‌ڵتئه‌ستێنێته‌وه،،،ئه‌مه له‌ڕێی هه‌موومانه.
جاتۆ بڵێیت من پیریم بببینم؟بڵێیت من له شوێنێکدا لێمناقه‌ومێ ، مێشووله‌شی لێنه‌بێ؟
ئه‌و لاشه لاواز‌و بێهێزه، ئه‌بێت سه‌رده‌مانێک چۆن بوو بێت؟ کێ ناڵێت ئه‌مه یه‌کێک نه‌بووه له‌و کرێکارانه‌ی که له کارگه‌ی ئاسنه‌که‌ی هامڵتۆن* زۆرانبازی له‌گه‌ڵ ئاسن کردووه؟ ئه‌بێ ڕۆژانه چه‌ند کاتژمێر کاری کردبێت؟
کێ ئه‌ڵێ ئه‌مه هه‌رگیز کاری کردووه؟! ئه‌و پێسته سپیه ناسکه‌ی له‌وه نائه‌چوو که ساردی‌و گه‌رمی بینیبێت. من چووزانم له‌وانه‌یه یه‌کێک له ناوداره‌کانی ئه‌م شاره‌بێتوو ئێستا له سینێرس بڵدین* له گه‌ڵ پیره‌کانی تردا بژی و مناڵه‌کانی ساڵی جارێک بۆ کریسمیس بۆ لای بێن ، یان هه‌ر نه‌یه‌ن. کێ ئه‌ڵێت مناڵیان هه‌یه؟ ئه‌مانه یان مناڵیان نیه یان یه‌ک یان دوان یان سیان هه‌ر یه‌ک له ژنێک.،،، زۆریشیان هه‌یه یه‌ک ژنی هێناوه‌و چل په‌نجا ساڵ به‌یه‌که‌وه‌و په‌یوه‌ندیه‌کی باشیان له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانیان هه‌یه.ئه‌وه ژیانی خۆیانه مناڵیان هه‌یه یان نیه چ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه هه‌یه؟
کۆمپیوته‌ری ته‌کسیه‌که‌م پیپه‌ی* کردوو زنجیره‌ی خه‌یاڵمی پچری، تریپێکی* ترم بۆ هاتوو ڕۆیشتم.پاره بۆ بژێوی په‌یدا کردن جارێکی تر بۆ لای کابرا خه‌یاڵمی نه‌برده‌وه ،،،من حه‌زم ئه‌کرد به کامێراکه‌ی خه‌یاڵم شوێن ته‌مه‌نی ئه‌م پیاوه بکه‌وتمایه له ئێستایه‌وه تا ئه‌و کاته‌ی که له دایک بوو،،،باشه من ئه‌مه‌م بۆ چیه؟
بۆ ئه‌وه‌ی به‌راوردێکی ژیانی ئه‌مو باوکم بکه‌م. تۆ بڵێی شتێکی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و زیخه‌ی که سه‌ری کون کرد‌و ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی لێهات، هه‌بێت له هی باوکم بچێت؟
باوکم ساڵ‌و ڕۆژی له‌دایک بوونی که‌سنازانێت،که‌لێمان ئه‌پرسی ئه‌یوت ،دایکم ئه‌یوت، ئه‌وساڵه‌ی به‌ته‌یاره بۆردوومان ئه‌کراین و له‌ترسا خۆمان ئه‌شارده‌وه. ئه‌م کابرایه دڵنیام هه‌موو ساڵێک هه‌پیبێرسده‌یان بۆ کردووه و له‌وڕۆژه‌دا پێکێک واین یان شه‌مپانیای نۆشکردووه.
بڵێی باوکم چه‌ند جار کۆکاکۆلای خواردبێته‌وه؟ نانووچا یان کۆکاکۆلا،کامیان بۆ ژیان گرنگتر‌و له‌پێشتره ؟کامیان سکی برسیت تێر ئه‌کات؟ جارێکیان کۆکاکۆلایه‌کی بۆ کڕیم،دوایی وتی ئا قومێکم بده‌رێ بزانم خۆشه؟ سکیشم تێر نه‌بوو،به‌ڵام کۆکاکۆلاکه‌م له نانووچاکه لا خۆشتر بوو.چه‌ند ژه‌م نانووچا؟کوڕم هه‌ر بڵی خوا نه‌یبڕێت،خوا لێمان نه‌شاریته‌وه.
باوکم به‌چی ده‌رده‌سه‌ری و ڕه‌زاله‌ت مناڵه‌کانی به‌خێوکرد؟ئا‌ی خۆی چۆن ژیانێکی هه‌بووه؟
باوکم له‌ژیانیدا ئۆتۆمبێلی نه‌بووه،،،تراکتۆرێکی هه‌بوو له ساڵه‌کانی حه‌فتاوه ئه‌یڕه‌تاند…یان بڵێم تراکتۆره‌که ئه‌می ئه‌ڕه‌تاند.
کوێی ژیانی باوکم باس بکه‌م؟
نه‌خوێنده‌واریه‌که‌ی؟هه‌ژاریه‌که‌ی؟ساویلکه‌یه‌که‌ی؟نه‌خۆشیه‌که‌ی؟هه‌ریه‌که‌یان ئومه‌تێک له‌بندێنێت،،،،دایکم وای ئه‌وت.
زۆرن ئه‌و باوکه نه‌خوێنده‌واره هه‌ژاره ساده ساویلکانه، له هه‌موو ته‌مه‌نیاندا ساتێک ژیان بواری پێنه‌داون و هه‌ربه‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌وه چه‌رخه‌که‌ی سوڕاندووه.
زۆرجار له دایکم ئه‌پرسی ئێمه بۆ واین؟
دایکم وه‌ڵامه‌که‌ی ئاوا بوو:
نه‌خوێنده‌واری.هه‌ژاری،نه‌خۆشی له‌توانای کێدایه؟به‌ڵام هه‌رگیز باسی ساویلکه‌یی باوکمی نه‌ئه‌کرد.نه‌نکم ئه‌یوت ئه‌مه په‌پووله‌یه،به‌هه‌شتیه،ئه‌وه‌ی لێیبکه‌وێت گه‌ڕووگوول ئه‌بێت. ئا‌ی چه‌ندم بینی که له‌باوکم که‌وتن و غه‌دریان لێکرد،به‌ڵام که‌سم نه‌بینی گه‌ڕ یان گول بێت.
تا منداڵبووم ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دایکمم بۆ شیته‌ڵ نه‌ئه‌کرا،که گه‌وره‌شبووم ویستم به خوێنده‌واری به‌گژ هه‌ژاریدا بچمه‌وه و وه‌ک باوکم نه‌بم،به‌ڵام نه‌خۆشی ڕێگه‌ی پێنه‌دام.
ئێستا من و باوکم و ئه‌م پیاوه‌ش زۆر شتمان له‌یه‌ک ئه‌چێت،جارێ باسی خۆم ناکه‌م،سه‌فه‌رم له‌ڕێیه.که چوومه‌وه کوردوستان ،بۆم ده‌رکه‌وت باوکم و ئه‌م کابرایه دوو شتیان له‌یه‌ک ئه‌چوو:
باوکم له یانزه ساڵدا یه‌کجار منی بینی و نه‌یبینیمه‌وه، به‌ڵام ئه‌مکابرایه هه‌ر هیچ نه‌بێ هه‌موو کریسمسێک منداڵه‌کانی ئه‌بینێت.
ئه‌مکابرایه باڵانسی تێکچوو، که‌وت ده‌نکه زیخێک سه‌ری برینارکرد، به‌ڵام باوکم له‌سه‌ربان که‌وتبووه‌خواره‌وه و مێشکی پژا بوو،،،،،،
بۆیه ئه‌م چیرۆکه‌م ناونا ئه‌و پیاوه‌ی له‌باوکم ئه‌چوو.*ئه‌و وشانه‌ی که ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی له‌سه‌ره به‌مه‌به‌ست دامناوه،،،ئێمه له‌که‌نه‌ده ئاوا قسه ئه‌که‌ین،،،،وه‌نه‌بێت ئینگلیزیه‌که‌مان ئه‌وه‌نده ته‌واو بێت،به‌ڵام ناچاریه.
حوزه‌یرانی 2009
که‌نه‌ده