ئه‌گه‌ر دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه
کیژۆڵه‌ی خانه‌خوێکه له لالۆ (کاف) ی پرسی :
ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه ، تۆ بڵێی ئاخۆ له‌گه‌ڵ گچکه ماسیه‌کاندا میهره‌بانتر بوونایه ؟
لالۆ (کاف) وتی : بێگومان.
(( ئه‌گه‌ر دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه ، ئه‌وسا له‌ناو ده‌ریادا کۆدان (سندوق) ی ڕه‌خته ( قایم ) و پته‌ویان بۆ گچکه ماسیه‌کان به دروستکردن ئه‌دا و بۆیان پڕده‌کردن له هه‌موو جۆره خۆراکێک ، ئیتر هه‌ر له ڕووه‌ک وگژوگیاوه بگره ، تا ده‌گاته هه‌موو كه‌ر‌سته‌و شتومه‌كی ئاژه‌ڵان .
دڕه‌ماسیه‌کان خه‌می ئه‌وه‌شیان ده‌خوارد ، که کۆدانه‌کان هه‌میشه ئاوی پاک و سازگاریان تێدا بوایه و هه‌موو پێویستیه‌کانی پزیشکیی و فریاکه‌وتنیشان بۆ ئاماده ده‌کردن .
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بێت‌و گچکه‌ماسیه‌ک (په‌ڕه‌که) که‌ی خۆی زامدار بکردایه ، ده‌ستبه‌جێ به‌ده‌میه‌وه ده‌هاتن
و برینپێچیان بۆ ده‌کرد ، نه‌با پێشوه‌خت بمرێت و به فیڕۆ له‌ده‌ستی دڕه‌ماسیه‌کان بچێت.
بۆئه‌وه‌ی گچکه‌ماسیه‌کان دڵته‌نگ و خه‌مبار نه‌بان ، جاروبار له‌ناو ئاودا ئاهه‌نگی گه‌وره‌یان ده‌گێڕا ، چونکه ماسی دڵخۆش و شادمان له‌ماسی دڵته‌نگ و خه‌مبار به تام وچیژتره .
ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌كان مرۆڤ بوونایه ، ئه‌وسا ده‌با له ناو کۆدانه گه‌وره‌کاندا خوێندنگه‌ش هه‌بووایه.
له خوێندنگه‌کاندا گچکه‌ماسیه‌کان فێری ئه‌وه ده‌بوون ،که چۆن مرۆ له ناو گه‌رووی دڕه‌ماسیه‌کاندا مه‌له ده‌کات .
بۆ نموونه گچکه‌ماسیه‌کان پێوستیان به شاره‌زایی گیوگرافی (جوغرافی) ده‌بوو ، هه‌تا بیانتوانیانه ئه‌و دڕه‌ماسیه گه‌ورانه بدۆزنه‌وه ، که له شوێنێکدا ته‌وه‌زه‌لانه لێی پاڵكه‌وتوون.
کاری هه‌ره سه‌ره‌کی بریتیده‌بێت له ڕاهێنان و فێرکردنی مۆراڵی ( اخلاقی ) گچکه‌ماسیه‌کان . وانه‌یا‌ن پێده‌وتنه‌وه و فێریانده‌کردن ، که گوایه مایه‌ی ئه‌وپه‌ڕی گه‌وره‌یی و شانازی ده‌بێت ، ئه‌گه‌ر بێت و گچکه‌ماسیه‌ک به‌وپه‌ڕی دڵخۆشی و دڵسۆزیه‌وه گیانی خۆی به‌ختبکات.
فێریانده‌کردن که ده‌با هه‌موو گچکه‌ماسیه‌کان باوه‌ڕیان به دڕه‌ماسیه‌کان بکردایه ، به‌ر له‌هه‌موو شتێک ، ئه‌گه‌ر دڕه‌ماسیه‌کان بیانوتایه ،که گوایه خه‌می ئاینده‌یه‌کی باش و جوان ده‌خۆن.
له هه‌مانکاتدا گچکه‌ماسیه‌کانیان واتێده‌گه‌یاند ، که ئه‌م ئاێنده باش و جوانه‌ش ته‌نیا کاتێک مسوه‌گه‌رده‌کرێت که گوێڕایه‌ڵانه فێرببن و وانه‌کانیان وه‌ربگرن .
له‌سه‌ر گچکه‌ماسیه‌کان پێوه‌ستده‌بوو که خۆیان له هه‌موو خواست و ئاره‌زوویه‌کی پوچ و بێ كه‌ڵكی ماتریالیستانه و خۆپه‌رستانه و مارکسیانه بپارێزن و توخنی نه‌که‌ون . خۆ ئه‌گه‌ر بێت و یه‌کێ له‌وان بکه‌وێته گێژاوی ئه‌و جۆره ئاره‌زووانه وه ، ئه‌وا پێویسته له سه‌ریان که ئه‌و تێوه‌گلانه به زووترین كات به دڕه‌ماسیه‌کان بگه‌یه‌نن .
ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه ، ئه‌وا بێگومان له پێناوی داگیرکردنی کۆدانی ماسی و گچکه‌ماسی بێگانه‌دا له ناویه‌کتردا شه‌ڕیان به‌رپاده‌کرد.
شه‌ڕه‌کانیشیان به گچکه‌ماسیه‌کانی له‌مه‌ڕخۆیان ده‌کرد. گچکه‌ماسیکانیان فێرده‌کرد، که تابڵێی جیاوازیه‌کی زۆرزۆر گه‌وره له نێوان ئه‌مان و گچکه‌ماسی له‌مه‌ڕ دڕه‌ماسیه‌کانی تردا هه‌یه.
وه‌ک ده‌زانرێت گچکه ماسیه‌کان خۆیان له‌خۆیا‌ندا بێ زمانن ، به‌ڵام ده‌ڕه ماسیه‌كان وایان ڕاده‌گه‌یاند ، که گچكه ماسیه‌كان له چه‌ندان زمانی جیاوازدا خۆیان مت و بێده‌نگکردووه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانن له یه‌کتری تێبگه‌ن .
هه‌ر گچکه‌ماسیه‌ک دوو سێ گچکه‌ماسی له به‌ره‌ی دوژمن ، له‌وانه‌ی که له زمانێکی تردا خۆیان بێده‌نگكردووه ، بکوشتایه ، ئه‌وا مه‌دالیایه‌کی ئافه‌رینیان له قه‌وزه‌ی ده‌ریا به‌یه‌خه‌وه ده‌کرد و نازناوی (پاڵه‌وان) یان پێده‌به‌خشی .
ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه ، ئه‌وا ئه‌وانیش خاوه‌نی هونه‌ر ێكی خۆیان ده‌بوون . تابلۆی جوان و سه‌رنجڕاکێشیا‌ن ده‌بوو . له‌تابلۆکانیاندا وێنه‌ی ددانی دڕه‌ماسیه‌کان به ڕه‌نگێکی دره‌وشاوه ده‌كێشران و گه‌روه‌كانیشیان وه‌ک سه‌یرانگه‌یه‌كی هێنده جوان و دڵگیر نیشانده‌دران ، وه‌ك بڵێی خۆشترین هه‌واری
گه‌شت وگوزار بن.
شانۆکانی بن ده‌ریا ئه‌و دیمه‌نانه‌یان نیشانده‌دا ، که چۆن گچکه‌ماسیه به‌جه‌رگ و ئازاکان به‌و په‌ڕی به‌ختیاریه‌وه له ناو گه‌روی دڕه‌ماسیه‌کاندا مه‌له‌ده‌که‌ن.
موزیکیش هێنده خۆشئاواز ده‌بوو ، که گچکه‌ماسیه‌کان به‌ده‌م خه‌یاڵێکی خۆش و به سه‌رگرمیه‌کی پڕ له سۆز و تاسه‌وه ، له‌دوای مۆزیکژه‌نه‌کانه‌وه ، به هارمۆنی له‌گه‌ڵ ئاوازی مۆزیکه‌که‌دا ، شه‌پۆل شه‌پۆل بۆ ناو قوڕگی دڕه‌ماسیه‌کان هوروژمیانده‌برد.
ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه ، ئه‌وا له‌وێش ( ئاین ) ێک له ئارادا ده‌بوو.
گچکه‌ماسیه‌کانیان وا فێرده‌کرد ، که ژیانی ڕاسته‌قینه‌یان له ناو ورگی دڕه‌ماسیه‌کانه‌وه ده‌ستپێده‌کات.
ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه ، کۆتایی به سیسته‌می هه‌نووکه‌یی گچکه‌ماسیه‌کان ده‌هێنا و ئه‌و یه‌کسانیه‌ی که ئێستا له‌ناویاندا هه‌یه نه‌ده‌ما.
هه‌ندێ له گچکه‌ماسیه‌کان پۆستیان پێده‌درا و ملهوڕیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تره‌وه ده‌کرد .
ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌تۆزقاڵێک گه‌وره‌ترن ، بۆیان هه‌بوو که ماسیه وردیله‌کان هه‌ڵلوشن ، ئه‌مه‌ش به‌لای دڕه‌ماسیه‌کانه‌وه په‌سه‌ندوبه‌جێیه ، بۆئه‌وه‌ی خۆیان زۆربه‌ی جار بابۆڵه‌ی زلترو چه‌ورتریان به‌ربکه‌وێت.
ئه‌و گچکه‌مسیانه‌ی که پۆستێکی گه‌وره‌تریان هه‌یه، هه‌ڵده‌ستان به جێبه‌جێکردنی کاروباری رێکخستن له ناوگچکه‌ماسیه‌کاندا .
هه‌ندێكیان ده‌بوون به مامۆستا ، هه‌ندێكیان به ئه‌فسه‌ر ، هه‌ندێكیان به ئه‌ندازیار له دروسكردنی كۆدان دا و…… هتد……هتد .
به‌کورتی و به‌پوختی ، له‌ناو ده‌ریادا کولتورێک ده‌بوو ، ئه‌گه‌ر بێت‌و دڕه‌ماسیه‌کان مرۆڤ بوونایه )) .
نووسینی:
پێرتۆلت برێشت
وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانیه‌وه:
ڕه‌زا حه‌مه
………………………………………………………
هه‌ندێ تێبینی وه‌رگێڕ:
دڕه‌ماسی : له‌بری سمك القرش ی عه‌ره‌بی و Shark ئینگلیزی و Haifisch ی ئه‌ڵمانی بۆ یه‌كه‌مجار به‌كارمهێناوه ، هیوادارم په‌سه‌ندبكرێت.
له زمانی فارسی‌دا نه‌هه‌نگ و هه‌ندێ جار وشه‌ی كۆسه به‌كار ده‌هێنن به‌ڵام ئه‌وانه دوو زینده‌وه‌ری ترن.
له فه‌رهه‌نگی كه‌مالنامه دا ،كه‌تا ئێستا باشترین فه‌رهه‌نگی زانستیه ، وشه‌گه‌لی سه‌گه‌ماسی ، سه‌گی ئاوی و كۆسه ی بۆ دانراون ، به‌ڵام ئه‌مانه جۆره زینده‌وه‌رێكی ترن.
كۆدان : بۆ یه‌كه‌مجار به‌رامبه‌ر به سندوق به‌كارمهێناوه ، په‌سه‌ندكردنی مایه‌ی شانازیمه.
ڕه‌خته : واته قایم ، پته‌و ، خۆگر
خانه‌خوێ: له تێكسته ئه‌ڵمانیه‌كدا ده‌ڵێ كیژه بچكۆله‌كه‌ی خاوه‌ن ڕێستۆرانته‌كه ، به‌ڵام من له زمانی كوردیدا وشه‌ی خانه‌خوێم به‌لاوه جوانتربوو.
ده‌رباره‌ی ڕیزمانی ئه‌ڵمانی و به‌راوردكردنی به كوردی چه‌ندان تێبینی هه‌یه، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و ڕوونكرده‌وانه به پێویست نازانم.
گۆڤاری یه‌كگرتن ژماره 10 ساڵی ١٩٨٩ ( به كه‌مێك جوانكاریه‌وه )
Keuner کاف = کۆینه‌ر
پاڵه‌وانی هه‌ندێ له كورته چیرۆكه‌كانی برێشته
له ناو ئێمه‌و عه‌ربدا به برێخت ناسراوه ، به‌ڵام برێشت ڕاستره .