Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری : پڕۆتستۆی ته‌قینه‌وه‌كانی حه‌ماس ده‌کاو به‌ هی خۆشیان ده‌ڵێ بۆ جیهاده

ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری : پڕۆتستۆی ته‌قینه‌وه‌كانی حه‌ماس ده‌کاو به‌ هی خۆشیان ده‌ڵێ بۆ جیهاده

Closed
by May 4, 2008 گشتی

 ‌ مه‌هدی کاوانی….

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر که‌ ده‌کاته‌ 04/04/2008 ڕادیۆی العه‌ره‌بیه‌  به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌ سه‌ر لێدوانه‌کانی به‌و دوایه‌ی ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری که‌سی دووه‌می قاعیده‌ پاش ئوسامه‌ بن لادن  له‌ مه‌ڕ پڕۆتستۆکردنی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی که‌ ڕێکخراوی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی دژی خه‌لکی سڤیلی ئیسڕایلی ئه‌نجامی ده‌داو به‌ هۆیه‌وه‌ منداڵانی بێ تاوان ژیانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن ، به‌ ڕاست نازانێ ، سازکرد . به‌رنامه‌که‌ حیواری کراوه‌ بوو و تیایدا چه‌نده‌ها سیاسه‌تمه‌داری  عه‌ره‌بی و ناعه‌ره‌بی به‌شداریان تیا کردو هه‌ریه‌که‌یان به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان له‌ سه‌ر ئه‌جندای ناوچه‌که‌، قاعیده‌و حه‌ماس و حیزب و الله‌ و ولاتانی عه‌ره‌بی و ئێران و ئه‌مه‌ریکایان هێنایه‌ ناو باسه‌کانه‌وه‌ . ناوه‌رۆکی وتووێژه‌کان له‌ سه‌ر لێدوانه‌که‌ی ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری بوو که‌ بۆچی پڕۆتستۆی ته‌قینه‌وه‌کانی حه‌ماس دژی ئیسڕایلی ده‌کات به‌وه‌ی که‌ منداڵان ژیانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و که‌ ده‌شهێته‌ سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانی قاعیده‌ له‌ عیڕاق و جه‌زایرو مه‌غریب و زۆر شوێنی تره‌وه‌و له‌ ناو بازاڕه‌ هه‌ره‌ قه‌ڵه‌باڵغه‌كان و كه‌ تیایدا به‌شه ‌هه‌ره‌زۆری خه‌لكی سڤیل و منداڵان ژیانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن ، كه‌چی به‌ كارێكی ڕه‌وا له‌ هه‌مان ئاخاوتنه‌كانی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌داو بیانۆشی به‌وه‌ ده‌هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ پێناو هه‌ندێ كاری جیهادی گرنگ ده‌بێ ته‌زحیه‌ به‌و جۆره‌ زیانلێكه‌تنانه‌ بده‌ین .
عثمان تزغارت /پاریس/11/09/7200 بابه‌تێكی به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ ڕۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نی بڵاو كردۆته‌وه‌و له‌ په‌ڕه‌گرافێكیدا ده‌ڵێت :
پێش ڕودانی ١١ی سه‌پتێمبه‌ری ٢٠٠١ دوو دۆكمه‌نیوت له‌ به‌ره‌ده‌م  حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی له‌ به‌رده‌ستدابوون له‌ سه‌ر كاری ته‌قینه‌وه‌ی فڕۆكه‌وانی كه‌ ئه‌سامه‌ بن لادن خۆی بۆ ئاماده‌ کردبوو :
 دۆکمه‌نیوتی یه‌که‌م : موزه‌که‌ره‌یه‌کی نهێنیه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاکانی هه‌واڵ گری ئه‌مه‌ریکی بۆ جۆرج ده‌بلیوو بۆش به‌رز کراوه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رواری 06/08/2001 واته‌ 35 ڕۆژ به‌ر له‌ ڕووداوه‌که ‌. له‌ ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌وه‌ نوسرابوو که‌ ئوسامه‌ خۆی بۆ لێدانی ولاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ئاماده‌ کردووه‌و ده‌یه‌وێ شه‌ڕ بخاته‌ ناو خاکی ئه‌مه‌ریکی .
دیسان له‌ دۆکمه‌نیوته‌که‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریکی له‌ ئیماڕات لێدوانێکی ته‌له‌فۆنی بۆ کراوه‌ که‌ قاعیده‌ خۆی گه‌یاندوته‌ ئه‌مه‌رکاو به‌نیازی کارێکی تیڕۆڕستین .
   له‌ په‌ڕه‌گرافی تر هاتووه‌ که‌ نوسینه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیدڕالی باس له‌ 70 لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کات که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بن لادن و ڕفاندنی فڕۆکه‌وه‌ هه‌یه‌.
 دۆکمه‌نیوتی دووه‌م : باس له‌و نامانه‌ی که‌ زه‌که‌ریا موسه‌وی له‌ به‌ندیخانه‌ نوسیویه‌تی و باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌ویان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ زیندانی کردووه‌ که‌ یه‌کێک بێت له‌و 20 که‌سه‌ی که‌ پێش ڕوودانی 11ی سه‌پتێمبه‌ر ده‌ستیان له‌و کاره‌ هه‌بێت . موسه‌وی له‌ نامه‌کانیدا باس له‌وه‌ ده‌کات ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ وه‌ها بێت ئه‌دی بۆچ (هانی حنجوریان به‌ند نه‌کردووه‌ که‌ ئه‌ویش ناوی له‌ گه‌ڵ 19 که‌سه‌که‌یه‌ و وه‌ک منیش پێشتر له‌ خوێندنگای فڕۆکه‌وانی بووه‌ . نامه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی و گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانی نوسینگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ ئه‌نقه‌سته‌وه‌ ڕێگه‌یان داوه‌ که‌ 11ی سه‌پتێمبه‌ر کاری خۆی بکات تاوه‌کو به‌ دوایه‌وه‌ بیانۆی وێرانکردنی ئه‌فگانستانیان بۆ دروست ببێ .
 قسه‌ نابه‌مه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ١١ی سه‌پتێمبه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ست یان نائه‌نقه‌ست بووه‌ ، ده‌شزانم كه‌ ڕای جیهانی به‌ تایبه‌تی جه‌ماوه‌ریان بۆ دوو گروپ دابه‌ش بووینه‌و گروپێكیان پشتگیری ئه‌و ڕایانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ١١ی سه‌پتیمبه‌ر به‌ ئانقه‌سته‌وه‌ بووبێ و هه‌موو كارو كاردانه‌وه‌كانی ڕیكخراوی قایده‌ش به‌ دوایه‌وه‌ له‌ عیڕاق ، ئه‌فگانستان ، شوێنی تر به‌ ویستی كاری ژێراو ژێری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكی بووبێ و ڕای دووه‌میش پێچه‌وانه‌‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌یه‌ و پێیوایه‌ قاعیده‌ ئه‌و كارانه‌ له‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌ ناوی جیهادو لێدانی ئه‌مه‌ریكی ده‌كات .
پاش ئه‌و شکستیه‌ چه‌کداریه‌ی بزاڤی کوردی باشوور هی هه‌موو پارته‌کان دوا به‌دوای پڕۆسیسه‌ ئه‌نفاله‌کان ، به‌شی کوردی ئێزگه‌ی به‌غدا ،جوان به‌ بیرم نایێ که‌ ڕۆژانه‌ بوو یان هه‌فتانه‌ یان هه‌فته‌ی دوو جار . به‌رنامه‌یه‌کیان ساز کردبوو له‌ ژێرناونیشانی نامه‌یه‌ک بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی خاین که‌ تیایدا ئه‌و شتانه‌یان ده‌درکاند که‌ ئاگایان له‌ هه‌موو سه‌ین و به‌ینی چالاکیه‌کانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ . قسه‌کانیان بۆ ئه‌و ئاقاره‌ ده‌برده‌وه‌ که‌ چ له‌ ده‌زگای ناوه‌ندی و سه‌رکردایه‌تی ئه‌و پارته‌ لێدوانی له‌ سه‌ر ده‌کرێ ، به‌ دوایه‌وه‌ زانیاریه‌کان ده‌گه‌یشته‌وه‌ ده‌ستیان . هه‌ندێ جار سه‌رکرده‌کان خۆیان پێ ڕانه‌ده‌گیرا و ده‌یان گووت باشه‌ حکومه‌ت له‌ کوێوه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست که‌وتووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ناو ده‌سته‌ی سه‌رکردایه‌تی تۆی نه‌چاندبێ . پاش ڕاپه‌ڕینیش له‌ فایلداره‌کان ده‌رکه‌وت که‌ حکومه‌ت چه‌ند به‌ فراوانی ده‌ستی خۆی له‌ گه‌ڵیان تێکه‌ڵ کردووه‌ .
حکومه‌تی عیڕاق ، ئێران ،تورکیا ، سووریا  که‌ ده‌زانن بزاڤی چه‌کداری کورد بووه‌ته‌ ئه‌مری واقیع ، ئه‌وان وێڕای دژایه‌تی کردن و داپلۆسینی ، ڕێوشوێنی تریش ده‌گرنه‌ به‌ر له‌ بابه‌ت چاندنی تۆی دووبه‌ره‌کی نێوانیان ، خۆخزاندنه‌ ناو ده‌زگا به‌رزه‌کانیان به‌ هۆی جاسووسه‌چاندراوه‌کانیان ، پاڵپشتی کردنی ڕێبازی ئایینی تاوه‌کو ئه‌و بزاڤه‌ نیشتمانیانه‌ به‌ سۆزی ئاینی موتربه‌ بکه‌ن و به‌ هۆیه‌وه‌ نه‌توانرێ مه‌رامه‌کانیان بپێکن .
ئێستاش کیشه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ که‌ تیایدا ئه‌مه‌ریکاو ئێران و سووریاو حه‌ماس و حیزبولله‌وگروپی سه‌درو گروپه‌ ئاینیه‌کانی ترو کورد  که‌وتوونه‌ته‌ بازنه‌ی کێشمه‌کێشه‌کان ، پێموانیه‌ له‌ ئاماژه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ شکله‌ک له‌ شکله‌کان به‌ دوور بن .
قاعیده‌ به‌ ئه‌جندای ئه‌مه‌ریکی کاردانه‌وه‌کان بکات یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌رنامه‌ ئیسلامیه‌که‌یان سوننه‌ مه‌زهه‌به‌و چه‌ندی بکه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی دژایه‌تی کردنی ئه‌مه‌ریکی ، ئه‌وه‌نده‌و به‌ زیاتریشه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ دژایه‌تی کردنی ئێران و ڕێکخراوه‌ ئاینیه‌ شیعه‌کانی تره‌وه‌ له‌ عیڕاق بێ یان لوبنان و غه‌زه‌و شوێنی تره‌وه‌ بێت . بۆیه‌ که‌ ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری  بۆ که‌رتی غه‌زه‌ قسه‌یه‌ک ده‌ڵێ و بۆ شوێنه‌کانی تر قسه‌ی تر ، زۆری له‌ به‌ر به‌رنامه‌ڕێژیه‌که‌یانه‌ .
 ئێران که‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ پشتیوانی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فگانستان و عیڕاق كرد له‌ دژی قاعیده‌و تالیبان و ڕژێمی سه‌دام حوسێن ، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ كاری ژیراو ژیری له‌ گه‌ڵ قاعیده‌ له‌ عیڕاقه‌وه‌ هه‌بووبێ وه‌ك زۆرێك له‌ ده‌زگاڕاگه‌یاندنه‌كان قسه‌وباسیان له‌ سه‌ر ده‌كرد تا وه‌كو گیرو گرفت بۆ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی بنێنه‌وه‌ . له‌ لوبنان و كه‌رتی غه‌زه‌ش هه‌ر وا ده‌كه‌ن . ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش ئه‌گه‌ر سوود له‌و ناكۆكیانه‌ی نێوانی سوننه‌و شیعه‌، قاعیده‌و ئێران و حیزبولله‌و حه‌ماسیش له‌ گه‌ڵیان ، ناكۆكی نێوانی سه‌در له‌ گه‌ڵ مالیكی  به‌ هه‌ردو پارتی ده‌عوه‌و مه‌جلسی ئه‌علای ئیسلامی .
به‌ مه‌زنده‌ی من ئه‌و ڕێكخراوه‌ قاعیدیه‌ی ئێستا كه‌ له‌ ناو به‌شی هه‌ره‌ زۆری وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌تی وڵاتانی ئیسلامی چالاكن به‌ هێچ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ستكردی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ دروست بوونی جۆره‌ ڕێكخراوی له‌و بابه‌تانه‌ به‌و چالاكیه‌ فراوانه‌یان ، هه‌رگیزاوهه‌رگیز به‌ قازانجی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ كۆتایی نایه‌ت ، به‌لكو دروست بوونی ڕێكخراوی له‌و بابه‌تانه‌ هه‌ل و مه‌رجی بابه‌تی خۆی هه‌یه‌ . به‌شی هه‌ره‌زۆربه‌ی ڕای دروستی جیهانی دروست بوونی جۆره‌ ڕێكخراوی له‌و بابه‌تانه‌و ڕێكخراوه‌ توندڕه‌ویه‌ ئاینیه‌كانی تر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ سیسته‌می دیموكراتی له‌ ته‌واوی وڵاتانی ئیسلامی به‌ تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ئارادانیه‌ . نكۆلیش له‌وه‌ ناكه‌م كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ماداماكینێ دروست بوونی ڕێكخراوی له‌و بابه‌تانه‌ بووبێته‌ ئه‌مری واقیع ، هه‌ولی ئه‌وه‌ ناده‌ن كه‌ تۆڕی جاسووسی له‌ناویان بچێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ندێ ڕووه‌وه‌ به‌ ئه‌جندای وان كار بكه‌ن ، هه‌ولی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ ناكۆكیه‌كانی قاعیده‌ له‌ گه‌ڵ شیعه‌كان و ئێران و هی تر به‌ قازانجی خۆیان وه‌رچه‌رخێنن . به‌ بڕوای خۆم له‌ حاله‌تی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکیش له‌ عیڕاق، ئه‌وان زۆر به‌ چڕی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و ناکۆکیه‌ مه‌زهه‌بی و ئه‌تنی و کێشه‌سنوریه‌کانی که‌ له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌ ئالۆزتری بکه‌ن تا وه‌کو شه‌ڕو پێکدادانی ئه‌و هێزه‌ دژ به‌ یه‌کانه‌ به‌ ئاقاری شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ببردرێته‌وه‌ تا وه‌کو له‌ ڕێگای درێژه‌ کێشانی هه‌ل و مه‌رجێکی وه‌ها له‌ ناوچه‌که‌ دروست ببێت که‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌و حکومه‌ته‌کانیان و ئۆپۆزسیۆنیشیان نه‌توانن ده‌ستبه‌رداری ئه‌جندای ئه‌مه‌ریکی ببن له‌ ناوچه‌که‌ . ئه‌ دژایه‌تیه‌ مه‌زهه‌بی و ئه‌تنی و ئه‌زمه‌ی نه‌بوونی دیموکراتی که‌ له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌ ، هه‌ر هه‌مووی به‌ قازانجی ئه‌و ئه‌جندایه‌ دایه‌ که‌ ولاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکی و ته‌واوی وڵاته‌ بڕیار به‌ ده‌سته‌کانی جیهانی که‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و له‌ سایه‌شیا کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ ئالۆزتر ده‌بێت و پڕۆسیسی دیموکراتی و بنیاتنان و سود وه‌رگرتن له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نرخه‌که‌ی که‌ زۆر له‌و وڵاتانه‌ ده‌یان گرێته‌وه‌ ، دوورتر ده‌که‌وێته‌وه‌ . کارو کاردانه‌وه‌کانی قاعیده‌و ڕێکخراوه‌ ئاینیه‌ توندڕه‌وه‌کانی سوننه‌ ، حه‌ماس ، حیزبولله‌ و زۆرێکی تر که‌ که‌وتونه‌ته‌ ناو دژایه‌تی یه‌کتریه‌وه‌، ده‌رئه‌نجامه‌کانیان به‌ مانه‌وه‌ی زیاتری ئه‌مه‌ریکیه‌کان و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانیان له‌ ناوچه‌که‌ ده‌که‌وێته‌وه‌و ته‌مه‌نی ڕژێمی ئاخونده‌کان له‌ ئێران و ته‌وای ڕژێمه‌ نادیموکراتیه‌کانی ناوچه‌که‌ درێژتر ده‌که‌نه‌وه‌ . هێزه‌ ناکۆکه‌کانی ناوچه‌که‌ ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌ له‌ جیاتی ئه‌و دژایه‌تی کردنه‌ خوێناویه‌ی نێوانیان ،چه‌کی یه‌کگرتن و هاوکاری و ته‌باییان بگرتاده‌ست ، هه‌ولی ئه‌وه‌یان دابوایه‌ که‌ هه‌موویان پێکه‌وه‌ تێکۆشانه‌کانی خۆیان له‌ پێناو گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌ بوایه‌ له‌ قازانجی ته‌نویعی سیاسی و قوڵکردنه‌وی پڕۆسیسی دیموکراتی و بنیاتنانی ئابووری و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و… سوود وه‌رگرتن له‌و سامانه‌ نیشتمانیه‌ فراوانه‌ی لایان به‌ تایبه‌تی نه‌وت له‌ پیناو به‌رهه‌مهینان و پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانی خه‌لکه‌وه‌ بوایه‌ …. ، به‌ هۆیانه‌وه‌ باری ناوچه‌که‌یان له‌ ناڕێکی به‌ره‌و ڕێکی ده‌بردو بیانۆی مانه‌وه‌ی هیزه‌کانی ئه‌مه‌ریکیشیان له‌ ناوچه‌که‌ که‌متر ده‌کرده‌وه‌ .
بۆ کوردیش با بڵێین ئێستاکه‌ له‌ هه‌موو کاته‌کانی پێشتر زیاتر که‌وتونه‌ته‌ ناو خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکی به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی نه‌که‌وتونه‌ته‌ ناو هاوکێشه‌سیاسیه‌کانی ئاماژه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ بۆ خۆیان هه‌بن ، واته‌ بۆ خۆیان کاری وه‌ها بکه‌ن که‌ ڕۆڵیان له‌ ناوچه‌که‌ زیاتر بێت . کاری وه‌هاش به‌ یه‌کگرتوویی و ، داکۆکی له‌یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی که‌ خودی خۆیان ده‌گرێته‌وه‌ له‌ بابه‌ت له ماده‌ی 140 و له‌‌ ناوبردنی گه‌نده‌لی و پیشکه‌تنی  ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و چاره‌سه‌رکردنی داخوازیه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌رزانی داهێنان و نه‌هێشتنی بێکاری و چاره‌سه‌رکردنی کیشه‌ی سوته‌مه‌نی و کاره‌باو نیشته‌جێبوون و به‌رقه‌رارکردنی یاساو کێشه‌ی ئافره‌تان و زۆرانێکی تر. ئه‌گینا به‌ پیچه‌وانه‌وه‌ نه‌ک ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه ‌به‌سه‌ریاندا داده‌خرێت ، به‌لکو ئه‌و حکومه‌ته‌ به‌ناو کوردیه‌ی ئێستاش متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌ست ده‌دات و که‌سیش ناتوانێ ئاکامه‌کانی به‌ دواوه‌ی هه‌ڵسه‌نگێنێ ، کاخوانه‌کینێ خراپتر له‌ باشتر نایه‌ته‌ کایه‌وه .

/03/05/2008
mahdikawani@yahoo.co.uk

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.