Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئیتر بە دواتا وێڵ نابم …شیروان علی (کۆژان)

ئیتر بە دواتا وێڵ نابم …شیروان علی (کۆژان)

Closed
by December 4, 2011 ئەدەب

تۆ لە چاومای
لە کوڵپەی حوزنی هەناومای
لە قوژبنی ژورەکەمدای.
تۆ بەهاری ژیانم بووی
تۆ گیانم بووی
تۆ بارانێکی ڕەها بووی
دڵۆپەتکردە ڕۆحمەوە
تا لە ژیان بێزار نەبم.
کەچی ڕۆشتی، بەدەم باوە
 بێ ماچێکی ماڵئاوای بەجێتهێشتم،
نازانم بویتە چ پەڵە هەورێکی تەڕو
ڕژایتە کام کوچەی جیهانەوە؟؟

بیرم نایە لە کەیەوە، بۆ ژوانێک
ئاوێنە بۆ یەکتر هەڵئەکەین ؛
شەقام نەما بۆ تەنهایی ئێمە نەگری
ئاواز نەما داستانی ئەم بێ تۆییە
نەڵێتەوە.
ئیتربەدواتا وێڵنابم
تۆ لە دوا هاواری مەسیحدای
لە دێڕبە دێڕی تەواسینەکەی هەلاج دای،
لە زیکری دێوانەیەکی بێ مەی دای،
تۆ لەمندای،
لە کەروێشکەی گوڵە گەنمەکانی ڕۆحمدای.
هەموو ڕۆژە ئەت کەمە پێکێکی خەیامەوە
لەگەڵ زیکری انا الحق دا ئەتخۆمەوە
ئای چ تەمەنێکی خوێن ساردبووی،
نە خۆم ویستم دەرگەوانێک ڕاسپێەرم
نەدەرگایەک لە سەرابی ئەم مێژووە خوێناوێدا 
  کراوەبوو.
دە پێم بڵێ لەم دووڕێانەی بوون و نەبووندا
بە تەنافی کام ڕێگادا خۆم هەڵواسم
چیرۆکی ئەم نەهاتنەوەی تۆ لای کێ باسکەم.
بمبەو بمکە بە تابڵۆیەکی سوریالی
بە بنمیچی ژوورەکەتدا هەڵمواسە.
لە تۆ زیاتر من کێم هەیە
دوو بەدوو، خۆر ئاوابوون بەڕێبکەین
ئەستێرە بێتە میوانمان
تۆ حەوایەکی ڕووتوقوتو منیش ئادەمێکی بەرەڵا
بێ سێو خواردن
تۆوی ژیانێکی تر بچێنین.
ئیتر بە دواتا وێڵ نابم
چوومە میحرابی شیعرەوە
بوومە بەندەی پەرستگای عەشق
نەبادا
پەیمانت بە شیعردابێ
شیعرێکی سیما ژنانە
دەستی گرتم 
بەسەرهاتی عاشقبوونی گێڕایەوە
تەمەنم پێنج هەزار ساڵە
لە چۆڵەوەانی ڕۆحدا لە دایک بووم
عاشقێک هەڵی گرتمەوە
بردمی بۆ مەیانی عاشقان
 
یەکێ ووتی
ئەمە خەیاڵی خواوەندە
ی یاخی بوونە ئەمە باڵا
ئەمە گریانی ئینسانە، ئەمە ژیانە
ئەویتر ووتی نانا  ئەمە ئازارە
ئەمە گەردنی بارانە 
عاشقێک لە هەموو عاشقتر هاواری کرد
من ئەی ناسم ئەمە شیعرە
ئەمە عاشقی عەشقە
ئەی بەم بۆ محرابی عاشقان
لەو ڕۆژەوە
لەگەڵ کۆچی باڵندەکان
بە بەرماڵی چاوەڕوانی
 نوێژ بۆ هاتنەوی ئەو ئەکەم.
دوای دووماچی لێوی شیعر
بەئەسپائئ
محرابی عەشقم بەجێهێشت.

-: بێ گومان ئەم شیعرە تەواو نەبووە،هەستەکەم تا لە بەینی دەساڕەکەی ژیاندا بم تەواو نابێ.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.