ئیتر هیچ …. رێبوار ره‌زا چوچانی
– 1 –
ئێواره له كار ده‌گه‌ڕێمه‌وه
وه‌ك جاران….
هه‌موو شتێك هه‌ر وه‌ك جاران.
جله‌كانم…
تۆز و خۆڵی ئه‌م شاره‌یان هه‌ڵگرتووه.
جله‌كانم…
داده‌كه‌نم.
جله‌كانم…
له حه‌وشه‌كه جێده‌هێڵم.
جله‌كانم…
وه‌كو به‌ختی دایكم ره‌شن.
جله‌كانم…
هه‌ڵكێشراون له زوخاوی دڵی مرۆ.
جله‌كانم…
ره‌نگی خۆیان ون كردووه..
جله‌كانم…
وه‌ك غه‌ریبێكی ره‌نگ په‌ڕیوو
به دوای نه‌سه‌بی خۆیاندا..
وێڵ وێڵ ده‌چنه‌وه ته‌نیایی !
– 2 –
ئێواره دێت…
مه‌لای مزگه‌وت بانگ ده‌دات و
هه‌موو پیاوان ده‌چن بۆ نوێژ !
منیش ده‌چمه ناو ته‌نیایی.
ئێواره دێت…
ئه‌وان هه‌ڵپه‌ی خواردنیانه.
منیش مه‌راقی زه‌مانه !
ئێواره دێت…
ئه‌وان ئامێز بۆ هێمنی ده‌كه‌نه‌وه.
منیش ته‌نیا بێئۆقره‌یی!
ئێواره..
سه‌ره‌مه‌رگی زه‌حمه‌تییه‌كانی ئه‌وانه.
له لای منیش.
ده‌ستپێكردنه‌وه‌یه‌كی تره..
ئازارێكی تره له سكوت !
ناهه‌قییه‌كی تره
به ته‌وێڵی گه‌ردوونه‌وه!
مه‌راقێكی تره
له باوه‌شی بێ شوێنی‌دا !
خه‌مێكی تره
بۆ شتێك هه‌یه و كه‌چی نیه !!
په‌ڕاگه‌نده بوونێكی تره
له جه‌زیره‌یه‌كی مه‌نفی كراودا !
ونكردنی سه‌وڵی به‌له‌مێكه
له قووڵایی زه‌ریایه‌كی پڕ عه‌زیادا !!
– 3 –
شه‌و…
به هه‌موو تۆخییه‌كانییه‌وه.
لای من بێڕه‌نگه ئه‌مشه‌و.
شه‌و ….
به هه‌موو ئه‌ستێره‌كانییه‌وه..
بۆته نه‌جمه‌ی سه‌ر شانی
ئه‌فسه‌رێكی له جه‌نگ به‌زیوو !
شه‌و….
به هه‌موو سكوته‌كانییه‌وه.
ده‌ماقه‌ڵه‌یه‌كی تره..
له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه‌كی كوژراو !!
شه‌ڕێكی تره
له ناخما !
ئه‌نفالێكی تره
له ژورێكی بێكه‌سدا !
هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌رگی كتێبێكه..
كه له تۆزدا ره‌نگی غه‌ریبیی گرتووه !!
سه‌یر كردنی پێرستێكه.
كه پڕه له ناونیشانی
حیكایه‌تی مرۆ و خودا !!
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تره ..
بۆ باوه‌شی به‌تانییه‌كی ره‌ش و چڵكن !!
خۆ خواردنه‌وه‌یه‌كی تره..
له كوپی یاده‌وه‌ریدا !!
شه‌و…
ئێشكێكی تره
له دیار خه‌مێكی باڵكراو.
– 4 –
ته‌وێڵی ئاسمان
هێدی هێدی سپیده دایده‌پۆشێت.
سیمای منیش ماندوێتی !!
به‌یانی..
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولانه‌وه‌یه‌كی تره
له ناو بازنه‌ی داخراودا..
سه‌یركردنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌كی تری درامایه!
پۆشینه‌وه‌ی جله‌كانمه…
گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ر كار.
هه‌ڵگرتنی چه‌كوشێك و دوو بزماره !
درووستكردنه‌وه‌ی تابووته.
ژماردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانه!
له دوای جه‌نگێكی پڕ درۆ!
هه‌ڵكه‌ندنی زه‌وییه‌كی وشكی ره‌قه..
لێدانه‌وه‌ی قه‌برێكه بۆ بیركردنه‌وه!!
خوێندنه‌وه‌ی فاتیحایه‌كی ریایه !!
كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی داخراوه
به رووی ئه‌ژدیهای ژیاندا..
هاڕینی رۆحێكی تره..
له ناو به‌رداشی مه‌نفادا..
– 5 –
ئێواره…
دیسانه‌وه له دووره‌وه سه‌یرم ده‌كات.
زه‌رده كه‌وتۆته سه‌ر لێوی..
منیش وه‌ك ئه‌كته‌رێكی پیر.
ده‌ست ده‌كه‌مه‌وه به نمایش!!
ده‌ست ده‌كه‌مه‌وه به گریان.
ده‌ست ده‌كه‌مه‌وه به هیچ !!
رێبوار ره‌زا چوچانی
www.facebook.com/chwchani
27/3/2013…………. هه‌ولێر