Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئێرۆتیکی ڕۆمانێکی ئەڵمانی بە کوردی

ئێرۆتیکی ڕۆمانێکی ئەڵمانی بە کوردی

Closed
by May 3, 2013 ئەدەب

 

 

 


بە دواچوون   فەرهه‌نگی کۆمەڵگە

 

خۆشەویستی ترسناک، ناوی ئەو رۆمانە ئەڵمانییەیە کە نووسەر ئەردەڵان عەبدوڵا لە ئەلمانیەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی(شیوەزاری سۆرانی) ، ڕۆمانە لە ٢٥٠ لاپەرە پێکهاتووە و باسی ژیانی پیاوێک دەکات کە تاقە منداڵی خێزانەکەیان دەبێ و چۆن بە پلەکانی ژیانی گەشە دەکا و خۆی دەناسێتەوە. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ئیرۆتیکی ڕوون و ئاشکرا، بەبی سڵکردنەوە لە پیوەرەکانی کۆمەڵگە، باسی ئەو پیوەندییە شاراوەیەی نێوان نێرو مێ دەکات و ئەو دەروازە داخراوانە دەکاتەوە کە پیوەندی سکیسی نێوان دوو مرۆڤ  بە نێویدا تێ دەپەڕن، ڕەنگە بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئەڵمانی باسکردنی ڕەهه‌ندەکانی جووتبوون و شێوەکانی زۆر سانا بێت. ئەوەی کە وەرگێر دەستی بۆ بردوە، کلیلی ئەوە کۆدانەیە کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بڤەیە، بۆ نموونە باسکردنی کۆئەندامەکانی زاوزێ ژن و پیاوە پرۆسەی جوتبوون و شێوەکانی. نووسەر بوێرانە ئەو بەشانەی کردوە بە کوردی بەبێ ئەوەی لە گازەندەی خوێنەران و پیوەرەکان بترسێ.

 دەست ڕەنگینی وەرگێری ئەم ڕۆمانە  لەوەدایە، کە بەزمانێکی سادەو ڕەوان، سەرباری هه‌ندێ کەموکوڕی زمانەوانی، توانیویەتی چێژێکی تایبەت بداتە خوێنەر بۆ خوێندنەوەی. من زمانەوانم نیم  تا هه‌ڵسەنگاندنێکی زمانەوانی و وێژەیی بۆکاری ئەم وەرگێرانە بکەم. بەلام لە بوارەکەی خۆمەوە کە دەروونناسی کۆمەڵگەیە، دەتوانم بڵێم، کە خودی نووسەر و وەرگێرەکەشی(ئەردەڵان عەبدولا) توانیویانە بە شێوەیەکی مودێرن باسی پیوەندی نێوان، چەند مرۆڤێک بکەن و ئەو شێوازە نوێیەی خێزان و ڕەهه‌ندەکانی بخەنە بەردەم خوێنەران. نووسەر توانیویەتی شاکارانە، باس لەو پیوەندییە سێکسیە بەرفراوانە بکا کە مرۆڤێک زۆر جار لای هاوسەرەکی پەی پێ نابات و ناچار دەبێ ئەو کەلێنە لەلای مرۆڤێکی دی بۆ خۆی پربکاتەوە. باسکردنی دەسەلاتی سێکس بەسەر مرۆڤەکاندا، سەرباری باری ئەو دەوڵەمەندیەی کە خێزانێک هه‌یەتی، بەلام ئەوە مانای  ئەوە ناگەێنێ کە ئیدی مرۆڤ دەتوانێ چاو لە پیویستیەکانی دی دا بخا.  ئەم شاکارە باسی جومگەکانی خێزان لە پۆست مودێرنیزمی ئەمرۆ دەکا، کە چۆن خێزان کەوتووتە ژێر بەزەیی پێویستیەکانی مرۆڤ، کە چۆن مرۆڤەکان کە خۆیان ناسی ئیدی پێویستیان پتر دەردەکەوێ و زیاتر دەکەونە وێری دۆزینەوەی ئەو سەرچاوانەی کە ئەو پێویستیەکانیانە تێر بکا، لەوانە سێکس، خواردن بەرگ..هتد  

ئەم ڕۆمانە لە کاتی خۆیدا بوو، چونکە کۆمەڵگەی کوردی  لە باشوور بە ئاراستەیەکی خێرا هه‌نگاو بەرەو ئەو ڕەوتە دەنێت و زۆرجار کەسەکان بە بێ ئەوەی بە بەخۆیان بزانن، دەکەونە هه‌مان کەندڕی کێشەوە، بۆ نموونە دیاردەی دڵ پیسی، خۆناسین بە هه‌موو مانایەکەوە و خواست دانان لە یەکتر و گیانی بە قازانج گەیشتنی هه‌مەلایەنە. ئەگەر جاران  دوو هاوسەر ئەرکیان تەنها  پێگەیاندنی منداڵ و ئابورییەکی باش بووبێ، لەبەر کۆمەڵگە خێزانیان پێکەوە نابێ، ئەو ئەمڕۆ پێناسەیەکی دییان بۆ ژیان هه‌یە و خۆیان باشتر دەناسن، هه‌ر لە چێژی  و تێربوونی سێکس و سامانەوە تاکو پێگەو  سەرمایە   و پلە و یایەی کۆمەڵایەتی. ئەمرۆ بەهۆی پێشکەوتنی شۆرشی زانیارییەوە، کەسەکان لە جاران پتر دەتوانن بە ئاگابن لە کونجەکانی دی ژیان و شێوازی زیندەگی پارچەکانی تری زەوی. 

ئەم ڕۆمانەی (هاروکی مۆراکی) وەک ئاوینەیەک باسی کەسێتی کۆمەڵگەو گۆرانکارییەکان دەکا، ڕەنگدانەوە پێوەندی سێکس و ئامانجی کەسەکان دەخاتە بەردەم خوێنەرو باسی ئەو لایەنانە دەکا، ئەو پیوەندییە نوێیانە دەکا کە لەدەروەی ژیانی هاوسەرگیری هاوسەرەکان دروستی دەکەن. هه‌ندی هاوسەر وەک ئەکتەر چەند ڕوویەک و ڕۆڵیک دەبینن و هه‌میشە لە هه‌وڵەدان کە هاوسەنگییەک لەنیوان ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان و کەسانی دییدا بپارێزن. ڕوماڵکردنی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانەش بەهۆی خامەنەخشینی وەرگێرەوە رەوتێکی کوردی وەرگرتووە و خوێنەری بە ئاسانی بۆ خۆی ڕادەکێشێ.  

asoByarai2_383392165.jpg

ئاسۆ بیارەیی

٣-٤-٢٠١٣ سلیمانی باشووری کوردستان

ماستەر لە دەوونناسی کۆمەڵگە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.