Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ جیابوونەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ

ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ جیابوونەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ

Closed
by October 8, 2008 گشتی

 ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ جیابوونەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ
    عبداللە مەحمود
 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 بەرواری 28/9 بەرێز مەسعود بارزانی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ زۆربەی سەرنووسەری ڕۆژنامەو گۆڤارو بەڕێوەبەرانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆكانی كوردستان كرد.
 سەرەتای كۆبونەوەكە وتەیەكی پێشكەش كرد كە  ئامانجی كۆبونەوەكەی خستە ڕوو. كە چەندین تەوەرەی لەخۆی گرتبوو گرنگترینیان بریتی بوو لە وەزعی كوردستان و دووری نێوان دەسەڵات و خەڵك، بۆچونەكان سەبارەت بە عێراقی ئێستاو  ئایندەكەی و سیاسەتی هاوپەیمانی كوردستان.
 سەبارەت بە تەوەرەی یەكەم بەڕێزیان بەدروستی باسی لە واقعیەتێكی بەجەستەو هەمەلایەنە كرد كە دووری نێوان دەسەڵات و خەڵكە، لەوبارەیەوە ووتی" …من هەست  ئەكەم دووریەك هەیە، ئەم دووریەش ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەبێت…"
 دووری نێوان دەسەڵات و خەڵك لە كوردستان، ئەمرۆ لەهەموو كاتێكی تر بۆتە واقعیەتێكی بەچاو. دەسەڵات لەلایەك خەریكی پاراستنی بەرژوەندیە سیاسی و ئابوریەكانی خۆی و چینی بۆرژوازی و داراكانی كوردستانەو خەڵكی كوردستانیش ڕۆژ بەڕۆژ برسی ترو بێماف ترو هەژارتر دەبن.
 ئەمرۆ لە كوردستان كەمایەتیەكی كەم دەسەڵات و هەموو داهات و خێروبەری كۆمەڵگایان لەهەموو زەمینەكانی ژیانی كۆمەڵگادا بۆ خۆیان قۆرغ كردووە. لەولاشەوە خەڵكی كەم دەرامەت و هەژار كە زوربەی كۆمەڵگان، موحتاجی سەرەتاییترین پێداویستیەكانی بەرێوەچوونی ژیان و ماف و خزمەتگوزاریە سەرەتایەكانن.
 قڵشتی نێوان ئەم دووبەرەیە قڵشتی نێوان دوو چینی كۆمەڵایەتییە، كە خاوەنی بەرژوەندی و چینایەتی تەواو لەیەك جیاوازن. ئەم دووچینە ئاسۆ و ستراتیج و ڕێگاچارەو بەرنامەی جیایان بۆ كۆمەڵگا و بەڕێوەبردنی و وەڵامدانەوە بە گرفتەكانی هەیە.
 نزیكە 18 ساڵە دەسەڵاتی بەعسی سەرمایە لەكوردستان و پێنج ساڵیشە دەسەڵاتی بەعس لەهەموو عێراقدا لە گۆڕنراوە، كەچی چینی كرێكارو خەڵكی زەحمەتكێش لەكوردستان، كە داینەمۆی جوڵەی كۆمەڵگاو پێكهێنانی سەروەت وسامانی كۆمەڵگایە، و هەموو بناغەكانی بوون و مانەوەی كۆمەڵی لە ئەستۆیە، كەچی بێبەشترین چینی كۆمەڵگای كوردستانە.
 چینی كرێكار لە كوردستان جگە لە گرانی و برسێتی و بێكاری سەرسورهێنەر، جگە لە تەوژمی خێرای كارو نائەمنی شوێنی كار، جگە لە كرێی كەم و كاری سەختی نەپساوە، جگە لە كەمترین بواردان بە ڕێكخراوبوونیان، و بەرگرتن بە ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان…تاد، هەمیشەش هەوڵدراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی چینایەتیان. 
 لە بەرامبەردا تاقیكردنەوەی نزیك بە 18 ساڵەی كۆمەڵگای كوردستان، ئەو ڕاستیەی نیشان داوە، كەدەسەڵاتی كوردایەتی پارێزەری نیزامی دیلیهێنەری سەرمایەداریی كوردستانە.
 لەبەرامبەر بە هەلومەرجێكی ئاوادا كرێكاران و خەڵكی ناڕازی و بەشمەینەت، یان ئەوەتا دەبێ سەری ڕەزامەندی و بێدەنگی دابنەوێنین یان دەبێت لەدژی ئەم هەلومەرجە، بێنە مەیدان. ڕێگە نەدەن چیتر ببنە سوتەمەنی سیاسەت و بەرژوەندییە ئابورییەكانی چینی بۆرژوازی كورد. دووركەوتنەوەی دەسەڵات و خەڵك ئەمە مەبنا واقعیەتەكەیەتی.
 تا ئەو جێگایەش كە بە وەزعی كوردستان و ئایندەكەی دەگەڕێتەوە بارزانی وتی"… سەربەخۆیی مافێكی سروشتی میللەتی ئێمەیە،… ئێمە پێویستە كات بەو مەسەلەی بدەین و ئەمەش مافێكی سروشتی ئێمەیە…" و لە درێژیدا ووتی" ئێستا دروشمی ئێمە (عێراقێكی فیدرالی دیموكراتی یە)…."
 بارزانی تا ئێستا لای وایە بۆ سەربەخۆی ئەبێ چاوەڕێ بكرێت و كات بدرێت.  لەجێگای جیابوونەوەش دروشمی عیراقێكی فیدرالی دیموكراتی بەدەستەوە بگیرێت.
 یەكێكی تر لەهۆكارەكانی دووركەوتنەوەی خەڵك لەدەسەڵات بە شێوەی گشتی گوێنەدانی دەسەڵاتە بە هیواو خواست و داواكاریەكانی خەڵكی بۆ چارەسەری كێشەو ئاینندەی سیاسی كوردستان.
 ئەمرۆ لەهەركەسێكی خەڵكی كوردستان بپرسیت لەبەرامبەر وەزعی ئێستا و تەنگژەكانیدا، بۆ ئاییندەی كوردستان چ بكرێت، یەكسەر دەڵێن جیابونەوەی كوردستان لە عێراق. دەڵێن سەربەخۆیی. لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 یشدا لەو ڕاپرسییە ناڕەسمیەی لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە تەعبیری لێكرا 98% خەڵكی كوردستان، دەنگیاندا بە سەربەخۆیی.
 ئەمە خواست و ئیرادەی خەڵكییە، كەچی دەسەڵات و سەرجەم بزوتنەوەی قەومی كورد، لە جێگای كاركردن و چوونە پشت ئەم خواستەی خەڵكی كوردستان، دروشمی( عێراقی فیدرالی دیموكراتی) یان بەرز كردۆتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە جگە لە هاوپەیمانی كوردستانی لەهەموو عێراقدا هیچ هێزو كوتلەیەك نییە، مەسەلەی فیدرالی بۆی مەسەلە و جێگای باس بێت.
 ئەمەش نیشان ئەدات  كە خواستی خەڵكی كوردستان بۆ ئاینندە سیاسیەكەی لەگەڵ ڕێگاچارەو دروشمی بزوتنەوەی قەومی كورد كە ئەمرۆ یەكێتی و پارتی نوێنەرایەتی دەكەن، دوو ڕێگاچارەو دوو ئاسۆی جیاواز بەیەكن.
 بیانوی بزوتنەوەی قەومی كورد ئەوەیە كە دەڵێن ئێستا وەختی نییە و كاتی پێویستە.
 لە كاتێكدا بزوتنەوەی قەومی كورد و یەكێتی و پارتی دەڵێن وەختی هەڵگرتنی دروشمی سەربەخۆیی نییە، كاتی دەوێت. ڕۆژ بەڕۆژ كات و كارتی پێكەوە بوون و شەراكەتیان لەگەڵ بەغدا، كەمتر دەبێتەوە. ئەو بەشە بۆ شەراكەت كە دوای ڕوخانی بەعس كە پێیان درا، خراوەتە ژێر پرسیارەوەو داوای كەمكردنەوەیان دەكرێت. ئەمە چ لە ئیدارەی شاروشارۆچكەكانی كێشە لەسەر، تادەگاتە مەسەلەی بودجە، پێشمەگە و پۆستی ئەفسەرانی كورد لە سوپا، داهاتی سامانە سروشتیەكان و نەوت و غاز، پۆستە حكومیەكانی بەغدا، مەسەلەی سنور،….. لە لایەكی تریشەوە. ئەوە ئیستایە كە ناسیونالیزمی عەرەبی و ئیسلامی لەعیراقدا، خەریكن پێگەی خۆیان لەهەموو ئاستەكاندا بەهێز دەكەنەوە بەتایبەت لە سوپادا. تەمەروكوزی دەسەڵات بەرنامەیانە.  هەڕەشەكانیشیان لە كوردستان مەبناكەی ئەم ئالوگۆرانەیە لە هاوسەنگی هێز بە قازنجیان.    
 بە پێچەوانەی ئەو ڕوانینە كە دەوترێت جیابونەوەی كوردستان و سەربەخۆی پێویستی بەكاتی ترە، كات لە قازانجی خەڵكی كوردستان نییە بۆ بڕیاردانی جیابونەوەی لەعێراق و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆی سكولاری نادینی. چونكە تا دێت دەسەڵات بەرەو تەمەركوز لە ناوەند دەچێت. هێزە ناسیونالیستە قەومی دینییەكان خەریكی پشت ڕاستكردنەوەن و لەگەڵ بەهێز بوونەوەو خۆ گرتنەوەیان، دەتوانن ڕێگری گەورەتر چ لە ناوخۆی عێراق و چ لەسەر ئاستی ناوچەكەو دنیادا لەبەرامبەر بەسەربەخۆی خەڵكی كوردستاندا پێكبهێنن.
 ئەگەر بڕوانینە وڵاتانی ناوچەكەش لەوانە ئێران و توركیا، ئەوا ئێران بەبەرچاوی دنیاوە خۆی لە كێشمەكێشدایە لەگەڵ ئەمریكا. لە ئاستی نێوەدەوڵەتی و جەماوەری دنیای سەردەمدا تا دێت تەركتر و بێزاوتر ئەبێت، ئەمە جگە لەكێشە ناوخۆیەكانی كە یەخەگیری ئەم رژێمە بوون، لەوانە گرفتی ئابوری، ناڕەزایەتی خەڵكی، شەڕ لەگەڵ خەڵكی كوردستان.
 بۆ توركیاش بەهەمان شێوە، ئێستا توركیا شەڕی بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەورپا دەكات، و كێشەی داگیركردنی قبرس لەیەخەی نەبۆتەوەو پێوستە ئەمە چارەسەربكات. هەروەها كێشەی لەگەڵ خەڵكی كوردستانی توركیا، لەگەڵ پەكەكە، كێشمەكێشی نێوان دامەزراوەی سوپاو حكومەت، ئەزمەی ئابوری… ئەم فاكتەرانەن كە دەستی ڕژێمی توركیای لەوە كورتر كردۆتەوە كە بتوانێت بە كردەوە لەبەرامبەر خواست و ئیرادەی ملیۆنی خەڵكی كوردستانی یەكگرتوودا بۆ جیابوونەوە پێدرێژی بكات و داگیركاری بخاتە دەستوەرە.
 بەهەموو ئەو فاكتانەی سەرەوەو فاكتی دوبارە دابەشبوونەوەی سەرلەنوێ دنیاش كە سەرەتاكەی دەستی پێكردووە، ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ جیابونەوەی كوردستان وپێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆی مۆدیرن و كاتێكی گونجاویشە بۆ توڕهەڵدانی دروشمی لەناوەرۆكدا وەهمی عێراقی فیدرالی دیموكراتی. كات لە قازانجی خەڵكی كوردستان نییە و هەر ڕۆژێك دواخستنی جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، ئەوەندە گرفتەكە ئاڵۆزتر و قورستر دەكات.   
 خەڵكی ئازادیخواز بەگشتی و چینی كرێكار بەتایبەتی لە كوردستان ناكرێ بێدەنگ بێت و ڕازی بێت بەوەزعەی ئێستاو بەو سات وسەودایەی بزوتنەوەی قەومی كورد بە كێشەی خەڵكی كوردستانیەوە دەكات لەپێناو پاراستنی بەرژوەندییە سیاسی و ئابوریەكانی خۆی و بۆرژوازی كورد، بەڵكو دەبێ لەدژی هەلومەرجی مۆلەقی كوردستان و ئەو گێژاوە سیاسیەی 18 ساڵە تیای ڕاگیراوە، و ئەو هەڕەشانەی ئێستا لەلایەن بەغداوە لەسەر كوردستان هەیە ڕێكخراو یەكپارچە ئیرادەبنوێنێت و ئاسۆیەكی تر بۆ ڕزگاری كۆمەڵگای كوردستان لەدەست سەرمایەداران وبزوتنەوەی سیاسی قەومی كورد دەربهێنێ و كۆمەڵگا بەدەستەوە بگرێت.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.