ئێسكو پروسكى ئەنفالكراوەكان بهێننەوە كوردستان
ناڕەزایی نامە
ئێسكو پروسكى ئەنفالكراوەكان بهێننەوە كوردستان
وا بیست ساڵە كەسوكاى ئەنفالكراوەكانو خەڵكى شەهید پەروەرى كوردستان لەچاوەڕوانى هێنانەوەى ئێسكو پروسكى ئەنفالكراوەكانن، بەڵام پێدەچێت بەم حەسرەتەوە بۆ چەندین ساڵو دۆخى تر هەر لەچاوەڕوانیدابن. تاوەكو هۆشو ئاراستەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتى یاسایىو ئەخلاقى دەسەڵاتداران دەگاتە ئەوەى:
لەجیاتى قەرەبووكردنەوەى ماددىو مەعنەوى تاوانەكانى شاڵاوى ئەنفال،
لەجیاتى دادگاییكردنى تاوانبارانى ئەنفال،
لەجیاتى ئاوەدانكردنەوەى گوندو ماڵو دێهاتە رووخاوەكانیان،
لەجیاتى دابینكردنى ژیانێكى شایستە بەئاستى ئەو قوربانىو زیانانەى لێیان كەوتووە،
كەچى هێشتاش بیر نەكرێتەوە لەهێنانەوەى ئێسكو پروسكى ئەو ئازیزە گۆڕ غەریبانە كەسادەترینو ساناترین مافى كەسوكارى ئەنفالكراوەكانە!.
كەسوكارى ئەنفالەكان بۆ سەبووریى دەیانەوێت گۆڕستانى ئازیزانیان هەبێت، پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان بەجدى بیر لەم داخوازییە بكەنەوەو بەمەسەلەیەكى گرنگى بزانن. لەڕێگەى ئەم بانگەوازەوە جگە لەدەربڕینى ناڕەزایىو نیگەرانیمان سەبارەت بەپشتگوىَ خستنى هێنانەوەى گۆڕ غەریبەكان، داوا دەكەین ئەو ئێسكو پروسكانە ب هیچ مەبەستێكى سیاسى یان هى تر بەكار نەهێنرێتو چیدى چاوەڕوانى كەسوكاریان بەهەند وەربگیرێت.
ئەوان لەكوردستانەوە بەدڵو گیانى زیندوەوە بران، با بەڕێزەوە بهێنرێنەوە نیشتمان..
گۆڤارى (هەشتاوهەشت) تایبەت بەئەنفالو جینۆساید
كۆمەڵەى داكۆكیكردن لەقوربانیانى ئەنفال/گەرمیان
رێكخراوى ژیانى نوىَ بۆ ژنانى ئەنفال
ناوەندى چاك
كۆمەڵەى روناكبیرىو كۆمەڵایەتى كەركوك
رێكخراوى (كارا) بۆ داكۆكیكردن لەقوربانیانى ئەنفال/شۆڕش
عارف قوربانى
لەتیف فاتح فەرەج
ساڵەح هەلاج
عومەر محەمەد(ئەنفالستان)
شێخ سدیق
سەلام عەلى
مەلا تەحسین گەرمیانى
سالار مەحمود
7/10/2008