Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئێمەو دیموكراتیەتى نمایشی…. مەجید ساڵح

ئێمەو دیموكراتیەتى نمایشی…. مەجید ساڵح

Closed
by February 24, 2008 گشتی

 "حاكمە ئوتوكراتییەكان زۆر بە ئاسانى دەتوانن خۆیان وا پیشان بدەن كەوا دیموكراسیەت پەیڕەو دەكەنو ئەوشیان بۆ چووەتە سەر" كینیت روت، بەڕێوەبەرى تەنفیزى رێكخراوى  هیومن رایتس ووچ ئەو وتەیەى لە دەسپێكى راپۆرتى رێكخراوەكەى لە سەر رەوشى مافی مرۆڤ لە رۆژهەلاتى ناوەڕاستدا نووسیوەو تێدا مەترسیی خۆى بۆ ئەو دیموكراتییە نمایشیانەى كە حكومەتەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پەیڕەوى دەكەن دەربڕییوە. ئەگەرچى لەم راپۆرتەدا باس لە حكومەتى كوردستان نەكراوە بەڵام، ئەگەر بە چاوى موشتەرى راپۆرتەكە بخوێنیتەوە بۆت دەردەكەوێت ئەو پەندە كوردییەى بەسەردا تەتبیق دەبێت كە دەڵێ (بوكە بە تۆمە، خەسوو گوێ بگرە). ئەوە بەڵگە نەویستە كە بە درێژایى ساڵانێكى زۆر كورد گەورەترین قوربانى نەبوونى دیموكراسیەتە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، لە هەمانكاتدا یەكێكە لەو گەلانەى لە ناوچەكەدا زۆرترین قوربانى لە پێناوى دیموكراسیەتدا داوە. بە گاڵتە نەبووە لە شۆڕەكانیدا دیموكراسیەتى بۆ حكومەتى مەركەزى خستوەتە پێش مافەكانى خۆیەوە. بەڵام ئێستاكە لەم بەشەى كوردستاندا حكومەتێكى هەرێمى هەیە ئاخۆ ئەمیش بە دەردى حكومەتەكانى ناوچەكە"دیموكراسیەتى نمایشى" پەیڕەو دەكات؟ّ!
 زۆر دور ناڕۆینو ناگەڕێنەوە بۆ سەرەتاى راپەڕین، لە گۆڕانكارییەكانى دواى روخانى رژێمى بەعس لە عێراق لە ساڵى  2003وە دەست پێ دەكەین، ئەم گۆڕانكاریانە دەسەڵاتدارانى كوردستانى خستوەتە ژێر ئەو پرسیارەوە كە ئاخۆ ئەو دیموكراسیەى داوایان دەكرد چەندى لێ پەیڕەو دەكەن؟ هەڕەشەو گوڕەشەكانى ئەم دوایانەى هەندێك كەسو ئەو یاسایەی پەرلەمان بۆ كارى رۆژنامەوانى دایناوەو خراپى بارى خزمەتگوزارىو بوونى ئەو هەموو پرتەوبۆڵیەى خەڵكو گلەیى دۆستانى كورد لە دەرەوە، هەموو نیشانەن بۆ ئەوەى ئێمە نامانەوێت بچینە سەر هێڵى دیموكراتیەتى راستەقینەو بەتەماین لەوەشدا شوێن پێی وڵاتە دراوسێكانمان بگرینەبەر، واتە نمایش بكەین. بۆ ئەوەى گۆشەكەم نەكەوێتە بەر مەقەستى دیزاینەرەكان، بەو وتەیەیی فوئاد عەجمی بیرمەندى ئەمریكایى كۆتایی پێدێنم كە دەڵێت "كورد تەنها بە پەیڕەوكردنى دیموكراسیەتێكى راستەقینە دەتوانێت پشتیوانى رۆژئاوا بۆ خۆى دابین بكات، ئەگینا هیچ بەرژەوەندییەكى ستراتیژى لە گەڵیاندا نییە".
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.