ئێمە..!! …. بایز موستەفا
Closed
ئێمە ،
بەچەی زەمانێک بووین
هەتا گوڵێکمان دەچاند ،
دەبوایە ،چەندین مرۆڤ بنێژین !
لەم چەند و چونی ،چاندن و ناشتنەدا
نەوەی ئێمە ، لە نەستەوە
باوەڕی بە زیندوبوونەوەیە
**** **** ****
ئێمە ،
دوو گوڵەگەنمی ،
بەجێماوی دوای دروێنە بووین
بەدەم سەیرکردنی یەکترەوە
زەرد هەڵگەڕاین
بۆیە ئێستاش
خۆشی لە ئازاری ،
چاوەڕوانیدا دەبینم !
**** **** ****
ئێمە ،
هەنگاوەکانی تەمەنی گەنجیمان
لەگەڵ چرکەچرکی
کاتژمێری هەژاریدا ڕۆیشت
حەیف ،
نە ئەویان ئیستێکی کرد و
نە ئەمیان بۆ ساتێک وەستا .