Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

ئەركەكانمان لەوە گەورەترە بۆ بەم شێوەیە لەگەڵ یەكدی قسە بكەین

Closed
by June 1, 2008 گشتی

 هەندرێن ئەحمەد………

 1
 لێكنەگەیشتن شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساند و شتی خراپی لێكەوتەوە
 هەواڵێكی رۆژنامەوانی،كێشەیەكی ئاشكرای لەنێوان پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵایساند و گەیشتە ئاستی بڵاوكردنەوەی روونكردنەوە لەسەر یەكتری و وەڵام بەیەكتری.
 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا مەلابەختیار وتەبێژی ینك باسی لەخورقاتی ساڵانی شەڕی ناوخۆ دەكات (وەك خۆی دەڵێ! )، بەڵام رۆژنامەیەك دێت دیوەكەی تری هەواڵەكە بڵاودەكاتەوە و مەكتەبی سیاسی پارتیش بێ لێكۆڵینەوە كە واپێدەچێت، روونكردنەوەیەك بە پشتبەستن بەهەواڵی رۆژنامەكە، وەڵامی ینك دەداتەوە و تووڕەیش بە روونكردنەوەكە دیارە.
 لەو مەسەلەیەدا، چەندین پرسیار هەیە دەبێت بیكەین ، باشە هەردوولای پارتی ویەكێتی رۆژانە كۆبوونەوەی هاوبەشیان هەیە و یەكتری دەبینن و هێڵیی گەرمیش لەنێوانیاندا هەیە، و كاروباری وڵاتیش بەیەكەوە بەڕێوە دەبەن، بۆچی دەبێت ئەوەندە هەناسەكان كورت بن نەتوانین بەپەیوەندییەك لەگەڵ یەكتری لەراستی مەسەلەكان بكۆڵینەوە؟ ئایا ئەوە هەر ئەو هەناسەیە نەبوو كە لەساڵی 1994 شەڕی نێوخۆی هەڵگیرساند.
 كە زاراوەی هەناسە بەكاردێنم مەبەستمە بڵێم ، هەناسەی رەخنە قبوڵنەكردن ،هەناسەی خۆ بەدەرزان لە هەڵەوكەموكوڕی ، هەناسەی نابێت كەس قسەیەك لەسەر هەڵەكانیش بكات.بۆیە ئەگەر قسەكانی مەلابەختیار هەرچی بووبن، روونكردنەوەكەی لەكوردستانی نوێ بەدەبازێكی دیكەی دروستكرد بۆ نەهێلانی هەر گرژیەك لەنێوان ئەو دوولایەنە ، كە ئەوە كارێكی باشە بەڵام باشتر ئەوەیە بزانین كە ئەركی ئەودوولایەنە لەهی ئەوانی دیكە قورسترە تابەوشێوەیەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن.
 هەربۆنموونەش ئەو چەند سەردێرەش دەخەمە پاڵ ئەوەی پێشەوە كە لەم رەوشە ناسكەدا، ترسی راستی لێك نەگەیشتن وشتی دیكە! هەموومان دەترسێنێت..لەوانە، دووهەفتە لەمەوبەر مەلابەختیار بەحكومەت دەڵێ بچۆماڵەوە و نوێنەرەكەشی دەڵێت باشە ، كەچی ینك خۆی لایەنێكی سەرەكی هەموو پێشكەوتن و هەرشكستیەكی پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
 لەلایەكی دیكە سەرۆكی حكومەت، روونكردنەوە لەسەرقسەیەكی خۆی كەباس لە ئەگەری بردنەوەی حزبی براوە لەهەڵبژاردنی داهاتوو كەحكومەت دەگرێتە دەسەت ، دەدات و جەخت لە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان پدك وینك دەكات .
 كەواتە با لەسەرخۆتر و واقعی تر لەگەڵ یەك دوو قسە بكەین و هەناسەی هاوڵاتیانیش بەو جۆرە روونكردنەوانە قەڵس نەكەین.
 
 2
 شەڕی وشە و قسەی زبری رۆشنبیران
 لەماوەكانی رابردوو، قسەوباسێكی زۆر لەسەر زمانی زبری رۆژنامەنووسان و رەخنەی زبری ئەم وئەو كرا.
 بەڵام خۆ ئەو كەڵچەرە هەر لەخۆوە نەهاتووە، دیارە پێشینەیەكی هەیە، كەمن نامەوێ قسە لەسەر فاكتەر و رابردووەكەی بكەم، چونكە هەردەم لایەنگری ئەوەم زمانی نەرم رێنومامان بێت و بەشێوەیەك كەس كەس بریندار نەكات و  سنوری ماف وئازادی یەكتریش نەبەزێنین.
 لەورۆژانەدا،گفتوگۆیەكی تووند لەنێوان رێبوار سیوەلی رۆشنبیر و مامۆستای زانكۆ و بەدران حەبیب سەرۆكی دەزگای ئاراسی رۆشنبیری ونزیك لەسكرتاریەتی سەرۆكی حكومەت،دەستیپێكردوە.كەبەراست بەزمانێكی زۆربازاڕی و زبر گفتۆگۆیەكەیان بەردەوامە.
 لەپێشدا، نووسینكەی رێبوار سیوەلی كەبەخۆی رازیە بەرۆشنبیرو مامۆستای زانكۆ ناوی ببرێت،بەزمانێكی زۆر زبری رەخنەیی قسەی لەسەر دەسەڵاتی حكومەت و بەتایبەتیش سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كردبوو، كەمن لەگەڵ رێز لەوجۆرە رۆشنبیرانەی وەك رێبوار دەگرم بەڵام ئەوزمانەی قسەی پێكردبوو، لەهی رۆشنبیر و مامۆستای زانكۆ ناچێت. وەڵامەكەش كە بەدران حەبیب نووسیبووی ، ئەویش لەهێ رێبوار خراپتر و پڕی لەهێرش و كەسایەتی شكاندن و قسەی دیكەی زبر بوو.
 رەنگە من زۆر بەو جۆرە نووسین و رەخنەو وڵامانە تێك نەچم كە بكرێت .بەڵام كاتێك لەلای كەسانێك كە خۆیان لەریزی پێشەوەی رۆشنبیرانی كوردستان دادنێن، بگوترێت و بنووسرێت ، ئەوە شتێكی خراپەو گفتی ئایندەیەكی پڕگوڵمان پێنادادات.
 باشە ئەگەر دووكەسی رۆشنبیر بەم شێوەیەك لەگەڵ یەكتری قسەبكەن و وەڵامی یەكتری لەسەر رووپەڕی رۆژنامە بدەنەوە، چ رێزێك بۆخۆیان و هەیبەتێك بۆ رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ئەم هەرێمە دەهێلنەوە،ئەگەر ئەوان بەوشێوەیە سەرقافلًَەی بكەن.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.