Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئەنالیزەکردنی ( دەقی) ئەحمەد زامدار!

ئەنالیزەکردنی ( دەقی) ئەحمەد زامدار!

Closed
by February 10, 2013 ئەدەب

 

 

سەرەتا با پێناسەیەکی شیعر بکەم، بەرای من شیعر وێنەیە، وەسفی واقیع یان خەیاڵ دەکا لە رێگای ووشەوە، ئەرکی شاعیر لە وێنەگر گرانترە، وێنەگرتن راستەوخۆ تێکرای تابلۆوەکە پێشکەش دەکات بە هەموو فیگەرو باکگراوندەوە، گوزارشتی لێواولێوی واقیعە! بەهەمان شیوە نیگارکێشیش لە رێگای فڵچەکەیەوە وینەی زەینی خۆی دەردەخا، زمانی شاعیر تەواو جیاوازە، دیوێکی ئاشکراو دیوێکی نهێنی یی هەیە، بەواتای دیوی ناوەوەی دەق، بەواتایەکی تر پروسەی نووسینی شیعر کایەکردنە لەسەر یادەوەری بە هەردوو دیوەکەی زەمان و شوێنەوە، دەبێ بپرسین شاعیر لەو ساتەوەختەی کە دەنووسی، باری سایکۆلۆژیی لە ژێر چ فشارێکی دەروونی و دەرەکی دایە! بەم شێوەیە ناخ و ئەندیشەی خۆی دەردەبرێ، بێگومان شیعر دال و مەدلولی تیایە، لەسەر میتافور و سیمبول هەندی جار ئیش دەکا بەڵام ووشە کەرەستەکانیەتی! 

ئەحمەد زامداریش وەک گەنجێکی تازە پێگەیشتوو ئیش لەسەر یادەوەری خۆی کردووەو چەند دەقێکی نووسیوە، لەوانەیە لەخود نائاگاهی دا نووسیویەتی بەڵام من وەک بەشێک لە یادەوەری دەستەجەمعی کۆمەڵگا مامەڵەی لەگەڵ دەکەم، هەر شاعیرو بە شێوەو شێوازێک ناخی خۆی دەردەبرێ، هەیە کایە لەسەر ووشە دەکا، بەمەبەستی تەوزیف! هەشە کایە لەسەر دەسەڵاتەکان دەکا، لێرەدا نموونەی شێرکۆ بیکەس دەهێنمەوە وەک شاعرێک، کاک شیرکۆ کایە لەسەر میژووی یادەوەری دەستەجەمعی کۆمەڵگا دەکا، سیمبولە شاراوەکان یان رەگەزە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە، لە نێو فەزایەکی کوردەواری ئاسۆیی ئامێز بە بۆن و بەرامەی سروشت و ئینسان دوستی دەق دەنووسێ، هەندێ جاریش دەقەکانی وەک راپۆرتێکی ئەدەبی پان و بەرین لە پانتایی دیتە پێش چاو، لەبەر ئەوەی کاک شێرکۆ دەیەوێ بەڵانسی سایکۆلۆژی نیوان هەژارو دەوڵەمەند، نیوان شارو لادی، نێوان بەشەکانی کوردستان راگرێ! لایەنی کەم دوا دەقی شیعریی لەمەر ئاوارەکانی کوردستانی سوریا ئەم راستی یە دەردەخەن! بەڵام لای قوبادی جەلی زادە زمانی شیعرو دەربرین جیاوازترە، کاک قوباد بەشێوەیەکی ستوونی ئیش لەسەر دەق ئەکا! کیشمەکێشی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتەکان دەخاتە روو، لەروانگەی ماتریالییەوە ئیش لەسەر سیمبولە میتافیزیکیەکان دەکا، دەیەوی دەسەڵاتی ئاینی لەسەر یادەوەری مرۆڤەکان کەم بکاتەوە، ترادیشیونی رۆژهەڵات بە رۆژئاوا موتربە بکا، بەڵام برای بەرێزم ئەحمەد زامدار لەبەر فاکتەری تەمەن لە روانگەی قاڵبوونی مەعریفی یەوە دەقی نەنووسیوە، بەڵکو لە ئەنجامی ململانی خۆد وەک کەسێکی هەست پاک و عاتیفی لەگەڵ دەورووبەر چووەتە نێو کایەو جەنگی شیعرەوە، دیارە من وەک قوناغی کلاسیک و مۆدرین بۆ شیعرو ئەدەب ناروانم کە قالبی هەبێ، بۆ نموونە دەبوایە شیعر کێش و سەرواری هەبێ، مۆسیقاوئیقاعیکی ناوخۆ بەرێوەی بیبا، بەرای من لە قوناغی پۆست مۆدرین، شیعر بریتی یە لە دەقیکی هارمۆنی گوزارشت لەساتەوەختی ناخی نووسەر دەکا، لە قوناغی پوست مودرین دەق بە زمانیکی سادە دەنووسرێ بەڵام هەڵگری مەدلوولیکی قوول و پر مانایە، مەرجیش نییە بۆ تێکرای ئاستەکان نووسرا بێ، لیرەدا مەبەستم خوینەرە، لەوانەیە چەند دیوێکی هەبێ، هەر خوێنەرو لە رێگای ئاستی مەعریفی خۆیەوە لێکی بداتەوەو چیژی لێوەرگرێ!

لیرەدا من دەقیکی ئەحمەد زامدارم هەڵبژارد کە لەسەر دووجەمسەری ئیشی کردووە تارادەیەک سەرکەوتوو بووە!

یەکسانی

بە دەستێکم کڵوە بەفرم هەڵگرتووە

بەدەستی دی پشکۆ

تا بتوانم چەپ و راستم

یەکسان بکەم

بە لیوی دەگریم

بە لێوی پێدەکەنم

تا بتوانم شایی و شیوەن ئاشکرا کەم

بە دەستێکم گۆڕ هەڵئەکەنم

بە دەستی دی گوڵ ئەنێژم

تا لە مانای ژیان بگەم

بە لێوی نای ئەژەنم

بە لێوی دی مەی ئەنوشم

تا هەناسەی رەشی

سییەکانم بە با کەم

لەلایە تابوتی مەرگ ئەتاشم

لەلایە لانکەی مناڵ

تا بتوانم لەگەڵ مناڵییا گەورە بم

لەگەڵ گەورەییا بمرم.

ئەم دەقە ساڵی ٢٠٠٢ لە تاراوگە لە ئەڵمانیا نووسیویەتی، ئەمیش دیسان وەک کاک قوباد لە رێگای دیالۆگەوە کایەی لەسەر میکانیزمی ئاینی کردووە کە بریتی یە لە ئاهوموزداو ئەهریمەن لای زەردەشتیەکان، شەیتان و فریشتە لای ئاینە ئاسمانیەکان، لەراستی دا ئەم میکانیزمە خودی دیالیکت و (صیرورة)ی ژیانە، لەوانەیە وەک باکگراوند تیایدا هەست بە سایکۆلۆژیەتی شیزوفرینی بکرێ کە لە لای نووسەرە راستگۆوەکان تارادەیەک ئامادەبوونی هەیە بەڵام دیالۆگیکی جوانە وتەنانەت ناوەرۆکیکی زانستیانەی هەیە، زور سەرنجی راکیشام و شایانی هەڵوەستە لەسەر کردن بوو!

دەقێکی دیکەی نووسیوە بە نێوی شەر

کە تیایدا دەڵی

شەر وەک گورگیکی هار خۆی کرد بە شاردا

کۆڵان کۆڵان لە دەرگای داو

تەمەنمان خوێناوی کرد 

کە شەر هات هەموو شتێک لە شوێنی خۆی ترازا!

من تیبینیم لەسەر دێرێکی ئەم دەقە هەیە کە دەڵی

شەر زاکیرەمان تووشی نەزۆکی کرد

لەکاتێکدا نووسەری پیشکەوتووخوازی میسری دەڵێ ( الاضطهاد فرق عقلي تحولە من تعفن فکري الی نشاط ذهني)

کەواتە شەرو چەوساندنەوە زاکیرە لە خەو هەڵدەستێنێ، لێرەدا مەبەستم خۆدی شەر نییە وەک پروسەیەکی یەکتر کوشتن بەڵکو ململانی کۆمەڵایەتی ئاشتی ئامێزە، چەوساندنەوەش بەهەمان شێوە، ئەگەر وەک ململانەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری بکەین دوور لە بەدحاڵیبوون ئەوە مروڤ دوستی و زاکیرەی ساغڵەم دەهێنێتە کایەوە، لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە بەرگی رەوایەتی بکەمە بەر شەرو چەوساندنەوە!

تێبینییەکی کورت کە سەرنجی راکێشام ئەحمەد زامدار وەک گەنجێکی تازە پێگەیستوو، تەنیا بە چەند ساڵێکی شەری براکوژی دا تەمەنی تێپەریوە ئەم دەقەی نووسیوە، ئەی من چی بنووسم لە نیو فەزای شەردا گەوەرە بووم چ جەنگی ئیران ئیراق چ جەنگی بەرەنگاری میللەتی کورد، لەگەڵ دەستخۆشی و هیوای بەردەوام بوونی نووسین بۆ برای بەرێزم ئەحمەد زامدار کە گەنجێکی دەربەنیخانی کوردستانی باشورە…..

 

                                                                         نەهرۆ/ نەرویج

                                                                            ٨/٢/٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.