Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ئەنتۆلۆژیای شیعر …. رێباز حەمەجەزا

ئەنتۆلۆژیای شیعر …. رێباز حەمەجەزا

Closed
by September 9, 2011 ئەدەب

لەبنەڕەتدا شیعر مەیلێكی شاقوڵی شاعیرە بۆ حاڵەتە ئەنتۆلۆژیەكان‌ و دیدەنیكرنی گەردوون‌ و جیهان، بەڵام ئەوەی گرێ‌‌و گۆڵی دروست كردووەو بووتە مایەی ئەوەی نەتوانین هەندێك بەكێشەی بكەین، نەبوونی ئەو مەرجەعە ژینالۆژیەیە لە جیهانی مۆدێرندا‌و لە دنیار ئەمڕۆدا…
واتە (شیعر) زادەی ئەمڕۆو ئەم جیهانە نوێیە نییە كە هەیە بەڵكو بەسەر ساتەكانی دروست بوون‌و بنەڕەتە گەردونی‌و گەردان نەكراوەكانە، هەروەكو (محمد سویرتی) دەڵێت “كێشەی مەرجەع لە كێشە میحوەریەكانی زامان‌و تیۆرەی ئەدەبییە”(1) لەم سەرو بەندەشدا گەشتی رەخنەو توێژینەوەو كەشف گەشتێكی ئاڵۆزو پڕ گرفتە لەبەرئەوەی رێگاكان لە سەرەتای گەشتەكەدا كۆتایی دێن (2) هەر لەبەر ئەوەش داوای مەعریفە لە شیعر ناكرێت، شتەكان‌و كەسەكان مەعریفەی زانستی‌و پێشكەشكردنی تان‌و پۆن، بەڵكو داوای دەربڕینی جوان لە شعری بەهێز لەو كەسانە دەكرێت (….) (3) لەم نێوانەشدا نووسەر بەیانی پەژارەی تاكە كەسیانەی خۆی ناكات‌و ژان‌و زێ‌ وجود مانینسێت دەكات‌و خۆی دەكات بە بەشێك لەو بوونە ئەنتۆلۆژیەو تیایدا چڕ دەبێتەوە‌و خۆی دەخزێنێتە ناو كێشە سەرمەدیەكان‌و   دابەش دەبێت بەسەر شیعرداو لە هەرمانی كۆسمۆلۆژی دا ئازارەكانی شاعیر دروست دەبنەوە.. تا رادەی (خۆشەهیدكردن) ئەوەتا شاعیر دەڵێت:_
تەزوی زمان بەتەرزەئاژێری مێشك پژا
گریانێك لە تونێلی هەتایی دێت:
(گەردون بە پرچی خۆێنینی درەخت تەنرا)

دەق زانستێكی گشتیی هەموو زانستە مرۆڤایەتییەكانە، بابەتی زانستە مرۆڤایەتیەكان بە تەنها بابەتی زانستە مرۆڤایەتییەكان نییە، بەڵكو مرۆڤ وەكو بەرهەمهێنەری دەقەكان (5) دەخوێنێتەوە. مرۆڤی شاعیریش بە تایبەتمەندی خۆیەوە پشكداریی دەكات، چونكە (زمانی شاعیر زمانێكی تایبەتە) (6) وەكو شاعیر (صلاح جلال) ئاماژەی بۆ كردووە:
گەردونێك بە تەلێكسی كچە قەرەجێكی ناو(با)
جوگرافیای نهێنی (بون)ی بە قژە سەر نەخشاندەوە،
چیە ئەم چاوو كەلانەی بە لۆگۆسەوە بارگاوین؟

ناراستەوخۆ‌و نەبینراوانە (شاعیر _ صلاح جلال) دەیەوێت ئەو پەیوەندییە پچڕاوەیەی مرۆڤایەتی كە مێژوەكەی هەزاران ساڵە پێكەوە ببەستێتەوە، بەشداری‌و پشكداری لە نووسینەوەی (ئەتۆلۆژیار شیعر) دا بكات، دەیەوێت مێژووی پڕشكۆی (شیعر) كە من لێرەدا بە (ئەنتۆلۆژیا) ناوی دەبەم تێكەڵ بە پەژارەی ئەم چاخەو لەسەر ئەم پلانێتە بكات‌و دەگەڕێتەوەو خۆی دەلكێنێت بەو شارستانیەتەوە كە لە رەحمی (شیعر) دا لەدایك بووە:
ئه‌وه‌ی زیندووه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌یه‌،
سه‌رچاوه‌ی چه‌مکه‌ قوڵ و ڕوونه‌کانه‌ بۆ شارستانیه‌ته‌که‌ی ئێمه‌

ژۆرژباتای دەیوت: وازم لە جیهان هێناوە… بەڵام كاریگەریە هەمەلایەنە، حاشا هەڵنەگر، قوڵ‌و چارەنووسساز لەسەر هزری مۆدێرن‌و رەخنەی نوێ‌ (7) دانا خەمی شاعیریش هەمان خەمە، بەڵام بە زیادكردنەوە خەمی مەقام‌و بەرزبوونەوەیە لە ئاستێك بۆ ئاستێكی ترو باڵاتر بە رادەیەك خۆی لە بەرامبەر هەردوو ژیاری (رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا) دا دەبینێتەوەو خۆی پێوە توند گرێ‌ دەدات لە رێی ئەو هێزو دەسەڵاتە مەعریفی‌و رۆشنبیریی یەی كە هەیەتی‌و نایەوێت لێیان بترازێت، چونكە ئەوەی دیارە دابڕان لە ژیار هەڵبژاردنی بەربەریەت‌و ئاشتەوایی كردن لەگەلێ‌ پشكداربوونە لە گەلێ‌:
لەم دارستانی رۆح چرۆیە مێژو تەنیا جومجومەیە
(بون) گەڵا رۆمانی سیبریایە (..)
عیشق بە پریشكی بەرد نوزەی دێت
سەهۆڵبەندانی (بون) هەسارەی ئاگری دەردا:
جەنگی گەردونی بە كێمەعیشق بڵێسەی گرت(…)

شاعیر (صلاح جلال) زەنگی مەترسی لێ‌ دەدات‌و دەمانباتەوە ناواخنی ئەو جەنگەڵەوە كە توشی پەرت بوون‌و لێكترازان هاتووە لە ژیارەكان‌و ئەمیش _ شاعیر _ وەك پەیامبەرێكی نوێ‌ دێت‌و  ئەو پەیوەندییە گرێ‌ دەداتەوەو وا دەكات خودی شاعیرو دەقەكەی خۆی جیابكاتەوە لەو پەتا شیعریەی پێوەی دەناڵێنن‌و وا دەكات (شیعر) بكەینە كێشەو هەر بە كێشەش بیخوێنینەوەو بە یەكێك لە جۆرەكانی كێشەی ئەم دەقە دەبێتە كێشەیەكی ئەنتۆلۆژی‌و دوورە دەست لە مانا سایكۆلۆژی‌و باوەكان‌و ساكار خۆی نانوێنێ‌‌و سانا نایەت بەدەستەوە‌و بابەتی (سات) نین بەڵكو نەمرو زیندوو سەرمەدین ئەمەش جیاكاریی شاكارە مەزنەكان دەردەخات لەو دەقە شیعریانەی كە زوو تێپەڕن‌و شەخسین!!
خودی ئێمەش دمیا بەهۆی ئەو شتانەی كە خوێندومانەتەوە دەناسین‌و ئیدی توانای تێگەیشتنمان لەو شتە فیزیكی یانەمان بەو جۆرەی هەیە نییە.(8)
ئەم زریانە گێژەڵوكەی كوژاوەی لۆگۆسی (بون)ە(…)
لە حەرفی خۆڵاوی دەسەسڕی مێشكەوە دێت(..)
بلوێن دەسڕ بە كێم و دەزوی خوێنینی تێكەڵەوە
خومخانەی گەردونیان بە كابەردین رەنگ كردەوە
وێنەی جیهان تێكەڵ بە سەگێَكی پەڕیو بوە(…)
بە ئاو بەندی زەمەنی بیر و فەلسەفە
رەگی فیزیا لە یەكپچڕان(.)

گەر بە زمانی (بریتۆن) بدوێم (شاعیر) دەیەوێت وێنە بۆ راڤەی وێنە بەكاربهێنێت نەك بە زمانی (دریدا) گوتەنی كاری بریتی (دەبێت) لەوەی ئەزموونی نێواخنی خۆی بشارێتەوە (9) تاكو ئەزموونی دەرەكی نیشان بدات..
مرۆ لە (بون) جیابوەوە(..)
گەردون لە روخسارو جوانی(…)

لیۆنارد لە كتێبی “شوێنگەی پۆستمۆدێرن” دا روونی كردووەتەوە كە لە دەنگناسی‌و داتاناسی و سێبەرنێكدا هاتوونەتە ئاراوە (10) دەتوانێ‌ نیشانە ئیكۆنیەكان بەسەر دوو دەستەی وێنەكان‌و دەرخەرەكاندا دابەش بكەین، لە یەكەمیاندا هەمان لێكچوونی كەتەكان گرنگە، بەڵام لە دووەمیاندا لێكچوونەكان پەیوەندییە ناوەكییەكانی بەشەكان گرنگ دەبن (11)
ئێستا فەزا بە دەسڕی هەزار رەنگەوە چنراوە(…)
ئەستێرە بارانی وێنەكۆرپە پارچە پەڕۆی خۆڵاویە..
ئەوە دەسڕێك زمانی گرت!!
(شاعیر_ صلاح) ئاماژە دەدات بەوەی گەردوون كەوتووەتە مەترسی ئەوەی ببێتە جەنگەڵ وەكو (پێرس)، دوو چەشنە نیشانەی ئێندێكس لێك جیا كردۆتەوە، نیشانەكانی جۆری یەكەم پەیوەندیەكی راستەوخۆو فیزیكی یان لەگەڵ بابەتدا هەیە ، وەكو نموونەكانی دوكەڵی ئاگرو شوێن پێ‌، بەڵام نیشانەكانی جۆری دووەم بە فۆرمێكی دەستكاریی كراوی جۆری یەكەم ئەژمار دەكرێن (12).
چیە ئەم زریانی بەردە ؟
ئەم تراویلكە فسفۆڕیانە؟
كشتوكاڵی زەوی بە مرۆی مێرویی سەوزە
مێرو بە بای زەیستانی ونبون
ژیان لە فەزای دەسڕێكا نیشتەجێ بو
(بون) بە تاڵیشكی بانگەشەیەك دەتوایەوە
تابلۆی كچێكی غەوارە بۆ دەسڕەكەی دەگریا(…)

لێرەدا ئەو  مەقولەیەی (پۆڵ دێمان)م بیردێتەوە كە نووسیویەتی: (….) خاڵی سەرەكی (….) ئەمە نییە كە وشەكان واتایەكیان هەیە، بەڵكو ئەوەیە كە چۆن واتایان هەیە (13)
سەگێك لە درەختی بیركەرەوە گەڵای دەركرد(…)
وشەی عیبریی و حەرفی لۆگۆسی تێكەڵكرد
تۆوی زەوی بو بە تۆزی مۆخە مرۆ
كەللە بە گەڵای (بیر) وەری
گڵا بەشێی شێوەپشیلە توایەوە
گەردون بوە پەرتوكێكی پریاسكەیی
دەسەسڕێك بارگەی (بون)ی پێچایەوە(…)

هەموو دەرگا كردنەوەیەك، هەموو هەنگاوێك بۆ پێشەوە بۆ نێو كایەی مەعریفە لە بنەچەدا بۆ ئازایەتی دەگەڕێتەوە (14) هەروەكو (بارت) دەڵێت: “چێژی دەق هیچ كات هیچ شتێك رەت ناكاتەوە (15) بەڵكو جۆرێكە لە مەشق‌و راهێنان لەسەر رەسەن‌و ژینالۆژیای شتەكان كە ئەمەش هەندێ‌ كات لە رێی فەنتازیاوە گەشە دەكات‌و “لە قوڵایی فەنتازیادا لە (شیعر) دا سیمای جیهان جۆرێكە كە (…) (سەراسیمەكەرە) وەكو ئەوەی ئەوە جیهانە؟ (16) كە جیهانی فەنتازی لە سادەترین پێناسەی دا سڕینەوەی یاساكانی سروشت‌و لۆژیك، كە خۆی لۆژیكێكی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێنێ‌ وەكو پێشووتر، پێچەوانەی لایەنی (لۆژیكی) یاخود (یاسا) دیارەكانمانە (…) (17)
خوێندنەوە لە حەقیقەتدا، كاركردنە لەگەڵ زماندا (18) چونكە خەیاڵی خەلاق هی كەسێكەن توانای خەیاڵاندنی هەبێت (19)
سەگەل سەرابی دەسڕیان بەكەڵبەزانست هەڵكۆڵی(…)
كشتوكاڵ بەچرۆی دەسڕ شین بو(…)
بە تۆورەگەزی سەگەوە رەنگاڵە بون

حەیدەی عەلی لە مەقالەیەكی دا بەناوی “الرۆیە الجمالیە فی خگاب فوكو” دا دەڵێت: بەڕای مانتیانادەق تەحقیقی ناوەوەی چێژەكانمانە، ئێمە لەبەرامبەردا تەنها مەعریفە نین بەڵكو رۆحی كەینونەین(…)
درەختی بیر گەڵای دەسڕی سواڵ دەگرێت
بەرهاتی ژین پرتەقاڵ و میوەدەسڕە
دەسڕێك  لەكاغەزی رۆحا پێچامیەوە
وێنەی دێڵە سەگێكی سیحری بو
قروسكەی عیشقە تەزوی دڵی گرتم،
عیشقی روانین فیزیای هەسارەیی كێشا

لە راستیدا یەكەم ساتەكانی كارو هوشیاری ئەوەیە لە هەمان كاتدا، وەرگرتن‌و درككردنی (جوانیە) لە جیهاندا (20) داهێنانی ئەدەبی جۆرێكی راقیە لە جۆرەكانی كاری كۆمەڵایەتی وە مادەی بیناكردنی پاشماوەی ئەدەبی وشەیە، كە جۆرێكی تایبەتیە لە هوشیاری (21)
نامەم بۆ سەگی دێرینە نوسی(…)!!
لە دوا بستی گەردونەوە یەكمان بینی
تەنیا كەپرێك بە دەسڕێكی فرمێسكاوی
بو بە فەزاو زەوی (بون)مان(…)

پەژارەی نووسەر لێرەدا شێوەیەكە لە خەمەكانی شاعیرەكانی پێش خۆی‌و بارگاوییە بەو مرۆڤانەی كە كۆسمۆلۆژی ژیاون‌و گەردوونیان كردۆتە نیشتمان.
خۆر ئاوا لانكەی بەرد بارانی سیزیفیە(…)
لە ئاوێنەی كۆرپەسەرابی هەوری فیكر
فیلمی درەختی دەسڕلە نە(بون)ا دەشواتەوە

ئەمە ئەو باسە سەرەكیەیە كە نووسەر لە چەندان جێگەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە (چاوشاركێ‌) (بوون)‌و (نەبوون)، وەگێژ دەدات‌و شاعیر مەست دەكەن:
دەسڕێكم گرت پۆپەشمینی شای مێشهەنگ بو(…)
تۆوی شیرپەنجەی نەمری بۆ هێنا بوم
بە ژەهری بون وێنام كردو
بە دوا كفنی مردنمەوە ئاوێتە بون

لێرەدا پەیامی نووسەر بارگاوی دەبێت بە  (فەلسەفەی مەرگ)‌و ئەمانباتەوە بۆ رەچەڵەكەكانی شیعرو تێكەڵمان دەكاتەوە بۆ (مشیۆلۆژیا)‌و لەوێدا دەمانتوێنێتەوەو وەكو (دێو جسینی)یە كش دەڵێت:
نامەم بۆ سەگی عاشقم نوسیەوە:
(تەونی مێشك دەسڕی روانینی تەنیوین (…)
ئەگەر مردم بەو دەسڕە كفنم بكە
هەتا لەخومخانەی وێنە بەیەك بگەین)…
(شاعیر) وەك (پێغەمبەرێك)، كۆمەڵە كێشەیەكی وجودی كردۆتە ماكی قەسیدەكەو هەروا بەئاسانی رازی نابێت بمرێت، بەڵكو دەیەوێت خۆی لێوان بكات لە پەژارەكانی بوون‌و مەرگێكی ئەنتۆلۆژیی هەڵدەبژێرێت:
لەم یۆتۆبیا روخساریە بون دەسڕی شیرپەنجەیە
ژیان تۆڕی كەرنەڤاڵی حەشیشەیە
وێنەو روخسار لەدەسڕی فەلسەفەیا پێچرایەوە
 ئێستا دوائاوازی كارامازۆفی فیزیایە…
هەمو ساتێك بەلەرزەی فەزای بونەوە
نامە بۆ گەردون چاپ دەكات(…)

(شاعیر) هەست بەو تەنگەژەو قەیرانەكانی دەكات كە عەقڵ‌و كۆنێپتەكانی فەلسەفەو شیعرو ….هتد، پێكەوە ئالودەیان دەكات وشەكانی خۆی بەیان دەكات‌و تا رادەی ئەوەی لەوپەڕی غروری شاعیریەوە دەڵێت:
دارستانی مێشك لێرە دەسڕی وشەی گرتوە(…)

بەجۆرێك نووسەر شانازیی دەكات‌و بەردەوام دەبێت:_
بۆ هەزارە زەمەنی لەسەر خۆی داخست(…)
تا لەدواپلەی كەماڵ‌و كۆتایی قەسیدەكەدا (شاعیر) بەقینەوە دەڵێت:
كەرنەڤاڵی درەختە دەسڕی (بون) دەكەین (…)
ئەمە دوا پەیامی نووسەرە كە هێندەمان دەسڕ گرتووە‌و چاری تر نەماوە ئێستا كەرنەڤاڵ دەكەین‌و دوا پلەو دوا ئاستی قەسیدەكەی باڵا دەكات‌و لەو كەرنەڤاڵەدا…

سەرچاوەكان:_
(1)    النقد النبوی والنص الروائی _ تألیف / محمد سویرتی ، گبعە الپانیە، 1994 أفریقا الشرق 1991 ص 72
(2)    هەمان سەرچاوە ص 54
(3)    هەمان سەرچاوە  ص 54
(4)    المدأ الحواری _ تألیف / تزفیتان تودوروف_ ترجمە /فخری صالح_ دارا الشۆن الپقافیە العامە _ الگبعە الاولی 1992ص39
(5)    هەمان سەرچاوە ص 39
(6)    هەمان سەرچاوە ص 87
(7)    پێكهاتەو راڤەی دەق كتێبی سێهەم_ نووسینی (بابەك ئەحمەدی)_ وەرگێڕانی (مەسعود بابانی) چاپی یەكەم 2005 هەولێر لە بڵاوكراوەكانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی فیكری‌و ئەدەبی نما لا 132
(8)    هەمان سەرچاوەی پێشوو كتێبی دووهەم لا 122
(9)    هەمان سەرچاوە لا 135
(10)    هەمان سەرچاوە لا 14
(11)    هەمان سەرچاوە لا 32
(12)    هەمان سەرچاوە لا 34
(13)    هەمان سەرچاوە لا 41
(14)    (نیچە) نووسینی (میل دۆلۆز) وەرگێڕانی (رێبین رەسوڵ ئیسماعیل) _ بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان (2009) لا76
(15)    چێژی دەق _ نوسینی رۆڵان بارت_ وەرگێڕانی ئیسماعیل زراعی _ دەزگای وەرگێڕان (2007) هەولێر لا 23
(16)    ادب الفنتازیا _تألیف / نەبی أبتر، ترجمە جبار سعدون _ دار المأمون بغداد _ 1989 ص 131
(17)     هەمان سەرچاوە
(18)    قرأە المعرفە _مقدمە عن (بارت، فوكو، التوسیر) تألیف / مایكل باین  ترجمە دانا سردار/ 2011 ص 131
(19)    الممپل و عمله تألیف / ی.م. رابورت  ترجمە / عادل كوركیس / الگبعە الاولی دار الشۆن الپقافیە العامە 1992 ص 29
(20)    لوعی والفن/ گیورگی گاچیف/ ترجمە / د.نوفن نیوق _ دار المعرفە 1990 ص 12
(21)    هەمان سەرچاوە ص 43

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.