Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەوانەی بەكەمانچەكانیان دڕیان بەشەوەزەنگدا

ئەوانەی بەكەمانچەكانیان دڕیان بەشەوەزەنگدا

Closed
by May 4, 2008 گشتی

مەریوان ئەحمەد لاوە…..

 زۆرن ئەوكەسانەی لەسەردەمێكدا خزمەتیان بەمیللەتەكەیان كردووەو هەردەم لەبیریش ناچنەوەو تاهەتایە لەیادەوەری خەڵكدا بەزیندوویی دەمێننەوە، مێژووی رۆشنبیریی و سیاسی… ئێمە لێوانلێوە لەوكەسانەی كەبەم ئاراستەیەدا رۆیشتوون و تاهەنوكەش بەبێ راوەستان ئەم كاروانە لەڕێگەدایەو درێژەی هەیە.
 راستە پەیامی نەوەیەك، لەنەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دی جیاوازە، لەگەڵ ئەم جیاوازییانەشدا توانراوە پەیام و ئاراستەكانیش لەگەڵیدا بگۆڕێن و لەهەر نەوەیەكیشدا دەیان و سەدان هێڵی فكری و سیاسی و رۆشنبیری… جیاواز جیاواز خۆی بخزێنێتە ناو ئەو نەوەیەیی كەخۆی بەنەوەی نوێ دەداتە قەڵەم. لەنەوەیەكدا، رابردوو گەواهی ئەوە دەدات كە(كارزان و فەرمان)و هاوڕێكانیان… كێن و لەناو ئاوازو مۆسیقای كوردیدا چ ئاراستەیەكی گەش و جوانی ئەو سەردەمە بوون كەدوژمن بەهەموو توانایەكیەوە لەهەوڵی ئەوەدا بووە یەكەبەیەكەی تاكی كورد ببانە دواوەو لەناو ناهۆشیارییەكی نەخشە بۆ كێشراودا بەشێوەیەك ونی بكات كەتاهەتایە نەتوانێت خۆی بدۆزێتەوە، كارزان و هاوڕێكانیان ئا لەوكاتەدا دڕیان بەوشەوەزەنگی ناهۆشیارییەداو مژدەی داهاتوویەكی گەشیان پێبوو بۆ میللەتەكەیان، ئەفسوس ئەم هاوڕێیانە لەڕووداوێكی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێلدا، كەتائێستاش گومان لەو رووداوە دەكرێت نەخشە بۆ كێشراو بووبێت لەلایەن دەسەڵاتی ئەوكاتی بەعسەوە، گیانیان سپارد بەمیللەتەكەیان و توانییان هەرچەندە تەمەنی داهێنانیان لەناو  ئاوازو مۆسیقای كوردیدا كەم و كورت بوو، بەڵام بەجورئەتەوەو بەزرنگی خۆیان و توانای مامۆستاكانیان چمكی ئەو كایەیەی ناو رۆشنبیری كوردییان گرت بوو.
 لەئێستاداو دوای لەناوچوون و حوكمی ئیستیبدای بەعس و حوكمڕانێتی كورد خۆی، رۆحی ئەو پەپولانە ئاسوودە ناكەین بێت و هەموو ساڵێك و بەشێوازی جیاجیا یادیان نەكەینەوەو سەنتەرو بنكە رۆشنبیرییەكانیان بەناوەوە ناونەنێین، یان رەمزێكیان بۆ نەكەین بۆئەوەی هەركاتێك و بەچوونمان بۆ بینینی ئەو رەمزە بزانین كەئەم كۆمەڵگایە لەچ بزاوتێكی رۆشنبیریدا گینگڵی بەگەشەكردنەوە داوە، بەپێچەوانەشەوە چ جەهلێك بە بەردەوامی ویستوویەتی ئەوەی كەهەوڵی بۆ دەدات و ئەوەی زانیویەتی بیسڕێتەوە بۆی.
 لەیادی كارزان و هاوڕێكانیاندا سەری رێزو نەوازش بۆ ئەوان و ئەوكەسانەی لەهەركاتێكدا بووبێت توانیویانە هەوڵ لەناو ئەو كایەیەدا بدەن كەعاشقانە بۆ پێشخستنی كۆمەڵگاكەیان تیایدا هەڵسوڕاون.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.