Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەوەى چاوەرانکراوبوو هاتەدى

ئەوەى چاوەرانکراوبوو هاتەدى

Closed
by July 26, 2008 گشتی

 
 (لە پەراوێزى مانۆرە سیاسییەکانى سەنتەر بۆ پووکاندنەوەى ماددەى140 ى دەستوورى هەمیشەیى عێراق)
 
 "مەرج نییە هەموو دڵسۆزێکى  دۆزى رەواى گەلى کوردستان سیاسی بێت، بەڵام مەرجە هەموو سیاسییەکانمان دڵسۆزى ئه‌م دۆزه‌ بن"
 محەمەدى مشیر

 ئەمڕۆ نییە نووسەر و رۆژنامەنووس و رووناکبیر و کەسایەتییە نیشتمان پەروەرو دڵسۆزەکانى دۆزى رەواى گەلى کوردستان زەنگى مەترسى و هۆشدارى بۆ سەرکردایەتى سیاسى کوردستان لێدەدەن، لێ یەکێ لە نەریت وخووە هەرە خراپەکانى ئێمەى کورد بەگشتى و، سیاسییە دەستڕۆیشتووەکانمان بە تایبەتى، گوێ نەگرتنە لەوى دیکەى جیاواز، یا لەوى دیکەى دەرەوەى دەسەڵات و حزبە باڵادەستەکانى ئەمڕۆکەى کوردستان. لاوازى کلتورى گوێ نەگرتن لەوى دیکەى جیاواز زۆرجاران و لە هەر شوێنێک بێت، سەپاندنى بۆچوون و راى چەوت و نادروستى لێدەبێتەوە، ئەگەر بۆچوونە چەسپاوەکان پەیوەست بن بە کێشە لاوەکى و کەمبایەخەکانى ژیان و خاک و چارەنووسى هەر گەلێک، بە دڵنییاییەوە ئەو هێندە مەترسیى و کاریگەرییان نابێت بە سەر رەوتى کێشە چارەنووسسازەکان، بەڵام کاتێ پەیوەستبن بەو کێشە ئاڵۆزو چارەنووسسازانە ئەوا بێگومان دواى چەندبارە بوونەوەیان کارەساتیان بەدوادا دێ و چارەسەرکردنیان ئاستەمتر دەبێ.
 لەوەتەى چەرخى پرۆسەى بنیاتنانەوەى عێراقی داڕووخاو وەسوڕکەوتووە، پرۆسەى سیاسی بە پێى پرەنسیپى تەوافوقی سیاسی بەڕێوەچووە و تا ئێستاش هەمان پرەنسیپ رەوەڕەوى ئەم پرۆسەیە هەڵدەسووڕێنێ، لێ هەموو خواستە رەواکانى گەلى کوردستانیش هەر لە سەرتاوە بەپێى هەمان پرەنسیپ ئەمڕۆ سبەى پێکراوە، بەردەوامیى ئەم دۆخە لە سەردەمى (عەلاوى)ییەوە تا هەنووکە، وێڕاى هەموو ئەو بیانووانەى بە بەهانەى ئاڵۆزیى دۆخى سیاسی عێراق پاساودەرى لاوازى ئەو بەردەوامییەن،  دەرەنجامى بێبرستى و کورتبینى سیاسییانەى سەرکردایەتى سیاسی کوردستان بووە لە هەمبەر کێشە چارەنووسسازەکاندا، بەشێکى گرنگى ئەو بێبڕستی و لاوازییە بۆ خودى هەندێ لەو کەسایەتییانە دەگەڕێتەوە کە ئەرکى داکۆکیکردن لە مافە دەستوورى و یاسایی و سیاسی و مەدەنییە رەواکانى گەلى کوردستانیان لە سەنتەردا بە ئەستۆ سپێردراوە، باڵادەستى و داسەپاندنى میتۆدى حزب حزبێنە و خزم خزمێنەى بەرتەسکى سەنتەرەکانى بڕیار لە هەرێمى کوردستاندا وەک پێوەرێک بۆ ئەرک سپاردن، کەسانێکى ناشایست و بێدەم و دەسەڵات و هەژار لە مەعریفە و هونەرى مانۆرى سیاسی کردۆتە دەمڕاستى ئەم گەلە لەوێدا، لە هەمانکاتدا کەسانێکى شایست و دڵسۆزى ئەم بوارەى پەراوێزکردووە و ماوەى حەڤدە ساڵە سوود لە تواناکانیان وەرناگیرێ.
 بیانووى ئاڵۆزیى دۆخە سیاسییەکە لە سەنتەردا پاساوێکى لاواز و هۆکارێکى گرنگى گەیاندنى کێشە چارەنووسسازەکانى گەلى کوردستانە بەمڕۆکەى فرە ئاڵۆزتر، ئەگەر دۆخەکە بە درێژایى ئەو پێنج ساڵەى رابردوو بۆ سەرکردایەتى سیاسى کورد لە سەنتەردا ئاڵۆزبووە، ئەوا بۆ لایەن و حزبە شۆڤینست و بیرتەسکەکانى ئەو سەنتەرەش،  بە شێوەیەک لە شێوەکان، هەمان تاس و حەمام بووە.
 بە هێزى پێگەى سیاسی سەرکردایەتى سیاسى کوردستان هەر لە سەرەتاوە لەوەدا نەبووە کە لەو سەنتەرەدا دووەم گەورە لیست بێ ( ئەگەرچى ئەمە بۆخۆى فاکتەرێکى بەهێزە)، بەڵکو لە کاراکردنى بە جێگەیاندنى ئەرکەکانى ئەو لیستەدابووە لەمەڕ تەواوى ئەو بڕیارە سیاسى و دەستوورى و یاساییانەى لەوێدا دەرچوون و هەر لە وێشدا بەسەر هەموو عێراقدا گشتێنراون، فەرامۆشکردنى ئەم خاڵە، سەربارى تەواوى ئەو هۆکارانەى لە سەروەدا ئاماژەیان بۆ کرا، لە دەرەنجامى کۆتاییدا بووەتە مایەى دیارنەبوونى جێپەنجەى ئەو سەرکردایەتییە بەسەر تەوێڵى زۆربەى بڕیارەکانى سەنتەردا.
 لاوازى سەرکردایەتى سیاسی هەرێمى کوردستان لە سیاسەتى مانۆر و دانوستاندندا رۆژ لە دواى رۆژ دەرفەتى باشترى بۆ نەیارانى دۆزى رەواى گەلى کوردستان خوڵقاندووە و پانتاییەکى فراوانترى بۆ فەراهەم کردوون تا پێشگرى لە بەدیهاتنى یەکجارەکى مافە دەستوورى و سیاسی و مەدەنییە رەواکانى ئەم گەلە بکەن و هەرچى باشتر گۆڕەپانى سیاسی لە سەنتەردا بۆ بەدیهێنانى خواستەکانیان قۆرخبکەن.
 پەسندکردنى یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکان لە لایەن پەرلەمانى عێراق ئاماژەیەکى فرە رۆشنە بۆ لاوازى سیاسەتەکانى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان و تەنانەت پاشەکشەى لیستى هاوپەیمانى کوردستانیش لە دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق نەیتوانى پێش لە پەسندکردنى ئەو یاسایە بگرێ کە پێشێلکارییەکى راشکاوانەى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و تەواوى ئەو رێککەوتننانەیە کە لیستى هاوپەیمانى کوردستان لە گەڵ چەندین لەو لایەنانەدا هەیبووە و بە پێى پڕەنسیپى تەوافوقی سیاسی مامەڵەى لە گەڵدا کردوون.
 ئەو کشانەوە درەنگەى لیستى هاوپەیمانى کوردستان لە هەمبەر یاسایەکى ئاوا دژە دەستووردا، کە ئامانجى سەرەکیى جێبەجێنەکردنى ماددەى 140 ى دەستوورى هەمیشەیى عێراقە، دەبوایە زۆر لەوەو پێشتر بۆ تەواوى کێشە سیاسییەکان پێڕەو بکرایە، لێ هەڵوێستێکى درەنگە وەختیش لە بێدەنگییەکى هەمیشەیى باشترە، بە مەرجێ ئەمە هەنگاوى یەکەمى چاوخشاندنەوەیەکى قووڵ و جیددى ئەو سەرکردایەتییە بێت بە تەواوى سیاسەت و هه‌ڵوێسته‌ چەوتەکانى رابردوو، هاوکاتى سەرجەم هاوپەیمانەتییە سیاسییەکانى لە گەڵ ئەو لایەنانەى هەمیشە کۆسپن لە بەردەم جێبەجێکردنى ماددەى 140 و تا ئێستاش بە لۆژیکى شۆڤینیستانەى بەعس و ئەوانەى پێش بەعسیش مامەڵە  لە گەڵ دۆزى رەواى گەلى کوردستان دەکەن.
  ماڵێک هەر لە سەرەتاى بنیاتنانەوەیدا من کۆڵەگەیەکى بەهێزى راگرتنى بووبم، خۆمى لێدەکێشمەوە نەوەکو لە کۆتاییدا تەنها بەسەر خودى خۆمدا بڕمێ، ئەمەش تاوان نییە، بەڵکو تاکتیکگەلێکى سیاسییە کە رەنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا لە هەموو کاتێ پتر پێویستیم پێى هەبێت.
 ئەگەرچى کشانەوەى لیستى هاوپەیمانى کوردستان لە دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق هەنگاوێکى درەنگە، بەڵام پێویستە ببێتە پێشینەیەکى سیاسی بۆ سەرجەم هەنگاوەکانى داهاتوو تا ئەو کاتەى لەوە دڵنیا دەبم کە ئەو ئەوانیترەى جیاواز ددان بە تەواوى مافە رەواکانى گەلى کوردستان دەنێن، هەر ئەم ددانپیادانانەش دەکەمە پێوەرى هەموو هەنگاوەکانى داهاتوو لە سەرجەم ئەو رێککەوتن و هاوپەیمانییە سیاسییانەى لە گەڵ لایەنەکانى دیکەى گۆڕەپانى سیاسی ئێستاى عێراق ئەنجامیان دەدەم. ئەگەر پێداگرتن لە سەر مافە رەواکانى گەلى کوردستان تاوان بێت، ئەوا تەواوى ئەو گەلانەى مافە رەواکانیان دەستەبەرکردووە تاوانبارترین گەلانى سەر رووى زەمینن!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.