Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
ئەو دیو دەرکە کۆنینەکە … یوسف عیزەدین

ئەو دیو دەرکە کۆنینەکە … یوسف عیزەدین

Closed
by December 23, 2011 چیرۆک

                  
 
نازانم پاش گەڕانەوەم بۆ چەندەمین جار بوو بەرانبەر دەرکە کۆنینەکە رابوەستم و تێیبڕوانم. تەنها کەللەسەری کەڵەکێوییەک زیادیکردبوو کەنەمدەزانی پاش سەفەرکردنم کێ‌ ڕاویکردووە و بۆ بەتایبەتیش جیاواز لەشوێنی هەڵواسینی ئەو جۆرە کەللەسەرانە لەدەستەراستی بەشی سەرەوەی دەرکەکەدا هەڵواسرابوو. بێهوودە دەمڕوانییە ئەو دەرکە کۆنینەی کە رۆژگارێکی تەمەنمم لەودیوییەوە بردبووە سەر. هەر لەسەرەتای گەڕانەوەمدا هەستمکرد نەک هەر لەبەردەم دەرکە کۆنینەکەدا بەڵکو لەکووچە و کۆڵان و شوێنەکانی تریشدا کەس تێمناڕوانێت، هەروەک ئەوەی کەنەمبینن، یان دەیانبینیم و نەیاندەویست خۆیان واپیشان بدەن کەدەمبینن. لەسەرەتادا ئەمەم لاببووە لوغز و پرسیارێکی بێوەڵام، هەتا دواتر و لەئەنجامی مانەوە و گەڕانمدا هەندێ‌ شتی دیکەم بۆ روونبۆوە، گەرچی لەراست و دروستی ئەوانیش بەتەواوی دڵنیانەبووم و نیم. چەندین رۆژم لەچاوەڕێبوونی کەسێکدا بردەسەر کەبمبینێ‌، تابتوانم پرسیاری لێبکەم، هەرچەندە بەبێگوێدانە ئەوەش هەر پرسیارم لێدەکردن، بەڵام هیچ وەڵامێکم نەدەهاتە گوێ‌، پیادەڕەوەکان بەخێرایی بەلامدا گوزەریان دەکرد، هەندێکیشیان هەر هەڵدەهاتن، هەموو ئەمانەشیان بەشێوەیەک دەکرد کەقەناعەت بکەم، نامبینن و ئەوان کەسانێکن پەلەیانە یان بۆ خۆیان لەشتێکی نەزانراو هەڵدێن.
   ئەوە بوو لەبەرەبەیانێکی زوودا کاتێک لەبەردەم دەرکە کۆنینەکەدا راوەستابووم و پێنەدەچوو خەون ببینم، یان بەڕاستی لەوێ‌ نەبم. هەر لەخۆمەوە پرسیارم لەپیرەژنێکی پیادەڕەوکرد کەبەپێچەوانەی هەموو ئەو کەسانەی بەبەردەممدا گوزەریانکردبوو، زۆر لەسەرەخۆ هەنگاوی دەنا و هەر لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە هەستم بەوەکرد دەمبینێ. هەر کەگەیشتە لام پرسیارە دووبارەبۆوەکەی خۆممکرد، کەهەردەم بەو پرسیارەدەستم پێدەکرد و بێوەڵامی هەموو ئەوانەی کەئەو پرسیارەم لێکردبوون وای لێدەکردم کەبەدوایدا هیچیتر نەڵێم:
(- ئێرە ماڵی کێیە؟
– ماڵێکی چۆڵە!
– ئەی پێشتر ماڵی کێبووە؟
– ماڵی کەس نەبووە!
– چۆن ماڵی کەس نەبووە؟
– ماڵی پیرەمێرد و پیرەژنێک بوو، دەمێک ساڵە مردوون.
– ئەی کوڕەکەیان چیلێهات؟
– بیست ساڵە لەم گەڕەکەدام و نەمبیستووە منداڵیان هەبووبێت.
– ئەی من ناناسیتەوە؟
– من کەس ناناسمەوە).
   هەر لەخۆمەوە گومانم لەقسەی ئەو پیرەژنە هەبوو، بەڵام چەندم لەخۆمکرد، زاتی ئەوەمنەکرد لەدەرکەکە بدەم یان وەک جاران لەسەر دیوارەکەوە خۆم هەڵدەمە ئەودیوەو بچمە ژوورەوە. لەوکاتەدا نمەی باران تێکەڵ بەفرمێسکە ساردەکانم دەبوو کەدەمێک ساڵبوو هەستم بەبوونیان نەکردبوو. هاوکات بایەکی سارد گەمەی بەگەڵا زەردەکانی درەختەکانی نێو حەوشەی ماڵانی کۆڵانەکە دەکرد کە دەمێکبوو نەمڕوانیبووە وەرینیان. لەو رۆژەدا پێشئەوەی ئەوێ‌ جێبهێڵم،  قۆچێکی شکاوی کەللەسەرەکە جودا لەجارەکانی تر سەرنجی راکێشام. کووچە و کۆڵانەکان وەک جاران نەیاندەناسیمەوە و لەپێچ و پەناکانیدا هەستم بەنیگەرانی دەکرد، دڵنیابووم پێشتر هەموو ئەوەی کەئێستا دەمبینی شتێکی تربوون، شتێکی چێژبەخش بوون، بەڵام لەئێستادا هەموو ئەوەی کەدەمبینی بێتامبوو، تەنها شتێک کەوەکجارانی لێدەکردمەوە و بەواتایەک لەواتاکان زیندووی دەکردمەوە بینینەوەی ئەودیو دەرکە کۆنینەکە بوو. هەرچەندە هەستم نەدەکرد زۆر دەمێک بێت ئەو شوێن و جێگەیەم جێهێشتبێت. زۆر جار ئەم قسانەی سەرۆک تیمەکەمانم دەهاتەوە یاد:
( – دکتۆر دەبێت هەموو ئەو شتانەی کەدەیبینیت و ئەوانەشی کەپێی هەڵدەستیت، وەک نهێنییەک لای خۆتان بیپارێزن.
–         بێگومان.
–         دەبێت ئاگادار بیت و ئەوەش باش بزانیت درکاندنی تووشی گێچەڵت دەکات یان رەنگە…).
پێشئەوەی سەفەرەکەم دەست پێبکات، لەژوورێکی دوورەدەستی قەراغ شاردا شەوێکم بردەسەر و تارۆژ بۆوە لەتاو سەرما و دەرکەوتنی تارمایی دێڵەسەگێک هیچ نەخەوتم، هەر پێڵووەکانم لێکدەنا دەهاتە پێشچاوم و زمانی بەشێوەیەکی نائاسایی دەهێنایەدەر، گەرچی وەک پەیکەرێک تا لەبەرچاوانم وندەبوو هەر ئاوا دەمایەوە، بەڵام پەیتا پەیتا زمانی ئارەقەیەکی هێجگار بۆن ناخۆشی لێدەچۆڕا.
    پێشئەوەی قاتە رەشەکەم لەبەربکەم و جانتاکەم بپێچمەوە، ونبوونی گۆرەوییە سپییەکانم لابووە کێشە و تائێستاش لەنهێنی ونبوونی تێنەگەیشتم، شتێکی لۆژیکی نەبوو لەو ژوورە بچکۆلەیەی کەبەئاستەم جێگەی خۆمی تێدا دەبۆوە جووتێ گۆرەوی رەنگ سپی لەرەشایی ژوورەکەدا ونبن، تەنها لەبەر ئەوەی کەسپیبوون دەبووایە بینرابان.
    بەرەبەیان چەند ئوتۆمبیلێک لەبەردەرکەی ژوورەکەدا راوەستان و بەپێی پەتی پەلکێشیانکردم و بردیانمە نێو یەکێک لەئۆتۆمبیلەکان کەشۆفێرەکەی گزگلێک بوو، بەئاستەم پێشەوەی خۆی دەبینی. هیچ نەترسام و دوودڵیش نەبووم، دڵنیابووم کەئەمەش یەکێکە لەتاقیکردنەوەکانی سەرۆکی تیمەکەمان. بیرم نەماوە چەند جێگە و شوێنمانکرد و لەکوێشەوە چووینە کوێ‌، پێََدەچوو بەدرێژایی سەفەرەکە خەوتبێتم یان ویستبێتم وەک خەوتوویەک خۆم پیشانبدەم . هێندەم خۆشبوو تا خۆم لەگۆڕەپانێکی گەورەدا بینییەوە، حەشامەتێکی قەرەباڵغ پێشوازییان لەتیمەکەمان کرد و بێجگە لەمن، بەزەردەخەنەوە لەیەکەیەکەی ئامادەبووان وردبوونەوە. کاتێک کەهەموویان دانیشتن تەنها من بەپێوە مامەوە، ژمارەی کورسییەکان هێندەی ژمارەی ئەوان بوو.
    هەرچەندە بەزۆر زمان لەوێدا قسەدەکرا و هەندێکیشیان یەکەمجارم بوو بیانبیستم، بەڵام لەوە حاڵیدەبووم هەر هەموو ئەوانەی کەدەدوان باسیان لەتاوانێکی ناوازە دەکرد، هەر کاتێکیش باس دەهاتە سەر تاوانبارەکە فۆتۆگرافچییەکان وێنەیان دەگرتم و کەسانی سەر بەکەناڵە جیاجیاکانیش هاوێنەی کامێرا ڤیدیۆییەکایانیان لەروو رادەگرتم . پەیامنێری رۆژنامە و سپیکەری کەناڵەکانیش لەکاتی قسەکردنیاندا دەنگیان زوڵاڵتر و قەویتر دەبوو، حەماسەتێکی سەیر دەیگرتن و کەتێیان دەڕوانیم نەفرەت لەچاوەکانیان دەباری. پرسیارەکان هێندە زۆر بوون، کەبەزەحمەت ئەو چەند کەسەی سەر بەتیمەکەمان بوون و کاریان وەڵامدانەوە بوو، فریا دەکەوتن.
    نازانم بۆ تاوێک وامهەستکرد لەپەراوێزی هەموو ئەوەدابم کەلەوێدا روویدەدا، بۆ تاوێک وەک ئەوەی لەمابەینی خەوتن و بێداریدابم، خۆم لەهۆڵێکی گەورەدا بینییەوە، خۆم و سەرجەم ئەندامانی تیمەکە دەمانڕوانییە جەستەی کچۆڵەیەکی تازە پێگەیشتوو، پاش ئەوەی راپۆرتێکیان لەسەر حاڵەتی ناوازەی ئەو کچۆڵەیە خوێندەوە و ئاماژەیان بەنەبوونی رێگەچارەکرد، نەشتەرگەریی ئەو حاڵەتە ناوازە و بێچارەسەرەیان بەمن سپارد.
    کەللەزلێک کەلەدوامەوە راوەستابوو لەناکاو شتێکی پێداکێشام و بێداریکردمەوە، سەرۆک تیمەکەمان لێم نزیک بۆوە و پەڕەیەکی نووسراوی دایەدەستم و فەرمانی پێدام کەدەبێت بیخوێنمەوە، بەهێمنی و لەسەرەخۆ کەوتمە خوێندنەوەی:
    (بەڕێزان ئەو کچۆڵەیەی کەپێشتر باسی لێوەکرا، تەنها جەستەیەکی ساف و لووسبوو، هیچ کونۆچکەیەکی دەردانی ئارەق و رژێنەکان لەجەستەیدا نەبوو، هەر بۆیە تەنها لەمیانەی زمانییەوە کەبەردەوام لەدەرەوە بوو، وەک دێڵەسەگێک  هەناسەی دەدا، منیش پاش ئەوەی لەگەڵی نەگەیشتمە هیچ ئەنجامێک، بێئاگا و بەدەر لەویستی خۆم زمانیم گەست).
    پاش تەوابوونی قسەکانم، سەرۆک تیمەکەمان بەشێوەیەکی هستیریانە نەڕاندی:
(کەس گوێی لەهیچ نەبووە، دەنگهەڵبڕە).
    چەند جارێک بەدەنگی بەرز هەمان نووسراوم خوێندەوە و بەرووکاری ئامادەبووانەوە دیاربوو کەسیان گوێیان لەهیچ نییە. لەناکاو سەرۆک تیمەکە و چوار کەسی زرتەبۆز لێم نزیکبوونەوە و لەوەدابوو پانتۆڵەکەم دابکەنن، کاتێک هاوارمکرد و گوتم:(مەکەن).
    سەرۆک تیمەکە بەسەر راوەشاندنەوە گوتی:(ئەوەتانێ‌ دەنگت هیچ عەیبی نییە). ئەمجارەیان بەریتمێکی خێرا و بارێکی دەروونی شپرزەوە نووسراوەکەم خوێندەوە، لەکاتێکدا خۆم گوێم لەهیچ نەبوو، بەئاکاری حەشامەتەکەدا دیاربوو، زۆر بەباشی گوێیان لێمە و سەرسامن بەوەی کەلەزاری منەوە دەیبیستن.
    لەسەرەتای سەفەرەکەمدا ئەمە روویدا و پاشان نازانم برامە کوێ‌ و چۆن چۆنی ساڵانێکی ژیانمم بردەسەر، تێکەڵ بەدنیای خەیاڵ و خەون هەندێک شتم بیر دەکەوتەوە، بەڵام رەنگە بەتەواوی دڵنیانەبم لەوەی کەڕاستە، چونکە هەندێکی هەر بەتەواوی لەخەون دەچێت. بەڵام ئەو ساتەم باش لەبیرە کەلەپاڵ درەختێکی بەساڵاچوودا بەئاگاهاتم و پاش گەڕان و سۆراخکردنی چۆنیەتی گەڕانەوەم بۆ ئەو شارەی کەلێوەی هاتبووم، شۆفێرک کەنەمدەناسی رێگەی پێدام بچمە نێو پیکابە مۆدێل کۆنەکەیەوە و بەڵێنی پێدام بەڕێگەیەکی خۆڵاویدا بمباتەوە بۆ ئەو شارەی کەمەبەستم بوو بۆی بگەڕێمەوە، لەرێگا هیچی لێنەپرسیم و هەر کەگەیشتین، پێش ئەوەی دەم هەڵبێنمەوە و بڵێم پارەم پێنییە، گوتی 🙁 من هەموو رۆژێک لەم کاتەدا دێمە ئەم شارە، تۆش نەبوویتایە هەر دەهاتم، بەئاسوودەیی رێگەی خۆت بگرەبەر و بڕۆ).
    نەبینرانم لەلایەن خەڵکی شارەوە، لایەنێکی باشی هەبوو، هەر کەبرسیم بووایە بەئارەزووی خۆم چیم پێخۆش بووایە، هەر ئەوەندەی دەستم پێی بگەیشتایە هەڵمدەگرت و دەمخوارد، نەمدەزانی ئاخۆ لەناخەوە پێیانناخۆشە یاننا، بەڕاستی رۆڵی کەسێکی نەبینراویان دابووە من ، گەرچی سەرەتا زۆر نارەحەتی دەکردم، بەڵام پاش ماوەیەک پێیڕاهاتم و ئاسایی بوو بەلامەوە کەسێکی نەبینراو بم. تا لەرۆژێکدا گەیشتمە ئەو یەقینەی هۆکاری ئەوەی کە خۆیان وادەخەنە روو کەنامبینن، ترسانیانە لێم. ئەویش پاش ئەوەی لەنێو ئەو بیناداڕماوەی شەوانە تێیدا دەمامەوە، شێتێکی ناسراوی شارم بینی کەپێشتر دوور بە دوور چەند جارێک بینیبووم، دیار بوو نەیزانیبوو ئەوە شوێنی مانەوەمە، هەر کەبینیمی زۆر شڵەژاو بەپەشۆکاوییە هەستایە سەرپێ‌ و لەوەدا بوو هەڵبێت، بەڵام بەرم پێگرت و گوتم:( بەس ئەوەندەم پێبڵێ‌ دەمبینیت یان نا). ئەوە بوو وەڵامێکی زۆر نائاسایی دامەوە و هەر کاتێکیش کەوەبیرم دێتەوە پێکەنینم دێت، گوتی:( ئەکەر بتبینم لێمدەدەیت یان نەتبینم).
    ئیدی پاش ئەوەی کەئەو شێتە ئەوەی پێگوتم، زۆرجار بیرم لەوە دەکردەوە تۆ بڵێی لەکەسێکی ئەمشارەم دابێت بەڵام کەی و چۆن، پێش سەفەرەکەم یان دوای سەفەرەکەم، یان ئەوە تەنها قسەی شێتێک بوو، ئەی باشە ئەی ئەگەر لەترساندا نەبێت بۆ خەڵکی شارەکە نامبینن، یان نایەنەوێت بمبینن. گەرچی من پێش سەفەرەکەشم پێوەندیم بەهیچ کەسێکەوە نەبوو، لەشارێکی زۆر دووردا خوێندنم تەواوکردبوو، سەرۆکی تیمەکەشم بەڕێکەوت هەر لەوێ‌ ناسیبوو.
    رۆژانە دەچوومەوە بەردەم دەرکە کۆنینەکە و بەهیوای کرانەوەی دەرکەکەی چاوەڕێ‌ دەبووم، شەیدا بوونێکی سەیرم بۆ بینینی ئەو دیوی دەرکە کۆنینەکە هەبوو، لەوەزیاتر کەتەمەنێکی منداڵی و هەرزەکاریم تێدا بردبووە سەر، لەوە زیاتر کەدایک و باوکم لەپشت ئەو دەرکەیەوە چاوەڕێی گەڕانەوەمبوون. من هەمیشە ئەو دەرکەیەم وەک دەرکەی بەهەشت سەیر دەکرد، تەنها لەوێدا هەستم بەئاسوودەیی کردبوو، هەستم بەوەکردبوو کەسانێک هەن توانای ئەوەیان هەیە بەڕاستی منیان خۆش بووێت، منیان بووێت و چەندین شتیتر کەتەنها لەپشت ئەو دەرکەیەدا هەبوو.
    دەرکەکە بێجگە لەزیادبوونی کەللەسەری کەڵەکێوییەکە، هیچ گۆڕانێکی بەسەردانەهاتبوو. دوای ماوەیەک لەبینینەوەی رۆژانەی پێی قەڵسبووم و بڕیارمدا لەشوێن خۆیهەڵیکەنم بەڵام هەرچییەکم کرد لەشوێن خۆی بۆم نەبزووا و بەناچاری دەستبەرداری ئەو کارە بووم و جارێکی تر نەمڕوانییە کەللەسەری کەڵەکێوییەکە، دواتر هەستم بەرانبەری گۆڕا و بڕیارمدا بەزەییم پێیدابێتەوە، چونکە ئەو هیچ ئیرادەیەکی لەهەڵبژاردنی ئەو دەرکەیەی ئێمەدا نەبووە، ئەمە جگە لەوەی رەنگە هەرگیز بەتەمای ئەوە نەبووبێت بکوژرێت، چجای کەللەسەرەکەی لەشوێنێکی وادا هەڵبواسرێت. بەڵام شکانی قۆچێکی هەرچەند دەکرا بێهیچ مەبەستێک کەسێک شکاندبێتی بەڵام گریمانەی ئەوەشم دەبینییەوە لوغزێک لەشکاندنەکەیدا هەبێت کەهیچ کاتێک بۆم رووننەبێتەوە.
    ئیدی من ئەو پیاوە نەبینراوە بووم رۆژانە کاتێکی دوور و درێژم بەراوەستان بەرانبەر دەرکە کۆنینەکە دەبردەسەر و نەمدەویست کۆڵبدەم، لەئەگەری بینینەوەی ئەو دیوی دەرکەکە، بازنەیەکی ونبوو لەژیانمدا هەبوو، بۆم نەدەدۆزرایەوە، هەموو ئەوەی کەبیرم دەکەوتەوە پاساوێک نەبوون بۆ نەبینەوەی ئەودیوی دەرکەکە.
    لەکاتێکدا قەناعەتی تەواوم بەو گەمەی نەبینراوییەم کردبوو، بەڵام پێش بینینی ئەو خەونەی کەوای لێکردم بڕیاری جێهێشتنی شارەکە بدەم. شتێکی سەیر روویدا بگرە زۆر سەیریش چونکە تا ئەو کاتەش لەو پیرەژن و شێتە زیاتر کەسی تر نەیویستبوو خۆی وانیشان بدات کەدەمبینێ‌. لەئێوارەیەکی درەنگ وەختدا کچێکی خوێندکار کەهەمیشە ئەو دەمانەی لەبەردەم دەرکە کۆنینەکەدا رادەوەستام بەبەردەممدا رەتبوو، لەو ئێوارەیەدا جیاواز لەجارەکانی پێشوو کەنەیدەویست بمبینێت، بینمی و زۆر بەهێمنی لێمنزیک بۆوە و بەبێدەنگی
رۆژنامەیەکی کۆنی لەبەردەممدا جێهێشت. کاتێک روانیمە رۆژنامەکە بەرواری دەرچوونی و ژمارە و ناونیشانەکەیم بۆ نەخوێندرایەوە، جگە لەکاریگەری شێ‌ و زەمەن، بەوەدەچوو کەسێک بەئەنقەست سڕیبێتیەوە.
    بابەتێک کەلەو رۆژنامەیەدا سەرنجی راکێشام، باسی لەدکتۆرێکی نەخۆش دەکرد لەرووی دەروونییەوە، کاتێک کچۆڵەیەک بەمەبەستی عەمەلیاتکردنی  دەچێتە لای، لەئان و ساتێکی نادیاریکراودا دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر و
    پاش خوێندنەوەی ئەم هەواڵەو لەشەوێکی ئەنگوستە چاودا، خەونم بەسەرۆک تیمەکەمانەوە بینی، بەتەوسەوە و چەند جارێک ئەم دێڕەی دووبارە کردەوە:( تازە تۆ ئەو دیو ئەویش پاش دوو کاتژێر گیانی لەدەست دەدا و دەمرێت.دەرکە کۆنینەکە نابینیتەوە).

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.