Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەو كاتەی هونەركاریی دەنوێنرێت

ئەو كاتەی هونەركاریی دەنوێنرێت

Closed
by July 20, 2012 ئەدەب

 

 

 

بەشێوەیەكی گشتی دووبارە و چەندبارەكردنەوە لە شیعردا كارێكی باش نییە. چونكە شیعر شوێنی چڕكردنەوە و كورتكردنەوەیە. هەر بۆنمونە لە شیعری كلاسیكییدا دووبارەكردنەوەی سەروا وەكو خەوشێك تەماشا كراوە. شاعیرە خاوەن سەلیقەكان زۆر كەم سەروایەكیان دووجار لە یەك شیعردا بەكار هێناوە. دیسان هەر بۆ نمونە، ئەحمەد موختار جاف لە شیعرێكدا سەروایەكی دووبارە كردۆتەوە، خێرا ئاماژەی بۆ كردووە. واتە زانیوویەتی كە كارێكی باش نییە بەڵام ناچار بووە:

قافییە هەرچەندە تیكرارە، بەڵام (ئەحمەد) بە دڵ

هەر بەیادی تاقی ئەبرۆی تۆیە جار جار نوێژ ئەكا

بێگومان ئەمە تەنها بۆ سەروا وا نەبووە و وا نییە. هەموو دووبارە و چەندبارەكردنەوەیەك لە شیعردا، بەگشتی كارێكی خراپە، وەلێ‌ شاعیری خاوەن سەلیقە دەتوانێت ئەم یاسا گشتییە تێك بشكێنێ‌ و لە دووبارە و چەندبارەكردنەوە هونەركاری و شیعرێتی بەرهەم بهێنێت. چونكە شیعر وەكچۆن شوێنی چڕكردنەوە و كورتكردنەوەیە شوێنی تێك شكاندنیشە. تەنانەت عەرەب لە ئیعرابكردنی ڕستەدا شوێنێكیان بۆ ئەم تێكشاندنەی شیعر داناوە. ڕێیان بە شاعیر داوە ئەگەر بۆ شیعرەكەی پێویست بوو، لە یاسا و ڕێسا زمانییەكان لابدات. بەڵێ‌ شاعیری بە سەلیقە دەتوانێت یاسای كورتكردنەوە و چڕكردنەوە تێك بشكێنێ‌ و لە دووبارە و چەندبارەكردنەوە هونەركاری و شیعرێتی بەرهەم بهێنێت. لەم ڕووەوە،  جوانترین نمونەیەك، كە من تا ئێستا لە شیعری كوردییدا بینیبێتم، ئەم شیعرەی لەتیف هەڵمەتە:

لە ناو ژوورەكەمدا

ژوورێكی دی هەیە

لە ژوورەكەی دیشدا

ژوورێكی دی هەیە

لەناو ئەو ژوورەشدا

ژوورێكی دی

لە ناو ئەو ژوورەی دیشدا

ژوورێكی دی

ژوور

ژوورێكی دی

ژوور ژوور

ژوور

ژوورێكی دی و

ژوورێكی دی و

ژوورێكی دی و

ژوور

ژوور

ژوور

ئەم هەموو ژوورە

دەكەمەوە

دایكم لە هیچ ژوورێكدا نییە.

***

 لێرەدا ئەم هەموو چەندبارەكردنەوەیە نەك نەبووە بەخەوشێك لە شیعرەكەدا بەڵكو بووە بە هێزی گەورەی شیعرەكە. ئەوەی حاڵەتی روحیی شاعیرو ڕادەی پەرۆشیی ئەومان بۆ دایكی، بۆ دەگوازێتەوە ئەو چەندبارەكردنەوەیەیە. ئەمەیە نزار قەبانی وتەنی، لای خەڵكی دەستڕەنگین ((دەتوانرێت لە بەردیش هونەر بەرهەم بهێنرێت)).

***

گۆشەی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5829)/ 13/7/2012*

محەمەد كوردۆ

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.