Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ئەو پاییزەش هات من هەر لێرەم دوورم لە سەحەری وڵات..

ئەو پاییزەش هات من هەر لێرەم دوورم لە سەحەری وڵات..

Closed
by October 1, 2013 هۆنراوە

 

 

 

 

 

” لە سەحەر بوون هەر ئەوە نیە لە سەحەر بیت، بەلکو سەحەرێک نەبێت رۆژەکانت نوێ کاتەوە، سەحەرێک نابێت رەنگی روانینت رەنگ رێژ بکات.. “

 

بەرلەوەی لە سەحەرێکدا ،(سێوە) بە دەنگی (ئەوەل سەحەرە)وە هەڵبکا ..

من خەریک بووم بێم ،لەوێ بەدەنگی سەحەرێک وزەنگی گزنگێک ،

لە دەرگای ماڵەکەت بدەم…

لەگەل یەکەم کزەبای خەزانی ئەو پاییزەدا ،

بگەڕێمەوە..

بەرلەوەی یەکەم پەلک بوەرێت ولە بن پێی درەختێک گیانەڵای بێت ،من بێمەوە ،پێکانم بەرەو ئەوێ بمهێننەوە، بەرلەوەی یەکەم پەلکم لە درەختی دوورەوڵاتی بوەرێت گیانەلام بێت….

تا بۆنی کەزیەکانت بکەم ،ئەو کەزیانەی بۆنی کەزی شەنگەبیەکانی وڵاتەکەم بەمن دەدەن…لەوێوەش پێت بلێم :

بەیانیت باش شەنگەبیەکەم ،

ئێوەش پەلکە وەریوەکانی پاییز بەیانیتان باش ،بەرلەوەی ئەو بەیانە رۆحتان بەجێ بێلن، من ئێرە بەجێ دێڵم، بەسەر باڵی رۆحمەوە ،

دەگەڕێمەوە..

بەرلەوەی ئێوە لە دواهەناسەتاندا بۆنی خاک بکەن ،من ئەمەوێ بۆنی پەلکەچنارەکانی خاکم بکەم تا لە هەناسەیەکیاندا هەناسەی خاک بکەم…

بەرلەوەی مەلە کۆچەرەکان لە دوورەوڵاتیدا ،بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان…من لە خەیاڵم دابوو بەرلەوان بگەڕێمەوە نیشتمانی خۆم ، دوورەوڵاتی بەجێبێلم ،پێش ئەوەی ئەوان نیشتمانم بەجێ بێلن، من دەست لە کۆچەرییم بەردەم..

بەرلەوەی درەختەکان خۆیان تەنها بکەن، کراس وسوخمەو ستیانیان فڕێدەن ،من بەتەما بووم ،

بگەڕێمەوە ….

مەنفا لە خۆم رووت کەمەوە، خۆم لە غوربەت داتەکێنم ،دووەروڵاتی بوون بۆ ئەو دیو دونیا فڕێدەم…

من خەریک بووم ،

بەرلەوەی یەکەم باران بێت و

یەکەم تنۆک دەستی دەنکەهەنارێکی دڵخۆش بگرێ وکاتێک لە قاقا دەدات و

سەما دەکات ،

من سەما لەگەل باران وگوڵەهەنارەکانی نیشتمان بکەم… 

بەرلەوەی هەنجیرێک بە زمانی هەنگوین بدوێ ولە شەوێکی یەکشەوەیدا لە شووشەیەک مورەباوە خۆی بکاتە بوک ،

من بێمەوە…

تا تام لە شیلەی مورەبا و گوێزو مێوژی شەوچەرەی رۆخ ئاگردانی شەوانی درێژی نیشتمان بکەم..تا نانێک بە هەنجیرو ئاوی موڕەبایەکی وڵاتە شیرینەکەم دابێنم…

کەچی هەر نەگەڕامەوە…

تا قاقای هەنارێکی قڵیشاو ببینم، کاتێک نوکتەیەک بۆ باران دەگێڕێتەوە ،ئەو دەکەوێتە تریقەی پێکەنین ،ئەویش لە خۆشیان دەبارێ، ئاسمان پڕ دەبێت لە شەونم وبۆنی باران…

من دامنا بوو بەرلەوەی شەو بە بنکراسێکی خۆڵەمێشیی خۆی بۆ رۆژ رووت دەکاتەوە ، ترێش لە هەر دەنکێکی رەشتاڵەی هێشوودا دەنکێکی لە خۆشاو و دەنکێکی لە شەراب پڕ دەکات، چاوەڕێی ئەوان نەکەم تا بچۆڕێنەوە،من بەرەو ئەوێ بێمەوە لێرەدا هێور هێور بچۆڕێمەوە… 

من پلانم بوو..لەشەوی مانگەشەوێکدا بێمەوە، تا بە تاسەی زەمانی جارانی سەربان سەرخەوێک بمباتەوە، ئنجا لە ئاسمانی شینی نیشتمان ورد ببمەوە، تا لەگەل ئەستێرەکان هەروەکو جاران دەست بە چاوشارکێ و چاوبازی لەگەل یەکترو یەکتر لە ئامێز بکەین..

پێش ئەوەی هەرمێ لە بن تریانێکی بنەبانی ژووری پیرەژنێک عەتری باخچە بپرژێنێ ،بۆنی ئاروو شەڕ بە ئاوێک بفرۆشێت ، توو لەبەر خۆری خۆڵەبانێکدا لە قاتوقڕی بێ ئاوی، خۆی هیشک بکاتەوە ،من لە بنەبانی شارەکەم شەڕ بە خۆر بفرۆشم تا ئاوڕێکی بەدزی لە خۆرەوە بدزم…

بەرلەوەی دارگوێز لە پاییزی خاپەرۆکێکدا حکایەتی خەزان وبێسەروشوێنی قەپێلکەکانی بگێڕێتەوە…

بەرلەوەی یەکەم رێژنەباران لە پەنجەرەی یار بدات ،

بێداری کاتەوە…

بەیانی باشێک بکەم..

حەزم دەکرد من وەکو باران بێم و ببارم ،

تا لە پەنجەرەی ماڵەکەتانەوە بدەم ،تا لە پەنای ستیانێکی شەرموونی پڕ گوڵدا حاشا لە شەرمی خۆم بکەم دەست لەگەل گوڵ تێکەڵاو بکەم…وەکو یارێکی سەر هەڵگرتوو، عەیامێک بزر ،سەرم بەرەو ئێرە بێنمەوە…ئنجا بفڕم تا لە تۆقەرانی دارچنارێکەوە بنیشم ،خۆم بە کەدەدارێکی هیشک هەڵواسم…

بە دەنگێکی گەورۆنە بە ئاوایی بلێم :

بەیانیتان باش خزمینە ،

بەرلەوەی وشک ببنەوە لە بێئاویی ،

من هاتووم تەڕتان کەمەوە ،بە خەونە سەرەمەرگ بووەکانم ،

تەڕم کەنەوە بە گاڵتەکانی (مەقۆ)و(سەعۆ) وە ..

بەیانیت باش وڵاتەکەم، وڵاتێک مەعبەدەو پارەش لە مەعبەدی دەکا ، بەرلەوەی جیرانە فەقیرەکانت ببنە دەرۆزەکەرو

دەرۆزکارەکانیش ببنە قومارباز ، لە جادەیەکدا خواو شەیتان فێل لە خەڵک بکەن، لەو زەمەنە بەرەواژیە هەموو شتێک بە بەرەواژی دەڕوات، پارەش حوکم دەکاو فەرمان دەردەکا..

بەیانی باش وڵاتی شەهیدانم ،

بەرلەوەی دایکە پیرو بێ مرازەکانم بە سۆلە لاستیکەکانیان، پێیان لە سەرمانە شین بن ،پەنجەیان لە گۆ بچن ،سڕە بگرن بۆ بەرمیلێک نەفت وموعاشی کوڕەکانیان ، دەستیان لەمل بکەم ،دەستیان ماچ کەم ،ئومێدێکیان بە چڵەنێرگزێکی نیشتیمان بۆ پێکەم ..

بەیانی باش شارە غەریبەکەم ،

لە دوورەوە چەند لە هەتیوێکی بن دەستی زڕباب دەچیت ،هەر رۆژە لە دەست بابێک رادەکەی..

بەیانی باش گەڕەکی بێ کانی وبێ ئاوەزێم ،

ماڵە تەنیاکەم ،

ئەو ماڵەی هەمیشە بە کۆڵانی منداڵیمدا دەڕوا ،تەنیاو تاکوتەراترم دەکا…

بەیانیتان باش ژوورە چۆلوهۆلەکەی دایکم ،

ئەو ژوورەی سەردەمێکە خۆری لێی نانیشێت، سفرەیەکی جەماعی لێ نابەسترێت.. 

بەرلەوەی زستان بێت وسەرما بتتەزێنێ ،ژوورەکە لە ساردوسڕیدا دڵت بتەزێنێ..من بەڵینم دابوو ،بەرلەوەی دوکەڵ لە دوکەڵکێشەکانی سەربان دەرچێت ، 

دایکم دەبەی نەفت پڕ کات وشوشەی فانۆسەکان بسڕێتەوە…

سمبۆرە گوێز بخاتە کونی دارەوە..من بێم و ئەوساڵ لە تەنیشت سۆپاو ئاگردان وسەر سفرەکەت دانیشم…

ئەوا باران هات ومن هەر لێرەم ،هەنار زاری بە قاقای گاڵدا ،

من هەر لێرەم..

سۆپاکان گەرم بوون ،نەفت سوتا ،

دوکەڵ بە ئاسماندا بەبا بوو…

من هەر لێرەم…

ئەوا بەیانی دەڕوات و بەبێ ئەوەی بەیانێکی منیش بێت ، بەیانی باشێک لە وڵات بکەم ،

من هەر لێرەم..

دوور لە وڵات ،بۆنی باران دەکەم ،

دوور لە شارەکەم ،

لە بۆنی سەبای بناری (سەفین) دەبم …

پاییز لەوێدا رەت دەبێت ،من بێرەدا بە پاییزی عومر رەت دەبم ،رەنگم زیاتر لەپاروپێرار لە خەزانی پاییز دەکات..

پاییز لێرەشدا بەلاملی بەلامدا دەڕواو بە ئاوڕێک بەسەرم ناکاتەوە…من لێرەدا لە هەردوو پاییز دەبم ،لە هەردوو باران دەبم ،

لە یارو لە خۆم دەبم…

ئەمساڵیش نەهاتمەوە…

 تا لە بۆنی داروبەردی وڵات نەبم…ناچارم روو لە بارانی غوربەت بکەم ،دەم بۆ لم ولیتی ئێرە ببەم…

باران بە غەریبی دێ ،غەریبترم دەکا ،

لێرە لەو غوربەتە غەریبەدا..

ئەو پاییزەش چوو ومن نەهاتمەوە ،

ئەمساڵیش دیارە هەر لە ئێرەم ،لەگەل غەریبی خۆم دەمێنم و

لێرە دادەمێنم…

لە دووری یارو لە دووری وڵاتم ،

تەنیاترو غەریبتر دەبم…

 

 

شوان عوسمان

هۆلەندە-٢٠١٣ 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.