Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەگەرەکان … نەوزاد بەندى

ئەگەرەکان … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

ئەگەر مردم ..

تکاتان لێدەکەم ،

هەرچیتان کردووە ،

لە زانکۆى موسڵ بمنێژن ..

 

-2-

ئەگەر  لە هەر پیاوێکى موسوڵمان بپرسیت ،

لە قورئاندا چیت ڕەوان کردووە ؟

یەکسەر ئایەتى : ئەنکیحوا ما تابە لەکوم

مەسنا وە سولاسە وە ڕوباعەت  بۆ دەڵێ ..

بە بێ ئەوەى ئایەتەکەى پێ تەواو بکرێ

کە ئەڵێ : وەئین خیفتم ئەلا تەعدیلو : فەواحیدە ..

 

-3-

ئەگەر ئێوارەیەکیان بڕیارت دا خۆت بکوژى ،

بڕۆ بۆ کتێبخانە ..

کتێب پەشیمانت ئەکاتەوە ..

 

-4-

ئەگەر ویستت خۆت لاواز کەى ،

لە جیاتى خواردن ،

خەم بخۆ ..

تەنها خەم کێوەکان ئەڕوخێنێ و

پاڵەوانەکان ئەدات بە زەمینا ..

هەر خواردنێک زۆرى لێ بخۆى قەڵەوت ئەکا ،

تەنها خەم نەبێ ، 

هەتا زیاترى لێ بخۆى ،

لاوازترت ئەکا ..

 

-5-

ئەگەر کارتۆنى ساندی بێڵت لە یاد بێ ،

ناوى (مارک ) یشت لە یاد ماوە ..

ئەگەر بڵێن شیرین ،

یەکسەر ئەڵێیت : فەرهاد ..

بڵًێن ، خەج  ، چاوەڕوانى سیامەند ئەکەى ..

ئەگەر ڕۆمیۆ لە دەرگا بدا ،

یەکسەر لێى ئەپرسی: ئەى کوا جۆلێت ؟؟

بەڵام ئەوەى پاڵەوانى چیرۆکێک نەبوبێ ،

بە تەنیایى ئەژى و

بە تەنیایى ئەمرێ و

کە ناوى ئەهێنرێ ،

ئامرازى پەیوەندى نایەت و

یەکسەر خاڵێک دادەنرێ ..

 

-6-

ئەگەر بێ کەس بى ،

ڕەشەبا و سواڵکەر و مناڵى ناحاڵى لە دەرگاکەت ئەدەن ..

هەروەها پیاوى ئاو و

کارەبا و

موەلیدە ..

من پێشنیازئەکەم بۆ ئەوانەى کە بێکەسن ،

ژوورى میوان بکەن بە ژوورى نانخواردن ..

 

-7-

شتێک لەم شارەدا نییە جێى شانازى  ..

بۆ هەر گۆشەیەک ئەڕوانى، 

خۆپەرستى لێ ئەتکێ ..

سەیرى هەر کەس و دەستە و تاقمێ ئەکەى ،

هەتا سەر ئێسقان ،

لە تێزابى ئەنانیەتا تواونەتەوە ..

( خودایە ! بۆ ئەم دەردى نیفاقە ، چارێ !! )

 

-8-

ئەگەر  بوى بە دیکتاتۆر ،

یەکەم : ڕێزى خۆتت نەگرتووە ..

دووەم : ڕێزى خێزانەکەت ..

سێیەم : رَێزى میللەت و نیشتمان ..

یەکەم : ئەپەڕى دەبەنگیت ..

دووەم : ئەوپەڕى نەخوێندەوار

سێیەم : ئەوپەڕى بیًَ ئاگا لە کانزاى ئینسان ..

 

-9-

ئەگەر مناڵم کەنەوە ،

لە ژێر زەمینەکەدا خۆم ئەشارمەوە ،

ناهێڵم گەورە بم !

ئەگەر هات بۆم ،

سەرى ئەشکێنم ..!

 

-10-

ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ زانکۆى موسڵ ،

تەنانەت ڕێز لە چرکەیەکیش ئەگرم ..

ناهێًڵًم دەقیقەیەک بڕوا ،

هەتا چایەکى بۆ تێنەکەم و

جگەرەیەکى بۆ دانەگیرسێنم و

مەقامێکى بەیاتى بۆ نەڵێم ..

خودایە ! ئەو سیحرە چى بوو لە زانکۆى موسڵ ؟

چ دۆعایەک بەتاڵى کردەوە ؟

خودایە ! چ قۆریەکى عەلادینى بۆ بگەڕێم ..؟

ئەو سیحرە ..

 

-11-

ئەگەر باران بارى ،

دەقیقەیەک چەترەکانتان داگرن ،

وەک ڕێزێک بۆ کارێز و کانیاوە وشکهەڵاتوەکان ..

 

-12-

ئەگەر سەرپشکم بکەن 

بۆ دووبارە لە دایک بوونەوە ..

ئەڵێم : نا .. نامەوێ .. سوپاس !

 

 

-13-

ئەگەر لێکى بەینەوە ،

(مرۆڤایەتى ) سیفەتێکى جوان نییە ..

چونکە ئەوەى دنیاى وێرانکردووە ،

مرۆڤ و مرۆڤایەتییە ..

پێشنیار ئەکەم  بۆ ئەوانەى ئیدیعاى ڕیفۆرم ئەکەن ،

دروشمى هەنگایەتى ..

یان چۆلەکایەتى ..

درەختایەتى ..

هەورایەتى ..

بەرز بکەنەوە ..

بە مرۆڤایەتى هیچ سەوز ناکەن ..

 

-14-

ئەبێ وا بکەین ،

شیعرەکانمان وەکو مناڵ قسە بکەن و

هەرچى نهێنى هەیە بیدرکێنن ..

ئەگینا شیعریش ،

ئەبێتە جۆرێک لە گەندەڵى ..

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.