Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕیت

ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕیت

Closed
by November 19, 2012 گشتی

 

 

     هەست کردن بە بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورت نابێتەوە  تەنیا لە چاوەڕاونی کردنی ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ، کە ڕووداوێکە ئێستا وەکو کێکێکی گەرمی لێهاتووە هەموو چاوەڕوانن بێتە سەر سفرەو دەستی لێبوەشێنن ، بەڵکو ئێمە هەموو وا پێ ی دەنێینە قۆناغێک کە جەنگ لە تارمایی دەردەچێت و دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . 

     ئاڵۆزیەکانی ئەو جەنگانەی وا گەرمن و ئەوانەشی وەکو جەنگی موحتەملی ئایندە بەڕێوەن لەوە کورت نابێتەوە کە بەرژەوەندیەکانی بەرە      جیاوازەکان بە ئەوپەڕی توندی بەر یەکتر دەکەون ، بەڵکو لەوەدایە میلتاریزم وەکو ئەمری واقیع خۆی وەکو تاقە ڕێگای سیاسەت سەپاندووە . ئامارەکانی خۆ پڕ چەک کردن لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕیکۆردەکانی هەموو مێژووی سیاسی و سەربازی ئەم ناوچەیەی بڕیوە . ئابوریش بە بێ ناولێنان بووە بە ئابوری جەنگ ، بە مانایەک پارەو بودجە تەنیا بۆ سوپا بە بێ ڕۆتین و دەردەسەری تێدەپەڕێ .

 کۆمەڵایەتی کردنەوەی ژیان لە سایەی بارودۆخی شەڕ شوێنی بە هەموو بارودۆخێکی تری ئاسایی لێژ کردووە ، ئیسرائیل 30 هەزار سەربازی یەدەک بانگی خزمەتی سەربازی دەکا ، ناتۆ لە سەر سنووری تورکیا و سوریا دەزگای مووشەک هاوێژ دادەمەزرێنێ ، حەماس خۆی بۆ شەڕی بە وەکالەتی خەڵکی فەلەستین نا ، بەڵکو بۆ داڕمانی ئاشتیەکی درۆینەو کۆی ئەجێندە ناکۆکەکانی ناوچەکە ئامادە دەکا . عێراق پڕۆژە یاسای تەجنیدی ئیجباری ڕەوانەی پەرلەمان دەکاو لۆبی دروست دەکا بۆ سەرکەوتنی یاساکە ، ئەمانە پارانۆمای سەر دێری مانشێت و کورتە هەواڵ نین ، ئەمانە مۆدیلێک لە جەنگی ناوخۆی لوبنان دێنێتەوە یاد ! بەڵام ، بەو ئاستەی کە هەموو ناوچەکە ببێتە لوبنانێک یان یۆگسلافیایەکی سەدەی بیست و یەک .

     بەر لە دەست پێکردنی شەڕی 2003 ی ئەمریکاو ڕوخاندنی سەدام حوسێن ، جۆرج بۆش سەردانی ئەورپای کرد ، لەوێ گەورەترین خۆپیشاندنی بزوتنەوەی ( دژی شەڕ ) بەرپاکرا دژ بە شەڕو هاتنی جۆرج بۆش . کاردانەوەی جۆرج بۆش لەبەرامبەر ئەم خۆپیشاندانانە ئەوەبوو ووتی : – 

 (( ئێمە شەڕ لە پێناوی ئەو ئازادیەی دەکەین کە ڕێگا بە ئێوەو هەزارەهای وەکو ئێوە دەدا لە دونیای ڕۆژئاوا بە سەربەستی خۆپیشاندان و رای جیاواز دەرببڕن )) ! لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو قسەیە وا دێتە بەرچاو کە جۆرج بۆش ساویلکەیە ( وەکو ئەو وێنە باوەی لەسەری هەیە ) بەڵام ، بە پێچەوانەی ئەم وێنەیە ، ئەم قسەیە تەعبیرێکە لەوەی کە زلهێزەکانی دونیا توانیان نەک تەنیا بە سەرکوتی پۆلیس ، بەڵکو بە میکانیزمێکی زەبەلاحی ئایدیۆلۆژی و کەرەستەی میدیایی بزوتنەوەی دژی شەڕ کەناربخەن و بیکەن بە کرێدیتێک بۆ ئازادیەکانی ڕۆژئاوا .

 نەمانی بزوتنەوەی دژە شەڕ ، خەفە بوونی تاقە دەنگی عەقلانی نێو سیاسەتی دونیا بوو لە ئاستە بەرینەکەی خۆی ، ئیمڕۆ دونیا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە سەرهەڵدانەوەی ئەم جۆرە لە بزوتنەوە هەیە ، نەک وەکو ناسنامەیەک بۆ خێروبێری لیبرالیزم و ئازادی خۆپیشاندان ، بەڵکو وەکو ڕێگای چارەی جەماوەر بە مانا هەرە نێونەتەوەییەکەی بۆ بەشداری وبەرگری لەبەردەم بەربەریەتێکی تیژڕەو کە وا دونیا پڕ دەکا لە شەڕو پڕۆژەی جەنگ .

     هنری کێسنجەر لە بەشێکی میدیای عەرەبی و لە هەندێک میدیای کوردیش وەکو سیاسەتمەدارێک و ئەکادیمیستێکی ستراتیژ ناس مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ، بە پێچەوانەی ئەمەش لە ڤێتنام و ئەندونوسیاو زۆربەی ووڵاتەکانی ئەمریکای لاتین شان بە شانی جەلادەکانی سەدەی بیست لە بابەتی بینۆتشەو سۆهارتۆ دەیان داوای یاسایی وتۆمەتی ” تاوانباری جەنگ و کۆمەڵکوژی ” لەسەرە وەکو ئەندازیارێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند دەورانێکی خوێناوی سەدەی بیست . ئەو هەمیشە دەنگی زەبروزەنگ و هێزوو شەڕ بووە ، لەم ماوانەی دوایدا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازکرا بۆ شی کردنەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی دونیا ، چاوپێکەوتنەکە بە نێوی ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕییت ، لەوێ لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت :-

 

(( ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، ڕوسیاو چین دەتوقێنێ ، دوایین بزماری تابوتەکەشیان ئێران دەبێت کە ئەویش ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە . ئێمە خۆمان ڕێگەمان دا چین پەرە بە هێزە چەکدارەکانی بدات و روسیاش لە قەیرانی سۆڤیەت ڕزگاری بیت ، ئەمەش بۆ ئەوەی هەستێکی چەواشەکارانەی دوور لە ڕاستیان لەلادروست بیت سەبارەت بە هێزوو توانایان ، دیارە ئەم هەستەش رایاندەکێشێتە ناو پرۆسەکەو لە ناوچونیان خێراتر دەکات . بۆ بەرامبەرەکەمان بوار دەڕەخسێنین دەست بداتە چەک ، بەڵام ئێمە وەک شەڕکەرێکی وریاو لێزان، زووتر دێینە دەست ))

 

ئەمە قسەی شەڕەکانی سەدەی بیست نیە ، ئەوە قسەی هێنری کێسنجەرە لە دەوروبەری مانگی شەشی ئەمساڵ ، کێشە ئەمە نییە کە ئەم زاتە هیچ پۆستێکی حکومی و سیاسی نییە لە بەر ئەوەی خانە نشینە ، کێشە ئەوەیە کە لە دونیای راستیدا خۆی یان کەسانی وەکو ئەو بەشێک لەو حەقیقەتە تاڵ چاوەڕنکراوەمان پێ دەڵێن ، ئەم جۆرە لە کەسایەتی پێمان دەڵێن چی چاوەڕوانمانە ! 

     تەپڵی جەنگ لە زۆر شوێن دەنگی دێ ، سەرکەوتوو دۆراو قەت ناتوانێ چواچێوەیەک بێ هاوتەریب بێ لە گەڵ ویستی مرۆڤی دووربین  بۆ مامەڵە لەگەڵ جەنگ . ئایا مرۆڤایەتی بای ئەوەندە بەهاو بەرگری دژ بە بەربەریەتی تیا ماوە یان بای ئەوەندە حەوسەلەی سیاسەت کردنی تیا ماوە بە ئاراستەی دروست کردنەوەی بەهاکانی ” ئاشتی ” و ” مرۆڤایەتی ” ؟ کەم نین ئەو عەقڵ لۆژیکە تەسک بینانەی کە ناو ناتۆرەی ” یۆتۆبیا ” ئایدیۆلۆژی ” وەکو حاکمی کوێری ساختە دژ هەموو ئەندێشەیەکی جدی بەکاردێنن ، بەڵام ، کێ مەجبورە هەتا سەر گوێ لە وڕێنەی فەلسەفە کراو بگرێت ! دەکرێ گوێ لەو دەنگانە بگرین کە هێشتا مانفێستی تێگەیشتنە پڕ لە بەهاو جدیەکان دەکەن ، ئەگەر دەنگێکی لەو بابەتە نایەتە بەرگوێمان ئەوە دیارە بە ڕاستی کێسنجەر ڕاست دەکاو ئێمە هەموو کەڕیین ، یان ئەوەتا با ئێمە خۆمان هاوار کەین و خەڵکیتر گوێ ی لێمان بێت .

 

orezgar@yahoo.ca

ڕزگار عومەر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.