Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەڵێن ئەختیارێك گورگ خواردویەتیی و باوكیشم دیار نییە!

ئەڵێن ئەختیارێك گورگ خواردویەتیی و باوكیشم دیار نییە!

Closed
by August 27, 2008 گشتی

 " ئەڵێن ئەختیارێك گورگ خواردویەتیی و باوكیشم دیار نییە! "
 فەخرەدین گەرمیانی

 ئەگێڕنەوە كە كوڕێكی گێلۆكە لە گوندێكدا لەگەڵ باوكێكی پیری هەژاردا بە كولەمەرگی ژیانێكی سادەیان بەسەر دەبرد و خەریكی سەپانی و كاركردنی ماڵە دەوڵەمەندێك دەبن و باوكەكە لەبەر گێلیی كوڕەكەی خۆی زۆربەی كارەكانی ماڵی ئاغاكەی ڕادەپەڕاند ، لە ڕۆژێكی ساردی بەفرو كڕێوەدا مەڕێكی ئەو ماڵەی كاریان بۆ دەكرد لەگەڵ ڕانەكەدا ئێوارە نەهاتەوە ، بۆیە پیرەمێردی هەژار دڵی نەهات كوڕەكەی ڕەوانەی ئەو چیاو دەشتە بكات بەو سەرماو بەفرە بۆیە بە خۆی ڕۆیی بۆ ئەوەی بە دوای مەڕەكەدا بگەرًێت ، هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو كابرای نەگبەتی هەژار ئەو شەوە نەگەڕایەوەو ئیتر خەڵكی گوندەكە كەوتنە گەڕان بۆ دۆزینەوەی پیرەمێردی قوڕبەسەر ، هەتا یەكێك لە خەڵكی دێیەكە ئێسك و پرووسكی كابرای هەژاری لە دۆڵێكدا بینیەوە كە گەلە گورگ لە هەندێ ئێسك و پێڵاوەكانی هیچی نەهێشتبوو ، و ئیتر هاتەوە كە هەواڵەكە بگەیەنێتە خەڵكی گوندەكە كە فڵانەكەس بەداخەوە گورگ خواردویەتیی و دەبێ بچن پاشماوەی ئێسكەكانی بێننەوە و بە خاكی بسپێرن ، لەو كاتەدا كابرایەك لە كوڕەكەی ئەو گورگانخواردووە هەژارە دەپرسێت (ئەرێ ئەوە چ ڕوویداوە ؟) كوڕەكەش زۆر بە سادەیی و ساوێلكەیی وەڵام دەداتەوەو دەڵێت (وەڵا ئەڵێن ئەختیارێك گورگ خواردویەتی و باوكیشم دیار نییە؟)
 ئێمەی كوردیش وەك ئەو كوڕە گێلەمان بەسەر هاتووە ، بەهەر چوار دەورەماندا گورگ دەمانخوا بەڵام ئێمە مێش میوانمان نییە با تەماشایەكی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەین و ئەوجا  ئەزانین گەلەگورگ چۆن بەربوەتە جەستەی خۆمان و خاكەكەمان و ئێمەش بە هیوای برا چاو ڕەشەكان و شڕە دەستوورەكەی ئێراق و عەمامە زلەكانی تاران و  گورگە بۆرەكانی ئەنكاراین.
 – مادەی 58 بووە 140 و پاشان بە قودرەتی قادرو مامە مەشهەدانی و دۆستەكانمان لە پەرلەمانە عەجایەبەكەی بەغدا ، ژمارەكە چووە ئاو و كورتی هێنا ، وەك قوماشی (چیت و كودەریی) جاران و بووە   24 ئەمە دیموكراسیی عارەبانە چونكە مادەی 42ی سەددام حوسێن وەرگەڕاوە بۆ 24 ئێ فەرقی چییە عارەب هەر عارەبە و ژمارەكەش پاش و پێش خراوە ئیتر كورد ئەم هاتو هاوارەی لە چییە ؟!
 – بە خشكەیی و زۆر بە ئاسانی پێشمەرگەیان لە قەرەتەپەو دەورو بەری دەرپەڕاند و خەریكە لە جەلەولاو خانەقین و ئەولا تریش دەریان ئەكەن ، و فەرمانیان فەرمووە كە هەموو حزبەكان بێجگە لە بەرەی توركمانی بارەگاكانیان چۆڵبكەن (ئەمە ڕەنگبێ فەرمانی بابی عالی بێت) مامۆستا مالیكی جێبەجێی بكات ، كاكە دیموتراقیی ئەوەیە ، نابێت بپرسین بۆ ئێمە بڕۆین و بەرەی توركمانی لێرە بێت و بسكەی سمێڵیان بێت هەرچەندە كلتوری ئەتاتورك دەبێ سمێڵی تاشراو بێت ؟! حەزرەتی مالیكیش بە فەرمیی ئەمری فەرمووە پێشمەرگە دەبێت كەركوك و موسڵیشَ چۆڵبكەن و بگەڕێنەوە بۆ جێگاكانی پێش ڕوخانی سەددام حوسێن  واتا بۆ پێش ساڵی 2003 ، جا قەیچێكە ئەی سوپای عێراقی نوێی هیوا نییە ؟ فەرقی چییە با ئەوان لەوێ بن پێشمەرگەش بگەڕێتەوە بۆ هەولێرو سلێمانی .
 – وەزیری بەرگری عێراقی هیواو ئاوات و دواڕۆژی گەش تەشریفی هێنا بۆ كەركوك ، نەك بۆ بەسەركردنەوەی قەسابخانەكەی دەسكیسەی بەرەی توركمانی ، بەڵكو پیلان دابڕێژێت بۆ هێنانەوەی سوپای تازەی عێراق بۆ كەركوك ، لەهەموی سەیرتر لە كەركوك فەرموی (باری ئەمنی شارەكە زۆر باشەو پێویستیی بە هێنانی هێزی دیكە نییە) كەچی پاش هەفتەیەك یەك فیرقەی موحتەرەمی لە كەیوان بە قەبارەی 25000 سەرباز بە هەموو كەلوپەلێكی سەربازیی دامەزراند كە هەموویان تاكوتەراك نەبێت عارەبە حەیاتەكانی باشوور و تكریتی و زۆڵە كوردەكانی بەرەی توركمانین و تەعریبێك و تەتریكێكیی مۆدرێنانەی كەركوك دەكەن ، با كورد سیر بخواو زۆڕنا لێدات ، ئێمەش بانگەشەی برایەتیی دەكەین ، كاكە تەنیا بە گوتنی ئێمە براین ، ئەوان فشەیان بەو قسانە دێت ، ئەوان بە كردەوەو ئێمەش بە قسە بەڵام  قسەكانمان  هیچی لێ سەوز نابێت  كردەوە حیسابە ، سەركەوتنی كارەكاتنان پێرۆز بێت برایانی (بەرەی توركمانی و عارەبی تەعریب).
 – گوتەیەكی زۆر جوانی شاعیرێكی بەریتانی بە ناوی ویلیام بلەیك (1757 – 1827) هەیە كە دەڵێت " لە تۆودانێ فێربە ، لە دوورینەوە فێركەر بە ، و لە زستاندا ڕابوێرە) واتا بزانەو فێربە كە چۆن كێڵگە دەچێنێت و چۆن تۆوەكەت دەوەشێنیت ، پاشان دەوروبەرەكەو خەڵكەكەی خۆشت فێربكە چۆن كێڵگەكانیان بچێنن ، ئەوجا بە ئیسراحەت لە زستاندا ڕابوێرە) ، ئێمەی كورد نە فێر بووین چۆن سیاسەت بكەین ، نە نەوەكانیشمان فێركرد چۆن سیاسەت بكەن ، و نەك زستان بەڵكو بەهارو هاوین و پایزیش ناتوانین بحەسێینەوە و پاڵبدەینەوە.
 – تورك و عارەب تەنگی پێهەڵچنیوین ئەمڕۆ قەرەتەپە و دەوروبەری ، سبەی خانەقین و جەلەولا و دووسبەیش كەركوك و ئەودوای ناوچەكان  ، گوتەیەكی نەستەقی ئەفریكایی هەیە دەڵێت (دزو تاریكە شەو دۆستی یەكن) عارەب و توركیش نەك دۆست بەڵكو ئێستا براو پشتی یەكترن ، ئەی ئەوە نییە خڕی مڕی هەرچی دەسەڵاتدارانی عارەبی عێراقی حكومەتەكەی مالیكی هەیە تەنیا بۆ دژایەتی كورد لە ئەنكارا تەڕاتێن ئەكەن ؟ ، ئیتر كورد گوتەنی ئاو بێنەو دەست بشۆ ! ، شانۆنامە نووسی ئینگلیزیی "جۆن فلیچەر " ( 1579 – 1625 ) دەڵێت هەردەم " دەبێت بزمار لەسەری بدرێت " توخوا وا نییە ؟خەڵكینە خۆتان حەكەم بن….
 فەخرەدین گەرمیانی – كۆنگۆی دیموكرات
  27-08-2008
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.