Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
باخەوانی بە کیبۆردەوە

باخەوانی بە کیبۆردەوە

Closed

 

 

 

       لە نێو فەیس بوکدا یاریەک هەیە کە خەڵکێکی زۆر بە سەعات بە دیاریەوە دادەنیشنو موتابەعەی دەکەن ، کە دەبیتە یاریکەر ، ڕۆڵی جوتیارێک دەبینی کە لە سفرەوە دەست پێدەکات . سەرەتا پارچە زەویەک ، دواتر چاندن ، پەیداکردنی ئاژەڵ وپەلەوەر، فرۆشتنی میوەو سەوزەو بەروبومی باخچە ، ڕاگرتنی ئەسپ ..هتد . واتا لەو یاریە وردەکاری ژیانی جوتیارێکی ئاسایی هەمووی تیایە ، یاریەکەش ئەو چانسەشت پێدەدا کە خەڵکیتر ببینی بزانی ئەوان لە بنیات نانی کێڵگەکەیان بە کوێ گەیشتن دەتوانن شت لە یەکتریش وەرگرن و بفرۆشنەوە .

 

 لەم یاریەش هەموو شتێک بە خۆڕایی دەست ناکەوێ بەڵکو هەندێ جار ناچار دەبی بە کڕین و پارە سەرف کردن ، خەڵکانێک بۆ ئەوەی بتوانن لە بنیات نانی کێڵگەکەیان بەردەوام بن و شتی بۆ زیادکەن و پێش برادەرەکانی خۆیان بکەون ئێستا لە ڕێ ی بانکەکانەوە خەریکی دابین کردنی ڤیزاکارتن بۆ ئەوەی بتوانن شتەکان لە فەیسبوک بکڕن . دۆستانێکی نزیکی خۆم کە هەموو جارێک بۆ سەرتاشین دەچمە لایان دوا پێشکەوتنی کێلگەکانی خۆیان باس دەکەن و کە گوێیان لێ دەگری تۆش حەزدەکەی وەکو ئەوان ببیتە باخەوان وجوتیار لە فەیسبوک . ئەم یاریە بە زۆربەی زمانە سەرەکیەکانی دونیا دەست دەکەوێ و خەڵکی هەرێم و عێراقیش بە زمانی عەرەبی تیا بەشداران ، لەسەرتاپای دونیا بە ملیۆنان خەڵک بەشدارە لەم یاریە .

بۆچوونێک پێیوایە کە ئەم یاریە بە سودە و سەرقاڵت دەکا ، خۆت و کۆمبیوتەرەکەت بێ ئەوەی زیان بە کەس بگەیەنن خەریکی کێلگەکەی خۆتی . هەندێک بیروڕا  ( سەرەڕای پارە سەرف کردن) لەو بڕوایەدان کە ئەمە زۆر باشترە لە هاتوچۆی گازینۆ یان لە قومارکردن..هتد . ڕەنگە ئەمانە ڕاست بن بۆ ئەو حاڵەتانەی کە مرۆڤەکان لە بەینی دوڕیانەکاندا پێویستیان بەوە بێت لە جیاتی شتە خراپەکان خو بدەنە شتێکی تر کە داڵدەی بێ ئۆقرەبوون بدات . بەڵام ، ئەمە تەنیا لایەکی بابەتەکەیە . لایەکانیتری ئەو بابەتە پەیوەندیەکی قوڵی بە سەرمایەگوزاری و پارە پەیداکردن هەیە کە فەیس بووک و هاوچەشنەکانی لە ڕێگەی ئینتەرنێتدا پەیدای دەکەن ، ئەمەش لە سروشتی کاپیتالیزمدا ئاساییە چونکە ئامانجی سیستەمەکە تەنیا پارەیە . بەڵام ، کێشە بنەڕەتیەکە کە ئامانجی ئەم نووسینەیە لە شوێنێکی حەساسترەوە ئیش لەسەر مرۆڤەکان دەکا و مرۆڤەکان دەرک بەوە ناکەن کەئەوان گیرۆدەی بەڵایەکیترن لەو داگیرکردنانەی کە تەکنەلۆژیا ڕۆژ لە دوای لە ژیانیان دەکا ، یان لە هەمووشی ترسناکتر چی لە خەونەکانیان دەکا !

 

    بۆ ئاسان کردنی تێگەشتن لە ڕۆڵی مەترسیداری تەکنەلۆژیا لە خەون و لە حەزەکانی مرۆڤ ، نموونەی ژیانی خۆمان دەهێنینەوە . باخچەی دەوڵەمەندەکان لە دەرەوەی شارەکان ، لە دەشتەکان ، لەسەر شاخ و داخ و لە هەموو شوێنێک بە تەلبەندە دورودرێژەکانیان سیگناڵە نەک تەنیا بۆ موڵکداری کەسێک بەڵکو بۆ بێ موڵکی کەسێکیتریش . ئەم خۆ جیاکردنەوەیە ڕەنگە لە توێ ی پێویستیەکی ئیداری خۆ بنوێنێ ، بەڵام لە ڕاستیدا چێژێکی گەورەی سەرکەوتن بەیان دەکا لەوەی ” من زوتر لە ئێوە گەیشتم ” . 

 

باقی ئەو خەڵکەی کە موڵکی نیە ، کە پارەی کێڵگەی نیە ، بە تایبەتی لە گەڵ ڕۆژلە دوای ڕۆژی سترێسی بە شار بوونی ژیان و خۆزگەی هەڵمژینی هەوایەکی پاک و ژیانێک کە خۆت سەروەری خۆتی قوڵتر دەبێت . پارە لە بن دەستی هەموان نیەو خاکیش بەشی ئەوە ناکا هەر هاوڵاتیەک کێڵگەیەکی هەبێ ، لە نێوان ئەم هەموو حەزە پەنگ خواردوەدا میتۆدی سەرمایەو دیجیتاڵ دێتە پێشەوە ، دێ لە نێو شاشەی کۆمپیوتەرەکەت ئەم خەون وئارەزوەت وەکو کۆپیەک لە واقیع بۆ فەراهەم دەکا ، ئەم ڕۆڵەی دیجیتاڵ کردنی خەون ڕوویەکی سەرمایەگوزاریە ، ڕووەکەیتری دزینی خەون و پرسیارە بنەڕەتیەکانی نایەکسانیە .

 

ڕزگار عومەر

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.