Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
باران لەسەر برنج….نەوزاد بەندى

باران لەسەر برنج….نەوزاد بەندى

Closed
by October 25, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

 

بارانە ..

شیعر بە شەقامەکاندا بڵاو بوونەوە ..

بەسەر ماڵەکاندا دابەش بوون ..

کەمانچەکانیان بە دیوارەکاندا هەڵواسى ..

وەەسڵى 30 هەزارییان بۆ دەمانچە و

کڵاشینکۆف و

موسەلەحە ناشیرینەکان ، کرد..

شیعر بە کۆڵانەکانى پیرمەسووردا بڵاو بوونەوە ..

ماڵەکان بۆنى شفتەى سوورکراوە و

نەعنا و

ڕێحانەیان لێدەهات ..

شیعر لەبەر دەرکى سەرا ،

بازگەیەکیان دانابوو ،

ئەو کەسەى چەترى پێبووایە ،

چەترەکەیان بۆ ئەشکاند و ..

وەسڵى پانزە هەزارییان بۆ ئەکرد ..

هەموو چەتر فرۆشەکانیان دا بە دادگا ..

ناوى بازرگانەکانى چەتریان دا بە ئێف بى ئاى ..

وتیان : حەیفە ! .. حەیف .. تەڕ نەبن بە باران ..

شیعر کۆنسێرتێکیان بۆ ڕیشۆڵە ساز کرد ..

بڕیاریان دا بە شێوەیەکى ڕەسمى ،

بەفر بانگهێشت بکەن بۆ عێراق ..

بەڵکو مالیکى لە فڕۆکە کڕین پەشیمان کاتەوە ..

بڕیاریان دا تەرزە بە وەفدێکى ڕەسمى ڕەوانەى بەغدا بکەن ،

بەڵکو جەعفەرى لە کەلى شەیتان بێتە خوارەوە و

ئەم جەژنە ڕیش بتاشێ ..

بۆ ئەوەى مناڵەکانى زەیونە و مەنسور ،

لێى نەترسن …،

باران بارى ..

شیعر بە بازاڕدا بڵاو بوونەوە ..

لە کچێکیان ئەپرسى ناوى نەشوە ..

لە کوڕێکیان ئەپرسى ناوى باران ..

لە گەڵایەکیان ئەپرسى ،

دوا گەڵاى وەرزى خەزان ..

ئەوان ئەیانویست شانۆگەرییەک پێشکەش بکەن ..

بۆ مناڵە 

بۆیاخچى و

عەلاگە فرۆشەکانى کوردستان ..

شیعر مۆڵەتێکى دوو سەعاتییان دا مناڵە بۆیاخچێکان ،

ئەمان لە جیاتى ئەوان ،

بۆیاخى پێڵاوى دەوڵەمەندەکانیان کرد ..

بۆیاخى پێڵاوى سیاسیەکانیان کرد ..

بۆ ئەوەى ئەو دوو سەعاتە ،

مناڵە بۆیاخچێکان یارى لەگەڵ باران بکەن ..

لەگەڵ پەلکە زێڕینە تاوێ بڕۆن ..

بۆ جەژنى قوربان ،

دەستە زبر و 

بریندار و

ِرەشەکانیان … بشۆن ..

بەڵام ئەوان ڕازى نەبوون ..

چونکە داپیریان پێى وتبوون :

خوداى گەورە جەژنى ئێوەى لەو دنیا داناوە ..

خۆشى ئێوەى لە دواى مردن داناوە ..

لەوێندەر خۆشى و شادى نابڕێتەوە ..

کەمێک سەبر بکەن ..

سەبر بکەن ، هەتا ئەمرن .. ڕۆڵەکانم … !!

باران بڵاو بوونەوە ..

لە ئاپۆڕەى فەرمانبەران تووڕە بوون ،

کە چاوەڕوانى موچە بوون ..

موچەتان بۆچیە هەتاکو باران وەستابێ ؟؟

ئەم چەژنە لە جیاتى قەلەمون

لە جیاتى ئومەهات ..

باران بخەنە سەر برنج ..

ئەوان هیچ لە شیعر تێنەگەیشتن ..

سەفتەى پێنج هەزاریەکانیان ئەژمارد ..

وورد تەماشایان ئەکرد ..

نەبادا دانەیەکیان دوو ڕەقەم بێ ..

گلەییان لە ژمێریار ئەکرد :

ئەم مانگە پارەکان هەموو کۆنن ..

باران بارى ..

شیعر لەو خەڵکە نائومێد بوو ..

باران نەبوو بە کانى ..

بوو بە قوڕاو ..

پاشماوەى جگەرە و

مقەباى خوساندەوە ..

مامۆستایەکى حەفتا و پێنج ساڵەى خانەنشین هەڵخلیسکا ..

مناڵێک پێڵاوەکانى پڕ بوو لە قوڕاو ..

شێتێک نەیزانى ئەمشەو لە کوێ بنوێ ،

دواى ئەوەى هەموو شەقامەکانى داگیر کرد ، باران ..

سەربانى گڵى کەمئەندامێکى هەڵتەکاند باران ..

ژوورەکانى پڕ کرد لە ئاو ..

جلى جەژنى مناڵەکانى قوڕاوى کرد ..

فەرشە تاقانەکەیانى خوساند ..

شیعر شێت و هار بوو …

هاوارى کرد ..

نەڕاندى : بۆستە باران .. !

ئینجا بەیاننامەیەکى دوور و درێژى بڵاو کردەوە ،

تیایدا داواى لیبوردنى لە چەتر کرد ..

بڕیاریدا قەرەبووى چەتر فرۆشەکان بکاتەوە ..

بڕیاى تریشى زۆدا ،

کە لێرەدا کاتى بەرنامەکان ، بوارمان نادا هەمووى باس بکەین ،

بەڵام دوا بڕیارى ئەوە بوو ،

کە ئیتر هیچ کەسێک ،

برنج نەخاتە ژێر باران …

 

 

 

شیعرى : نەوزاد بەندى

nawzadbandy@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.