بارزانی ..ته‌نیای ته‌نیا! ….. هێمن مه‌حمود
پێناچێت هیچ كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان به‌گشتی و خودی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌و سه‌رۆكی هه‌رێم به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌واوی حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كانی دیكه هێنده‌ی ئێستا له‌یه‌ك دوركه‌وتبێتنه‌وه به‌جۆرێك پارتی له‌لایه‌ك و ئه‌وانی دیكه له‌لایه‌كی دیكه، ته‌نانه‌ت یه‌كێتی نیشتیمانی هاوپه‌یمانی پارتیش هه‌رچه‌نده له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا به‌ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ پارتی ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام له‌هه‌ندێ شوێنیش‌دا جۆرێك له‌ڕاڕایی و دوو دڵی پێوه دیاره.
له‌كاتێكدا مه‌لا به‌ختیار له‌كۆنگره رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ فازڵ میرانی رایگه‌یاند كه تاكه كاندیدی یه‌كێتی و پارتی ته‌نها بارزانییه، به‌ڵام دواین ئاماژه‌كانی یه‌كێتی پاش توندبونی هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ری و ره‌خنه‌ی ئاشكرای به‌رپرسه ناوه‌نده‌كانی ئه‌و حزبه ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه، یه‌كێتی توشی راِڕایی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی سه‌یركردوه‌و تا ئێستا ئه‌و حزبه بڕیارێكی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه به‌وه‌ی ئایا رازین بارزانی ببێته‌وه به‌سه‌رۆك یان نا؟
هه‌رچه‌نده مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی تاوه‌كو ئێستا هیچ لێدوانێكی ره‌سمی له‌و باره‌یه‌وه نه‌داوه، به‌ڵام پارتی دیموكرات، له‌رێگای هه‌ندێك به‌رپرسه‌وه یارییه‌كی سه‌یری سیاسی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ر لێدوانێكی ئه‌و به‌رپرسانه‌دا تای جه‌ماوه‌رو ئۆپۆزسیۆن به‌رزده‌كاته‌وه.
به‌جۆرێك ئه‌م حزبه له‌لایه‌ك له‌ژێره‌وه كار بۆ هه‌مواركردنه‌وه یاخود دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی یاسایی ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بارزانی، كه‌چی له‌لایه‌كی دیكه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت بارزانی نه‌ده‌بوو خۆی بكات به‌سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌یسه‌ڵ ده‌باغی راوێژكاری بارزانی ئاشكرایكرد.
وه‌نه‌بێت هه‌ر به‌ته‌نها پارتی و یه‌كێتی له دڵه‌ڕاوكێ و نادیاری چاره‌نوسی كاندیده‌كه‌یاندا مابێتنه‌وه، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هه‌رێمی كوردستانیش له‌هه‌مان حاڵه‌تدان و چاوه‌ڕێی دواین هه‌نگاوی یه‌كێتی و پارتین.
به‌جۆرێك له‌كاتێكدا ئه‌وان به‌ئاشكرا رایده‌گه‌یه‌نن كه دژی كاندیدكردنه‌وه‌ی بارزانین، تاوه‌كو ئێستا ناوی هیچ كاندیدێكی خۆیان ئاشكرانه‌كردوه‌و گومانیش ده‌كرێت له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كاندیدێكیش رێكبكه‌ون، جیاوازییه ئایدۆلۆژییه‌كانی نێوانیان هێنده زۆره، مه‌رج نیه جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ده‌نگ به‌و كاندیده بده‌ن.
هه‌رچۆنێك بێت ئێستا دۆخی كوردستان به‌م شێوه‌یه، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بارزانی كۆتایی دێت، یاسا ئه‌وه‌ی رونكردۆته‌وه ئه‌م به‌ڕێزه ئه‌مه كۆتا خولیه‌تی، پارتی و به‌شێك له مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانی یه‌كێتیش به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كن بۆ بارزانی، ئۆپۆزسیۆنیش هیچ كاندێكی نیه… بۆیه دۆخه‌كه تا كوێ بڕ ده‌كات به‌مجۆره، ئه‌مه پرسیاره‌كه‌یه؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه بارزانی هیچ كات هێنده‌ی ئێستا نا ئومێد و ته‌نها نه‌بووه له وه‌رگرتنی كورسی سه‌رۆكایه‌تی!
Hemnm1979@yahoo.com