Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بارزانی پیاوێکی بێهەلوێستە …  هێمن ڕەئووف

بارزانی پیاوێکی بێهەلوێستە … هێمن ڕەئووف

Closed
by October 21, 2011 گشتی

بەدەنگەوەهاتنی مەسعود بارزانی لە دۆسیەی کوژرانی سەربازە تورکەکاندا، هەنگاوێکی زۆر شەرمندە و بێهەڵوێستانە بوو، بەبەراورد لەگەڵ ئەو بێدەنگییەی لە شەهیدکردنی خێزانێکی کورددا نواندی لە مانگی ڕابردوودا. ئەمە جگە لەو متبوونەی بەسەر خۆیدا هێنا لە شەهیدکردنی مەشعەل تەمۆ و پەلکێشکردنی جەستەی دوو شەهیدی پەکەکە بۆ بەردەم بتەکەی ئەتاتورک و لە سێدارەدانی دەیان ڕۆڵەی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا.

بەبڕوای من ئەمە ئەوپەڕی بێهەلوێستی سەرۆکێکە کە خۆی وەک کاریزمایەکی نەتەوەیی پیشان دەدات. دەبینین باسوخواسەکانی  لە بارەی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئارامی و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە بوارێکی لەم شێوەیەدا وەک بڵقی سەرئاو بەتاڵ دەبنەوە. دەکرێت بڵێین ئەو ئاشتی ئارامییەی ئەو ترسی لە شێوانی هەیە، تێکچونی ئەو های لایڤەیە کە لە سەری ڕەش و هاوینەهەوارەکانی تر بۆ خۆی و خانەوادەکەی لواوە. ئەو بەرژەوەندییانەی ئەو باسی لێوە دەکات ئەو دەسەڵاتدارێتییەیە بەسەر سامان و دەزگا میلیشیایی و پەناهییەکاندا سەپاندوویانە بۆ یاریکردن بە ژیان، بە ئارەزووی خواستەکانی خۆیان.

دژایەتیکردنی بارزانی بۆ پرسی شۆڕشی پارچەکانی کوردستان سیاسەتیکی نوێ نیە، لە مێژە هەوڵەکانی بۆ لێکترازانی ئەم هەرێمە بە کوردستانەوە لە کاردایە، شەڕی چەند ساڵەی پەکەکە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا و کپکردنی جموجولەکانی دیموکرات و کۆمەڵەی خۆرهەڵات و پەرتکردنیان و چەندان هەوڵی تر بۆ شکستهێنان بە خەباتی پەژاک و پەکەکە لەم دواییانەدا ئەم بۆچونە پشتڕاست دەکاتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەم جدییەتە لە سەرخستنی ئەم سیاسەتەیاندا ترسە لەوەی: پێشوەچوونی دۆزی کورد لە پارچەکانی کوردستاندا، لەم لوت بەرزی و خۆ بە قارەمان زانینەیان کەم دەکاتەوە. وە ڕێگا خۆشکەرە بۆ هۆشیارییەکی سەرتاسەری و ڕاکێشانی ئەو بەڕەیە لەژێر پێیاندا و شێوانی ئەو ڕەفاهیەتەی بە دەستگرتن بەبەرژەوەندیە خانەوادەییەکانەوە بنیاتیان ناوە.

سەرۆک چەندان ڕێگای گرتۆتە بەر بۆ شکست هێنان بە شۆڕشی پارچەکانی کوردستان. هەمیشە مقاشەکان بەکاردەهێنێت لە پەیرەوکردنی ئەم پلانەدا و خۆی بە قاتێ جلی پێشمەرگەوە لافی کوردایەتی بەم خەڵکە هەژارە دەفرۆشێتەوە.

*بارزانی مام جەلالی لە بەغداد بە سەرۆکایەتییەوە بەستۆتەوە هەتا وەک هەمیشە لە تەنگانەکاندا تەنازولەکان بۆ دراوسێکان بکات لەپرسە نەتەوەییەکاندا. قسە باوەکەی مام جەلال”دەوڵەتی کوردی و خەونی شاعیرانە”

* بارزانی نێچیرڤانی کردوە بە جێگری خۆی هەتا زوو زوو دڵی ئێران و تورکیا ڕازیبکات لە بەرەوڕوبونەوەی هێزە کوردیە نیشتیمانییەکانی ئەو وڵاتانەدا.” بەڵگەکانی ویکیلیکس سەبارەت بە ڕازیکردنی سەرکردە کوردەکان بۆ لێدانی پەکەکە، سەردانە کوتوپڕەکانی نێچیرڤان بۆ ئێران و تورکیا و دووپاتکردنەوەی هاوخەباتی دژی پەکەکە و پەژاک بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن “

* بارزانی هۆشیار زێباری کردوە بە دەمڕاستی عێراق هەتا شەرعییەت بدات بە داگیرکەران بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی پارچەکانی کوردستان. ” دواین لێدوانی زێباری کە ووتی بونی پەکەکە لە عێراقدا ناشەرعییە و پێویستە ئەم وڵاتە جێبهێڵن”

هەموو ئەم هەنگاوانە بە پرس و ڕای بارزانی دەنرێن، ئەو لەم باسە گرنگانەدا بێدەنگی و بێهەڵویستی هەڵدەبژێرێت و لە پرسی ئاڵای کوردستانیشدا ئەو شەڕە بەخەڵکێکی هەژار و کۆمەڵێک کادری بەجێماوی حیزبەکەی دەکات. 
کەی ئەم ڕاستییانە لای خەڵک بەرجەستە دەبن؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟


هێمن ڕەئووف      
hemnrauf@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.