Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
باسێكی مەیدانی/ شیكاریی لەسەر كار و چالاكییەكانی یەكێتیی نووسەرانی كورد …6

باسێكی مەیدانی/ شیكاریی لەسەر كار و چالاكییەكانی یەكێتیی نووسەرانی كورد …6

Closed
by January 5, 2014 گشتی

 

بەرگرینامە 

 

 

ڕێزلێنان 

یەكێكی تر لە كارەكانی یەكێتیی نووسەران بریتییە لە ڕێزلێنان لە هەندێ نووسەر، كە بە هۆیەوە خۆیشیان بە پیاوچاك و بەڕێز نیشان دەدەن، لەبەرئەوەی بیری كۆمەڵێك كەسایەتییان دێتەوە و بڕێك پارە، یان مەدالیایەك یان (بڕوانامەیەكی فەخری!!) یان پێ دەبەخشن، ئەویش لە پای زۆریی ساڵانی ئەزموونی نووسینی ئەو نووسەرە، یان زۆریی بەرهەمی ئەدەبی، یان خۆ تەرخانكردن بۆ نووسین لە بوارێكدا، یان لەبەر هەر هۆیەكی تر، تەنانەت ئەو هۆیە هەندێ جار زۆر عەنتیكەیش دەر دەچێت، وەك ئەوەی یەكێتیی نووسەران لقی هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە دە ڕۆماننووس، لەبەرئەوەی لە ڕۆمانەكانیدا باسی ئەنفالییان كردوە، جا ئیتر چۆن باسیان كردوە و چییان باس كردوە، ئەوەیان گرفتی ئەو ڕێكخراوە نەبووە، تەنها گرینگ و مەبەست ئەوە، بووە باسیان كردووە.

تێگەییشتن لە مانای ڕێز هەر وەك تێگەییشتنە باوە كۆمەڵایەتییەكە، كە بارگاوییە بە چەندان ڕووی موجامەلەیی و ڕەفتاری درۆینە، كێشەیەكە هێندەی گەوهەر و كرۆكی ڕێز دەكوژێت، هێندە ئەم ڕەفتارە مرۆییە بە هەند و بە گرینگ و گەشاوە ڕا ناگرێت. ڕێزگرتن لە ئینسان بە گشتی، پێویستە ڕەفتارێكی جوامێرانە و داهێنەرانە و بە تایبەت پێویستە ڕەفتارێكی خۆڕسكی ناو دەروونی مرۆڤ بێت، تا ببێتە بەشێكی لێكجوودانەبووەوە لە كارەكتەر و كەسایەتیی مرۆڤ، لە ئاست هەموو شتێكی جوان و لە ئاست هەموو شتێكدا، كە خزمەت بە مرۆڤ و سروشت و گەردوون بكات، نەك ڕێز بخرێتە بەرنامەوە و كات و شوێن و بۆنەی تایبەتی بۆ دا بتاشرێت و، بۆ ڕاگەیاندنی كار و چالاكییەك لە ساڵێكدا ڕۆژێك، یان دووان و سیان، یان حەفتا و هەشتا ڕۆژی بۆ دا بنێین، لەم ڕوانگەیەیشەوە ئایا پێویست دەكات یەكێتیی نووسەران بەو شێوەیە و لەبەر ئەو هۆیانەی باسمان كردن، ڕێز لە هەندێ نووسەر بنێت؟ ڕێزگرتن لە نووسەرێك، واتە:

1- ئەو پرۆسەیەی كە دەبێت هەموو كاتێكی ژیانمان بتەنێـتەوە، كورت دەبێتەوە بۆ چەند سەعاتێك، یان چەند ڕۆژێك، بە دوای ئەوەدا تەواوی كاتەكانی تری ژیان پڕ دەكەین لە بێ ڕێزیی بەرامبەر مرۆڤ، بە تایبەت لە ئاست یەكێتیی نووسەراندا بەرامبەر بە نووسەر، هەر وەك چۆن زۆربەی دانیشتنەكانی ئەم بەڕێزانەی ئەو یەكێتییە بەڕێوە دەبەن، لەگەڵ ئەو كەسانەی دۆست و ئەندامی نزیكن، چ لە بارەگای یەكێتییەكە بێت، یان لەو شوێنانەی كۆ دەبنەوە، بە زۆری خەریكی شكاندنی كەسایەتیی یەك و غەیبەت و لێدانن، نەك لە هەیبەتی ڕۆشنبیریی یەكتر، بگرە لە هەڵتەكاندنی هەیبەتی ئینسانیی یەكیش سڵ ناكەنەوە، ئەمە جگە لەوەی چەندان جار لە ئاستی ڕووبەڕوویشدا (بێ ئەوەی هیچ بە لایانەوە عەیب بێت) بە جنێو و شەڕ و لێدانی فیزكییش بەرەو ڕووی یەك دەبنەوە.

2- ڕێزگرتن لە تەنها نووسەرێك، یان چەند نووسەرێك، ڕاستەوخۆ بێ، یان ناڕاستەوخۆ، هێمای بێ ڕێزی دەخاتە سەر ئەوانی تر، ئەگەر نووسەری ڕێزلێنەگیراو، زۆر بە جۆشوخرۆش و دەم بە خەندەوە، چەپڵە و پیرۆزبایی بۆ ڕێزلێگراو بنێرێت، هەر لە ناخەوە هەست بەوە دەكات، بۆچی ڕێز لەو ناگیردرێت و ئەو كەرنەڤاڵ و خەڵاتبەخشینەوەیە ڕوو لەویش ناكات!؟ ڕێزگرتن لە تەنها كەسێك، یان چەند كەسێك، ئەگەر هۆكاری ڕێزلێنانەكەیان ڕوون و بڕواپێهێنەر و شاییستە نەبێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی گیانی ڕق و بوغز لە ڕێزلێنەگیراوەكاندا دروست دەكات.

3- ڕێزگرتن لە نووسەرێك، یان لە چەند نووسەرێك، لە پای زۆریی ساڵانی ئەزموون، یان زۆریی بەرهەم، یان تەنها خۆ تەرخانكردن بۆ بابەتێكی دیاریكراو، یان هەر هۆیەكی تەنانەت ناشیرینی تریش، وەك ئەوەی نەوەی فڵان بنەماڵەیە، یان ئەو ڕێزلێگرتنە دەبەسترێتەوە بە هەڵوێستی سیاسی، یان كۆمەڵایەتی، یان تایبەتی و…هتد، ئەمانە ڕاستەوخۆ بێڕێزین بەرامبەر بە بەرهەمەكانی تەنانەت نووسەری ڕێزلێگیراویش، چونكە هیچ یەك لەم هۆكارانە، ڕۆشناییی ڕێز ناخەنە سەر بەرهەمە نووسراوەكەی كەسی ڕێزلێگیراو، تا بە هۆی ئەو ڕێزگرتنەوە، نووسینەكە پەیوەندییەكی بەرفراوانتر لەگەڵ خوێنەرانی خۆی دا بمەزرێنێت و وەك تێكستێكی زیندوو بژی. ئەوەی دەبێتە قوربانیی ئەو جۆرە ڕێزگرتنانە، خودی تێكستی ڕێزلێگراوەكانە، چونكە لێرەدا تیشك ناخرێتە سەر چییەتی و چۆنێتیی ئەو تێكستە، دەلالەتەكانی شی ناكرێتەوە و كۆدەكانی ناكرێتەوە، ئەوەی ئەنجام دەدرێت كەرنەڤاڵێكی پڕ چەپڵەڕێزان و موجامەلە و بۆچوونی دووڕووانە و خاترانە و هەندێ جار تێكەڵ بە شایی و هەڵپەڕكێیشە. ڕێزگرتن لەسەر بناغەی زۆریی ساڵانی ئەزموون دانامەزرێت، بەڵكو دەبێت بزانرێت لەو ساڵانەدا چی نووسیوە و چی بەرهەم هێناوە، ڕێزگرتن و بەستنەوەی بە زۆریی بەرهەمی نووسراو تەنها كارێكی موجامەلەیی و نامەعریفییە و پێویستە لە بری زۆریی، بیر لە چییەتی و چۆنێتیی ئەو بەرهەمانە بكرێتەوە. 

ڕێزگرتن لە نووسەر لە دانپێدانان و بەهەندوەرگرتنی مرۆیی نووسەرەوە دەست پێ دەكات، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ژیانی نووسەر وەك ئینسان بە گرینگ وەر بگیردرێت و بەرەو ڕووی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەری ببینەوە، یەكێتیی نووسەران بەوە ڕێزی خۆی بۆ نووسەران دەر دەخات، كە سەرەتا قەڵغانێك بێت بۆ پاراستنی ژیانیان لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك، لە هەر دەستدرێژی و بێحورمەتییەك، كە بەرامبەریان بكرێت، بە جیدی بێدەنگ نەبێت و مافی خوراویان بۆ بگێڕێتەوە و تا دوا نەفەس پشتیوانیی داوا و مافە ڕەواكانیان بێـت، كەچی بێ لەو بێدەنگییە لە ئاست ئەو هەموو بێحورمەتییانەی ڕۆژانە بەرامبەر نووسەران دەكرێت، وەك ئەوەی لێرە و لەوێ چەند نووسەرێك بە كافر و زەندیق، یان بە دز و جەردە، یان بە مەترسی بۆ سەر بەها كۆمەڵایەتی و نەتەوەیییەكان هەڕەشە و سووكایەتییان پێ كراوە، یەكێتیی نووسەران خۆی كردوە بە كەڕەی شەربەت و نقەی لە خۆی بڕیوە، هاوكات لە ئاست سەلامەتیی گیانی نووسەرانیش، هەڵوێستە شەرمن و ترسینۆكەكانی لە بێدەنگییەكانی ناشیرینتر بووە، هەر بۆ نموونە بڕوانە ئەو بەیاننامە شەرمن و بێ سەنگ و ناوەڕۆكە چەند وشەیییەی یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی سلێمانی، كە بۆ ڕووداوی كوشتنی شاعیر (عیرفان ئەحمەد) دەری كرد، كە پاش چەند ڕۆژ لە بێدەنگی و بیستنەوەی گللەیی و ڕەخنەیەكی زۆر، ئینجا بە كۆمەڵێك ڕستەی شەقوشڕ و بێ پەیام هاتنە قسە و هەر ئەو بەیاننامەیەیان قورسترین ڕێزیان بوو لە گیانی شاعیر (عیرفان ئەحمەد) كە بڵێن (دەستەی كارگێڕیی لقی سلێمانی بە نیگەرانییەوە ڕوانیە ئەو كێیسە و پێمان وابوو چی زووترە پەلە بكرێت بۆ بەدواداچوونی هۆكارەكانی گیان لە دەست دانی شاعیری كۆچكردوو- بڕوانە گۆڤاری نووسەر ژمارە (7)، كە یەكێتیی نووسەرای كورد لقی سلێمانی دەری دەكات، ساڵی 2012، لاپەڕە 149) هەروەها لە كۆتاییی بەیاننامەكەدا نووسراوە: (ئێمە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەكەین و دڵنیاتان دەكەینەوە، گەر بەرپرسیارێتیی كەموكوڕیی بكەوێتە ئەستۆی هەر كەس و دامودەزگایەك، داوای سەپاندنی سزای توندی یاسایی دەكەین، لە پێناوی پاراستنی گیانی ئەدیبان و مافی وشە و فیكر. دوا بە دوای وەرگرتنی ئەنجامەكانیش هەڵوێستی ترمان دەبێت.) وێڕای ئەو زمانە سەرپێیی و شل و شێواوەی ئەم بەیاننامەیەی پێ نووسراوە، هەڵوێستوەرگرتن لە ئاست ئەم دەستدرێژییە گەورەیەدا بۆ سەر ژیانی مرۆڤێك، سەرەتا تەنها نیگەرانییان دەكات، بۆیە دەڵێت بە نیگەرانییەوە ڕوانییە ئەو كێیسە، ئینجا تاوانێكی وەها بە كەموكوڕی دەزانێت، دواتر بۆ ئەوەی ئازایەتی و شانوشەوكەوتی خۆیان دەر بخەن، بە خۆگیڤكردنەوەیەكی بێ بنەماوە بەیاننامەكەیان بەوە قفڵ دەكەن، كە هەڵوێستی تریان دەبێت، دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێك، نە ئەو كێیسە یەكلا بۆتەوە، نە هیچ هەڵوێستێكیشمان لەم یەكێتیی نووسەرانە بینیوە، نەبیستوویشیمانە چ بنەماڵە و چ هاوڕێیانی ئەو شاعیرە، باسیان لەوە كردبێت لە ئاست ئەم تاوانەدا شتێك بە ناوی یەكێتیی نووسەرانەوە هەبێت. دیارە بەرگریكردن لە نووسەران و یان ئەوەی ئایا یەكێـتیی نووسەران لە ئاست ئەم ڕووداوانەدا چی پێ دەكرێت، مەبەست لەوە نییە خۆی جێگەی یاسا بگرێتەوە و سزای ئەو كەسانە بدات، كە سووكایەتی و تاوان بەرامبەر نووسەران دەكەن، بەڵكو زیاتر مەبەست لەوەیە وەهای نیشان بدات و بۆ هەموو لایەك ئەوە بسەلمێنێت نووسەران هەتیوێكی بێ كەس و بێ پشتیوان نیین، تا بە دوور لە هەر بەها و ڕێزێكی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و سووكایەتییان پێ بكرێت، تەنانەت بەو شێوەیە یاریی بە ژیانیشیان بكرێت. 

ڕێزگرتن لە نووسەر بە دانپێدان بە نووسین و تێكستی ئەو نووسەرەوە تێ دەپەڕێت، بە پێزانینی هەوڵ و داهێنانەكانی گوزەر دەكات، ئەویش بەوەی ئەم هەوڵ و داهێنانەی نووسەر، بە هەوڵی ئەم یەكێتیی نووسەرانە، ڕایەڵێكی پتەو و بەهێزیان هەبێت لەگەڵ خوێنەراندا. تێكستە داهێنەرەكانی نووسەر، پەیوەندییان بە خوێنەرانەوە لە بەرزترین ئاستی ڕاستەقینەی خۆیاندا بن، ڕێزی ڕاستەقینە لە نووسەر، دابینكردنی ئەو كەشەیە و ئەوجا لەسەر ئەو نووسین و تێكستە داهێنەرانانە، هەر كەرنەڤاڵێكی ڕێزگرتن، هەتا چەندێَك تێروتەسەل و جوانیش بێت، هەر دیاری و پاداشت و خەڵاتێك، هەتا چەندێك زۆر و سەنگین و بە بەهایش بێت، جێگەی خۆیەتی بۆ ئەو نووسەرە ساز بكرێت و پێی ڕەوا ببینرێت.

 

كارا فاتیح

بەشی شەشەم

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.