Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
باکووری کوردستان:   پرۆسەی ئاشتی، و ئاسۆی ئایندە..

باکووری کوردستان: پرۆسەی ئاشتی، و ئاسۆی ئایندە..

Closed
by August 17, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان، و دەوڵەتی تورکیا کە لە نەورۆزی ئەمساڵ (٢٠١٣)دا بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەنرا، وەک پێدەچێ دڵی گەلێکانی لەپێشکەوتنی ئەم پرۆسەیە ساردکردۆتەوە. و گومانێکی زۆری سەبارەت دەوڵەتی تورکیا لەوەی لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی دەکەونە ئەستۆی، سستی دەنوێنێت، بەدیهێناوە. و ئەو نیگەرانیەی درووستکردووە، کە نەکا پرۆسەی ئاشتی بەیەکجاری شکەست بهێنێت و جارێکی تر شەڕو خوێنڕشتن دەست پێبکەنەوە. 

بەڵام لەهەمان کاتدا وەک پێدەچێ، تێنەگەیشتنێکی زۆر، بەتایبەتی لەلایەن، ڕۆشنبیران، نووسەران، و سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان لەو پرۆسەیە لە ئارادایەو نە گەشبینییەکانی پێشددان و نە ئەم بێهیواییەی ئێستا لە جێگای خۆیاندان.

زۆرکەس و لایەن، لە ئەزموونی کوردی باشوور، لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووی عیراقەوە بۆ پرۆسەکە دەچن، و پێیانوایە، هەردوو لایەنی کوردو تورک لەسەر لیستێک لەداخوازی و ماف ڕێکەوتوون، کە گشت کێشەکان و یانیش لانیکەمی ئەو کێشانە چارەسەر دەکات. ئیتر قۆناغ بەقۆناغ، بەندەکانی ئەو لیستە جێبەجێ دەبن و پاشانیش سەردەمی برایەتی دێتە ئاراوەو بەماچومووچ و پێداهەڵگوتنی یەکتر تۆڵەی سەردەمی دوورودرێژی دوژمنایەتی دەەکرێتەوە..! لە حاڵێکدا بەشڕۆڤەکردنی ڕەوتی ڕووداوو لێدوانەکانی هەردوو لایەنی کوردو تورک، و بە بڕوای من پرۆسەکە بە گشتی بەجۆرێکی ترە لەوەی لە ڕواڵەتدا دەبینرێت. و هیچ لیست و ڕێکەوتنێکی بەو جۆرە لەئارادا نییە. وئەوەی هەیە لە دوو خاڵی سەرەکی و سادەدا خڕدەبێتەوە یەکێکیان پەیوەندیی بە لایەنی کوردییەوە هەیەو ئەوەی تریش لایەنی تورک.

ڕێکەوتن لەسەر ئەو بنەمایە دەستی پێکردووە، کە لایەنی کوردی و نوێنەرایەتییەکەی ، دەست لە خەباتی چەکداری بەردات. لایەنی تورکیش ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆ کە بوار بداتە کورد خەباتی سیاسیی، دیموکراسیانە و دوور لەتوندو تیژی پەیڕەو بکات. 

بەواتایەکی تر لایەنی تورکی خواستێكی هەیە کە دەڵێت: چەک دانێن و لەپێناو بەدەستخستنی خواساتەکانتاندا خەباتی سیاسی بکەن…! لایەنی کوردیش دیسان خواستێکی گەلێک سادەی هەیە و دەڵێت: بوارمان پێبدەن خەباتی سیاسی بکەین..!

ئەمە کرۆک و ناوەرۆکی ڕیکەوتنەکەیەو تەواو..! 

لێرەدا پرسیارێکی زێدە گرنگ پێویستی بەوەڵامە: ئەگەر ڕێکەوتنەکە هەمووی ئەمەیە، ئەدی ئەم هەموو بێنەوبەرەیە بۆچی..؟ و چاوەڕێی چی بین..؟ 

وەڵامەکە بەمجۆرەیە: کە ئەگەر دەوڵەت بخوازێت چەکداری کورد لەچیاکان بێتە خوارەوە وچەک دانێت و سیاسەت پەیڕەو بکات، پێویستی بە پاڵپشتێکی یاسایی هەیە، کە بریتییە لە دەرکردنی یاسای لێبووردن، و هەموارکردنی تەواوی ئەو بەندە دەستووریانەی تا ئێستا لەژێر ناوی بەربەرەکانی تێرۆریزم دژایەتی بزووتنەوەی کوردیان پێکردووە. چونکە ناکرێت  گەریلایەک دەست لەچەکەکەی بەردات و لەشار دەستگیربکرێت و لەبەرئەوەی بەپێی یاسا، تێرۆری پەیڕەوکردووە زیندانی بکرێت. یاسای لێبووردنیش وەک هەندێک پێیانوایە واتاکەی ئەوە نییە کورد تاوانی ئەنجام داوەو داوای لێبووردن بکات. بەڵکو واتەکەی تەنیا لەڕووی یاساییەوەیە. کەسێک کەچەک هەڵدەگرێت و زیان بەدامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دەوڵەتێک دەگەیەنێت، بەدەر لەوەی ئەو کارەی ڕەوایە یان نا، لە هەر وڵاتێکی جیهاندا بگری بەدواداچوونی یاسایی دەرهەق دەکرێت. و لەپەیوەندی لەگەڵ کێشەی کوردا بۆ ئەوەی ئەم بەدواداچوونە یاساییانە ئەنجام نەدرێن، دەبێ یاساییەکی لێبووردن دەربکرێت. و یاسای لێبووردن تەنیا ڕواڵەتەو ناوەرۆکەکەی بەتاڵکردنەوەی ڕیگرە یاساییەکەیە. هەر لەڕەوتی ئەم هەموارکردنە یاساییانەشدا دەبێ کە هیوا بەئازادکردنی ئۆجالانیش لە قۆناغەکانی دواتردا بەتوندی لەئارادایە.

پرسیاری دووەم ئەمەیە ئایا کورد، لێرەبەدوا بەچ میکانیزمێک کاردەکات، و زەمانەتی سەرکەوتنی چییەو بەچی باوەڕ بەدەوڵەتی تورک بکرێت، کە بەرانبەر بەڵێنەکانی وەفادار دەبێت..؟ و بەتایبەتیش کە لێدوانی بەرپرسانی تورک لەسەرووی هەمووشیانەوە، ئەردۆغان هێندە دڵخۆشکەر نین، و دواترینیان لێدوانی ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کە ڕادەگەیەنێت، نە لێبووردنێک و نە دەرفەتێک بۆ خوێندنی زمانی کوردی لە ئارادا نییە. لەمەش گرنگتر ئایا کورد دەیان ساڵە خەباتی خوێناوی بەڕێوەدەبات هەر بۆ ئەوەی ڕێگای چالاکی سیاسیی لێ نەگیرێت و تەواو…؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسە، دەبێ بگەڕێینەوە پایەمە نەورۆزییەکەی ئۆجالان. کە لەشونێکدا دەڵێت، ئەمە سەرەتای پرۆسەکەیە. ئەمەش بەڵگەی بۆچوونەکەی سەرەوەمانە کە ڕێکەوتنەکە زۆر سادەیەو هیچ خاڵێک لەئارادا نییە کە لە خەڵک شاردرابێتەوە. دووەمیش ئاماژە بە پەرەسەندنی ئاستی هۆشیاری خەڵک دەکات. کە بەبڕوای من خاڵی هەرەهەرە گرنگی پرسەکەیە..! 

دەستکەوتی خەباتی ئەم چەند دەهەیەی ڕابردوو نابێ بەمە هەڵبسەبگێنرێت، کە داخوا دەوڵەتی تورک چی بەکورد ڕەوا دەبینێت. بەڵکو بەوەی کورد لەئاکامی ئەم خەباتەی کردوویەتی بە چ پلەیەکی هۆشیاری گەیشتووەو لە چ ئاستێکی خۆ ڕێکخستندایەو چەندە بەیەکگرتوویی لەگۆڕەپان و شەقامەکاندا ئامادەیە..! 

چنینەوەی دەستکەوت، بە ڕیزکردنی ماف و داخوازییەکان و ئیمزاکردنی دوولایەن لەژێریەوەو دەرکردنی بەیاننامەو پاشانیش شایلۆغان نابێت. 

هۆکاری هەڵبژاردنی خەباتی چەکداری تەنیا لەبەر ئەمەبووە ، کە بواری خەباتی سیاسیی لەئارادا نەبووە. کاتێک ئەم بوارە بڕەخسێت، چەک دەبێ فڕێبدرێت. بەبێ ئەوەی پرسیار بکرێت داخوا کێهە لەمافەکان بەدیهاتوون..! دەرفەت بۆ خەباتی سیاسیی بۆخۆی گەورەترین مافەو ئیتر بەدیهاتنی گشت مافەکانی تریش پەیوەستەی لێهاتوویی کورد خۆیەتی کە چۆنی بەدەست دەهێنێت، نەک ئەوەی دەوڵەت چی دەبەخشێت.!

لە ڕووداوەکانی مەیدانی تەقسیم لە ستامبول، ئۆجالان ڕایگەیاند کە کوردان بچن بەشداری بکەن و لەڕیزی خۆپیشاندەراندا دژی دەسەڵات چالاکی بنوێنن. ئەوکات هەندێک لەشرۆڤەکاران کە لە پرۆسەکە تێنەگەیشتبوون، ئەمەیان بەهەڵەدەزانی و پێیانوابوو، ئەم هەڵوێستە زیان بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی دەگەیەنێت. کەلەڕاستیدا وانەبوو. چونکە کرۆکی ڕێکەوتنەکە لەمەدایە کە بوار بەکورد بدرێت بەخەباتی خۆی مافەکانی خۆی بەدەست بخات. ئەو خەباتەش لەشێوازی هەرەسادەو ساکاریدا بریتییە لە خۆپیشاندان. کەواتە لەکوێ خۆپیشاندانێکی ڕەوا هەبێت دەبێ کورد لەوێ ئامادەبێت. لەکوێ دەرفەت هەبێت دەسەڵات تەنگەتاو بکرێت دەبێ بکرێت..!  ڕیکەوتنەکە ئەمەیەو بەس..! ئەگەر کەسێکیش پێیوابێ ئەمە هیچ نییە بە هەڵەدا دەچێت.

ئەم هەلومەرجەی کورد لەباکوری کوردستاندا ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕیت، گەلێک جیاوازە لە بیست ساڵ و دەساڵ و پێنجساڵ پێش. پەرەسەندنی گەورە بەدیهاتوون. دەستکەوتی مەزن بەدەستکەوتوون. هیچکامیشیان لەسەر سینی زێر پێشکەشی کورد نەکراون. بەڵکو بە خوێن و فرمێسک و ئارەق، بە خەباتی ماندوونەناسانەی بێوێنە بەدیهاتوون. دەستهەڵگرتنی ڕژێم، لە سیاسەتی نکوڵیکردن و ملدان بە گفتوگۆ دەستکەوتێکی کەم نییە. ئەمە ئەو لەمپەرە گەورەیەبوو کە داڕماو چەندان لەمپەری تریش بەدوای خۆیدا دەڕمێنێ. کورد بۆخۆی و بەخەبات و باوەڕی خۆی، زمان و فەرهەنگی خۆی پەیڕەودەکات، و دەیان نێوەندو دەزگاو کەناڵی زمانەوانی، پەروەردە، ڕاگەیاندن، ئەدەب، هونەر، و چەندان دامودەزگای کۆمەڵگای مەدەنی ئاواکراون و چالاکانە کاردەکەن. و بواری نواندنی چالاکی سیاسیشی خوڵقاندووە. 

ژن بەوپەڕی گوڕو تین و چالاکییەوە بەجۆرێک هاتۆتە گۆڕەپانەکە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەو کۆمەڵگا نەریتییانە نەک هەر پێشکەوتنە، بەڵکو شۆڕشێکە هەموو بنەما فەرهەنگییە پاشڤەڕۆکان تێکدەشکێنێت.

بێوێنەیی ئەم بزووتنەوە شکۆمەندە لەمەدایە کە تاکە بزووتنەوەیە لەدیرۆکی هاوچەرخدا کە تەنیاو تەنیا بە باوەڕو پشتیوانی خەڵکی خۆی، و بێ کۆمەک و یارمەتیدانێکی دەرەکی کە بۆ هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانەی تر بەهی کورد خۆشییەوە، کارێکی ڕەواو سادە بووە. سەرفرازانە گوڕی بەخەبات بەخشیوەو بەخوێنی پاک و بێگەردی کوڕان و کچانی خۆی، بەباوەڕی لەشکان نەهاتوو، مەشخەڵی بەرخۆدانیان لە کوژاندنەوە پاراستووە.

بەڵکو دیتمان لەهەندێک قۆناغدا لەکاتێکدا ڕێبەری ئەم بزووتنەوەیە لەزینداندا بووە، چۆن چوار وڵاتی داگیرکەر، پێکەوە کۆدەبوونەوەو نەخشەو پلانی پاکتاوکردنیان دادەڕشت و لەولاشەوە ئەمریکاو ئەوروپا بزووتنەوەکەیان دەخستە ناو لیستی تێرۆرەوە، و هەندێک لایەنی ناوخۆییش ملهوڕانە، دەبوونە پردی پەڕینەوەی دوژمن و لەسەر تەرمی پیرۆزی گەریلا، شاییان دەگێڕا. ولەپێناو کڕۆستنەوەی ئێسقانێکی بەرماوەی ئەو دەوڵەتانە بێشەرمانە کلکەلەقێیان دەکرد، و لەبری بەدوژمن، بە خودی دەوەڕین..؟ 

ئایا سۆراخی بزووتنەوەیەکی هاوشێوەی ئەمە لە جیهاندا دەتوانین بکەین..؟

پرسیاری هەرە دوایی لێرەدا ئەمەیە کە ئایا ئەگەر دەوڵەتی تورک، لەم ڕێکەوتنە سادەو ساکارەداو تەنانەت هەموارکردنە یاساییەکانیشی ئەنجام نەداو بەردەوامبوو لە سیاسەتی نکوڵیکردن و داپڵۆسین، کورد ناچاردەبێت جارێکی تر پەنا بۆ چەک بەرێتەوە..؟ بەبڕوای من نەخێر..!

لێدوانەکانی بەڕێز ئۆجالان هەموو ئەمە نیشاندەدەن کە ڕاگرتنی شەڕ یەکجارییەو زەمانەتەکەش کورد و ڕێبەرایەتییە سیاسییەکەی خۆیەتی.. ئەو قۆناغەی تائێستا بڕدراوە، بەشە هەرەسەخت و دژوارەکەی بووە. لەداهاتووشدا ئاسان نابێت. بەڵام ئەوەی کەتوانی تائێرەی بهێنێت، شکۆمەندانەتر، دەیگەیەنێتە دوامەنزڵگاش.

 

17-08-2013

       دارا مەحمود

   darachimen@hotmail.com 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.