Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
باڵۆنەکەی پارتی …. ئاری ئەبوبەکر

باڵۆنەکەی پارتی …. ئاری ئەبوبەکر

Closed
by February 29, 2012 گشتی

 
پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئەو هێزەی هەمیشە وریایانە و پراگماتیکیانە مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەری خۆی کردوە و هەمیشە هەستیارانە توانیویەتی ( ئەگەر بە ڕۆکەشیش بێت) خۆی بە پێشڕەو و سەردەستە بناسێنێت، بە شێوەیەک هەمیشە پارتی لەلای چواردەوری لەو قەبارەیە گەورەتر نیشاندراوە کە خۆی هەیەتی، ئەمەش هونەرە، چونکە کەم هێز هەبووە لە کوردستاندا ئەو توانایەی هەبێت کە خۆی بدێۆێنێت و لە قەبارەی خۆی زیاتر، وێنەی خۆی بکات هەم لەبەردەم نەیارە سیاسییەکانیدا و هەم لەبەردەم هیزە ئیقلیمییەکانیشدا.
یەکێک لە گرفتەکانی پارتی ئەوەیە، باڵۆن ئاسا، هەرچەندە فوی تێدەکرێت و قەبارەی گەورە دەبێت، بەڵام یەک دەرزی بەسە بۆ ئەوەی ئەم کونی تێبکات و هەموو هەواکەی لێ بهێنێتە دەرەوە و پوچەڵی کاتەوە، بە واتایەکی تر ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ دەست بەو قەبارە گەورەیەوە بگرێت کە خۆی بۆ خۆی وێنا دەکات، یان نەیارەکانی بۆی وێنا دەکەن، چونکە لەگەڵ بچوکترین تەنگەژەی سیاسی، ئیتر ئەم هێزە تەوازنی تێکدەچێت و ناتوانێت لەسەر هەردوو پێی خۆی بوەستێت، ڕەنگە هەر ئەمەشە وابکات، پارتی لە دوای ڕوداوەکانی حەڤدەی شوباتەوە، تا هەنوکە ناتوانێت لەو گلۆربونەوەیە بوەستێت، کە ڕوی لەم هێزە سیاسییە شەست ساڵییە کردووە، بە شێوەیەک، لەگەڵ ڕودانی ئەر ئاڵۆزیەک، کێرڤی ئەم هێزە دێتە خوارەوە، ئەگەر جاران یەکێتی ئەو چلە دارە بوبێت، کە پارتی خۆی پێگرتبێتەوە و خۆی پێ قوتارکردبێت لەدەست ڕوبەڕوبونەوەی تەنگەژە سیاسییەکان(چونکە هەمیشە یەکێتی قەڵغانێک بوە بۆ پاراستنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە شکست)، ئەوا لە حەڤدەی شوباتەوە یەکێتی ئەو مۆرکەی وەرگرتوە، کە ئەوەندەی کار بۆ خۆی دەکات، بە یەک لەسەر چواری ئەوە کار بۆ پاراستنی پارتی ناکات.
روداوەکانی ساڵی رابردوو پێویستە بۆ پارتی ببێتە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە، چونکە ئەگەر بیستساڵی ڕابردوو، پارتی هەمیشە هەڵکشابێت، ئەوا لە دوا حەڤدەی شوباتەوە پارتی بوەتە هێزە لاوازە تەنیاکە.
ڕوداوەکانی مانگی دوانزەی بادینان، ئەوەیان دەرخست کە ئەم هێزە هونەری مامەڵەکردنی لەدەستداوە و ناتوانێت پراگماتیکیانە مامەڵە لەگەڵ واقعی سیاسیدا بکات، وە پێویستی بە ڕیفرێشێک هەیە لە دونیا بینیدا، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەر ئەوەی کە پارێزگاری لە نفوزی خۆی بکات و وێنە باڵۆنیەکە بپارێزێت، بەڵام ئەم هێزە نەک دەرس وەرناگرێت لە ڕوداوەکانی ڕابردوو، بەڵکو قوڕەکە بۆ خۆی خەستتر دەکاتەوە و کار بەو تیۆرییە دەکات “گۆم تا قوڵ بێت مەلەی خۆشتترە”.
ڕوداوەکەی هەینی ڕابردوو ئەوەندەی تر ئەو  تیۆریەی لەسەر پارتی سەلماند، کە تازە ئەم هێزە ئەو  خەونەی مرد، کە بیەوێت تا ئەبەد ناوچەکانی بادینان بە ئارامی بهێڵێتەوە، ئەگەرچی ئەمە بەشێکی پەیوەندی بەو کرانەوەیەوە هەیە، کە لەدونیادا گوزەر دەکات، بەڵام دواجار بەشێکیشی پەیوەندی بە نەخوێندنەوەیەکی واقیعیانەی سەرکردایەتی پارتییەوە هەیە، کە پێی وابووە و ئێستاش پێی وایە، کە بادینان چۆلەکەیەکی ماڵکراوە، قەت هەڵنافڕێت، تا پرس بە پارتی نەکرێت، بەڵام دوو ڕوداوی جیاجیا، یەکێکیان ڕوداوەکانی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو، دوهەمیان ڕوداوەکانی هەینی ڕابردوو، ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە بادینان ئەگەر گەندەڵی و بێسەروبەرەیی سیستەمی سیاسیش نەیجوڵێنێت، بەڵام دەشێت شتێک، تێرمێک، ڕوداوێک (وەتەری) خەڵکی ئەو ناوچانە بوروژێنێت و دواجار ببێتە هۆی جۆرێک لە فشار، کە ئەو کات پارتیش پێی کۆنترۆڵ نەکرێت.
لابردنی مەلایەک بۆ خوتبەی هەینی و دانانی مەلایەکی تر لە هەمان مزگەوتدا، بە تایبەتی تر لەم کاتەدا، هەوڵێکی نەزانانەی پارتی بو بۆ کپکردنی دەنگی ئەوانەی کە پارتی خۆشی پێیاندا نایەت و نیشاندانی ڕویەکی بادینانە، کە پارتی دەمێکە خەریکی کێشانی ئەو ڕوەیە لە وێنەکە، یان پارتی کار بۆ ئەوە ئەکات بە فشا ر و شیوازی نەشیاو بەر بەو تەوژمە بگرێت کە ڕویکردۆتەوە ناوچەکانی ژێر دەستی.
ئایا پارتی وەک حیزبێکی باڵادەست، تێروانینی خۆی دەگۆڕێت و کار بەو میتۆدانە دەکات کە باڵۆنەکەی خۆی پێ قەبە تر بکات، یان بەو کەلە ڕەقیەی ئیستای قوڕەکە بۆ خۆی خەستتر دەکاتەوە؟ ڕەنگە پارتی یەکەم لایەن بێت کە بتوانێت ئاسۆی ئەم دونیابینیە دیاری بکات و وەڵام بداتەوە، ئەویش ئەگەر ویستی سەیرکردنی خۆی هەبێت وەک ئەوەی هەیە. 

لە ژمارە ٣١١ ی ڕۆژنامەی ئاوێنە بلاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.