با ئه‌م پرۆژه یاسایه‌ش به‌ده‌ردی ئه‌وانیتر نه‌برێت
سێ ساڵ لهمهوبهرو دروست له‌ده‌ستپێكی ئه‌م خوله‌ی پارله‌مانی كوردستاندا، وتارێكم به‌ناونیشانی (مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری‌و پارله‌مانی داهاتو) نوسی‌و له‌گۆشه‌ی (مانشێت)ی رۆژنامه‌ی (چاو‌دێر)دا بڵاومكرده‌وه.
له‌و وتاره‌دا باسم له‌پێویستیی ده‌رچواندنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌مافی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌سه‌رچاوه‌كانی زانیاری له‌هه‌رێمی كوردستان كردبو، به‌تایبه‌ت دوای گۆڕانكاریی سیاسی‌و هاتنه‌كایه‌ی ئۆپۆزسیۆنی پارله‌مانی، ئه‌مه‌یش له‌پێناو خزمه‌ت به‌و په‌راوێزه دیموكراسی‌و كرانهوهیهو چاككردنی ره‌وشی هه‌رێم له‌رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه‌وه.
مافی زانین، له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا مافێكی ده‌ستورییه‌و یاسای تایبه‌تی بۆ ده‌رچوێنراوه، یان له‌یاساكانی چاپهمهنیو میدیادا جێی كراوه‌ته‌وه، به‌جۆرێ مافی میدیاكارو هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ربكات له‌وه‌ی ده‌ستیان به‌زانیارییه‌كان رابگات.
هه‌رچه‌نده واده‌ی ده‌رچواندنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له‌هه‌رێمی كوردستاندا له‌ئێستادا دواكه‌وتوه، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تیش ماوه تاكو ئه‌م كه‌لێنه پڕبكرێته‌وه.
له‌ئێستادا كه پارله‌مانی هه‌رێم سه‌رقاڵی خۆئاماده‌كردنه بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌و مافه، ده‌بێت هیواخوازبینو هه‌وڵه‌كانیشمان چڕبكه‌ینه‌وه تاكو هه‌رێمه‌كان ببێته خاوه‌نی ده‌قگه‌لێكی ئه‌وتۆ كه له‌گه‌ڵ گیانی سهردهمو رۆحی دیموكراسیدا یهكانگیربێت. چونكه (مافی خه‌ڵك له زانین) مافێك نیه ته‌نها بۆ رۆژنامه‌نوسان، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌ركێكی ئه‌وانه له‌پێناو مافی خه‌ڵكدا. مافێكه بۆ هه‌مو چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشت هاوڵاتیان، كه‌وا ئه‌ركی گهڕانو زانینی هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی له‌ئۆرگانه جیاوازه‌كانی دهسهڵاتو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه روده‌ده‌ن ده‌خاته ئه‌ستۆی ناوه‌نده‌كانی میدیا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بیخه‌نه به‌ر روناكیو بۆ رایگشتی بگوازنه‌وه.
هه‌روا هه‌ر لێره‌شه‌وه خوازیارم ئه‌م هه‌وڵه‌ش به‌ده‌ردی (یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان ژماره 35ی ساڵی 2007) نه‌برێت! كه ئه‌مه ده‌ڵێم، له‌دو روانگه‌وه‌یه: یه‌كه‌م، قۆناغی پێش په‌سه‌ندكردنی یاساكه. دوه‌میشیان: قۆناغی دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایه‌و چونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. چونكه سه‌ره‌تای گه‌ڵاڵه‌كردنی پرۆژه یاساكه چه‌ندین كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌ی بۆ كرا‌و ئهكادیمیانو رۆژنامه‌نوسان زۆرمان له‌سه‌ر نوسی‌و پێشنیاره‌كانمان به‌مه‌به‌ستی باشكردنی خستنه‌ڕو، به‌ڵام به‌داخه‌وه پارله‌مان زۆر كهمیانی به‌هه‌ند وهرگرتو به‌كۆمه‌ڵێ كه‌موكوڕییه‌وه په‌سه‌ندیكرد. له‌قۆناغی دوه‌میشیدا، كاتێ په‌سه‌ندكراو چوه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌داخه‌وه هه‌م حكومهتو هه‌م دادگاكانیش وه‌ك پێویست كاریان پێنه‌كرد! ئه‌گه‌ر واش بو (كه ئومێدده‌كه‌م ئه‌مجاره مێژو خۆی دوباره نه‌كاته‌وه) ئه‌وكاته به‌داخه‌وه ته‌نها ده‌بێته مه‌ره‌كه‌بی سه‌ركاغه‌زو ده‌قگه‌لێكی مردوی نێو ره‌فه‌ی كتێبخانه‌ی پارله‌مان!