Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
با ڕانەوەستین..!! ….. کامەران عەزیز

با ڕانەوەستین..!! ….. کامەران عەزیز

Closed
by April 10, 2011 گشتی

کاتێک دەسەڵات و حکومەتی هەر وڵاتێک نەیتوانی کۆمەڵگا بە عەدالەتی و بە یەکسانی بەڕێوە ببات دەبێت هاوڵاتیان هەڵوێستیان چۆن بێت..؟! کاتێک دەسەڵات و حکومەتێک نەیتوانی ئاسودەیی و خۆش گوزەرانی بۆ هاوڵاتیان فەراهەم بکات، دەبێت هاوڵاتیان وەڵامیان چۆن بێت..؟! کاتێک دەسەڵات و حکومەتێک نەیتوانی ئیدارەیەکی یاسایی و دەزگایی و سیستماتیک بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، دەبێت هەوڵی هاوڵاتیان چۆن بێت..؟!کاتێک لە سایەی دەسەڵات و حکومەتێکدا ڕێژەی گەندەڵی لە سەدا سەد نزیک بێتەوە، دەبێت هاوڵاتیان بۆ سڕینەوەی گەندەڵی چ جۆرە ڕێگایەک بگرنە بەر..؟! کاتێک دەسەڵات و حکومەتێک کۆمەڵگای پڕ کرد لە کێشە و چەوسانەوەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی…، ئایا پەیوەندی دەستەڵات و هاولاتیان چ تا کوێ دەبێت..؟! کاتێک وڵاتێک خاوەنی زۆرترین سامان و سەرمایە بێت، لە گەڵ ئەوەشدا لە سایەی  دەسەڵاتەکەیدا، خەڵکەکەی نەبو و بێبەش و هەژار بێت، دەبێت هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە چی بکەن بۆ دەرباز بوون..؟!بە کورتی کاتێک دەسەڵات و حکومەتێک بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەکی مرۆیی، بە ئاسانی لولەی چەک و تفەنگەکانی کردە سنگی هاوڵاتیان و بەبێ هیچ وەستان و ڕاچڵەکانێک هاولاتیانی بریندار بکاو و بکوژێت، دەبێت هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە چ پێناسە و خوێندنەوەیەکیان بۆ ئەو دەستەڵات و حکومەتە هەبێت..؟
وەک لە لای هەموان ئاشکرا، کە دەسەڵات و حکومەت لە کوردستانیش  یەکێکە لە جۆری ئەو دەسەڵاتە شێواو و گەندەڵانەی ئەمڕۆ، کە بوەتە هۆی سەرچاوەی وێرانی و دواکەوتویی کوردستان .. بوەتە هۆی سەرچاوەی نا عەدالەتی و نا یەکسانی..بوەتە هۆی سەرچاوەی هەژاری و بێکاری و نەبونی..بوەتە هۆی سەرچاوەی نا ئارامی و لەدەستدانی ئاسایشی نەتەوەیی..بوەتە هۆی سەرچاوەی سەرکوت و توندوتیژی و خوێن ڕشتن..بوەتە هۆی لە دەستدانی ئومێد و ئایندەی هاوڵاتیانی کوردستان..! کەواتە دەبێت خەڵکی کوردستان چ ڕیگایەک بۆ ڕزگاربون هەڵبژێرن..؟!
بۆ ڕزگاربونی هاوڵاتیان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، لەکاتی؛ هەم بەرگری و هەم هێرشدا، یان لە قۆناغی هەڵوەشاندنەوە و ڕووخاندندا، پێویستە ووردە جیاوازیەکانی خۆیان لەبیر بکەن..پێویستە خەیاڵ و خەونە تایبەت و دوورەکانیان لە بیر بکەن..پێویستە لە سەر خواست و ویستی ڕۆژانە و ئێستایان نزیک ببنەوە، وە پێداویستی‌یەکانی ژیان و ڕێز و بەها مرۆیی‌یەکان بکەنە بنەمای یەکبون و یەکهێزی خۆیان، تا بتوانن بە گشتی دژ بە دەستەڵاتدارانی نا عەدالەتی ئەمڕۆیان بوەستنەوە و ئەم حکومەت و دەسەڵاتە هەڵبوەشێننەوە و بگۆڕن…!
بەڵێ کاتێکدا دەسەڵات و حکومەتێک بەو شێوەی سەرەوە ئەم کۆمەڵگا بەڕێوە ببات، ئەوا هاوڵاتیانی بێبەش و بەشمەینەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە ئەرکێکی گشتی و هاوبەشە، تا بتوانن چارەیەکی هاوبەش بۆ ئازارەکانیان بدۆزنەوە، لە قۆناغی یەکەمدا، بۆ ڕووبەرووبونەوەی دەستەلات, هاوڵاتیان پێویستیان بە هیزی یەکگرتو و هاوبەشە..، پێویستیان بە بڕیاری تەواو و خۆ ئامادە کردنی گشتی‌یە.. پێویستیان بە چۆنیەتی شێوازی بەرەو ڕووبونەوەکانە، پێویستیان بە بەرزکردنەوەی داوا و داخوازی‌یە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵاتی‌یە گشتی و هاوبەشەکانە..وە پێویستیان بە خۆ ڕێکخستن و کۆکرنەوەی هێزی یەکگرتو هاوبەشی هەموو بزووتنەوە جیاوازەکانە..پێویستیان بە هەوڵدانە بۆ یەکخستن و رێککەوتن لە سەر وتار و پلان و بەرنامەی ئیداری هاوبەش، بەرامبەر بە هێزی دەستەڵات…..!
ئەوا بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژە، کە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان خرۆشاون و ڕۆژانە لە سەر شەقامن.. وە بە دەنگی بەرز هاوار بۆ داوا و داخوازی‌یەکانیان دەکەن و خوێنی بۆ دەڕێژن..ئەوا زۆر ئەستەمە بەبێ بەدەستهێنانی داخوازیەکان و ئامانجەکانمان بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە..! وەستانی خۆپیشاندانەکان و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، مانای شکست و ڕووخانمانە..مانای و بێئومێدی و خۆکوژیمانە..مانای لە دەستدانی هێز وئیرادەمانە بەرامبەر بە ماف و ئازادیە بە دەستهاتو بە دەستنەهاتوەکانمان..مانای مانەوە و درێژ کردنوەی هەمان دەستەڵات و حکومەتی گەندەڵ و ناعەدالەتی هەرێمی کوردستانە..وەستانمان لە خۆپیشاندانەکان بە مانای وەستانمانە لە گۆڕانکاریەکانی ژیان..!
بە کورتی وەستانمان لە خۆپیپشاندانەکان نەک هەر وەستانمانە لە جێگای خۆماندا، بەڵکو گەڕانەوەمانە بۆ دواوەوە..بۆ چەندەها ساڵی  پێش رۆژانی خۆپیشاندانەکان..!
بۆیە دەڵێم ئێمە دەبێت بەردەوام بین  لە خۆپیشاندانەکان..دەبێت هەموو شێوازەکانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی‌یەکان بەکار بهێنین تا بتوانین داخوازیەکان بەدەست بهێنین..دەبێت تەواوی توانا و هێزمان بەکاربهێنین، تا بتوانین ماف و ئازادیەکانی ئەم سەردەمەی ژیانمان بەدەستدێنین..تا بتوانین کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریەکانمان چارە دەکەین..تا بتوانین ئەم وڵاتە بکەینە ماڵی ئاسودەیی هاوبەش و گشتی، بۆ هەموان..!بەڵام ئەگەر دەستەڵات هیچ وەڵام و ئامادەیەکی نەبو بۆ جێبەجێکردنی داوا وداخوازیەکان ئەوکان پێویستە نەوەستین تا ئەم سیستەمە گەندەڵ و نا عەدالەتە هەڵدەوەشێنینەوە و دەگۆڕین…!

09.04.2011

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.