Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
با … کازم بیتوێنی

با … کازم بیتوێنی

Closed
by January 30, 2012 ئەدەب

” با ” شەنگە مامزێکی زیزە
بە ڕووتی بە بیابانەکانی تەنهایدا ڕادەکات
قومێک لە بۆنی ڕیحانەی هەڵمژیوەو
کەزییە ئاوییەکانی ئاڵۆزکاون
چاو بۆ پەڵە هەورێکی ئاڵتونی دەگێڕێ
تا بە چەند تنۆکێک باران دەستنوێژی نوێژێکی بشوات
“”   “”     “”

‘ با ‘ ش کراسێکی هەبوو لە غوبار
تەنک تەنک پڕ بوو لە گوڵی ڕەنگ زیوی
سپێدەیەک
لە تاڵێک تیشکی خۆر هاڵا
لەو ساتەوە ‘ با ‘ بوو بە یاخیێکی ڕووت
“”   “””    “”

باران ئەشکی چاوەکانی  ” با ” یە
کلووەبەفر  دڵۆپە شیری مەمکە شوشەییەکانێتی
گڤە گمەی کۆترێکی کێویلەیە  دەیڵێتەوە و
گەردەلولیش سەمایەکی مەستانەیە
“”   ”'”   “””

” با ” بە ڕووتی و
وەکو ڕێبوارێکی نامۆ
ڕوو دەکاتە کۆڵانە ووشکەکانی شار
لەشەرمانا  کراسێک لە خۆڵ لەبەردەکات
ئەو دەمانە بۆر دەچتەوە و
سیمای لە سوێسکەیەکی هەڵفڕیو دەچێت
”””    “”””   “”

” با ” سێبەری خۆی تەنیا لە دەریادا و
لە زیکری ئەو شەپۆلانەدا دەبینێتەوە
کە پولەکەی ماچ بۆ کەنارەکان هەڵدەدەن
“”   “”   “””

” با ” لە سێبەری باخچەیەکی گوناهباردا  پشوی نەدا
بەدەنگێکی  سپییەوە
ئایاتێکی لە سورەتی سەفەر خوێند و
هەڵیکردەوە سەفەری خۆی
“”   “””   “””

ماسییەکان لە چاوی ” با “دا  مەرگ دەبینن
بۆیە کە ” با ” ژوان لەگەڵ دەریادا دەگرێت
ئەوان هەڵدێن بۆ قوڵایی و
لەوێ خۆیان دەشارنەوە
“”   “””   “””

کە باران  دەریا ماچ  دەکات
بێشومار گوڵەکەفی سپی دەپوشکوێن
ئەودەمە ” با ”
پڕ بە باوەشی گوڵەکەفەکان کۆدەکاتەوە و
تەڕ تەڕ
گوێ بۆ ئەو گۆرانییە پەمەییانە دەگرێت
کە دەریاوانە مەستەکان دەیانچڕن!

“””  “””    “””
ئازاری ٩٩ چوارقوڕنە
”  ئەم شعرە لە ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی ژمارە ” ٣٠٥ ” دا بڵاوبۆتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.