Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بنەماکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی  …. فایەق سەعید

بنەماکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی …. فایەق سەعید

Closed
by October 15, 2009 گشتی

 

تاقیکردنەوەی نیشتیمانی لەبنەرەتدا یەکێکە لەشێوازە هاچەرخەکانی هەلسەنگاندنی خوێندکار و  تەنها بەمەبەستی ئەوە دانراوە بۆ ئەوەی قوتابخانەکان لەوە دلنیابن ئایا خوێندکاران لەزانستە بنەرەتییەکاندا برە زانستی تەواویان وەرگرتووە یا نا. هەر خوێندکارێک لەم تاقیکردنەوەیەدا دەرنەچوو قوتابخانەکەی یەکسەر ئیجرائاتی بەپەلە وەدەگرێت کەبریتیە لەدارشتنی پلانێک بۆ یارمەتی ئەو خوێندکارە بەهاوکاری قوتابخانەو مالەوەش. ئەگەرچی وەزارەتی پەروەردە بۆ زیاتر لەدوو ساڵ دەشێت باسی یارمەتیدانی خوێندکارە لاوازەکان دەکات بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی بەو کارە نەکردووەو پێناچێت هیچ جۆرە میکانیزمێکی بۆ ئەو کارە دارشتبێت. لەلایەکی دیکەوە ئەوەی قوتابخانەکانی ئێمە لەولاتە هاوچەرخەکان جیا دەکاتەوە دوو خالی بنەرەتیە کەلەراستیدا بەر لەم تاقیکردنەوەیە کاریان تێداکراوەو پیادەی کراون، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەئێمە ناتوانین ئەم تاقیکردنەوەیە بکەین. یەکەمیان پلانی فێرکارییە، واتە پلانی ئاسایی نا بەلکو (Curriculum) کەرۆلی دەستور لەبواری پەروەردەدا دەگێرێت و ئێمە بەهیچ شێوەیەک باسمان نەکردووە. بەکورتی ئەم پلانە جۆرە تاقیکردنەوەیەک یا گۆرانکارییەک نیە کەئەم یا ئەو قوتابخانە بەدلی نەبێت یا ببێت. ئەمە بنەمایەکی تیۆری پوخت بۆ پەروەردە دەرەخسێنێت و بەرچاو روونیەک دەبەخشێتە قوتابخانەکان کەچۆن کار بکەن و لەسەر چ بنەمایەک پلان دابرێژن. لەهەر بوارێکیشدا قوتابخانەکان یا وەزارەت بیەوێت گۆرانکاری بکات یا هەنگاوێکی نوێ بنێت دەبێ بۆ ئەو پلانە بگەرێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت لەگەلیدا دەگونجێت یا نا. خالی دووەم پلانی وانەکانە کەلەبەر رۆشنایی ئەو پلانەی یەکەمدا دادەرێژرێت و بەشێکی بریتیە لەدیاریکردنی ئامانجەکان. بەپێی ئەو پلانە بۆ هەموو وانەیەک و پۆلێک چەند ئامانجێک دیاری کراوە کەدەبێ خوێندکار بیزانێت ئیدی نیوەی کتێب دەخوێنێت یا زیاتر ئەوە گرینگ نیە. ئەم دوو خالە من زیاتر لەجارێک هەولم داوە کاری لەسەر بکەین بەڵام لەبەر هەر هۆیەک بێت بۆ تاقە جارێکیش لەوەزارەت باس نەکراوە. ئەم دوو پلانە ئازادییەکی فروان، بنەمایەکی تیۆری و عەمەلی و بەرچاو روونیەکی زۆر بۆ مامۆستایان و خوێندکارانیش دابین دەکات و کۆمەلێ عەیبی وەک تەواوکردنی مەنهەجیان قەرەبوو دەکاتەوە، کەبۆتە بارگرانیەک بۆ مامۆستاکان و خوێندکاری شپرزە کردووەو یەکێکە لەو مەرجانەی کەسەرپەرشتیاران بۆ زرنگی مامۆستاکانیان داناوە، ئەمە لەکاتێکدا کەهیچ سودێکی نیە.
تاقیکردنەوەی نیشتیمانی لەبەر رۆشنایی پلانی فێرکاری هاتە ئاراوەو وەکو ئامرازێکی هاوچەرخ بۆ یارمەتیدانی قوتابخانەکان پیادەکرا. ئەم تاقیکردنەوەیە  مەرجە لەزانستە  بنەرەتیەکانی بیرکاری، ئینگلیزی و زمانی ئەو ولاتە خۆیدا بکرێت. هەندێ ولات بەدەر لەمانەش هەندێک جار بەپێی قۆناغەکانی خوێندن وانەی دیکەشی دەخەنە پال.  لەبەر ئەوەی بەرێوبەر بەرپرسیاری سەرەکیە لەوەی خوێندکاران زانستی تەواو وەربگرن، بۆیە پێویستیان بەم تاقیکردنەوەیە هەبوو. لێرەدا بیرم لەوە کردەوە کەهەندێک خال لەسیستمە جیاوازەکانی جیهانەوە وەربگرم کەتیایدا باسیان لەمەبەست لەتاقیکردنەوەی نیشتیمانی کردووە. بەڵام لەبەر ئەوەی لەژمارەی (189) ئاوێنەدا مامۆستا باپیر باسی ئەوەی کردبوو ئەمە لەسیستمی سویدیەوە وەرگیراوە بۆیە پێم باش بوو هەندێک خال لەسیستمی سویدییەوە وەربگرم کەبەرای خۆم  لەهەمان کاتدا خالی هاوبەشن لەنێوان زوربەی سیستمە ئەوروپاییانەدا. سیستمی سویدی مەبەستەکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بەم جۆرە باسکردووە. مەبەست لەتاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەوەیە ئامانجەکانی خوێندن روونتر بکاتەوە، ئەو ئامانجانە بەشێوەیەکی کۆنکریت بخاتە روو، خوێندکار بتوانێت ئامانجەکانی خوێندن بپێکێت، لایەنە بەهێزو لاوازەکانی خوێندکار دەر بخات،  پشتیوانیکردن لەسیستمێکی دادپەروەرانەتر بۆ هەلسەنگاندن و دانانی دەرەجە، بەکارهێنانی وەلامی خوێندکارەکان بۆ کاری توێژینەوەو ئەنالیزکردن لەسەر ئاستی ولات وئاستی قوتابخانەکانیش، هەروەها مەبەست لەم تاقیکردنەوەیە دانانی دەرەجە نیە، هەروەها لەبەر ئەوەی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئامرازێکی هەلسەنگاندنە بۆیە ناکرێت وەکو نمرەی وەرزی دووەم یا سێیەم یا هەر جۆرە نمرەیەک مامەلەی لەگەلدا بکرێت.
لەسیستمی کوردستاندا تاوەکو ئێستا هەندێک خال بەناروونی ماوەتەوەو ئەمەش قوتابخانەکانی زۆر نیگەران کردووە. ئەگەر ئەوەشی بخەینە پال کەقوتابخانەکان دژی لابردن و کەمکردنەوەی تاقیکردنەوەکانن و لەگەل سیستمی بێتاقیکردنەوە رانەهاتوون و نازانن کاری پێبکەن ئەوە باشتر لەو نیگەرانیە تێدەگەین. تاوەکو ئێستاش ئەوە روون نیە بۆ خوێندکارێک لەم تاقیکردنەوەی دەرنەچێت بۆی نیە لەتاقیکردنەوەی پۆلێکی بەرزتردا بەشداری بکات؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم تاقیکردنەوەیە سەنگی مەحەکە بۆ دەرچوون  یا دەرنەچوون. لەم بوارەدا رەنگە شتێکی بەسود بێت تێروانینی قوتابخانە ئەوروپاییەکان بخەمەروو. لەبەر ئەوەی ئەم تاقیکردنەوەیە ئامرازێکی هەلسەنگاندنە بۆیە ئەگەر خوێندکارێک لەیەک (یا رەنگە لەهەندێ حالەتدا لەدوو وانەش) دەرنەچێت ئەوە لەبری کەوتن بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.  ئەم بەدواداچوونە بریتیە لەوەی بۆ ئەو خوێندکارە دەرنەچووە؟ لەکوێدا لاوازەو لەکوێدا بەهێزە؟ بەرێوبەر لەرێگەی مامۆستاکانەوە بەرپرسە لەوەی پلانێک  بۆ ئەوە خوێندکارە دابرێژێت بۆ ئەوەی لەو خالانەدا زیرەک بێتەوەو ئامانجەکان بپێکێت. بۆ نموونە خوێندکارێک لەبیرکاری لەرێژەی سەدی و رووبەردا خراپەو لەوانی دیکەدا باشە. لەو پلانەدا دەبێ ئەوە روون بکرێتەوە کەکێ یارمەتی ئەو خوێندکارە دەدات بۆ ئەوەی لەم دوو بابەتەدا بەهێز بێت؟ مالەوە دەبێ چی بکات و قوتابخانە دەبێ چی بکات؟ بەڵام ئەگەر خوێندکارێک لەهەموو وانەکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی  دەرنەچوو ئەوە مانای وایە ئەم خوێندکارە نوقسانیەکی مەعریفی زۆری هەیەو باشتر وایە دوای راوێژکردنی هەمو لایەک سالێک بمێنێتەوە. لەم حالەتەدا مانەوە شتێکی پۆزەتیڤە نەک نێگەتیڤ.  ئەمەش هیچ لەوە ناگۆرێت کەتاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئامرازێگی هەلسەنگاندنەو نابێت وەکو پێوەری مانەوە یا دەرچوون بەکار بێت. لەهەفتەی داهاتوودا باسی تاقیکردنەوەی ولاتانی دیکە دەکەین

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.