به‌خێر بێن بۆ دایکمانسکه بیبلییوتێک!
به‌خێر بێن بۆ گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی کولتووری شاری ئۆسلۆ
کتێبخانه‌ی ناوه‌ندیی شاری ئۆسلۆ Deichmanske hoved bibliotek, گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی کولتوورییه که که‌وتۆته چه‌قی شاره‌که و له هه‌مانکاتیشکدا به کۆنترین کتێبخانه‌ی گه‌ل ده‌ناسرێ. ئه‌م ناوه‌نده کولتوورییه دابه‌ش بووه به سه‌ر 16 لقی جۆراوجۆردا که له سه‌رانسه‌ری شاری ئۆسلۆ و له گه‌ڕه‌که‌کانی شاردا هه‌موو رۆژێ بۆ دانی خزمه‌تگوزاری به هاووڵاتیانی شاره‌که کراوه‌ن. فره چه‌شنی سیستمی کتێبخانه‌که وای کردووه که ژماره‌یه‌کی زۆر له کولتووره زیندووه‌کانی دونیا قه‌فه‌سی کتێبی خۆیان هه‌بێ. سه‌رجه‌می ئه‌و به‌شانه‌ی له سیستمی کتێبخانه‌که‌دا هه‌ن سه‌ر به به‌شی سه‌ره‌کی کتێبخانه‌که‌ن که له ئاپارتمانێکی سه‌وزی چه‌ند نهۆمی و له مێژینه‌دا جێی گرتووه..
ناوه‌ندی کولتووری دایکمان Deichmann له شاری ئۆسلۆ شوێنی گردبوونه‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران کتێبخوێن و خولیای بینینی به‌رهه‌مه کولتورییه‌کانه وله هه‌ر تاکی ئه‌هلی کتێبه‌وه بگره تا ئۆرگانیزاسیونه ره‌سمییه‌کان، ناوه‌نده‌کانی فێرکردن و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیی پڕۆژه په‌ره‌وه‌رده‌ییه‌کان پێداویستییه‌کانی خۆیان له‌م کتێبخانه‌یه‌دا دابین ده‌که‌ن.
بۆ خوێنه‌ری کورد له کوردستان گرینگه له جووله‌ی کولتوری له شاره که‌م حه‌شیمه‌ته تێ بگا. به پێی ئاماری ره‌سمی که له ماڵپه‌ڕی سه‌ره‌کی ناوه‌نده‌که‌دا دانراوه:
1. ساڵانه زیاتر له 2.5 ملیون بلاوکراوه‌ی کولتوری ( کتێب، گۆڤار، فیلم، سی دێ و هتد) به ئه‌مانه‌ت ده‌برێ.
2. زیاتر له 260 فه‌رمانبه‌ر به سه‌ر 16 لقی ناوه‌نده‌که له سه‌رانسه‌ری شاری ئۆسلۆدا دابه‌ش بوون.
3. زیاتر له 8 هه‌زار که‌س رۆژانه سه‌ردانی ناوه‌نده‌که ده‌که‌ن.
4. زیاتر له 13 هه‌زار DVD به ئه‌مانه‌ت ده‌بردرێ.
5. کتێب و باقی بلاوکراوه‌کان به زیاتر له 40 زمانی زیندووی دونیا له‌م ناوه‌نده‌دا ده‌ست ئه‌که‌ون.
6. 90 رۆژنامه‌ی جیاواز و 490 گۆڤاری کولتوری، سیاسی، زانستی و هونه‌ریی سه‌رانسه‌ری دونیا له‌م ناوه‌نده‌دا ده‌ست ده‌که‌ون.
ناوه‌ندی کو‌لتووریی دایکمان گه‌وره‌ترین و کۆنترین کتێبخانه‌ی گشتیی وڵاتی نۆروێژه. ئه‌م کتێبخانه‌یه له ساڵی 1785 دا کراوه‌ته‌وه. به‌ردی بناخه‌ی ئه‌م کتێبخانه‌یه له لایه‌ن کارل دایکمان 1705-1780 ه‌وه دانراوه. ناوبراو یه‌که‌م که‌س بووه که له رێگای کۆکردنه‌وه‌ی کتێب و ده‌ستنووسه‌کانه‌وه هه‌یکه‌لێکی بچووکی بۆ کتێبخانه‌ی نۆرویژی دروست کرد که ئه‌مڕۆ پاش 227 ساڵ بۆته گه‌وره‌ترین کتێبخانه له سه‌رانسه‌ری ئه‌م وڵاته‌دا و به یه‌کێک له زیندووترین دامه‌زراوه کولتوورییه‌کانی سکاندیناڤیا و ئۆرووپا به حسێب دێت. *
http://www.deichmanske-bibliotek.oslo.kommune.no/om_oss/article162085391.html*
ساڵی 1780 کارل دایکمان سه‌رجه‌می کتێبخانه شه‌خسییه‌که‌ی خۆی که نزیک به 6000 دانه ده‌بوون وه‌ک میرات بۆ دانیشتوانی شاری کریستیانیا ( ئۆسلۆ) به جێ هێشت. ئه‌م کۆگا کتێبه وێڕای چه‌ندین دیار‌یی بچووکی دیکه بوو به یه‌که‌مین به‌ردی بناخه‌ی دامه‌زراندنی کتێبخانه‌ی فه‌رمی شاری کریستیانیا. کتێبخانه‌که ناوی کارل دایکمانی به سه‌ردا بڕا و به‌مجۆره له‌و سه‌رده‌مه‌وه تاکوو ئێستا به چالاکترین ناوه‌ندی کولتوری نۆ‌رویژ ده‌ناسرێ. خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته عێشقێکی تایبه‌تیان بۆ مێژوو و میراته کولتوورییه‌کانی خۆیان هه‌یه و ده‌کرێ بڵێین ئه‌م وڵاته باریکه ده‌روونێکی گه‌وره‌ی بۆ پاراستنی میراتی کولتووری خۆی هه‌یه.
له سه‌رده‌می رۆشنگه‌ریدا کارێکی ئاسایی بووه که کتیبخانه‌یه‌کی شه‌خسی به میرات بۆ ناوه‌ندێکی فه‌رمی به‌جێ بمێنێ، چونکه قازانجی گشتی به‌شێک له خولیای ئه‌هلی کتێب بووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ند کتێبخانه‌یه‌ک له شاره‌که‌دا هه‌بوون که کتێبیان به قه‌رز ده‌دا، به‌ڵام له حه‌قی ئه‌ندامه‌تی و پاره‌ی به قه‌رابردنی کتێب له توانای زۆر که‌س دا نه‌بووه. واته ئه‌گه‌رچی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی که بۆ حه‌قی ئه‌ندامه‌تی و به قه‌رزبردنی کتێب دیاری کرابوو، زۆر نه‌بوو، به‌ڵام به سه‌رنجدان به هه‌ژاری خه‌ڵکی شاره‌که توانای به ئه‌ندامبوون و کتێب به قه‌رزبردن له ئاستێكی خواره‌وه‌دا بووه.
کێیبخانه‌ی دایکمانسکه بیبلیوتێک بۆ یه‌که‌مجار له رۆژی 12ی ژانویری ساڵی 1785 بۆ یه‌که‌مجار ده‌رگه‌ی به رووی خه‌ڵکدا کرده‌وه. بێ گومان به پێجه‌وانه‌ی سه‌ده‌ی 18هه‌م که دۆخی گشتی کتێبخانه و ئاستی پێشوازیلێکردنی باش بووه، به‌ڵام دوای ئه‌و ده‌وره‌یه کتێبخانه‌که له کزی داوه و خه‌ڵک و هاووڵاتیانی شاره‌که زیاتر که‌ڵکیان له کتێبخانه شه‌خسییه‌کان وه‌رگرتووه ده‌نا دوو ده‌یه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م قۆناغێکی سه‌رکه‌وتوو بووه بۆ کاری کتێبخانه‌که و زۆربه‌ی قه‌رزوه‌رگرانی کتێب سه‌ر به چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ بوون. به‌ڵام سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19 کاراکتێری گشتیی کتێبخانه‌که له کزی داوه. واته پێشوازییه‌کی ئه‌وتۆی لێ نه‌کراوه.
لێره‌دا به پێی ئه‌م نمووداره رێژه‌ی ده‌رچوونی کتێب له کتێبخانه‌که و ئاستی پێشوازیکردن له ماوه‌ی 4 ساڵ دا نیشان دراوه و به‌م پێیه هه‌ڵکشانێکی باش به‌رچاو ئه‌که‌وێ.
http://www.deichmanske-bibliotek.oslo.kommune.no/om_oss/statistikk/
کتێبخانه‌ی گشتی دایکمانسکه بیبلیوتێک به سه‌ر جه‌ندین به‌شی جۆراوجۆردا دابه‌ش کراوه که هه‌رکام له به‌شه‌کان به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی و بودجه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه:
. به‌شی سه‌ره‌کی کتێبخانه‌که: به به‌شی گه‌وره ساڵان ناسراوه. له‌م به‌شه‌دا که زۆرترین رێژه‌ی خوێنه‌ر رووی تێ ده‌که‌ن، دوو ساڵۆنی گه‌روه‌ی کتێبخوێندنه‌وه هه‌یه که هه‌موو رۆژێ جگه له رۆژانی یه‌کشه‌مه به رووی خه‌ڵکدا کراوه‌یه. له‌و به‌شه‌دا جگه له کتێبه نۆروێژه‌ییه‌کان که به سه‌ر چه‌ندنین ره‌گه‌زی وه‌ک فه‌لسه‌فه، مێژوو، ئه‌ده‌ب، زانست و هتد دا دابه‌ش كراون، باقی زمانه‌کان خاوه‌ن قه‌فه‌سی کتێب خۆیانن و رۆژانه خه‌ڵکێکی زۆر بۆ خوێندنه‌وه و به قه‌رزوه‌رگرتن روویان تێ ده‌که‌ن. هه‌ر زمانێک به پێی ژماره‌ی کتێبه‌کانی قه‌فه‌سی گه‌وره و بچووکی بۆ دابین کراوه، بۆ وێنه زمانی رووسی به گه‌وره‌ترین قه‌فه‌سی کتێب له ناو ریزی زمانه بێگانه‌کان دا ده‌ناسرێ و له چاو باقی زمانه‌کانی دیکه زۆرترین رێژه‌ی به‌ئه‌مانه‌تبردن له خۆ ده‌گرێ. ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌م به‌شه له زمانه بێگانه‌کان به نموونه وه‌ربگرین ده‌توانین وێنه‌یه‌کی ته‌واو له چۆنییه‌تی دابه‌شکردنی قه‌فه‌سه‌ی کتێبه‌کان بده‌ین به ده‌سته‌وه. له‌م به‌شه‌دا کتێبه‌کان به سه‌ر چه‌ندین جۆری دابه‌شکردنی وه‌ک کتێبی گویگرتن، ئانتۆلۆژیای شێعری، ، شیعر، ئانتۆلۆژیای شانۆیی، شانۆنامه، کتێبی ئاسانخوێن، کتێبی قه‌باره گه‌وره، ( مجلد)، ئه‌بیاتی داستانی ( رۆمان، نۆڤێلیت و کورته چیرۆک)، ئه‌ده‌بیات ( زمان، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، تیۆری ئه‌ده‌ب و هتد) زانست ولێکۆڵینه‌وه (سایکۆلۆژیا، کۆمه‌ڵناسی، مێژوو، په‌روه‌رده و هتد) و کتێبی قه‌باره گه‌وره و هتد.
له به‌شی گه‌وره ساڵاندا به‌شی فیلمی سینمایی ( هونه‌ری)، فیلمی دیکۆمنتار و هتد. به‌شی گۆڤار و رۆژنامه‌کان، به‌شی کتێبی گوێگرتن دابین کراوه.
به‌شی موزیک که به‌شێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه و له به‌رهه‌مه هه‌ره کۆنه‌کانی موزیکی نۆروێژی و سکاندیناڤیاوه بگره تا شاکاره هونه‌رییه‌کانی ئۆرووپا و جیهان به‌ر ده‌ست ده‌که‌وێ.
دوو سالۆنی گه‌وره بۆ کۆڕ و سمینار، سینمایه‌کی بچووک بۆ نمایشی فیلمی منداڵان و هه‌ندێ فیلمی جاریش نمایشی فیلم بۆ به‌شدارانی گه‌وره‌ساڵی کۆرسی زمانی نۆروێژێ.
چه‌ندین مه‌خزه‌نی گه‌وره‌ی کتێب که به نرخترین کتێبه ده‌سنووس و چاپکراوه کۆنه‌کانی تێدا به‌دی ده‌کرێ. و هه‌روه‌ها به‌شی ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان که سه‌رووی 80% ی له ژنان پێک هاتووه.
خاڵیکی گرینگ که له پلانی ساڵانه‌ی به‌شه جواروجۆره‌کانی کتێبخانه‌که‌دا ره‌چاو ده‌کرێ گرنگیدانه به ئه‌به‌یاتی ژنان. به‌و پێیه ئه‌ده‌بی ژنان قورساییه‌کی گه‌وره‌ی له کتێبخانه‌که‌دا هه‌یه و له ریزبه‌ندی کتێبه‌کاندا ( به هه‌موو زمانه‌کان) رۆشنبیری ژنان و بواره‌کانی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به ژنان جێگه‌ی بایه‌خ و سه‌رنجێکی زۆره. تێگه‌یشتنێکی باش له جیهانی رۆشنبیری نۆروێژیدا به‌رانبه‌ر به ئه‌دبی ژنان و جیهانی بیرکردنه‌وه‌ی ژنان له ئارادایه که ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی له ناو سیسته‌می کاری کتێبخانه‌کدا هه‌یه و هه‌ر به‌و پییه‌ش رێژه‌یه‌کی به‌رچاو و ره‌نگه بلێێن به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌مانه‌تبه‌رانی کتێب له ژنان و کچان پێک دێت.
خالێکی گرینگی دیکه ئه‌وه‌یه که ئه‌م کتێبخانه‌یه به‌شی زۆری خزمه‌تگوزارییه‌کانی به شیوه‌ی خۆڕایی بۆ خه‌ڵک دابین کردووه و هه‌ر که‌س له هه‌ر شوێنێکی نۆروێژه‌وه به مه‌رجی هه‌بوونی کارتی نیشتمانی به ئه‌مانتبردنی کتێب ده‌توانێ کتێب و باقی بلاکراوه هونه‌ری و زانستییه‌کان و هتد بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری کراو قه‌رز بکا. هه‌موو ئه‌ندامێک به شێوه‌ی ئه‌له‌کترۆنی له پێگه‌ی ئینترنێتی کتێبخانه‌که‌دا ستاتۆیه‌کی بۆ خۆی هه‌یه، یان ده‌توانێ له رێگه‌ی چه‌ند ژماره ته‌له‌فۆنێکه‌وه پێوه‌ندی به هه‌رکام له به‌شه‌کانه‌وه بکا و یارمه‌تی وزانیاری پێویست ده‌ست بخا.
ریستورانت و کافه. له قاتی سێهه‌می کتێبخانه‌که‌دا کافه‌تریایه‌کی بچووک بۆ کارمه‌نده‌کان و خه‌ڵکی سه‌ردانکه‌ری رۆژانه‌ی کتێبخانه‌که کراوه‌ته‌وه که هه‌موو رۆژێکی کاری کراوه‌یه و ئیمکانی ئه‌وه ده‌دا به خوێنه‌ر یان کارمه‌ندی کتێبخانه‌که که قاوه‌توون یان به‌رشامێک خۆی میوان بکا.
کتێبخانه‌ی منداڵان و لاوان
دایکمانسکه بیبلیوتێک به‌شێکی بۆ دنیای منداڵان و گه‌نجان کردۆته‌وه که به Unge DEICHMANناسراوه. له‌م به‌شه‌دا به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک له هه‌موو زمانه‌کان کتێب و به‌رهه‌می هونه‌ری له قه‌فه‌سه‌کاندا چنراوه تا منداڵان و مێرمندالان بتوانن به ره‌غبه‌تی زیاتره‌وه روو له‌و شوێنه بکه‌ن. به‌شی ئه‌ده‌بی منداڵان له‌م به‌شه‌دا گرنیگییه‌کی تایبه‌تی پێ دراوه و هه‌وڵ دراوه تازه‌ترین به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بی و زانستییه‌کانی پێوه‌ندیدار به منداڵان له‌م به‌شه‌دا دابین بکرێ. ئه‌م شوێنه هانده‌رێکی باشه بۆ منداڵی ساوای ره‌وزه‌کان و قوتابیانی کچ وکوڕی قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان گه‌نجانی قۆناغی ناوه‌ندی و دایک وباوکان تا یه‌کتر بناسن و له‌گه‌ڵ دنیای ره‌نگاوره‌نگی کتێب و فیلم و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان ئاشنا بن. رۆژانه له ره‌وزه و قوتابخانه‌کانه‌وه پۆل پۆل منداڵی ئه‌م شاره سه‌ردانی ئه‌م به‌شه ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ دنیای کتێب و فیلم و ئه‌ده‌بی منداڵان ئاشنا ده‌بن. له پڕۆگرامی ساڵانه‌ی کتێبخانه‌ی منداڵان دا زۆر فستیواڵی هونه‌ری، فیلم، شانۆ و موزیک و دانس نمایش ده‌کرێ و به کورتی له رێگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کولتوری منداڵه‌وه بنه‌ماکولتورییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێ. واته کولتوری ئه‌م وڵاته هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌تکاته دۆستی کتێب و خولیای جیهانی فانتازیا.
…..
کتێبخانه‌ی فره زمانی ( زمانه بێگانه‌کان)
به‌شی فره زمانی کتێبخانه‌ی گشتی ئۆسلۆ ناوه‌ندێکی شیاوه و خاوه‌ن سه‌لاحییه‌ته بۆ دانی خزمه‌تگوزاری به زمانه که‌مینه‌کان له وڵاتی نۆروێژدا. له‌م ناوه‌نده‌دا راوێژکارانی به‌شه‌که سه‌رقاڵن به کڕینی کتێب و به‌رهه‌مه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی دیکه‌وه، تا به قه‌رزدان و وه‌رگرتنه‌وه و راپه‌ڕاندنی رۆتینه‌کانی کاری رۆژانه بۆ 44 زمانی زیندووی دونیا. به‌شی فره زمانی له پێناو پێکه‌وه‌نانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی فره کولتوریدا کار ده‌کا.
له ساڵی 1960 دا کاتێک هێزی کار له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه رووی له نۆروێژ کرد، کتێبخانه‌ی گشتی ده‌سبه‌جێ که‌وته خۆ که پێویستیه کولتورییه‌کانی ئه‌و هیزه مرۆییه بیانییه له ئۆسلۆدا دابین بکا. سه‌ره‌کیترین به‌شی ئه‌و هێزه له پاکستانییه‌کان پێک هاتبوو، هه‌ر بۆیه له ساڵی 1970دا یه‌که‌مین وه‌جبه‌ی کتێبی بیانی به زمانی ئوردوو دابین کرا. ئیتر به‌ره به‌ره گروپه ئه‌تنیکییه‌کانی دیکه‌ش پێیان کرایه‌وه و هاتنه نێو وڵاته‌وه و خوازیارانی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه تورکی و عه‌ره‌بی و هتد هاتنه ریزه‌وه.
له شار و پارێزگاکانی دیکه نۆروێژیشدا رێژه‌ی به ئه‌مانه‌تبردنی کتێب و بڵاو کراوه به زمانه بیانییه‌کان روو له زیادبوونه، هه‌ر بۆیه کتێبخانه‌ی گشتی ئه‌رکێکی نیشتمانی له سه‌ره بۆ دانی ئاسانکاری بۆ زمانه بیانییه‌کان و هه‌ر له‌م راستایه‌شدا ده‌وڵه‌ت له ساڵی 1975ه‌وه به‌شێک له بوودجه‌ی ساڵانه‌ی ته‌رخان کردووه بۆ ئه‌م بواره. ئاسانکارییه‌کانی کتێبخانه‌که زۆر زوو گشتگیر و جێی سه‌رنج بوو و مه‌لزووماتی شیاوبوون و به‌رفراوانبوونی بازنه‌ی کار و چالاکییه‌کان پێویستی به رێکخستنه‌وه‌ی سه‌ر له نوێی کاره‌کان بوو، هه‌ر بۆیه له ساڵی 1983دا کتیبخانه‌ی گشتی ”لقی ئه‌ده‌بیاتی بێگانه”ی کرده‌وه.
ساڵی 1996 ئه‌م به‌شه ناوی گۆڕا بۆ ” کتێبخانه‌ی فره زمانی” Det flerspråklige bibliotek (DFB) وه‌ک کتێبخانه‌یه‌کی نیشتمانی و شیاو ده‌ستی به کار کرد. ئه‌م کتیبخانه‌یه ئه‌مڕۆ له نێو قه‌واره‌ی کتێبخانه‌ی گشتی دایکمان دا جێی گرتووه. کتێبخانه‌ی فره زمانی سێ ئامانج یان سێ ستراتژیی سه‌ره‌کی دابین ده‌کا:
• پسپۆڕی و رێنماییدان بۆ کتێبخانه‌ی فره کولتوری، دانی خزمه‌تگوزاری بۆ که‌مپه‌کانی کۆچبه‌ران، بیانییه‌کان و په‌نابه‌ران.
• کڕین، به‌شی کاتالۆگ بۆ ئه‌ده‌بیات و بڵاوکراوه‌کانی دیکه‌ی سه‌ر به زمانه جۆراوجۆره‌کان.
• ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ به ئه‌مانه‌تدانی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان و بڵاوکراوه‌کانی دیکه بۆ کۆچبه‌ران، بیانییه‌کان و په‌نابه‌ران.
لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کان به کتێبخانه‌ی فره زمانی
کتێبخانه‌ی فره زمانی له پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ:
پارێزگاکانی نۆروێژ، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و قوتابخانه‌کان، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌نسیتۆته فه‌رمییه‌کان، بۆ نموونه، نه‌خۆشخانه‌کان و زیندانه‌کان.
ئه‌و که‌سانه که که به یه‌ک له زمانه بێگانه‌کان قسه ده‌که‌ن ( واته زمانی زگماکیان) و هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ی که خوازیارن فێری یه‌کێک له‌و زمانانه بن که له ریزبه‌ندی زمانه‌کانی کتێبخانه‌دا تۆمار کراون.
به‌شی زمانی کوردی
به‌شی زمانی کوردی ( سۆرانی / کورمانجی) له کتێبخانه‌که‌دا له سه‌ره‌تاکانی 1990ه‌وه کرایه‌وه. ئه‌م به‌شه ئه‌رکی کڕین و دابینکردنی کتێبی کوردی له ئه‌ستۆیه و له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌مڕۆ به پێی بوودجه‌ی ساڵانه که بۆی دیاری ده‌کرێ پلانی کاری یه‌کساڵه‌ی خۆی داده‌رێژی و رێژه‌یه‌کی نوێ له کتێبی تازه چاپکراو بۆ به‌شه‌که دابین ده‌کا. به سه‌رنجدان به‌وه‌ی که زمانی کوردی زه‌مه‌نێکی زۆر نییه له به‌شی زمانه بێگانه‌کاندا جێی بۆ خۆی کردۆته‌وه، به‌ڵام به هۆی چوونه سه‌ری رێژه‌ی کوردانی دانیشتووی نۆروێژ به گشتی و شاری ئۆسلۆ به تایبه‌تی رێژه‌ی خوێنه‌ری کوردیش به هه‌ر دوو زاراوه‌که زیادی کردوه و به پێی ئاماری ره‌سمی به‌شه‌که کوردی دانیشتووی ئه‌م وڵاته پێشوازییه‌کی تاراده‌یه‌ک باشیان له‌م به‌شی کوردی کتێتبخانه‌که کردووه. هه‌ڵبه‌ت ئێستا که‌مێک له کزی داوه که هیوادارین به‌رو به‌رزبوونه‌وه بڕوات. جێگای ئاماژه‌یه که کوردی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌شی زۆری ئه‌وانه وه‌ک کورد ناویان له UDI تۆمار نه‌کراوه، ئێمه ناتوانین به ده‌قیقی بلێین که رێژه‌ی کوردانی نۆروێژه چه‌نده‌یه. شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌کرێ که خۆی له 10 تا 15 هه‌زار که‌س بدا. به‌شی زۆری ئه‌وانه کوردی ئێران و عێراقن و هه‌ر بۆیه زیاتر به زمانی فارسی و عه‌ره‌بی ده‌خوێننه‌وه. رێژه‌یه‌کی که‌میش توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه به دیالیکتی سۆرانی و ئه‌لفابێتی عه‌ره‌بی بخوێننه‌و، رێژه‌ی ئه‌م خوێنه‌رانه له کوردی کورمانجی خوێن زیاتره و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش له به‌شی کوردی کتێبخانه‌که‌دا کتێب و بڵاوکراوه به زاروه‌ی سۆرانی زیاتره له زاراوه‌ی کورمانجی. قه‌فه‌سه‌ی کتێبی کورمانجی به هه‌ردوو ئه‌لفابێتی عه‌ره‌بی و لاتینی له ته‌نیشت یه‌که‌وه دانراون، و کاتێک کتێبخانه‌کانی دیکه، ئه‌نستیتۆکان و قوتابخانه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کۆمۆنه‌ی ئۆسلۆ به جومله کتێب به ئه‌مانه‌ت ده‌به‌ن، بۆ به‌شی کوردی له هه‌ردوو زاراوه‌که و هه‌ردوو ئه‌لفابێته‌که که‌ڵک وه‌رده‌گێردرێ، له به‌شی کوردی کورمانجیدا کتێبی کوردی لاتینی زیاتره. واته کتێبی کورمانجی به ئه‌لفابێتی لاتینی له کتێبی کورمانجی به ئه‌لفابێتی عه‌ره‌بی ( لێره به بادینی ناسراوه) زیاتره و ئه‌مه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌یه که رێژه‌ی لاتینی خوێن له‌رێژه‌ی بادینی خوێنه‌کان زیاترن.
زمانی کوردی له وڵاتی نۆروێژه به دوو زاراوه‌ی سۆرانی و کورمانجییه‌وه ناسراوه و له راستیدا ئه‌م دوو زاراوه له ناو سیسته‌می کتێبخانه‌ی دایکمانسکه‌دا وه‌ک دوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کی زمانی کوردی به ره‌سمی ناسراون. کوردستانی خواروو ( به‌شی خوارووی باشووری کوردستان) و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ( به‌شی خوارووی) به زاراوه‌ی سۆرانی و ئه‌لفابێتی عه‌ره‌بی ده‌خوێننه‌وه. ئه‌مه له حالێکدایه که سه‌رووی کوردستان ( سه‌رجه‌می کوردستانی باکوور) به زاراوه‌ی کورمانجی و ئه‌لفابێتی لاتینی ده‌خوێننه‌وه، و له هه‌مانکاتدا کورده‌کانی سوریه، به‌شی سه‌رووی کوردستانی باشوور و رۆژهه‌لات به ئه‌لفابێتی عه‌ره‌بی و زاراوه‌ی کورمانجی ده‌خوێننه‌وه. یانی له راستیدا له به‌شی کوردی کتێبخانه‌که‌دا دوو زاراوه و دوو ئه‌لفابێتی جیاواز هه‌یه. لێره‌دا ئه‌و به‌شه له کوردستان که به زاراوه‌ی کورمانجی و ئه‌لفابێتی عه‌ره‌بی ده‌خوێێنه‌وه پێیان ده‌وترێ بادینی. بۆیه کوردی کورمانجی لاتینی و کورمانجی – بادینی هه‌یه.
له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی کتێبخانه‌ی فره زمانی‌دا لیسته‌ی سه‌رجه‌می ئه‌و زمانه بێگانانه‌ی که قه‌فه‌سه‌ی کتێبیان هه‌یه به‌رچاو ده‌که‌وێ. ئه‌وه‌ی خوازیاره ئاگاداری ستاتۆی هه‌رکام له زمانه‌کان بێ، ده‌توانێ سه‌ردانی ماڵپه‌ره‌که بکا و له سه‌ر هه‌رکام له زمانه‌کان کرته بکا، به ئاسانی ده‌توانێ زانیاری ته‌واو له سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی بڵاوکراوه‌کان به ده‌ست بێنێ. بۆ وێنه له به‌شی زمانی کوردی‌دا به‌شی کتێبی گه‌وره سالان، کتێبی منداڵان، فیلم و موزیکی گه‌روه ساڵان و فیلم و موزیکی منداڵان ده‌بێنێ.
ئه‌مه کورته‌یه‌ک بوو ده‌رباره‌ی کتێبخانه‌ی گشتی شاری ئۆسلۆ به گشتی وبه‌شی زمانی کوردی به تایبه‌ت. هیوادارم کوردانی دانیشتووی ئۆسلۆ و سه‌رجه‌می ئه‌و کورده خوێنه‌وارانه‌ی که سه‌ردانی شاره‌که ده‌که‌ن، سه‌ر له به‌شی کوردی کتێبخانه‌که بده‌ن. به هیوای گه‌شه‌دانی زیاتری به‌شی کوردی و به‌هێزبوونی جووڵه‌ی کولتوری کورده‌کان له نۆروێژ دا.
ئامادەکردنی: کۆسار فەتاحی
Kilder:
http://www.deichmanske-bibliotek.oslo.kommune.no/om_oss/
http://dfb.deichman.no/
http://dfb.deichman.no/index.php?option=com_content&view=article&id=659&Itemid=709&lang=nb