Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
به‌ره‌و 17 ی شوباتێکی به‌هاریی تر:

به‌ره‌و 17 ی شوباتێکی به‌هاریی تر:

Closed
by January 2, 2012 گشتی

1. له‌ ستراتیجییه‌کی حیزبییه‌وه‌ بۆ ستراتیجێکی نه‌ته‌وه‌یی دیمۆکراتی ده‌ستووریی
د. که‌مال میراوده‌لی:

:ئه‌وه‌ ساڵیکی تازه‌یه‌و به‌ره‌و یادی 17/2 – و رووداوه‌کانی ده‌رۆینه‌وه‌. مـێژوو ، وه‌ک مارکس ده‌لێ، مه‌گه‌ر وه‌ک مه‌هزه‌له‌ ده‌نا خۆی دووباره‌ ناکاته‌وه‌، چونکه‌ فاکته‌ره‌کان وهاوکێشه‌کانی هێزی جیهانیی و ناوچه‌یی هه‌میشه‌ له‌ گۆڕان دان. پار ئه‌مریکا له‌ عیراقدا هێزی بڕیارده‌ر بوو-و تاله‌بانی به‌ رزگارکه‌ری عێراق و په‌یامبه‌ری دیمۆکراسی و پێشکه‌وتنی داده‌‌نان، ئه‌مساڵ، له‌ په‌یامی سه‌ری ساڵیدا تاڵه‌بانی ئاشبه‌تاڵی ئۆباما له‌ عێراق به‌ تاجی سه‌ری پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن و ده‌سکه‌وته‌کانی عیراق داده‌نێ؟!
“ساڵێکمان بەڕێکرد کە لە زۆر ئاست دا پڕبوو لە بەرەوپێشچوون، ئەو بەرەوپێشچوونانەش بە رۆژی پاشەکشێی ھێزەکانی ئەمریکا تاجی لەسەرنا، “
http://www.kurdsat.tv/hewal.php?id=631&cor=iraqi
ئه‌مه‌ په‌یامێکه‌ بۆ ئێران زیاتر له‌وه‌ی بۆ گه‌لی عێراق. گه‌مه‌ ناوچه‌ییه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی خه‌ته‌رناک ده‌ستی پێکردۆته‌وه‌. سه‌رانی کورد هه‌میشه‌ دۆڕێنه‌ری ده‌رفه‌ت و دارده‌ستی ده‌سته‌ ئاشکراو نهێنییه‌کانن، دوژمنی گه‌لی خۆیان و دۆستی دوژمنه‌کانیانن. سوریا بۆ ماوه‌یه‌ک له‌نگه‌ری ساختمانی دارماوی خۆرهه‌لاتی نێوه‌ندی له‌ سه‌ر خوێن و ئێسقانی خه‌لکی سوریا راگرتووه‌. به‌ هه‌ره‌سهێنانی ئه‌سه‌د، سیستمی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ره‌وشێکی وه‌ک سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست: عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌کان له‌لایه‌که‌وه‌وهێزی ته‌ماعکاری نه‌وتبرسی رۆژاوایی، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌. روسیاش وه‌ک هێزێکی گه‌وره‌ی ترساوی چاودێریکه‌رو له‌نگه‌ر راگڕ. ئه‌مرۆ گه‌مه‌یه‌کی فراوانتری راست یان دروستکراوی شیعه‌و سوننه‌یه‌‌. به‌ روخانی سوریا، ئێران بنکه‌ی هێزی شیعه‌یی له‌ سوریاو لوبنان و خه‌لیج ده‌دۆڕێنێ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ره‌و ناو جه‌رگه‌ی خۆی ده‌کشێ. بۆیه‌ به‌ هه‌موو نرخێ ده‌یه‌وێ عێراق وه‌ک شووره‌و ناوچه‌ی نفوزو سه‌نته‌ری شیعیزم هه‌رگیز له‌ ده‌ست نه‌دا. گه‌ر هه‌مووشی نه‌بێ درێژایی سنووره‌که‌ی خۆی، ئه‌مه‌ ئه‌ماره‌تی سه‌فه‌وی تاله‌بانی له‌ ئه‌ماره‌تی عوسمانلی بارزانی داده‌بڕێ. هێزی مالکی له‌مه‌وه‌ دێ. په‌راوێزبوونی تاله‌بانی و ترسانی بارزانی له‌مه‌وه‌ دێ. هه‌ڕه‌شه‌ش بۆ سه‌ر ئه‌و شته‌ بۆشه‌ی پێی ده‌وترێ ڕێکه‌وتنی ستراتیجی، له‌ پاڵ هۆکاری تردا، له‌مه‌وه‌ دێ. ئێستا دوو قوتبی راکێش و خۆکێش تورکیاو ئێرانن. کورد به‌ دروستکردنه‌وه‌ی عێراق و پوووچکردنه‌وه‌ی بریاری 688 ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان و به‌ده‌ستنه‌هێنانی هیچ رێکه‌وتنی نووسراوو زامنی نێونه‌ته‌وه‌یی، خۆی کرده‌وه‌ به‌ سفری سیاسی. چاره‌نووسی سوریا بڕیار ده‌دا تورکیا به‌ره‌و كێ و کوێ ده‌چێ. ئه‌وسا هێزو هه‌ڵوێستی ئێرانێش بڕیار ده‌دا نه‌خشه‌ی تورکیاو ئیسرائیل بۆ ویلایه‌تی موسڵی نوێ له‌پاڵ سوننه‌ستانی سوریاو ئوردن و میسر و لیبیا و سودان (دیاره‌ تورکیا خۆشی) تا کوێ بڕ ده‌کا. به‌لام گه‌مه‌ ترسناکه‌که‌ هه‌ر ئه‌مه‌ نییه‌. کۆریا وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی بچووک له‌ پاڵ ئه‌مریکاو له‌ نێوان دوو هێزی دژی‌ عه‌ملاقی وه‌ک یابان و کۆریای خواروو وه‌ک ده‌وله‌تێکی کۆمۆنیستی تۆتالیتاری مایه‌وه‌. ئایدیۆلۆجیه‌تێکی فه‌نده‌مێنتالی و سیستمێکی سه‌ربازی و به‌ تایبه‌تی چه‌کی ئه‌تۆمی زامنی ئه‌م مانه‌وه‌ی تا ئێستاو بۆ ئاینده‌یه‌کی نادیار کردووه‌. بۆ زامنکردنی هه‌مان هێزی به‌ره‌نگاری، ئێران به‌ هه‌موو ته‌قدیرێک تا کۆتایی 2012 ده‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی. ئیسرائیل و له‌ پشتییه‌وه‌ ئه‌مریکاو ئه‌وروپا، ده‌یانه‌وێ به‌ هه‌رنرخێ بێ رێگه‌ له‌مه‌ بگرن. ئێستا جه‌نگێکی ئابووری ئاشکراو ئیستیخباراتی و ته‌کنۆلۆجی سه‌ربازیی نهێنییان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دژی ئێران به‌رپا کردووه‌، بڕیاڕی وه‌ستاندنی کرینی نه‌وتی ئێرانی و هه‌موو جۆره‌ مامه‌له‌یه‌کی دراوییان له‌گه‌ڵ ئێران داوه‌. جه‌نگی ئابووری، وه‌ک جه‌نگی گه‌رم، بکوژو رووخێنه‌ره‌. بگۆڕی هاوسه‌نگ و به‌لانسی هێزه‌. بۆیه‌ ئێران گه‌مه‌ی جه‌نگی راسته‌وخۆی له‌ که‌نداوی فارس ده‌ست پێکردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هه‌رمز ده‌کا. ئیسرائیلیش له‌ پلانه‌کانی بۆ ڵێدانی بنکه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران به‌رده‌وامه‌. گه‌ر چی ئه‌مه‌ سیناریۆی کۆتایی دنیایه‌. به‌هه‌رحاڵ بازاری چه‌کفرۆشتنی ئه‌مریکا به‌ تورکیاو ولاتانی خه‌لیج گه‌رمه‌.
په‌ره‌سه‌ندنه‌کان به‌ هه‌ر ئاقارێکدا بشكێنه‌وه‌، کورد له‌ ناو جه‌رگه‌ی رووداوه‌کان و کاره‌ساته‌کاندا ده‌بێ. کورد له‌ هه‌موو ئه‌و ولاتانه‌دا هه‌یه‌ که‌ ده‌بنه‌ گۆڕه‌پانی رووداوه‌کان و به‌ره‌نگارییه‌کان: عێراق، ئێران، سوریاو تورکیا. بۆ نموونه‌: گه‌ر تورکیا بشیه‌وێ رێژه‌ی کوردی عێراق له‌ ویلایه‌تی موسڵی نوێ (موسڵ و هه‌ولێرو که‌رکوک) به‌ هاوکێشه‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاسووری و کلدانی و (یه‌زیدی) ش وه‌ک جیا له‌ کورد، که‌م بکاته‌وه‌، ئه‌ی چی له‌ کوردی سوننی سوریا و تورکیای خۆی ده‌کا؟
گه‌ر تورکیاو ئێڕان رێکبکه‌ون ئه‌وه‌ له‌ سه‌ر حیسابی کوردو خنکاندنی بزاڤه‌که‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی درێژی ترو دابه‌شکردنی کۆلۆنیالییانه‌ی زیاتری کوردستانی باشوور ده‌بێ. گه‌ر تورکیا بچێته‌ ناو نه‌خشه‌ی سوننه‌ستانی ئه‌مریکی-ئیسسرائیلییه‌وه به‌ بێ ئه‌وه‌ی مافی کورد زامن بکاو ده‌ست له‌ درنده‌یی شۆڤێنیانه‌ی هه‌ڵگرێ، ئه‌وا ئێران، به‌ ئاسانی ده‌توانێ کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کاندا دژی تورکیا به‌کاربێنی و بیانکاته‌ سووته‌مه‌نی ستراتیجییه‌ خۆپارێزه‌کانی خۆی.
هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان کراوه‌ن و کورد په‌ره‌وازه‌و ىێ ستراتیج و سه‌رکرادیه‌تی و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌ که‌ ئه‌حمه‌دی خانی 320 ساڵ له‌مه‌وپێش بۆ ده‌رچوون له‌م دۆزه‌خی جیۆپۆلیتیکه‌ بانگه‌وازی بۆ کرد. دیاره‌ مه‌به‌ست له‌م باسه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ بیانووی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌وه‌ پاکانه‌ بۆ به‌رده‌وامی سسیتمی گه‌نده‌لی دزیی و داگیرکاری حیزبیی و سیاسه‌تی پشتکردن له‌ چاکسازی رادیکالی پیشکه‌ش بکرێ. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
ئێستا کورد به‌ خێرایی به‌ڕه‌ له‌ ژێر پێی راده‌کێشڕێ، سه‌رانی کورد ده‌وری ئه‌مریکی خۆیان بینی و ئێکسپایه‌ر بوون. وه‌ک ئامرازیش، دژی گه‌لی خۆیان نه‌بێ، ده‌وریان نامێنێ. عێراق، به‌ پرۆسه‌ی دیمۆکراتیش بی، ده‌بێته‌وه‌ عێراقی مه‌رکه‌زی عه‌ره‌بی، شیعی یان سوننی. دوای كێشه‌ی هاشمی، بودجه‌ی کوردستان و کۆنتراکته‌ نه‌وتییه‌کان و شوێنی پێشمه‌رگه‌ ده‌بنه‌‌ ئامانجی ده‌سه‌لاتی عێراقی. ده‌ستووریش به‌ دژی کورد هه‌موار ده‌کرێته‌وه‌. 140 یش ده‌بێ له‌ بیر بچێته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر کوردی کوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم زیاد ده‌کا به‌ چه‌شنێ که‌ پێشبینی ناکرێ.
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی له‌م ماوه‌ که‌مه‌ی به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ماوه‌ بیکا ئه‌وه‌یه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ میلله‌ته‌که‌ی خۆی و به‌ په‌له‌ چاکسازییه‌کی رادیکالی بنه‌بڕو ته‌واو بکاو ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وتنی ستراتیجی حیزبیی هه‌بێ خێرا بیکا به‌ رێکه‌وتنی ستارتیجی نه‌ته‌وه‌یی گشتگر بۆ دروستکردنی ده‌وله‌ت و دامه‌زراوه‌کانی و وه‌ستاندنی ئه‌نفالی خه‌لکی کورد له‌ رێگای جیاوازی حیزبی و داگیرکاری و گه‌نده‌ڵی وناعه‌داله‌تی و دارزاندنی ده‌زگایی و کۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌.

‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌لات ده‌گه‌نه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ شتێک هه‌یه‌ زیاترو گرنگتر له‌ حیزب و حیزبایه‌تی و پرۆسه‌یه‌ک هه‌یه‌ پێویسترو به‌ په‌له‌تر له‌ ڕێکه‌وتن و دانیشتنی نێوان سه‌رکرده‌کان، پرۆسه‌یه‌ک که‌ 20 ساڵه‌ دواده‌خرێ، ده‌خنکێنرێ، به‌راوه‌ژوو ده‌کرێته‌وه‌و له‌بار ده‌بردرێ: پرۆسه‌ی دروستکردنی مرۆڤ، کۆمه‌ل، نه‌ته‌وه‌، ده‌وله‌ت له‌ ریگای ده‌ستوورو حوکمی یاساو به‌دیهێنانی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و ده‌رفه‌تیی وه‌کو یه‌ک بۆ هه‌موو کوڕان و کچانمان بێ جیاوازیی، له‌ڕێگای زانست و په‌روه‌رده‌و دیمۆکراسی و یاساوه‌، له‌ ڕێگای کشانه‌وه‌ی حیزب له‌ دادگاو په‌روه‌رده‌و زانکۆو زانین و میدیاو ئابووری و بازارو به‌هێزکردنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ستراکتووره‌ ده‌ستووریی و ئیداریی و یاسایی و داراییه‌کانی و به‌هێزکردنی ژێرخانی ئابوری حکومه‌ت و گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆیی و ئابووریی؟ دروستکرنی حکومه‌تێکی ته‌کنۆکراتی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی باشترین رێگایه‌ نه‌ک ته‌نیا بۆ یه‌کخستنی ده‌سه‌لات و ئۆپۆزیسیۆن، به‌لکو بۆ یه‌کخستنی ده‌سه‌لات و ئۆپۆزیسیۆن و شه‌قامی کوردی له‌ ده‌وری به‌رنامه‌یه‌کی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی هیوابه‌خش و برین سارێژکه‌ر.


ماوێتی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.