به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌یاڵی خوێنه‌ر و خه‌یاڵی ڕۆمان له كه‌شتیی فریشته‌كان دا
ئه‌وه ئاشكرایه كه له ڕۆماندا ته‌نها بابه‌ت گرنگ نییه، ته‌نها ئه‌وه گرنگ نییه نووسه‌ر هه‌وڵیداوه له كام شوێن و كام دۆخی مرۆڤ و گه‌ردوون بدوێ، یان بیخاته چوارچێوه‌ی ڕۆمانێكه‌وه.گرنگتر ئه‌وه‌یه چۆن توانیویه‌تی له رێی هونه‌ری ڕۆمانه‌وه ئه‌وه بكات. ڕۆمانێك له‌سه‌ر كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌نووسین و دانه‌یه‌ك له‌سه‌ر كورسییه‌كی بچكۆله كه پیاوێكی ده‌ست به‌تاڵ دروستی كردووه و به‌كاریش نایه‌ت. مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه جوانتر بێت له رۆمانی كورسییه‌كه – ئه‌مه وانه‌یه‌كی زۆر سه‌ره‌تایی و ساده‌یه له نووسینی ڕۆماندا، مه‌رجی سه‌ره‌كیشه هه‌موو ڕۆماننووسێك ئه‌وه بزانێت، گه‌ر وا نه‌بێت ئێمه ده‌بێ به پێی جۆری بابه‌ته‌كان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ رۆمانه‌كان بكه‌ین و له‌وه‌شدا بكه‌وینه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه كه زۆرجار ڕه‌خنه‌ی كوردی – وتاری كوردی له‌سه‌ر ڕۆمان تێی ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش پاڵاوتنی لایه‌نی بابه‌تی ڕۆمانه‌كه‌یه‌وه قسه‌كردنی به‌ته‌نها و ته‌نهایه له‌سه‌ر بابه‌ت – فیكری بابه‌ت – ئینجا فه‌رامۆشكردنی شێوه‌ی گێرانه‌وه و ڕووداو و لایه‌نی هونه‌ریی ڕۆمان.
ده‌مه‌وێت هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باسه په‌یوه‌ندی نێوان بابه‌ت – هونه‌ری ڕۆمان، به‌ركه‌وتنی دوو خه‌یاڵ “خه‌یاڵی رۆمان و خوێنه‌ر” دوا ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی به نموونه وه‌ربگرم.
ڕۆمانی “كه‌شتیی فریشته‌كان” دوا ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی یه، دوای چه‌ند ڕۆمانێكی تری دێت كه له نێوانیان گرنگه ئاماژه به “دواهه‌مین هه‌ناری دنیا” بده‌ین، ئه‌م ڕۆمانه (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) له ڕۆمانه‌كانی تری به‌ختیار عه‌لی جیا ده‌كرێته‌وه – به چه‌ند خاڵێك :
1. ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه تاراده‌یه‌ك جیاواز له‌گه‌ڵ رووداوی ناو ڕۆمانه‌كانی تری چڕ‌و به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ست ده‌رده‌كه‌ون، گه‌ر به‌راوردی پێی بكه‌ین له‌گه‌ڵ ڕۆمانی “جه‌مشیدخانی مامم كه هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد” به‌ته‌واوی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین. دواهه‌مین هه‌نار ده‌مانباته ناو دنیایه‌ك كه هی كاره‌كته‌راكانه و هه‌ست ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌راندا به نموونه “موحه‌ممه‌دی دڵشووشه” به‌ریه‌ك ده‌كه‌وین، سه‌ره‌ڕای شێوازی هه‌میشه‌یی به‌ختیار له وه‌سفكردنی زۆری دنیا و كاره‌كته‌رانی به‌ڵام ئه‌م وه‌سفكردنه له ڕۆمانی دواهه‌مین هه‌ناردا وه‌ك وه‌سف و په‌راوێزكردنی ڕووداو نییه له ڕۆمانی جه‌مشیدخاندا.له ڕۆمانی جه‌مشیدخاندا وه‌سفكردنی كاره‌كته‌ری جه‌مشیدخان زۆر زاڵه و ته‌نانه‌ت تا دوا لاپه‌ڕه‌ش هه‌ست ده‌كه‌ین نووسه‌ر ناراسته‌وخۆ هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات بمانهێنێته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی به‌ڵێ هه‌ر به‌ڕاست ده‌كرێ جه‌مشیدخان بفڕێت و باوه‌ری پێبكه‌ین..ئه‌م هه‌وڵدانه بۆ باوه‌رپێكردن و ڕازیكردنی –خه‌یاڵ –ی خوێنه‌ر وایكردووه ڕۆمانه‌كه تووشی كێشه بێت له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، په‌یوه‌ندی به‌رككه‌وتنی خه‌یاڵی ناو رۆمانه‌كه وخه‌یاڵی خوێنه‌ره‌كان.ڕه‌نگه هۆكارێكیش بۆ ئه‌وه، ئه‌وه‌بێت كه نووسه‌ر به‌ته‌واوی نه‌یتوانیوه كاره‌كته‌ری جه‌مشیدخان به فڕینه نائاساییه‌كه‌وه ( نائاسایی له واقیعدا) ڕزگار بكات، ڕزگاری بكات و بیداته ده‌ست ڕووداوه‌كانه‌وه..چونكه وه‌ك “ئالان ڕۆب گرێ” ده‌ڵێ مه‌رجیش نییه خوێنه‌ر باوه‌ڕبكات ئه‌مه ڕاستییه. به‌ڵام ده‌كرێت تۆ ئه‌م (ناڕاستییه) به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی نیشانی خوێنه‌ر بده‌ی كه خوودی خوێنه‌ر خۆی بڕواته ئه‌م هه‌رێمی ناڕاست و و ناواقیعییه و پێشوازی لێ بكات. له‌م حاڵه‌تدا خوێنه‌ر هه‌ستده‌كات ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه ڕاست نییه به‌نموونه “هه‌ڵفڕینی ئۆتۆمبیلێك” هه‌ست ده‌كات ڕاست نییه، به‌ڵام پێشوازی له‌و ناراستییه ده‌كات و دنیای خۆی جێده‌هڵێت.ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ڕۆماننووس توانیویه‌تی “هه‌رێمێكی ناڕاست” یان ژیانێكی دوور له ڕاستی – دوور له واقیع به شێوه‌یه‌ك به‌رجه‌سته بكات خوێنه‌ر واقیعی بۆ جێبهیڵێت، خوێنه‌ر له “ڕاستی و واقیع” ی خۆی بچێته‌ده‌ره‌وه.
2. دواهه‌مین هه‌نار له خاڵێكی تریشدا جیاده‌بێته‌وه له ڕۆمانه‌كانی تری به‌ختیار ئه‌ویش خاڵی دروسكردنی كاره‌كته‌ر – كه‌سایه‌تییه، كه‌سایه‌تی سه‌ریاسه‌كان – موحه‌ممه‌دی دڵشووشه ..هتد. وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك ڕۆمانه‌كانی تری كه‌سایه‌تییه‌كانی شتی دوور له واقیعیان تیادا به‌رجه‌سته‌یه به‌ڵام نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی وا دروست ببێت سه‌ر به زه‌مین نه‌بێ وه‌ك سوپه‌رمان ده‌ركه‌وێت.. وه‌ك له كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌رانی ناو كه‌شتیی فریشته‌كان باسی ده‌كه‌ین.یان كه‌سایه‌تی ئێسحاقی لێوزێڕین له شاری مۆسیقاره سپییه‌كان و زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو غه‌زه‌لنووس و باغه‌كانی خه‌یاڵ..كه‌سایه‌تی ئیسحاق ئه‌وه‌نده‌ی نموونه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی ئاسمانییه و نزیكه له شێخانی هه‌ڵفڕیو به هه‌وادا ئه‌وه‌نده نموونه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ك نییه كه ئه‌فسانه‌یی و جادوویی ده‌ربكه‌وێت، پێشتریش له‌مباره‌یه‌وه قسه كراوه، ده‌توانین بڕوانینه وتاره‌كه‌ی به‌رێز هادی موحه‌ممه‌دی له‌باره‌ی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان* به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆچوونی من جیا ده‌كاته‌وه له ڕای هادی موحه‌ممه‌دی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هۆكارێك بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنی ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار دیاره نموونه‌ی هۆشه‌نگ گوڵشیری و غوڵام حوسێن ساعیدی له ئه‌ده‌بیای ئیرانیدا به نموونه‌ی سه‌ركه‌وتووی ریالیزمی جادوویی ده‌هێنێته‌وه، هۆكاری ئه‌وه‌یه كه دنیای سوریال له لای ئه‌م دوو نووسه‌ره ئیرانییه له خزمه‌تی دنیا ریاڵه‌كه‌دایه، به ناراسته‌وخۆ ئه‌وه وه‌رده‌گرین كه دنیای سوریال زاڵ‌بێت به‌سه‌ر دنیا ریاڵه‌كه له ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی ( ئه‌و باسی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان ) ده‌كات..به‌ڵام به دیدی من دنیا سوریاله‌كه‌یش تۆكمه نییه له ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی، له‌سه‌ر ئه‌م دیوه سوریالییه ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه جه‌مشیدخان..كه هه‌رچه‌ند لێی رابمێنین به سوریال ده‌ركه‌وتنی ده‌بێته كێشه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دیوه خه‌یاڵییه‌كه‌ی جه‌مشیدخان دیوێكی به‌هێزنییه و زوو خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات بۆ تاكه ئامانجێك كه سه‌یرنیشاندانی فڕینی جه‌مشیده.
3. دواهه‌مین هه‌نار زه‌مینی تر و به‌رجه‌سته‌تره – تاوه‌كوو ڕۆمانێكی تری وه‌ك كه‌شتیی فریشته‌كان كه له‌نموونه‌ی به زه‌مینكردنه‌وه‌ی فریشته‌كان له‌و ڕۆمانه‌دا لێَی ده‌دوێین.
دوای ئه‌وه‌ی زۆر كورت به‌راوردێكی ڕۆمانه‌كانمان كرد، تایبه‌ت دواهه‌مین هه‌نار به ڕۆمانه‌كانیتر كه لای ئێمه له‌م ڕووانه‌وه له ڕۆمانه‌كانی تری به‌ختیار عه‌لی زیاتر جێگای باسه، بۆ ئه‌و باسه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان پێدا – په‌یوه‌ندی نێوان بابه‌ت – هونه‌ری ڕۆمان – یان به‌ركه‌وتنی دوو خه‌یاڵ له ڕۆمانی كه‌شتیی فریشته‌كان دا چه‌ند گۆشه‌یه‌ك وه‌رده‌گرین.له هه‌ر گۆشه‌یه‌كیشدا خاڵی په‌یوه‌ندیدار به باسه‌كه وه‌رده‌گرین و له‌دواییدا كۆی خاڵه‌كان به ئه‌نجام وه‌رده‌گرین.مه‌به‌ست له خاڵی په‌یوه‌ندیدار ئه‌وه‌نییه كه خاڵه‌كانیتری باسكرا‌و په‌یوه‌ندی دار نه‌بن، به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه به‌هۆی ئه‌م خاڵانه‌وه ته‌واوتر بگه‌ین به ئه‌نجامی باسه‌كه.
كه‌شتیی فریشته‌كان و دیالۆگ – یه‌ك خاڵ بۆ به‌ركه‌وتنه‌كه
دیالۆگ له ڕۆماندا ته‌نها به‌یه‌كه‌وه كۆكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌ران نییه، ئه‌مه شتێكی ڕوونه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ش نییه كاره‌كته‌ران به‌یه‌كه‌وه گرێبداته‌وه و به‌یه‌كیان بناسێنێ، به‌ڵكو دیالۆگ په‌یوه‌ندی ته‌واو له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی خه‌یاڵ و ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ش ده‌به‌ستێت.ده‌كرێ به‌هۆی دیالۆگه‌وه تۆڕی گه‌وره‌ی ڕۆمانێك دروستبكرێت.دیالۆگ و به‌ركه‌وتنی كاره‌كته‌ران له رێی دیالۆگه‌وه له ڕۆمانی “كه‌شتیی فریشته‌كان” دیالۆگێكی له دیالۆگ ده‌رچووه مه‌به‌ست له دیالۆگ ده‌رچوون ئه‌وه نییه كه سنوورێك بۆ جۆر و چۆنیه‌تی قسه‌كردنی كاره‌كته‌ران دابنێن، به‌ڵام كاتێ كاره‌كته‌ران ده‌كه‌ونه قسه‌كردن و گفتوگۆیه‌كی ئاوا كه خه‌ریكه نزیك ده‌بێـته‌وه له شێوه‌ی وتاردان و نائاماده‌یی به‌رانبه‌ر – قسه بۆكراو، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه. له ڕۆمانی كه‌شتیی فریشته‌كاندا زۆر له دیالۆگه‌كان ئه‌وه‌نده درێژ و وردن زۆر جار خوێنه‌ر.. به‌رانبه‌ر – قسه بۆكراو ( ئه‌ویتری ناو دیالۆگ) نابینێت وه‌ك كه‌سێكی ئاماده، دیالۆگه‌كان چڕنین و دووریشن له ده‌ربڕینی كورت.
نزیكبوونه‌وه له دیالۆگی شێوه وتار و ئینشایی له سه‌ره‌تاكانی ڕۆمانه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، كه به دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری زۆری هه‌یه بۆ خوێنه‌رێك كه ده‌ستده‌كات به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه.سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی دیالۆگ هاوسه‌نگی نییه، زمانی كاره‌كته‌رانیش له‌ناو دیالۆگه‌كاندا زمانێكی یه‌كڕه‌نگه..ڕاسته به جیاواز له ڕۆمانه‌كانیتر بۆ نموونه ڕۆمانی شاری مۆسیقاره‌سپییه‌كان شێوه‌ی قسه‌كردن و یه‌كڕه‌نگییه‌كه گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه و هه‌ندێ خاڵی بچووكی جیاكردنه‌وه‌ی زمانی كاره‌كته‌رێك له كاره‌كته‌رێكی تر ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام هێشتا ئه‌م خاڵه بچووكانه‌یش واناكه‌ن ئه‌م یه‌كڕه‌نگییه به ڕاده‌یه‌كی زۆر كاڵبكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌نده به ته‌نها به‌س نییه دووپاتكردنه‌وه له وشه‌یه‌ك هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له خانمی به‌ڕێوبه‌ری كه‌شتیی فرییشته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت یان دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ وشه لای مه‌هدائیلی فریشته.ئه‌م یه‌ك زمانییه، قسه‌كردن به‌یه‌ك جۆر و یه‌ك ته‌كنیك ( ورد و داڕێژراو) وایكردووه ڕۆمانه‌كه به كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه له ڕووبه‌رێكی زمانییدا بمێنێته‌وه. ڕووبه‌رێك كه ئه‌وه‌نده ناجوڵێ هه‌رچه‌ند شتانی سه‌رسورهێنه‌ری وه‌ك باڵ و فریشته و كه‌شتی فریشته‌كان ده‌ركه‌وته‌یان هه‌بێت.
كاره‌كته‌رانی ناو ڕۆمانی كه‌شتیی فریشته‌كان، ئاره‌زووێكی زۆریان بۆ قسه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی شته‌كان به قسه هه‌یه.ئه‌م زۆر گوتنه – له ڕۆمانه‌كانی تریش لای به‌ختیار بوونی هه‌یه..به‌راده‌یه‌ك زۆر له ڕووداو – دیمه‌نه‌كان له‌ناو دیالۆگی كاره‌كته‌ران و قسه‌كه‌راندا ڕووده‌ده‌ن..ئه‌مه‌ش خاڵێكی زۆر لاواز نییه، به‌ڵام لاوازییه‌كه له‌وه‌دایه كه شێوه‌ی دیالۆگ و قسه‌كردنی كاره‌كته‌ران یه‌ك ڕه‌نگی پێوه‌دیاره و گفتوگۆكانیش درێژه ده‌كێشن تا ئاستی بێده‌نگی و نائاماده‌یی (قسه بۆكراو – به‌رانبه‌ر).ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و خاڵانه‌ی كه واده‌كه‌ت له ڕۆمانی كه‌شتیی فریشته‌كان كاره‌كته‌ران له ڕێی زمانیانه‌وه ( زمانی ئه‌وانیتریش) به‌شی زۆری كه‌سایه‌تیان ده‌ركه‌وێت.كه‌سایه‌تی نزار ئیدریس به‌ته‌واوی ڕوون و ئاشكرا كراوه و شتێكی لێ نه‌ماوه‌ته‌وه خوێنه‌ر بیری لێ بكاته‌وه یان كه‌شفی بكات..هه‌روه‌ها دیالۆگی ناوه‌وه –ڕاڕایی و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ خۆدا – به‌راده‌یه‌ك كه‌مه كه زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان له‌كاتی یه‌كتر بینین‌دا یان هه‌بوون لای یه‌كێكی تر ئه‌ویتر یاخوود خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و كه‌شف ده‌كه‌ن.
نه‌بوونی “زمانی بێده‌نگ” یان بێده‌نگی له‌ناو زماندا زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی تووشی گرفت كردووه له په‌یوه‌ندی ڕووداو به وه‌سفه‌وه – په‌یوه‌ندی ڕووداو به دیالۆگ و زمانه‌وه. به‌راده‌یه‌ك هه‌میشه ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ونه په‌راوێزی قسه له‌سه‌ر كردن و ته‌فسیركردن و وه‌سفی زۆر، وه‌سفكردنی هه‌موو شته‌كان – ئه‌و شتانه‌ی كه ڕووده‌ده‌ن كه‌شتیی فریشته‌كان ی دوورخستۆته‌وه له‌و زمانه بێده‌نگه‌ی كه خوودی ڕووداوه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان خۆیان ده‌بنه‌وه به نیشانده‌ر و زمانی كه‌شفكردن بۆ خوێنه‌ر.
بێده‌نگ نه‌بوون و پركردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان له نێوان ڕووداو ( دیمه‌ن) بۆ ڕوودوا ( دیمه‌ن) ێكی تر زیانی گه‌یاندووه به رۆمانه‌كه..هه‌روه‌ها به خه‌یاڵ و ده‌ركه‌وته‌ی خوێنه‌ریش كه له دیمه‌نێكه‌وه بۆ دیمه‌نێكی تر له ڕێی ئه‌م زمانه‌وه – ئه‌م قسه‌كردن و دیالۆگانه‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه و ده‌ڕوات، نه‌وه‌ك له ڕێگای به‌شداریبوون له ڕووداو و دیمه‌نه‌كان.
ده‌كرێ چه‌ند خاڵێك به كورتی له‌سه‌ر دیالۆگ و زمانی كاره‌كته‌ران دووپات بكه‌ینه‌وه :
1.دیالۆگی ڕۆمانی كه‌شتیی فریشته‌كان له دیالۆگ ده‌رچووه زۆربه‌ی جار، چونكه قسه‌كردن و زمانی كاره‌كته‌ران ئه‌وه‌نده درێژده‌بێته‌وه له شوێنێكدا ده‌گات به شێوه‌ی ئینشایی و وتاردان.
2.زمانی كاره‌كته‌ران یه‌كڕه‌نگه و به خاڵی بچووكی جیاوازییه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ندێك كاره‌كته‌ر، ئه‌گینا زۆربه‌ی كاره‌كته‌ران وه‌ك یه‌كتر ده‌دوێن.
3.نه‌بوونی بێده‌نگی ( ده‌سته‌به‌ركردنی بێده‌نگی و هێشتنه‌وه‌ی بۆشایی) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان له‌ناو زماندا (زمانی كاره‌كته‌ران) به‌كۆتا نه‌گه‌ن و دیوی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی كاره‌كته‌ران به‌ته‌واوی كه‌شف نه‌كرێت.
4.ناهاوسه‌نگی له دیالۆگدا (هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێدا) وایكردووه زۆرجار قسه‌بۆكراو – به‌رانبه‌ر ببێته كه‌سایه‌تیه‌كی نائاماده و بزر.
5.خاڵی په‌یوه‌ندیدار : به‌و هۆیه‌ی كه دیالۆگ له دیالۆگ ده‌رده‌چێ و زمانی كاره‌كته‌ران یه‌كره‌نگه، له زۆر شوێندا زیان به‌ر لایه‌نی هونه‌ری ڕۆمان ده‌كه‌وێت و خه‌یاڵی ڕۆمان – دونیای ڕۆمان دوورده‌كه‌وێته‌وه له خه‌یاڵ و هاتنه‌وه‌ناوه‌وه‌ی خوێنه‌ر.خوێنه‌ر به‌هۆی چڕنه‌بوونی دیالۆگ و نه‌بوونی ئه‌و بێده‌نگییه (بۆشاییه) ی كه ناهێلێت ڕۆمان ببێته سه‌رزه‌مینێكی ته‌واو ده‌نگدار، ده‌نگدار به كه‌شفكردنی ڕووی بیننراو نه‌بیننراو ناتوانێت به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ڕۆمانه‌كه په‌یوه‌ندی بگرێت، په‌یوه‌ندی به‌و واتایه‌ی بكه‌وێته خه‌یاڵكردن و به‌شداریكردن، ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی بیر له‌و شتانه ده‌كاته‌وه ( ئه‌و باسانه) كه له ناو ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن، ئه‌وه‌نده ئاوێته‌ی ڕووداوه‌كان و گفتوگۆكان نابێت.
له‌نێوان ڕووداو و وه‌سفدا ( گێڕانه‌وه و په‌راوێزكردنی ڕووداو)
ڕووداو له سه‌ره‌كیترین پایه‌كانی ڕۆمانه, ڕۆمان ده‌خوڵقێنێ.ناكرێ ڕووداو له ڕۆماندا بخرێته په‌راوێزی شته‌كانیتر، شته‌كانیتری وه‌ك ( وه‌سف، شیكردنه‌وه، لێكۆڵینه‌وه، چه‌مككاری، دوان له دنیا، قسه‌كردن له‌سه‌ر خوودی ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمان خۆیشی..هتد) گه‌ر ئه‌مه كرا ڕووداو – هه‌روه‌ها كاره‌كته‌ران و گێرانه‌وه‌یش به‌لارێدا ده‌ڕۆن و ڕۆمان له زۆر شوێندا له لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی خۆی ده‌ترازێت.
ڕووداو له كه‌شتیی فریشته‌كان ده‌كه‌وێته په‌راوێزی (وه‌سف، شیكردنه‌وه، دوان له باسه‌كانیتر و ئه‌و دیالۆگانه‌یش كه باسمانكردن..) به‌جۆرێك خوێنه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌ناو “قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان” دایه له‌ناو خوودی ڕووداوه‌كاندا نییه.خوێنه‌ر شتانێك ده‌خوێنێته‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی گێرانه‌وه و ڕووداودان ” باسكردن له هه‌ستی ئه‌وان” ده‌خوێنێته‌وه نه‌وه‌ك خۆی به‌ر “هه‌ستی ئه‌وان” بكه‌وێت…”باسكردن له ڕووداوی ئه‌وان” ده‌خوێنێته‌وه نه‌وه‌ك خۆی به‌ر “ڕووداوی ئه‌وان” بكه‌وێت.
به‌هۆی وه‌سف و باسكردن له ڕووداوه‌كان – ڕووداوه‌كان كه له چاو –دیالۆگ،وه‌سف، شیكردنه‌وه زۆر كه‌مترن…ئه‌وه‌نده ڕووداو نابینین..خۆ ڕاسته ئه‌مه په‌یوه‌ندی هه‌یه به شێوازی گێرانه‌وه، به‌ڵام هێشتا ناكرێ خوێنه‌ر خۆی نه‌كه‌وێته ناو ڕووداوه‌كان و به‌رده‌وام له په‌راوێزی ڕووداوه‌كان بمێنێته‌وه و ڕووداوه‌كانیش خۆیان به‌شێكبن له په‌راوێز له‌ناو ڕۆماندا.
ئه‌مه هه‌ر تایبه‌ت نییه به‌م ڕۆمانه، به‌ختیار عه‌لی له ڕۆمانه‌كانی تریشیدا به‌مجۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداودا ده‌كات، ڕه‌نگه هۆكارێكی ئه‌م درێژبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانیشی هه‌ر ئه‌وه‌بێت، چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا ڕووداوه‌كان سه‌ربه‌خۆنین به كاره‌كته‌رانیشه‌وه..ده‌كه‌ونه ڕووبه‌رێكی زمانی و به‌رده‌وام به‌هۆی وه‌سف و شیكردنه‌وه درێژده‌بنه‌وه.
هۆكارێكی تریش بۆ درێژبوونه‌وه و درێژدادڕی ڕۆمانه‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی وه‌سفه‌وه، به‌هۆی نیشاندان و باسكردنی هه‌موو ڕووێك ( ڕووی بیننراو و نه‌بینراو) گێڕه‌ڕه‌وه له له شتێكه‌وه ده‌چێته سه‌ر شتێكی تر و له‌ویشه‌وه بازده‌دا بۆ سه‌ر شتێكی تر.. خاڵێك له پێناو خاڵێكی تر جێده‌هێڵێت و ده‌چێته سه‌ر خاڵێكی جیاوازتر..ئه‌مه واده‌كات ڕۆمانه‌كه له هاوسه‌نگكردنی ڕووداو و وه‌سفدا – سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و ڕووداوه‌كان بكه‌ونه دواوه..
وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان به “جه‌مشیدخان” كرد و وتمان كاره‌كته‌رێكی نه‌بوو سه‌ربه‌خۆ كرابێت به فڕینه‌كه‌یه‌وه، ئاوایش نزار ئیدریس كاره‌كته‌رێك نییه به گۆرانی گوتنه‌كه‌یه‌وه ئازاد كرابێت..بۆیه‌شه جۆرێك سه‌یر و ناماقوڵ ده‌رده‌كه‌وێت كاتێ چه‌ندجارێك به‌هۆی گۆرانی گوتنه‌وه خۆی ڕزگار ده‌كات..كێشه‌كه له‌وه‌دانییه كه كه‌سێكی وا هه‌بێـت له ڕێی ده‌نگه‌وه خۆی ڕزگاربكات، كێشه له‌وه‌دایه كه نه‌توانرێت ئه‌م كه‌سایه‌تییه بكرێته كه‌سایه‌تیه‌ك خوێنه‌ر بۆ (ناراستییه‌كان) ی بچێته هه‌رێمی ناڕاستیی و ناواقیعییه‌وه. ئه‌وه‌ش دووباره په‌یوه‌ندی هه‌یه به زاڵبوونی وه‌سف و باسكردنه‌كان به‌سه‌ر ڕووداودا…
زاڵبوونی وه‌سف و ته‌فسیركردنی ڕووداوه‌كان كاری زۆری كردۆته‌وه سه‌ر لاوازكردنی گێڕانه‌وه له “كه‌شتیی فریشته‌كان”دا..هه‌روه‌ها درێژكردنه‌وه ڕۆمانه‌كه‌یش.
بۆ بابه‌تی ڕووداو و وه‌سف – په‌یوه‌ندیشیان به گێڕانه‌وه له ڕۆمانی كه‌شتیی فریشته‌كان سێ خاڵ تۆمارده‌كه‌ین :
1.له ڕۆمانه‌كه‌دا به‌هۆی وه‌سفی زۆر و ته‌فسیكردن و باسكردن له ڕووی بیننراو و نه‌بیننراو به‌جۆرێك ڕووداو ده‌كه‌وێته په‌راوێزه‌وه.خوێنه‌ر ڕاسته‌وخۆ به‌ر ڕووداو ناكه‌وێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه كاره‌كته‌ران ئازاد ده‌رناكه‌ون.
2.ئه‌وه‌ی وایكردووه ڕۆمانه‌كه زۆر درێژببێته‌وه ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندی دار نییه به ڕووداوه‌كان و گێڕانه‌وه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیداره به‌و شتانه‌ی به‌و باسانه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێش ڕووداو هه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری داده‌نێن له‌سه‌ر گێڕانه‌وه و خوێنه‌ر به‌رده‌وام شتانێك ده‌خوێنێته‌وه كه ده‌رچوو و ترازاون له ڕووداوه‌كان ..گێڕانه‌وه به‌هۆی ئه‌م وه‌سف و باسكردنانه له خاڵێكه‌وه ده‌چێته سه‌ر خاڵێكی تر و خاڵ دوای خاڵ جێ ده‌هێڵێ.
3.خاڵی په‌یوه‌ندیدار : هۆكاری وه‌سفی زۆر و په‌راوێزكردنی ڕووداو كارده‌كاته سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ی دونیای ڕۆمان (هه‌روه‌ك له خه‌یاڵی په‌یوه‌ندیدار)ی دیالۆگدا ئاماژه‌مان پێدا، چونكه وه‌سف هاوسه‌نگ نییه له‌گه‌ڵ رووداو و نێوانی ڕووداوه‌كانیش به ته‌فسیركردنی ڕووداو و قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌مكه‌كان پڕده‌كرێته‌وه..ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، له‌باره‌ی شۆرش، عیشقی ئه‌م بۆ ئه‌و، فریشته، دنیای فریشته..هه‌ستی ئه‌و بۆ ئه‌م…
فیكری ڕۆمانه‌كه، كاركردن له‌سه‌ر شۆڕش (به زه‌مینیكردنی فریشته)
كه‌شتیی فریشته‌كان باس له زیندانه‌كانی شۆڕش، زیندانی “پسمامان” ده‌كات – هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ئازار و نه‌هامه‌تیانه‌ی له‌سه‌ر وه‌ختی شۆرش تووشی خه‌ڵكی ده‌بنه‌وه، وه‌همی شۆرش و ماكینه‌ی شۆرش، كه كۆمه‌ڵێك كه‌س دروست ده‌كات هه‌موو شتێك له پێناو شۆرشدا به باش ببینن و كوشتن بكه‌ن به یارییه‌ك له‌ناو ماكینه‌كه‌دا كه شۆرشه.هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووداوانه‌ش كه له پشت په‌رده‌ی شۆرش ڕووده‌ده‌ن و بۆ زۆر له خه‌ڵكی شاراوه و نه‌بیننراون وه‌ك ڕێككه‌وتنی سه‌رانی شۆرشی كوردی له‌گه‌ڵ ڕژێم و یاریكردنی دوو سه‌ره بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا و زیانگه‌یاندنی ته‌واویش به كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كان خۆی. كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و حه‌شاماته و كۆكردنه‌وه‌ی شۆڕش به ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێت و تاك تیایدا به‌هه‌موو شێوه‌كان تووشی زامداربوون و نووشتستی دێت..شۆرش بۆ ئامانجی نه‌بینراوی خۆی زۆر خه‌ڵك ده‌كاته ئامراز و رازیش نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌ئامرازبوونه شتێكی تر له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی قبووڵ بكات. كه‌شتیی فریشته‌كان كارێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م به ئامرازبوونه‌ی تاكه‌كان ده‌كات و “غه‌مپاشا” ش له رۆمانه‌كه‌دا ده‌بێته یه‌كه‌م شوێنی بیركردنه‌وه له شۆرش به جۆرێكی تر، هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و تاكانه‌ی كه چیتر شۆرش به‌و ماكینه نابینین تاكه‌كان بهارێت به ئاره‌زووی خۆی، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی له غه‌مپاشا ده‌بینرێت به‌ته‌واوی گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ تاك به‌ڵكو جۆرێك له بیركردنه‌وه‌ی ماركسییانه‌یه بۆ شۆرش كه كۆمه‌ڵه‌كه وای ده‌بینن ئه‌و شۆرشه ئه‌وه‌نده‌ی ماكینه‌یه‌كه بۆ كۆنه‌په‌ره‌ستی و دروستكردنه‌وه‌ی دنیای كۆن ئه‌وه‌نده چوون نییه به‌ره‌و زه‌بر لێدان له چین و دروسكردنی دنیایه‌كی نوێ.
ره‌نگه ده‌ركه‌وتنی فریشته‌كان – به‌نموونه دیتنی مه‌هدائیلی فریشته له لایه‌ن هۆشه‌نگ بولبولیاره‌وه ئه‌و ساته‌بێت كه شۆرش و ڕژێم وه‌ك دوو ماكینه مرۆڤه‌كانیان هاڕیون و كردوونیان به دوو دیو و دوو ڕووخسار و دوو بوونی دژ به یه‌ك، ئه‌مه نه‌ك ته‌نها بۆ لایه‌نگریی و بروای سیاسیانه به‌ڵكو ئه‌م دووكه‌رتكردنه قوڵبۆته‌وه ناواخنی كۆمه‌ڵگه به كۆی تاكه‌كانییه‌وه، ئه‌وه‌ش له نموونه‌ی خانمی ماردینی دا ده‌بینین – ئه‌م دوو كه‌رتیی و نه‌گیرسانه‌وه‌یه. له كاتێكا ئه‌م دووكه‌رتیه زاڵده‌بێت و دوو دیو ی تاریك و سپی باڵده‌كێشن – كه ئه‌مه له زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی دا به‌دی ده‌كرێت، هه‌ر له‌وكاته‌دا فریشته‌كان ده‌ركه‌وتنیان ده‌بێت و خۆیان دێننه پێشه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه به‌و هۆیه‌ی كه فریشته‌كانی ناو هه‌ر مرۆڤێك به‌رگه‌ی ئه‌م دیوه تاریكه نه‌گرن – یان به‌رگه‌ی ئه‌م دووكه‌رتبوونه نه‌گرن.
دوو دیوی ره‌ش و سپی – شه‌یتان و فریشته یه‌كه‌مین ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی نییه له‌خۆی ده‌گرێت، به‌ڕاده‌یه‌ك له‌ناو هه‌موو ڕۆمانه‌كانیدا ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، كارێكی خراپیشی كردۆته سه‌ر فیكره و باسی ڕۆمانه‌كانی – چونكه به‌رده‌وام ده‌سته‌یه‌ك هه‌ن به‌رووی ده‌سته‌یه‌كی تردا ده‌چنه‌وه، ده‌سته‌ی سپی به‌رانبه‌ر ره‌ش، ده‌سته‌ی بێگه‌رد و جه‌سته‌ی خه‌وشدار – ئه‌م دوالیزم و دوانیكردنه واده‌كات خوێنه‌ر له خه‌یاڵی خۆشی‌دا دونیا دابه‌ش بكات.
كارێك كه زۆرجار له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی ده‌كرێت و له‌سه‌ره‌تاشه‌وه ئاماژه‌یه‌كماندا ئه‌وه‌یه كه دێن ته‌نها فیكره‌ی ڕۆمانه‌كه ده‌پاڵێون جیاواز و ده‌رچووش له ڕووداو و چۆنیه‌تی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م فیكره‌یه له‌ناو ڕۆماندا یان له‌ناو كاره‌كته‌رانی ڕۆماندا، ئه‌مه‌ش ناكه‌وێـته خانه‌ی ڕه‌خنه‌كردنی كاری ئه‌ده‌بیی و ڕۆمان كاتێك فیكر به‌جیا له ڕۆمانه‌كه ده‌پاڵێون و ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی وه‌رده‌گرن كه بۆ لێ توێژینه‌وه له چه‌مكه‌كان جێگای باسه..ئه‌مه زیانگه‌یاندنه به ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی و خوودی ڕۆمان خۆیشی ..چونكه ناكرێت له ڕۆمانی كه‌شیی فریشته‌كاندا هه‌ر ئه‌وه‌نده وه‌ربگرین كه به‌ختیار كاری له‌سه‌ر به ئامرازكردن و تواندنه‌وه‌ی تاك كردووه له‌ناو شۆرشدا و بابه‌تی شۆرش وه‌ك باسێك وه‌ربگری و ئیتر ته‌واو، گرنگه ئه‌م باسه په‌یوه‌ندیدار بكرێته‌وه به ناوه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه و چۆنیه‌تی كاركردنی نووسه‌ر له‌گه‌ڵیدا..كاتێك باس و فیكره‌ی ڕۆمان له ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمان جیاده‌كرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت باسێك له‌سه‌ر وتارێك یان كتێبێكی توێژینه‌وه بنووسیت نه‌ك رۆمان یان تێكستێكی ئه‌ده‌بیی.
ده‌ركه‌وتنی فریشته‌كان له ڕۆمانه‌كه‌دا ( یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتن مه‌هدائیلی فریشته) ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو هه‌ر مرۆڤێكدا فریشته‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌مه گه‌ر هه‌وڵدانێكبێ بۆ به زه‌مینی كردنی فریشته كه هه‌روا ده‌رده‌ده‌كه‌وێت، له حاڵێكدا تایبه‌ت هاتنه ده‌ره‌وه‌ی فریشته‌كان و چۆنییه‌تی بوونیشیان له‌ناو كاره‌كته‌ره‌كان زیاتر له بوونی جنۆكه ده‌چێت له جه‌سته‌ی خه‌ڵكدا، بوونی جنۆكه له ئیسلام و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵكداو چوون بۆ ناو جه‌سته‌یان – به جیاوازی ئه‌وه‌ی جنۆكه‌كان زۆربه‌ی كات سه‌ر له خه‌ڵك ده‌شێوێنن و تووشی شێتی و درده‌سه‌رییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام فریشته‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه خۆیان له كاره‌كته‌ره‌كان هه‌ڵدێن و ڕاده‌كه‌ن..ئه‌مه‌ش ناكات جیاوازی زۆر تایبه‌ت له به‌رككه‌وتی فریشته‌كه به مرۆڤ..كه ڕۆمانه‌كه وای نیشانده‌دات شتێك نییه له ئاسمانه‌وه هاتبێت و په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌و فریشتانه‌ی هه‌ڵفڕیو و ئاسمانین و له ئاینه‌كاندا باس ده‌كرێن. ده‌بینین كه فریشته‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه توانای فڕینیان نییه، ڕه‌نگه ئه‌مه خاڵێكی سه‌ره‌كی جیاكردنه‌وه بێت له فریشته ئاسمانییه‌كان..وه‌ك پێكهاته‌ی جه‌سته‌یی و فیزیكی . كه پێموایه خاڵێكی ئه‌وه‌نده به‌هێزنییه و ڕواڵه‌تییه، ده‌كرێ فریشته‌ی زه‌مینی توانای فڕینیشی هه‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌نده له كاردا له فریشته ئاسمانییه‌كه نه‌چێت، وه‌ك چۆن له له‌ناودابوون و هاتنه ده‌ره‌وه و شێوه‌دا له فریشته و په‌ری ده‌چن..ناوه‌كانیش پاشگری هه‌مان فریشته ئاسمانییه‌كان جوبرائیل و میكائیل و ئیسرافیل یان هه‌یه.ئه‌مه‌ش ده‌كرێ وه‌ك كاری فریشته‌كان وه‌رگرین كه هه‌ستیان كردووه فریشته‌ن ناوه‌كانیان له‌سه‌ر ناوی فریشته ئاسمانییه‌كان هه‌ڵچنیوه..به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه باس بكرێت ئه‌م دونیای “فریشته و شه‌یتان و ڕه‌ش و سپی” یه كه له ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی به‌رده‌وام دووپات ده‌بێته‌وه..هه‌روه‌ك وتمان دابه‌شبوون. له شاری مۆسیقاره سپییه‌كان – شاره‌كه نموونه‌ی هه‌ڵاتن و چوونی ئه‌وانه‌بوو كه دنیای سته‌م و ڕه‌شهه‌ڵگه‌راویان جێده‌هێشت.. وه‌ك شوێن شارێك ده‌رده‌كه‌وت ( شار/ ی مۆسیقاره سپییه‌كان) له ڕۆمانی غه‌زه‌لنووس و باغه‌كانی خه‌یاڵدا ئه‌م دوو دیویه له كاره‌كته‌ری نه‌وجه‌وانی چینی “غه‌زه‌لنووس” و ئه‌وانیتریشا هه‌بوو، به دیوه خه‌یاڵی و دیوه واقیعییه‌كه به‌یان كرابوو..باغه‌كانی خه‌یاڵیش ئاماژه‌بوو بۆ ئه‌و دونیا خه‌یاڵییه..(غه‌زه‌لنووس و / باغه‌كان / ی خه‌یاڵ) دووباره باغه‌كان وه‌ك شوێن..له ڕۆمانی ( كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان) كه تاراده‌یه‌ك ده‌كرێ ئه‌میش وه‌ك ( دواهه‌مین هه‌ناری دنیا) جیابكه‌ینه‌وه له ڕۆمانه‌كانیتری به‌ختیار – به‌وه‌ی زه‌مینی تره‌وه و كه‌متریش ئه‌و دوو دیویه و دابه‌شبوونه كاری خۆی ده‌كات..هه‌رچه‌ند له‌وێشدا له‌ناو كه‌سایه‌تی عاشقه‌كاندا ئه‌م دیوه شه‌یتانیه هه‌بوو و كاری له‌سه‌ر كرابوو..وه‌ك ناویش دووباره كۆشكێك به شوێن ده‌رده‌كه‌وت ( كۆشك / ی باڵنده غه‌مگینه‌كان) له دوا ڕۆمانیشدا ..كه‌شتی فریشته‌كان ده‌بێت به شوێنی ئه‌و فریشتانه‌ی له جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كان جیاده‌بنه‌وه و ده‌ترازێن..به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆری ئه‌م دوو دیویه..(ره‌ش + سپی) – ( خراپ + باش) – ( شه‌یتان + فریشته) ئه‌مه به‌و واتایه نا كه به‌ته‌واوی كاره‌كته‌رانی ئه‌م رۆمانه یان فریشته‌ن یان شه‌یتان، به‌ڵكو دابه‌شبوونێكه و چوون و هاتنێكه له‌نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌رانه‌دا و به زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت..وه‌ك ناویش دووباره ئه‌م ڕۆمانه‌یش كه‌شتییه‌ك وه‌ك شوێن ده‌رده‌كه‌وێت ( كه‌شتی / ی فریشته‌كان).
هۆكاری سه‌ره‌كی له‌م ڕۆمانه‌یش دا (وه‌ك جه‌مشید خان) له شكانی خه‌یاڵ و ده‌رچوون له زه‌مینی خه‌یاڵی ڕۆمان ئه‌وه‌یه به‌شی خه‌یاڵی كاره‌كته‌ران و دروسكردنیان به‌ته‌واوی و گونجاوی رێك نه‌خراوه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه، چه‌نده له كه‌سایه‌تی نزار ئیدریس ده‌ڕوانین به گۆرانییه‌كانییه‌وه وه‌ك كه‌سێكی سوپه‌رمانیی ده‌رده‌كه‌وێـت، با نه‌قسی زۆریشی هه‌بێت و هه‌ر مرۆڤێكی ئاسایی بێت – ته‌نانه‌ت با به گۆرانییه‌كانیشی له بازگه‌كان ده‌رچێت، ئه‌مه‌ش له ڕۆمان و كاری ئه‌ده‌بیدا ئاساییه، به‌ڵام كاتێ ئه‌م ناباویی و ده‌رچوونانه نه‌توانرێت له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێكهاته‌كانی تری ڕۆمان یه‌كبخرێت كاره‌كته‌ران هه‌روه‌ك نموونه‌ی ڕۆمانی منداڵان – ته‌واو فه‌نتازیی ده‌رده‌كه‌ون.. چونكه له‌م خاڵه‌دا ئه‌وه گرنگ نییه رۆمان باسی له شۆرش یان باسی له جیهانێكی ته‌واو خه‌یاڵی و دابراو له واقیع كردووه تا ڕۆمانه‌كه بچێته خانه‌ی رۆمانی منداڵان و فانتازیی..گرنگ دروسكردنی پێكهاته‌ی ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌یه نه‌وه‌ك باس و بابه‌تی ڕۆمان ئه‌وه‌ی واده‌كات جۆر و شێوه‌ی ڕۆمانه‌كه ده‌ركه‌وێت هه‌ر ئه‌مه‌یه نه‌ك شتی تر…به‌ته‌نها باسی دنیایه‌كی خه‌یاڵی نییه كه هاری پۆته‌ر ده‌كات به ڕۆمانێكی فه‌نتازیی و به ڕۆمانی منداڵان ناوزه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵكو چۆنیه‌تی كاركردنه له‌سه‌ر خه‌یاڵ و په‌یوه‌ندی به واقیعه‌وه..ئه‌مه ئه‌وه‌مان نیشانده‌دات مه‌رج نییه كاره‌كته‌ری فڕیو ڕۆمان بكات به ڕۆمانێكی ته‌واو فه‌نتازیی له‌كاتێكا ئه‌م كاره‌كته‌ره فڕیوه به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ رووداو و خه‌یاڵی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌گونجێنرێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی نزار ئیدریس و بوونی فریشته‌كان چی ده‌ڵێن؟ئایا توانراوه له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری ڕۆمانه‌كه بگونجێنرێت و ده‌رچوو له ڕۆمانه‌كه و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌رنه‌كه‌ون؟ به‌رای من نه‌خێر. ئه‌مه‌ش به‌و هۆیانه‌ی كه باسیان ده‌كه‌ین له‌باره‌ی ڕووداو و دیالۆگ و وه‌سف و خه‌یاڵی ڕۆمانه‌وه، نه‌ك به ته‌نها یه‌ك دیو و یه‌ك گۆشه‌ی ڕۆمان.
خاڵه تۆماركراوه‌كانی ئێره :
1. كه‌رتكردنی دونیا، كه‌رتی ڕه‌ش و سپی – په‌یوه‌ندی ئه‌مه به فریشته و ده‌رچوونیان له جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كاندا.ئه‌م دابه‌شبوونه نه‌گیرسانه‌وه و دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كان ئه‌وه‌نده وه‌ك مرۆڤی نامۆ‌و نیگه‌ران به سه‌رده‌م نیشان نادات وه‌ك كارلێكردوو و په‌راوێزكه‌وتوو، ئه‌وه‌نده‌ی له ڕه‌شه‌وه ده‌یانبا بۆ سپی و له سپی یه‌وه ده‌یانهێنێته‌وه بۆ ڕه‌ش..وه‌ك له نموونه‌ی ئاشقبوونی خانمی ماردینیدا ده‌یبینین به نزار ئیدریس و دوا ئاشقبوونیشی به پیاوێكی جه‌لاد، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه له ڕۆمانی “كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان”یش بوونی هه‌یه، ئه‌م جۆره ئیشقه. بۆ یه‌كێك كه كه‌سایه‌تییه‌كی شه‌ڕانیی و پڕ بوغزی هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌م دابه‌شبوونه ده‌كه‌وێته نێوان شۆرش و ڕژێم له دوایشدا دیوه تاریكه‌كانی هه‌ردوولا به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون و كۆمه‌ڵێك مرۆڤ تووشی نوشستیی و دابه‌شبوون دێن، هه‌ر له‌و حاڵه‌شدا فریشته‌كان ده‌رده‌كه‌ون..كاتێك دنیا دابه‌شبووه، دووباره فریشته‌كانیش شه‌ڕی ئه‌م دابه‌شبوونه به‌جۆرێكی تر درێژه پێده‌ده‌ن.
2.خاڵی په‌یوه‌ندیدار : ئه‌م دابه‌شبوونی دنیا و كاره‌كته‌ران له نموونه‌ی ده‌ركه‌وتنی فریشته‌كان، وه به‌یه‌كه‌وه ته‌بانه‌كردنی هاتنی فریشته‌كان له‌گه‌ڵ رووداو و ده‌ركه‌وتنیان له‌ناو ڕۆمه‌كانه‌كه‌دا دووباره ده‌بێته‌وه كێشه له خه‌یاڵی خوێنه‌ردا، به جۆرێك ده‌ركه‌وتنی فریشته‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ناواقیعییه‌كی كه‌وتووه ئه‌وه‌نده سه‌ركه‌وتوو نییه، واناكات خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا بڕواته جیهانی ئه‌م خه‌یاڵه‌وه – له واقیعدا ده‌مێنێته‌وه و خه‌یاڵه‌كه‌ش هه‌ڵده‌فڕێت.
كاتێ له ڕۆمان ده‌دوێین هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ماندا ناكرێت ته‌نها بابه‌ت وه‌ربگرین، وه‌رگرتنی به‌ته‌نهای بابه‌ت بۆ كاركردن و ره‌خنه‌كردن واده‌كات به‌شه‌كانی تری ڕۆمان و ڕه‌گه‌زه‌كانیتری فه‌رامۆش بكه‌ین، ئه‌م فه‌رامۆشییه‌یه چاوی ئێمه به‌وه ڕاده‌هێنێت ته‌نها بڵێن ئه‌م ڕۆمانه باس له ئه‌نفال ده‌كات – ئه‌م ڕۆمانه باس له هه‌ڵاتن ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شانه.له‌كاتێكدا ڕۆمان ده‌قێك ته‌واو هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی ئه‌وه‌نده‌ی لایه‌نه هونه‌رییه‌كان گرنگن ئه‌وه‌نده ئه‌و لایانه‌نا كه له چی ده‌ده‌وێین..گه‌ر له‌چی دوانه‌كیش گرنگ بێت ئه‌وه دووباره ئه‌وه‌ی جوانتر نیشانی ده‌دات و ده‌یكاته كارێكی گرنگ لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌یه.له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كاركراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی “ئه‌نفال” و “كۆڕه‌و” و ” شه‌ڕی ناوخۆ” و كێشه‌ی تر بخرێنه ناو تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وایكردووه زۆریان نه‌بنه تێكستی جوان و داهێنه‌رانه ئه‌و ڕووه نه‌بووه كه باسیان له ئه‌نفال و كۆڕه‌و نه‌كردووه به شێوه‌یه‌كی ترسناك و ناخۆش، به‌ڵكو ئه‌وه بووه كه نه‌یانتوانیوه به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی و ئه‌ده‌بی ئه‌مه نیشان بده‌ن.شێوه‌یه‌ك كه په‌یوه‌یست بێ به هه‌موو پێكهاته‌كانی ڕۆمانه‌وه.
ئه‌نجام :
زیاتر بۆ ئه‌نجام ده‌ڕوانینه خاڵه په‌یوه‌ندیداره‌كان و خاڵه‌كان له‌و شوێنانه‌دا چڕده‌كه‌ینه‌وه:
1. دیالۆگ له رۆمانه‌كه‌دا هاوسه‌نگی راناگرێت و زۆرجار قسه‌بۆكراو – به‌رانبه‌ر ده‌كاته كه‌سێكی نائاماده، به‌مه‌ش زیان به‌ر لایه‌نی هونه‌ری ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌وێت.دیالۆگه‌كان چڕ و كورت نین و درێژكردنه‌وه‌یان تێدایه تا ئاستی چوونه قالبی وتار و نووسینی ئینشائی..خوێنه‌ر به‌و هۆیه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی له دیالۆگه‌كانه‌وه ته‌فسیركردنی ڕووداو و دونیا ده‌بینێت ئه‌وه‌نده كارلێكی ڕووداوه‌كان به دیالۆگ و كه‌سه‌كانه‌وه هه‌ست پێناكات.
2.وه‌سفی زۆر (كه ئه‌ویش وه‌سفێكی ناهاوسه‌نگه به گوێره‌ی ڕووداو دونیای ڕۆمان) واده‌كات ڕووداو له رۆمانه‌كه‌دا ( كردار) بكه‌وێته په‌راوێز، خوێنه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و شتانه ده‌خوێنێته‌وه كه له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه نووسراون ئه‌وه‌نده به‌ر خوودی ڕووداو خۆی ناكه‌وێـت، دووباره ئه‌م به‌ركه‌وتنه له‌نێوان خه‌یاڵی خوێنه‌ر و خه‌یاڵی ڕۆمانه‌كه لاسه‌نگ ده‌بێت.
3.دابه‌شبوونی دونیا و كه‌رتكردنی دونیا – له‌نموونه‌ی فریشته‌كان، دووباره واناكات خوێنه‌ر یان خه‌یاڵی خوێنه‌ر پێشوازی له‌وه‌ها خه‌یاڵێك بكات وه‌ك خۆی، به‌ڵكو فریشته‌كان و ڕۆمانه‌كه وه‌ك خه‌یاڵێك له ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵی ئێمه ده‌مێنێته‌وه و ئاوێته‌ی یه‌كتر نابن..وا ده‌بینرێت ئێمه سه‌یری خه‌یاڵێك – شتانێكی ناواقیعی ده‌كه‌ین كه به‌شێك نین له ئێمه و دنیای ئێمه،ناشتوانن بمانكه‌ن به به‌شێك له خۆیان، به‌ڵكو شتانێكن هه‌روه‌ك خۆیان به خه‌یاڵ و له‌ناو خه‌یاڵدا ده‌مێننه‌وه.
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر
سه‌رچاوه:
1. ئێمه و ڕۆمان “شاری مۆسیقاره سپییه‌كان” و “شاری ده‌سته و تاقمه‌كان” ..سه‌رنجێك و به‌راوردێك.هادی محه‌ممه‌دی.وێبسایتی تایبه‌تی نووسه‌ر.
2.كه‌شتیی فریشته‌كان.ڕۆمان.كتێبی یه‌كه‌م. به‌ختیار عه‌لی . چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات.2012