به‌شیعركردنی ئه‌زموونه‌كانی ژیان
چه‌ند خاسییه‌تێكی سه‌ره‌كی ئه‌و شیعرانه‌ی كه ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه:
1-ره‌نگه ئه‌زموونه گشتییه‌كانی تاك تاكی هاوڵاتیانی قۆناغێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به رواڵه‌ت له یه‌ك بچن، به‌ڵام یه‌كێ له خاسیه‌ته‌كانی ئه‌و ستایله له شیعر، (ئه‌و شیعرانه‌ی كه ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه) ئه‌وه‌یه كه جیاوازیی و ورده‌كارییه‌كانی له‌یه‌كنه‌چوونی ئه‌زموونی راسته‌قینه‌ی ژیانی شاعیر له‌و قۆناغانه‌دا له‌گه‌ڵ هاوئه‌زموونه‌كانی ده‌ستنیشان ده‌كا.. به‌و رێگه‌یه‌وه‌ش وه‌رگر ده‌توانێ له زۆر لایه‌نی قۆناغێكی كۆمه‌ڵگه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و ورده‌كارییه‌كانی ژیانی كه‌سێك یا كه‌سانێك له‌ناو باره گشتییه‌كه تێ‌بگا..
2-خاسییه‌تێكیتری ئه‌و ستایله ئه‌وه‌یه كه شیعر له په‌یوه‌ندیدایه به چیرۆك و ژیانی ئه‌وانیتره‌وه، رامان و روانگه‌ی شاعیر ده‌چێته نێو ژیانی ئه‌وانیدی و زۆرجار ژیانی كه‌سه‌كانی هاوقۆناغی ده‌بێته گرێدراوی ژیانی شاعیر‌و له تێكستدا به شێوه‌یه‌كی ره‌خنه‌ئامێز ره‌نگده‌داته.. له‌و خاڵه‌دا ده‌كرێ جۆری ره‌خنه‌كه ئاراسته‌ی كۆ یا تاك بكرێ، به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌تدا په‌یوه‌ندیێك هه‌یه له‌نێوان شاعیر به كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاعیر له‌نێو شیعره‌كه‌دا، محه‌مه‌د ئه‌لماغوت له شیعرێكدا ئاوا باس له په‌یوه‌ندی خۆی به ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كا:
یه‌كێتی نووسه‌ران بڕیار له‌سه‌ر به‌هره‌ی شاعیربوونی من نادا‌و
وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی بڕیار له‌سه‌ر لیاقه‌ی وه‌رزشوانی من نادا‌و
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بڕیار له‌سه‌ر توانایی جوتیاربوونی من نادا‌و
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بڕیار له‌سه‌ر ئیمانداری من نادا‌و
وه‌زاره‌تی به‌رگری بڕیار له‌سه‌ر لێهاتویی سه‌ربازبوونی من نادا‌و
سیسته‌می هاتوچۆ بڕیار له‌سه‌ر رێگا‌و رووگه‌ی رۆیشتنی من نادا‌و
سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان بڕیار له‌سه‌ر مه‌یله‌كانی من له بواره‌كانیتر نادا‌و
دادگاكانی ئاسایشی وڵات بڕیار له‌سه‌ر نیشتیمان په‌روه‌ریی و به‌كرێگیراوی من نادا‌و
موختاری گه‌ڕه‌ك بڕیار له‌سه‌ر سومعه و سلوكم نادا..
3- (بێرتۆلت برێشت – Bertolt Brecht – 1898-1956) پێی وابوو كه بینه‌ر گرنگترین ره‌گه‌زی شانۆگه‌رییه، ئه‌و بۆچوونه‌ی له شیعره‌كانیشیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه كه لای ئه‌و وه‌رگری شیعر ره‌گه‌زێكی زۆر بنه‌ڕه‌تییه له شیعر، بۆیه زمان (له‌و شیعرانه‌ی كه ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه) تا ئاستی قسه‌ی رۆژانه ئاسان ده‌بێت، كه‌وابێ خاسییه‌تێكیتری ئه‌و جۆره شیعره روونییه له زمان..
من بێرتۆلت برێشت، له دارستانی ره‌شه‌وه هاتووم
دایكم به‌ره‌و شاره‌كانی هه‌ڵگرتم كه من هێشتا له زگیدابووم و
هه‌میشه پێویستم به سه‌رمای دارستانه‌كان ده‌بێ
تا رۆژی مردنم..تاد
4-ده‌كرێ هه‌موو تێمه‌یه‌ك شوێنی بكرێته‌وه له‌و جۆره ستایله، هه‌ر له بابه‌تێكی زۆر تایبه‌تییه‌وه تا ده‌گاته بابه‌تی زۆر گشتی، به‌ڵام كه‌رسته‌ی درووستكردنی شیعر له هه‌موو ئه‌و ماده به‌رده‌ستانه‌ن كه رۆژانه ده‌یانبینین و كارمان پێیان ده‌كه‌وێ و له‌گه‌ڵیان ده‌ژین..چارلس بۆكۆفسكی نووسیویه‌تی:
داوه‌كه راكێشه دومیه‌كه جوله جول ده‌كا
پێویسته هه‌موومان د‌رك بكه‌ین
كه چه‌ند خێرا هه‌موو شتێ بزر ده‌بێ:
پشیله، ژن، وه‌زیفه
تایه‌ی پێشه‌وه
قه‌روێڵه، دیوار، ژوور
هه‌موو پێداویستییه‌كانمان
له‌ناو ئه‌وانه‌دا خۆشه‌ویستیش.
5-هه‌ندێجار شیعر ده‌گاته جۆرێك له كۆمێدیای ره‌خنه‌گرانه و به گاڵته پێكردنه‌وه گوزارشت له شته‌كان ده‌كا و به شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌وستایله له رێگه‌ی وێنه‌ی جۆراوجۆر و به زمانێكی ساده ده‌رده‌بڕدرێ..
6-ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی به‌شێكی زۆر له‌و شیعرانه بده‌ین، هه‌ست به بوونی چیرۆك ده‌كه‌ین له پشت هه‌ر شیعرێك..یاخود خودی شیعره‌كه چیرۆكێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، چارلس بۆكوفسكی له شیعری كاریزما ده‌ڵێ:
ئه‌و ژنه واز له په‌یوه‌ندیكردن به منه‌وه ناهێنێ
هه‌تا پاش ئه‌وه‌ش كه پێم گوتووه
من له‌گه‌ڵ ژنێك ده‌ژیم كه خۆشمده‌وێ.
پێم ده‌ڵێ: هه‌میشه گوێم له ده‌نگگه‌لێك ده‌بێ له هه‌وا
لام وایه ئه‌وه تۆی..تاد
7-بۆ تێگه‌یشتن له‌و جۆره شیعرانه وه‌رگر زۆرجار پێویستی به زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و كه‌رستانه‌وه ده‌بێ كه به هۆیه‌وه شیعری‌یان لێ درووستكراوه، بۆ نمونه: (له پۆتسدام.. ئونته دێن ئایشن)، ئه‌وه ناونیشانی شیعرێكی برێشته، تۆ وه‌ك وه‌رگر ده‌بێ زانیارییت له‌باره‌ی ئه‌وه هه‌بێ كه پۆتسدام شارێكه ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای به‌رلین و -ئونته دێن شتاین- ناوی شه‌قامێكی ئه‌و شاره‌یه..زانیارییه‌كانی كه پێویستیمان پێده‌بن له‌و ستایله شیعرییه به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و جۆرانه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه كاتێ ئه‌و ستایله شیعرییه ده‌خوێنینه‌وه كه به نمونه ئه‌دۆنیس ده‌ینووسێ پێویستیمان به بوونی جۆرێكیتری مه‌عریفه ده‌بێ له‌باره‌ی هونه‌ری ته‌ئویل(هیرمینوتیكا) و له‌وێوه ده‌بێ توانایی ئه‌وه‌مان هه‌بێ كه ته‌لیسم و كۆده‌كان بكه‌ینه‌وه هێزی شیكردنه‌وه‌و ته‌فسیركردنمان به‌هێزبێ..نمونه‌یه‌كی شیعری ئه‌دۆنیس:
ده‌نگ به‌ربانگی ئاخاوتنه.
خۆر ماڵێكی هه‌یه
رێی بۆ ناچێ.
رۆشنایی له‌شی خۆره
خۆر ژنێكی رووته
ته‌واو پۆشته‌یه.
به‌ڵێ، تیشكیش كڕنۆش ده‌با
به‌ڵام بۆ تیشكێكی دیكه.
8- به‌شێكی زۆری ئه‌و شاعیرانه‌ی كه به‌و ستایله ده‌نووسن له شوێنێك له شوێنه‌كان كاره‌كته‌رێكی به ناوبانگی (هه‌ر بوارێك) ئه‌گه‌ر مردوو بێ، زیندووی ده‌كه‌نه‌وه‌و پیاسه‌كی ناو ژیانی ئه‌مڕۆی شاعیری پێده‌كه‌ن.. ئه‌و حاڵه‌ته له شیعری (تارق بن زیاد)ی محه‌مه‌د ئه‌لماغوت و لای برێشت له شیعری (پێڵاوی ئێمپێدوكلیس) (ئێمپێدوكلیس490 ـ430پ.ز)ی فه‌یله‌سوفی یۆنانی تێیدا كاره‌كته‌ری شیعره‌كه‌یه و هه‌روه‌ها لای چارلس بوكۆفسكی له شیعری (سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك پاش خوێندنه‌وه‌ی نامه غه‌رامییه‌كانی بیتهۆڤن)هه‌مان حاڵه‌ت هه‌یه و بوكۆفسكی ده‌ڵێ:
بیرده‌كه‌مه‌وه: ئه‌گه‌ر لودڤیگ ئه‌وڕۆ زیندوبووا
سه‌یاره‌یه‌كی سه‌قف داخراوی سپۆرتی ده‌هاژۆشت و
شێته غه‌ریبه‌كانی ته‌واوی شه‌قامه‌كانی سوارده‌كردو
گوێمان له موزیكێك ده‌بوو
كه هه‌رگیز پێشتر گوێمان لێی نه‌ببوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
هه‌رگیز خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌ده‌دۆزییه‌وه.
ئه‌و هه‌شت خاسیه‌ته‌ی كه باسم كردوون ته‌نیا خاسیه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و شیعرانه‌ن كه ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه‌و، ره‌نگه چه‌ندین خاسیه‌تیتر هه‌بێ له‌و ستایله شیعرییه‌دا به‌ڵام گه‌ڕانی زیاتر و پانتاییه‌كی فراوانتری ده‌وێ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی وردتر، من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ده‌ستنیشانی ئه‌و 8 خاسیه‌ته بكه‌م له دیوانی: (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان)ی ئیسماعیل به‌رزنجی و به‌و هۆیه‌شه‌وه جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندی و ستایلی ئه‌و دیوانه دیاریی بكه‌ین..
1-(ئه‌زموونێكی تایبه‌ت له‌ناو رووداوێكی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا).. شوێنكات له شیعری (مردن هه‌میشه روخساره جوانه‌كان بۆ خۆی ده‌بات)، جێزه‌مه‌نی شه‌ڕی براكانه:
له‌ودیو شووشه‌به‌ندی په‌نجه‌ره هه‌واییه‌كه‌وه
جوتێ كوكوختی گرینۆك
له‌گه‌ڵ ده‌ستڕێژی براكانا
له‌گه‌ڵ هێرشی ئامۆزاكانا
له بن تارمه‌كه..تاد
له‌گه‌ڵ ئه‌و باره گشتییه كه شاعیر تێیدا ژیاوه وه‌ك هه‌ر كه‌سێكیتر كه له‌و سه‌رده‌مه ژیاوه هه‌زاران چیرۆك هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك له خاڵی یه‌كه‌م باسم كرد، چیرۆكی تایبه‌تی ژیانی شاعیر جۆرێكیتره كه له چیرۆكی ئه‌وانیتر ناچێ، باره گشتییه‌كه ئه‌وه‌یه كه شه‌ڕی براكانه، باره تایبه‌تیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه:
چله‌ی زستان بوو كه لێمان قه‌وما
دوو مێینه‌م به پشی خۆم دادا
له رۆژاوای هه‌ولێر
دایكه‌كه‌یانم ته‌سلیم به خاك كرده‌وه‌و وتم:
_سوپاس، ئه‌وه‌تا ئه‌مانه‌كه‌ت.
وه‌ك دیاره خه‌ڵك هه‌موویان له بارودۆخی شه‌ڕدان(فه‌زا گشتییه‌كه وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی شه‌ڕه)، كه‌چی له‌ناو ئه‌و فه‌زایه گشتییه‌ی شه‌ڕدا، شاعیر تووشی شه‌ڕێكی زۆر پڕ له برینتر و گه‌وره‌ترو تراژیدیتر ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی دایكی منداڵه‌كانیتی به خاك.. هه‌ر له‌و دۆخه‌ی شه‌ڕ، ئیدی ئه‌و له‌ناو بیره‌وه‌ری ئه‌و كاره‌ساته هه‌ڵده‌كا و هه‌ردوو شه‌ڕه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی بڵێ:
شه‌وێكیان
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م تۆپدا
مانگ بزر بوو، ئه‌ستێره سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت
تا ئه‌م ساته‌ش
ئه‌گه‌ر بیری هه‌ردووكیان بكه‌م
تێر سه‌یری زیلان و كاڵێ ده‌كه‌م
تا ئه‌م ساته‌ش
هه‌ر له شوقه‌كه‌دا
له‌و په‌نایه‌ی
كه به‌تانییه‌كمان له خۆ لوولده‌دا و..تاد
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شیعره، له شیعری (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان) فه‌زای ته‌واوی شیعره‌كه بارودۆخی گشتییه، شاعیر هاوئه‌زمون و هاوخه‌می نه‌وه‌كه‌ی خۆیه‌تی، (وه‌ته‌ن به‌و هه‌موو غوربه‌ت و بێزاری خۆیه‌وه.. وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی تێكشكاو.. له‌به‌ر ده‌رگای گیانی وێرانمان ده‌وه‌ستێ).. ته‌واوی شیعره‌كه به (كۆ) قسه ده‌كاو به كۆ به‌رده‌وام ده‌بێ، (به چوارده‌وری گۆڕی غه‌ریبماندا..ژووری لاته‌ریكمان.. ده‌چینه ناو عه‌ده‌مه‌وه.. كوڕه‌كانمان.. ئه‌سپه‌كانمان.. شه‌ره‌فنامه ده‌خه‌ینه ژێِر پێ…تاد) له‌و شیعره‌دا شاعیر نه‌هاتووه ئه‌زموونێكی تایبه‌تی نێو ژیانی رۆژانه‌ی تایبه‌تی خۆی بنووسێته‌وه كه به هۆیه‌وه ده‌توانرا له‌نێو (وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: وه‌ته‌نی وێران و داته‌پیو) له‌و قۆناغه‌دا حاڵه‌ته‌كانی رۆژانه‌ی خۆی له‌نێو ئه‌و داڕمان و تێكشكانه‌دا ره‌سم بكا‌و به هۆیه‌وه نزیك ده‌بۆوه له‌و ستایله شیعرییه‌ی كه بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌و نووسینه‌یه..
له دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان)، لوتكه‌ی ئه‌و خاسیه‌ته (ئه‌زموونێكی تایبه‌ت له‌ناو رووداوێكی گشتیی)دا له شیعری (رۆژێك له هه‌موو رۆژه‌كان سه‌خیفتر)دا ده‌رده‌كه‌وێ، له‌وێ رۆژێكی گه‌رمی (ئاوگست)ه، كه بۆ هه‌موو خه‌ڵك هه‌ر هاوینه و هه‌ر گه‌رمیشه‌و هه‌میش هه‌مان باری گشتیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه، به‌ڵام شیعره‌كه باس له دنیای شاعیر خۆیی و حاڵه‌ته‌كانی خۆی و لایه‌نی ده‌روونی خۆیی و دنیابینی خۆی له‌ناو ئه‌و باره گشتییه ده‌كا له‌و رۆژه‌دا:
سه‌عات 2ی پاش نیوه‌ڕۆیه
گه‌رما
هه‌ر ده‌ڵێی مه‌رگه
هه‌ر ده‌ڵێی سه‌دامه
هه‌ر ده‌ڵێی بازرگانی شه‌ڕی ناوخۆیه
هه‌ر ده‌ڵێی سه‌له‌فییه‌كی ده‌مامكداره
له چوار لاوه
خڵتانی ئاره‌قه‌یه‌كی ره‌ش و شینم ده‌كا..
ئه‌وه باره گشتییه‌كه‌یه كه بۆ هه‌موو دانیشتوانی ئه‌و شوێنكاته هه‌روابووه، به‌ڵام له په‌ره‌گرافه‌كانیتری شیعره‌كه‌دا ئیدی باس له‌وه ده‌كا كه (بووزاوێكی خڵتاویی ژه‌نگاویی فڕ ده‌كاو میلی رادیۆكه له‌سه‌ر ئێستگه‌یه‌كی عاجباتییه كه باسی پاقله و نرخی دۆلار و حه‌مامی ژنان و كردنه‌وه‌ی دوو مزگه‌وتی نوێ و كه‌باب و قۆزی ده‌كا و تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه بڵێ: ئه‌م ژیانه یه‌ك رۆژبوو، رۆژێك له هه‌موو رۆژه‌كان سه‌خیفتر).
2-(په‌یوه‌ندی شاعیر به كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به شێوازێكی ره‌خنه‌گرانه له شیعردا)، له شیعری (نوێپۆشی كۆنه‌خواز) ئه‌وه به ئاشكرا ده‌بینین:
سه‌عاته‌كه‌ی سویسرییه
قاته‌كه‌ی فڕه‌نسییه
ساقۆیه‌كه‌ی ئینگلیزییه
قه‌مسه‌له‌كه‌ی ئه‌ڵمانییه
مه‌شرووبه‌كه‌ی رووسییه
پێڵاوه‌كه‌ی ئیتاڵییه
چرووته‌كه‌ی كوبییه
كه‌چی رقی له
ژان ژینێ، رامبۆ، نالی، ئه‌دۆنیس، دیستۆڤسكییه.
3-(ساده‌یی له زمان).. سه‌رجه‌م شیعره‌كانی نێو دیوانه‌كه به زمانێكی ساده نووسراون، به‌ڵام ئه‌و جۆره ستایله پێویستی به زمانی ئاخاوتنی رۆژانه ده‌بێ.. ئه‌و زمانه تایبه‌تییه‌ی كه شاعیر رۆژانه به‌كاری ده‌هێنێ و له‌گه‌ڵی ده‌ژی.. په‌ره‌گرافی (زیلان) له شیعری دژه دیمه‌ن به‌و شێوه‌یه و چه‌ندین نمونه‌یتری هاوشێوه له دیوانه‌كه‌دا هه‌یه:
(زیلان)
_بابه؟
+ئۆباب
_بابه ته‌له‌ڤزیۆن یه‌عنی چی؟
+یه‌عنی ئه‌فلام كارتۆن و زوم زوم و ئه‌نتۆنیلا.
_جه‌ریده یه‌عنی چی؟
+یه‌عنی ره‌سم و به‌به و به‌عه.
_ئه‌دی بابه شه‌ڕ یه‌عنی چی؟
هه‌م له رووی فه‌رهه‌نگی و هه‌میش له رووی سینتاكس و ته‌ركیبه‌ی رسته، شیعره‌كه له قسه‌ی زۆر ئاسایی رۆژانه درووستكراوه، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ شیعرێكی (به گوێره‌ی چێژی من، وه‌ك وه‌رگرێك) زۆر جوانی لێدرووستكراوه، من ئه‌و جۆره ستایله‌م له شیعری نوێ‌دا زۆر لا قبوڵه‌و چێژیشی لێده‌به‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌توانرێ تێمه‌یتری زۆر گرنگ و جوان و سه‌رنجڕاكێش به‌و شێوه زمانه ئاساییه كه زمانی قسه‌كردنی رۆژانه‌مانه درووست بكه‌ین.. (بێگومان تێمه‌ی ئه‌و شیعره‌ش له تێمه هه‌ره گرنگه‌كانه).
4-(كه‌رسته‌ی درووستكردنی شیعر سنووری بۆ نییه و هه‌موو كه‌رسته‌یێ ده‌بێته شیعر له‌و ستایله).. شیعر له رابردوو و تا ئێستاش به شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌رسته‌كانی له سرووشته‌وه وه‌رگرتووه، مانگ و غرووب و ئه‌ستێره‌و چیا‌و گوڵ و شه‌و و په‌پووله و رووبار‌و فریشته و..تاد ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌و دیوانه‌شدا به‌دوای ئه‌و قاموسه‌دا بگه‌ڕێین به ده‌یان و ده‌یان وشه‌ی له‌و جۆره‌ی تێدایه به‌تایبه‌تی له‌و شیعرانه‌ی كه به‌و شێوازه نه‌نووسراوه، با شیعری (ئه‌وانه) وه‌ك نمونه‌یه‌كی خێرا وه‌رگرین و بزانین فه‌رهه‌نگی ئه‌و شیعره چییه؟ (ئاو، ئاگر، سه‌رماوزه، ته‌به‌شی پایزئاسا، روح، سه‌ركرده دۆڕاوه‌كان، خوێناوی جه‌سته، زه‌نگی شه‌وه‌زه‌نگ، تریفه، كه‌وڵی مامز، شه‌وێكی ده‌یجوور، شه‌هید، فیغان، حه‌سره‌ت، یاهو، شه‌یپوری كازیوه).. ئه‌و فه‌رهه‌نگه كه كه‌رسته‌ی سه‌ره‌كی زمانی شیعری زۆرێك له شیعری كوردی و به‌شێك له شیعری جیهانیشه، فه‌رهه‌نگێكی یه‌كجار باوه‌و په‌یوه‌ندی و هارمۆنییه‌تی نێوان ئه‌و دوو وشانه‌ی كه بوونه‌ته وشه‌ی موره‌كه‌ب، دیسان په‌یوه‌ندیێكی سواو باوی نێو شیعری كوردییه به گشتی، به‌ڵام له كۆمه‌ڵێك شیعری دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان) فه‌رهه‌نگ رێك ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌یه كه له‌و ستایله شیعرییه (ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه) ده‌یبینین.. به گه‌ڕانێكی خێرا ده‌توانین چه‌ندین وشه كه سه‌ر به فه‌رهه‌نگی ئاخاوتنی رۆژانه‌ن له‌و دیوانه‌دا ده‌ربێنین: (تڕێله، بلوزی ئیتاڵی، نه‌خۆشخانه، ژماره‌ی پێڵاو، لافیته، بۆینباخ، ته‌رفیع و عه‌لاوه، زمانلووس، فاشیل، ساخته، شه‌ربه‌تی ته‌مه‌رهیندی، كه‌باب و قۆزی، حه‌مامی ژنان، دۆلار، كۆمپیوته‌ر و سه‌یاره‌و..تاد).. ئه‌گه‌ر بهاتبوواو ته‌واوی دیوانه‌كه به‌و شێوازه‌و به‌و فه‌رهه‌نگه نووسرابووا، ئه‌وا ده‌بووه دیوانێكی ته‌واو جیا له كۆی دیوانه‌كانی شیعری كوردی، به‌ڵام له چه‌ندین شیعری دیوانه‌كه وه‌ك شیعره‌كانی (گه‌ردۆز، تیاترۆ، په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان، ئه‌وانه، نه‌هه‌نگ و له‌رز) هێشتا ئه‌و هێڵه‌ی هێشتۆته‌وه كه له‌گه‌ڵ شیعر‌و دیوانه‌كانیدی نه‌وه‌ی خۆی و به‌ر له خۆی هاوئه‌تمۆسفێرن، دیاره وه‌رچه‌رخانێكی له‌و چه‌شنه كه سه‌رله‌به‌ری دیوانێك به‌و ستایله، به نمونه:(ستایلی شیعری دژه دیمه‌ن) بنووسرێ، ئه‌وا پێویستیمان به موجازه‌فه و كێشمه‌كێش و گوتاری مه‌عریفی شیعرییه‌وه ده‌بێ بۆ به‌رگریكردن و سه‌لماندنی شیعریبوونی ئه‌و ستایله له‌نێو شیعری كوردیدا، چونكه تا ئێستایش ئه‌وانه‌ی ستایلی باوی شیعر ده‌نووسن و ئاگاداری شیعری جیهانی نین، ئه‌و ستایله‌یان وه‌ك شیعر قبوڵ نییه و ره‌نگه ناویتری لێبنێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وش من پێم وایه: به‌شێكی زۆری شیعری نوێی جیهانی دواتر ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و رێگایه‌و له‌و ستایله‌دا جێگیر ده‌بێ كه به‌شێكی دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان)ی پێ نووسراوه.
5-(كۆمێدیای ره‌خنه‌گرانه) ئه‌و ستایله له هونه‌ردا زیاتر له زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و كورته فیلم ده‌رده‌كه‌وێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و شیعرانه‌ی كه ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه بۆته دیارده‌یه‌ك و زوو ده‌رده‌كه‌وێ، له شیعری (رۆژێك له هه‌موو رۆژه‌كان سه‌خیفتر) دیمه‌نێكی له‌و جۆره‌ی تێدایه:
میلی رادیۆكه
له‌سه‌ر ئێستگه‌ی حیزبێكی عاجباتییه
بێژه‌ره‌كه
باسی پاقله، نرخی دۆلار، شه‌ربه‌تی ته‌مه‌رهیندی، سه‌ردانی حیزبه توركمانیه‌كان، حه‌مامی ژنان،
سووده‌كانی ورچی قوتبی، پاڵتۆی ئه‌تاتۆرك، كردنه‌وه‌ی دوو مزگه‌وت، كه‌باب و قۆزی ده‌كات.
له چه‌ندین په‌ره‌گرافی شیعره‌كانی ئه‌و دیوانه ئه‌و نمونانه به‌رچاو ده‌كه‌ون، به‌ڵام له شیعری (پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بورهان جاهیددا) ته‌جروبه‌كه كامل ده‌بێ و ئه‌و شیعره رێك به‌و ستایله نووسراوه، له‌و شیعره‌دا شاعیر كاره‌كته‌رێك كه هه‌م شاعیره‌و هه‌میش له ژیاندا رووت و قووت و سه‌رخۆش، زیندوو ده‌كاته‌وه‌و زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سازێنێ كه به شێوه‌یه‌كی كۆمێدی سه‌باره‌ت به باردۆخی گشتی ئه‌و شوێنكاته،(هه‌ولێری 5/3/2006)بدوێ:
لای حه‌مام عه‌سری
توشی بورهان جاهید بووم
-قوات ئۆلسه‌ن به‌به‌م، ئه‌ی مه‌ستی بزر
+ئه‌هله‌ن گوێزم!
-ئه‌وه بۆ كوێ ده‌چی؟
+باشه ئه‌و شاره باڕێكی تێدا نه‌ماوه؟
-ئاغا با بچین بۆ موعه‌لیمین!
به لاره لار…تاد
ئه‌گه‌ر ته‌واوی شیعره‌كه بخوێنینه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین: ئه‌و شیعره به ستایلێك نووسراوه، كه رێك ده‌كه‌وێته خانه‌ی كۆمێدیای ره‌خنه‌گرانه به‌شێوه‌یه‌ك كه (وه‌رگری جددی شیعری نوێ) دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ست به بزه‌یه‌كی خه‌مناكی ناسك ده‌كات، یه‌كێك له‌و خاسیه‌تانه‌ی كه ئه‌ده‌بیات و هونه‌ری پۆست مۆدێرن به‌رهه‌می هێناوه بریتییه له‌و ستایله، به زمانێكی رۆژانه و فه‌نتازیاێكی نزیك له واقیعی سحری ره‌خنه‌گرانه، زمینه‌یه‌ك بۆ وه‌رگران بسازێنێ كه دوای بینین و بیستنی به‌رهه‌مه‌كه له حاڵه‌تی بزه‌یه‌كی ئاوێته به مه‌راقێكی سووك و خه‌مێكی ناسك بن.. ئه‌وه‌یان حاڵه‌تێكه یا بوقعه‌یه‌كه ده‌كه‌وێته نێوان قاقایێكی رووت و فیغان و شیوه‌نێكی رووت.. نه فیغان و شیوه‌نێكی رووته وه‌ك له هونه‌ری تراژیدی ده‌یبینین و نه پێكه‌نین و قاقایێكی رووته كه داهێنراوی كۆمێدیای موجه‌ڕه‌ده، به‌ڵكو ئه‌و هه‌ناسه و شوێنكاته‌یه كه له‌نێوان هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دایه.
6-(به‌شیعركردنی چیرۆك).. له‌و شێوازه‌دا، گێڕانه‌وه‌و ته‌واوی خاسیه‌ت و بنه‌ماكانی چیرۆك به زمانی شیعر‌و به ئاماده‌یی خاسیه‌ت و ره‌گه‌زه‌كانی شیعر به‌دی ده‌كرێ، له دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان).. ئه‌و شێوازه له شیعره‌كانی (ده‌خیلت بم مه‌حمود زامدار، پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بورهان جاهیددا، من هه‌میشه له‌وێوه دێم، له ده‌روازه‌ی قه‌برستانی مه‌عمه‌ل قیڕدا، مردن هه‌میشه رووخساره جوانه‌كان بۆ خۆی ده‌با)دا هه‌یه.. له شیعری (ده‌خیلت بم مه‌حمود زامدار)دا، به چه‌ند چیرۆكێك كه دواجار هه‌موویان په‌یوه‌ستن به‌و چیرۆك و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له‌نێوان شاعیر‌و مه‌حمود زامداردا هه‌ن شیعرێك هاتۆته كایه‌وه، چیرۆكه‌كان له وه‌رچه‌رخاندان له تێمه‌یه‌كه‌وه بۆ تێمه‌یه‌كیتر.. له كۆی ئه‌و شیعرانه‌ی كه تێیدا چیرۆك كراوه‌ته شیعر، له‌به‌ر درێژنه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه، ته‌نیا قسه له‌سه‌ر شیعری(ده‌خیلت بم مه‌حمود زامدار) و (من هه‌میشه له‌وێوه دێم)دا ده‌كه‌م:
نازانم له بیرته یا نا
سه‌رپایزێك
تۆ له پێشه‌وه‌ی ماشێنه‌كه
من و گوڵه باخیش له دواوه
ئه‌و رۆژه به منیان ده‌گوت: (زاوا)
دوای شه‌ش ساڵ و شه‌ش مانگ
دیسان تۆ له پێشه‌وه
به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان
به گوڵه‌باخیان وت: (جوانه‌مه‌رگ) و
به منیشیان وت: (ماڵ‌وێران).
ئه‌و نمونه، په‌راگرافێكی شیعره‌كه‌یه، وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌رده‌كه‌وێ به‌ڵام له فه‌زای گشتی شیعره‌كه و له‌نێو شیعره‌كه وه‌ك ئه‌نجام، ته‌نیا یه‌ك چیرۆكه چونكه چه‌ندین چیرۆكیتری به‌و شێوه‌یه له شیعره‌كه‌دا هه‌ن و دواجار به هه‌موویان چیرۆكێكی كامل درووست ده‌كه‌ن كه ئه‌ویش ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه كه له‌نێو شاعیر و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه‌دا هه‌یه..بۆ نمونه:
نازانم
شه‌و بوو یا رۆژ
هێشتا شكڵی قه‌ڵپی دۆلارم نه‌بینیبوو
نه‌مده‌زانی بۆرسه مانای چییه
نه‌چووبوومه پرسگه‌ی هیچ به‌رپرسێك
تاقه یه‌ك موكافه‌ئه‌م وه‌رنه‌گرتبوو
تاكه به‌خششێك
كه پێت به‌خشیم قاپی عه‌ره‌ق بوو
ده‌خیلت بم مه‌حمود زامدار.
چیرۆكی یه‌كه‌م وه‌ك دیاره كه هه‌م له رۆژی زاوایه‌تی شاعیر و هه‌میش له رۆژی كۆچی دوایی هاوسه‌ری شاعیر (كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه – مه‌حمود زامدار) له پێشه‌وه‌ی سه‌یاره‌ی بووك و سه‌یاره‌ی جه‌نازه‌دا بووه، چیرۆكی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌م موكافه‌ئه كه شاعیر له ژیانیدا وه‌ریگرتبێ بتڵێك عه‌ره‌ق بووه له زامدار.. به‌و شێوه‌یه له چه‌ند چیرۆكێك شیعرێك درووستكراوه، كه‌چی له شیعری (من هه‌میشه له‌وێوه دێم) ته‌نیا یه‌ك چیرۆك هه‌یه، ئه‌ویش چیرۆكی نێوان خۆیی و (ساماڵ)ی جوانه‌مه‌رگ و هاوسه‌ری شاعیره كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه‌یه، چیرۆكێكی یه‌كجار هێمن و سه‌رنجڕاكێشه و له هه‌ندێ په‌ره‌گرافدا خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ترۆپكی خه‌مێكی ئینسانی قووڵ و ئێسته‌تیكی و له‌و كاته‌دا وه‌رگر بیر له وه‌زیفه‌ی شیعر ده‌كاته‌وه كه هه‌میشه و به‌رده‌وام پرسیاری له‌باره‌یه‌وه ده‌كرێ و وه‌ڵامی ده‌قیقمان ده‌ستناكه‌وێ:
له شه‌ڕێكدا سه‌رده‌كه‌وتین و
له چواران ده‌ماندۆڕاند
حه‌سره‌تمان ده‌كرۆشت و
بێزاریمان هه‌ڵده‌مژی
له‌ناكاو به كۆڵێك یه‌ئسی وجودیانه‌وه
تێك ده‌ئاڵاین
تێكده‌ئاڵاین و هه‌میشه به هه‌ناسه‌ی سارد‌و گه‌رمه‌وه
كولله‌یه‌كی خۆڵه‌مێشیمان
بۆ (زیلان و كاڵێ) درووست ده‌كرد.
یان كه ده‌ڵێ:
له حه‌وشه‌كه‌دا
دووجار كراسی سپی له‌به‌ر كرد
جارێكیان بۆ من و
ئه‌ویتریش بۆ قه‌بر.
7-(زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ تێگه‌یشتن له‌و ستایله شیعرییه).. به گوێره‌ی چێژ‌و تێگه‌یشتنی من له‌و دیوانه، دوو له هه‌ره جوانترین شیعره‌كانی نێو ئه‌و دیوانه، هه‌ر دوو شیعری (له ده‌روازه‌ی قه‌برستانی مه‌عمه‌ل قیڕدا و شیعری مردن هه‌میشه رووخساره جوانه‌كان بۆ خۆی ده‌بات)ن..كه هه‌ردووكیان بۆ (ساماڵ)ن، كاتێ وه‌رگر زانیاری له‌باره‌ی چیرۆكی هاوسه‌ریبوونی ساماڵ و شاعیر نه‌بێ و ئاگاداری كۆچی دوایی ساماڵ له ته‌مه‌نێكی زوودا نه‌بێ و ساماڵ وه‌ك ناوێكی ئاسایی و كاره‌كته‌رێكی ئاسایی وه‌رگرێ له چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌دا، ره‌نگه ئه‌و هه‌ڵچوون و ئاوێته‌بوونه درووست نه‌بێ لای وه‌رگر و خوێندنه‌وه‌كه فۆرمێكیتر به خۆیه‌وه ببینێ، ئه‌مه بۆ شیعری پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بورهان جاهیدداش هه‌روا، له چه‌ندین شوێن و په‌ره‌گرافی ئه‌و دیوانه‌دا به نمونه: ((PMF).. یا سه‌مفۆنیای (كاروانه هه‌ی كاروانه) ده‌ژه‌نن.. تیپی سه‌مای ریشۆڵان بالێی (هۆپ زه‌ندان) نمایش ده‌كه‌ن.. تیپی شانۆی كه‌روێشكان شانۆی (دیسان بارانه) ته‌مسیل ده‌كه‌ن.. زیلان و كاڵێ.. مامۆستایه‌كی بۆینباخ له ملی پۆشته.. ئازاد شه‌وقی و.. تاد)) ئه‌مانه و چه‌ندین ناویتری (شوێن و كه‌س و شت)، پێویستییان به‌وه‌یه وه‌رگر زانیاری له‌باره‌وه هه‌بن، به‌و هۆیه‌وه تێگه‌یشتن و نسبه‌تی چێژبردن روو له زیادبوون ده‌كا.. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ستایله شیعریه‌ی كه ته‌ئویل تێیدا رۆڵ ده‌بینێ..
8-(زیندووكردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌رێك و هێنانه نێو ژیانی ئه‌مرۆمان).. ئه‌و جۆره شێوازه له په‌ڕه‌گرافی (نامه‌نتیق) كه بۆ مسته‌فا په‌ژار ته‌رخانكراوه‌و شیعری (پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بورهان جاهیددا) كه بورهان جاهید تێیدا زیندوكراوه‌ته‌وه‌و ده‌بردرێته نادی موعه‌لیمین و پازده چارێك عه‌ره‌ق ده‌خواته‌وه به ته‌واوی به‌رچاو و دیاره.. ئه‌و ستایله لای فازل عه‌زاوی و بوكۆفسكی و سیمیك و محه‌مد ئه‌لماغوت و برێشت و سه‌دان شاعیریتریش هه‌ن كه به شێوازیتریش ده‌نووسن، به‌ڵام جیاوازییه‌كه لێره‌دا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئه‌و شاعیرانه‌ی من لێره ناوم هێناون وا له‌و كاره‌كته‌رانه ده‌كه‌ن كه هه‌ڵسوكه‌وتیان پێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ شتی نوێ بكه‌ن و بیانهێننه نێو ژیانی ئێستاماندا، وه‌ك بینیمان له‌و نمونه‌ی بوكۆفسكی كه بیتهۆڤن ده‌كاته سایه‌قی سه‌یاره‌یه‌كی وه‌رزشیی و موزیكێك لێده‌دا كه هی سه‌رده‌می خۆی نییه، كه‌چی له ستایلیتردا، لای ئه‌دۆنیس به نمونه له شیعری (له ستایشی ئه‌ی ته‌ممام)دا ئه‌و (هێنانه ناو ژیانی رۆژانه‌یه‌دا)به‌دی ناكه‌ین و باسی فه‌زاو شوێنكاته گشتییه‌كه (ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به رۆچوون و رامانه‌وه هه‌یه بۆ گه‌ردوون) ده‌كا كه هه‌میشه له‌و ستایله شیعرییه دووباره ده‌بێته‌وه: چه‌ند پارچه‌یه‌ك له یاداشته‌كانی ئه‌بی ته‌ممام له گێڕانه‌وه‌ی میهیاری دیمه‌شقی:
ئه‌مه‌ش گه‌ردوونه و ده‌مباو به‌سه‌رمدا زاڵ ده‌بێ
روو ده‌كه‌مه شوێنێكیتر
شه‌و ئه‌سپ بێت و رۆژیش سوار
هه‌سته‌كانمان سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن و خه‌ریكن پێشم ده‌كه‌ون
ئه‌مه‌ش ده‌نگمه خه‌ریكه له گه‌رووی با ده‌رده‌چێت.
دره‌خت ئاخاوتنه
رۆشنایش ماوه‌كان ده‌نووسێ… تاد
به‌و شێوه‌یه تا كۆتایی شیعره‌كه به‌رده‌وام ده‌بێ، ئه‌گه‌رچی باس له (جاسم- ئه‌و گونده‌ی ئه‌بو ته‌مامی لێ له‌دایكبووه)و به‌غدادیش ده‌كات، به‌ڵام (ئه‌وكاتی) جاسم و به‌غداد.. ئه‌گه‌ر به‌نمونه به‌و ستایله شیعریه‌ی كه جێی باسی منه شیعرێك له ئێستادا بۆ ئه‌بو ته‌مام بنووسرێ، ئه‌وا شاعیر ئه‌بو ته‌مام په‌یوه‌ست به‌و باردۆخه‌ی ئێستای سیاسی و ئابوری ..تاد عێراق و سوریا‌و ده‌كات و گه‌شتێكی ناو شه‌قامه‌كانی دیمه‌شق و به‌غدای پێده‌كا..
له‌و هه‌ڵوه‌سته‌و گه‌ڕانه‌مدا له دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان) به دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شیعرانه‌دا گه‌ڕام كه ده‌كه‌ونه خانه‌ی ئه‌و ستایله شیعرییه، (ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌زموونی ژیانی رۆژانه ده‌نووسنه‌وه)و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ش گه‌یشتمه چه‌ند ئه‌نجامێك له‌سه‌ر دیوانه‌كه به شێوه‌یه‌كی گشتی:
1-دیوانه‌كه به دوو شێواز نووسراوه.
2-شێوازی یه‌كه‌میان بریتییه له‌و شێوازه‌ی كه به‌شێكی زۆری شیعری نوێی كوردی پێنووسراوه‌و تا ئێستاش پێی ده‌نووسرێ، كه ئه‌ویش له شیعره‌كانی (گه‌ردۆز، تیاترۆ، حه‌نین ده‌مكوژێ، په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان، ئه‌وانه، پرۆڤه، هه‌وه‌س و بۆن، پیره‌كان، نه‌هه‌نگ و له‌رز، خۆ ماندوو كردن، لیمۆی شیرازی) به ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌گه‌رچی زمان و وێنه له هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌شدا زمان و وێنه‌ی ئاڵۆز نین، به‌ڵام فه‌زای گشتی زۆر نزیكه یا درێژكراوه‌ی ئه‌و ستایله‌یه كه به‌شێكی زۆری شیعری كوردی پێنووسراوه‌و پێده‌نووسرێ.
3-شێوازی دووه‌میان بریتییه له شێوازی (به‌شیعركردنی ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه) كه له شیعره‌كانی (گه‌رما، مردن هه‌میشه رووخساره جوانه‌كان بۆخۆی ده‌با، من هه‌میشه له‌وێم، له ده‌روازه‌ی قه‌برستانی مه‌عمه‌ل قیڕدا، ده‌خیلت بم مه‌حمود زامدار، رۆژێك له هه‌موو رۆژه‌كان سه‌خیفتر، رۆژباش ئه‌ی براده‌ره پیرۆز‌و جوانه‌كه‌م، پێ لێنان، ده‌بووایه من قه‌ره‌ج بام، پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بورهان جاهیددا، خۆناساندن، -له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ش- شیعری “دژه دیمه‌ن”)..
4- ئه‌گه‌ر دیوانه‌كه ته‌نیا پێكهاتبووا له‌و شیعرانه‌ی كه له خاڵی سێیه‌م ده‌رمهێناون، دیوانێكی نامه‌ئلوف (به مانا پۆزه‌تیڤیه‌كه‌ی) ده‌بوو له‌ناو دیوانه‌كانیتری شیعری نوێی كوردی، بێگومان هه‌وڵی له‌و باره‌وه هه‌یه لێره‌و له‌وێ به‌ڵام وه‌ك دیوانی سه‌ربه‌خۆ كه هه‌موو شیعره‌كانی به‌و ستایله نووسرابوون، نه‌كه‌وتۆته به‌رچاوی من به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه.
5-ئه‌و خاسییه‌ته سه‌ره‌كییانه‌ی كه له ستایلی به شیعركردنی ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رۆژانه‌دا هه‌ن، به ته‌واوی له دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان)دا هه‌ن.
6-فه‌رهه‌نگی ئه‌و شیعرانه‌ی كه له خاڵی سێیه‌مدا ده‌رمهێناون له مه‌ئلوفیه‌تی فه‌رهه‌نگ و زمانی شیعری كوردی لایداوه، كه ئه‌وه‌شیان به بۆچوونی من لادان و موجازه‌فه‌یه‌كی یه‌كجار بوێرانه‌و جوانه له شیعری كوردیدا.
7-دواهه‌مین خاڵم ئه‌نجامێكه كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به دووباره بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری نێو دیوانه‌كان، زۆرجار كه شیعرێكی كوردی له دیوانێكدا بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئیدی ئه‌و شیعره هه‌ر له‌و دیوانه‌دا ده‌مێنێته‌وه، كه‌چی له كولتوریتری غه‌یره كوردی زۆرجار شیعرێك له باوه‌شی دیوانه‌كه‌ی ده‌ردێنن و ده‌یخه‌نه نێو چه‌ندین و چه‌ندین دیوانیتر، بۆ نمونه: ده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه به پرس كردن به شاره‌زاو راوێژكارانی بواری شیعر، هه‌ڵبژارده‌یه‌كی شیعری شاعیران بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به نمونه، به ناوی سه‌د جوانترین شیعری كلاسیكی ئه‌ڵمانی، له‌و حاڵه‌ته‌دا دوو شیعری گۆیته یا هاینه له دیوانه‌كانیان ده‌ردێنن و ئیدی سه‌رله‌نوێ بڵاوده‌كرێنه‌وه، مه‌به‌ستم له‌و پێشه‌كییه ئه‌وه‌یه كه پێشنیارێك بۆ به‌شی فه‌رهه‌نگی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر و ته‌واوی گۆڤار و به‌شه ئه‌ده‌بیه‌كانی رۆژنامه‌كان بكه‌م، كه زۆر ئاساییه له‌به‌ر جوانیی هه‌ندێ شیعر باوه‌كو له دیوانه‌كانیشدا بڵاوكرابنه‌وه، جارێكی‌تر و سه‌رله‌نوێ له لاپه‌ڕه‌كانی فه‌رهه‌نگی رۆژنامه و گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌كان بڵاوبكرێنه‌وه.. شیعری (له ده‌روازه‌ی قه‌برستانی مه‌عمه‌ل قیڕدا)ی ئیسماعیل به‌رزنجی یه‌كێكه له‌و شیعرانه‌ی كه شیاوی جارێكی‌تر و چه‌ند جارێكی‌تر بڵاوكردنه‌وه‌یه.
سه‌رچاوه‌كان:
• په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان..ئیسماعیل به‌رزنجی، ده‌زگای ئاراس 2007
• برتولت بریشت.. مختارات شعریه شامله..ترجمه و تقدیم: احمد حسان، منشورات الجمل، بیروت2009
• شرق عدن غرب الله، محمد الماغوگ، دار المدی2007
• ستایشی شته روون و په‌نهانه‌كان، ئه‌دۆنیس، وه‌رگێڕانی د.موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر، له بڵاوكراوه‌كانی پاشكۆی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر 2009
• الحب كلب من الجحیم.. جارلس بوكوفسكی ترجمه: سامر ابو هواش.. منشورات الجمل، بیروت 2009
http://www.arab-ency.com/index.php?module=pnEncyclopedia&func=display_term&id=1243
له ده‌روازه‌ی قه‌برستانی مه‌عمه‌ل قیڕدا
ئیسماعیل به‌رزنجی
(به یادی ساماڵ، پێشكه‌شه به عه‌به‌سیترین براده‌رم باوه‌زیر عه‌بدوڵڵا)
دیسان منم
له من زیاتر
كێ حه‌نین ده‌یكوژێت و
رۆحی گه‌رمی ده‌خاته به‌ر بایه‌كی سارد
منم
به ئه‌سپایی دێم
زێوانه‌كه به خه‌به‌ر دێنم
به زمانی گوڵ پێی ده‌ڵێم:
(دێمكه ئاوه‌كه بێنه، با بچین گوڵه ماته‌كانی سه‌ر سینگی جوانه مه‌رگ ئاو بده‌ین
با تۆز و خۆڵی سه‌ر ده‌موچاوی یه‌نگی دنیا بشۆینه‌وه)
وا دێم
به شه‌قاوی له‌رزۆكاوی
رووه‌و چێورمه‌كه‌ت هه‌نگاو ده‌نێم
نه خۆڵ
نه به‌رد
نه پنجه‌گیای سه‌ر دڵت
هیچیان وه‌ئاگا ناهێنم
به ماتی ده‌ست له كێڵه‌كان وه‌ردێنم
به ناڵه‌یه‌كی حه‌زین ده‌چرپێنمه گوێت:
– كوا مه‌قاماتی راكشان؟
– كوا جگه‌ره‌كێشانی پێش چوونه ناو جێگا؟
– كوا رۆمانی (مرحبا ایها الحزن)؟
– كوا له‌عابه‌كانی زیلان؟
– كوا فاتووره‌ی ئاو و كاره‌با؟
– كوا كاسێتی(القلب یعشق كل جمیل)؟
– كوا پاكه‌تی سۆمه‌ری بولگاری؟
– كوا بالیفه گه‌وره‌كه‌مان؟
– كوا به‌تانییه دوو نه‌فه‌رییه‌كه؟
– كوا ئه‌و مه‌نجه‌ڵه‌ی تایبه‌ت بوو به یاپراخی گه‌ڵامێو؟
– كوا ئه‌و كۆستمه‌ی ته‌نیا پایزان له‌به‌رت ده‌كرد؟
– كوا شه‌رابی سینزانۆ؟
***
وا دێم
نازانم ده‌مناسیته‌وه یان نا؟
ئێستا سه‌رم كوێستانی به‌مۆیه‌و
تێی ئاڵاوه ته‌م
ئێستا ته‌به‌شم
تژییه له قۆرت و چاڵ
ئێستا دوو چاوه قاوه‌ییه‌كه‌م
كز‌و كه‌م حوكمن
ئێستا سیخه سیخی سینگم
رۆژه رێیه‌ك ده‌ڕوات
به‌ڵام
هه‌مان سه‌رخۆش و حه‌شاشه‌كه‌ی جارانم
ده گوێم لێ بگره
تا به‌وپه‌ڕی حوزنه‌وه پێت بڵێم:
– ره‌شنووسی رۆمانه‌كه‌م چی به‌سه‌رهات؟
– پانتۆڵه قه‌دیفه زه‌یتوونییه‌كه‌م چی به‌سه‌رهات؟
– چه‌رخه ئیتاڵییه ستیله‌كه‌م چی به‌سه‌رهات؟
– رانكۆ چۆخه مه‌ره‌زیه‌كه‌م چی به‌سه‌رهات؟
– ئه‌و ره‌سمه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌لیل قه‌یسیدا گرتبووم چی به‌سه‌رهات؟
– ئه‌لبومی رۆژی شه‌كراو چی به‌سه‌رهات؟
– به‌دله‌كه‌ی عید میلادی كاڵێ چی به‌سه‌رهات؟
– رادیۆ هه‌شت مه‌وجه‌كه‌م چی به‌سه‌رهات؟
***
هه‌ست ده‌كه‌م
كۆتره باریكه‌یه‌ك
له‌سه‌ر شانی راسته‌م ده‌نیشێته‌وه
ده‌زانم
ئه‌مه رۆحیانه‌ته شه‌كه‌ته‌كه‌ی تۆیه
به گمه‌یه‌كی پڕ له بێزاری پێم ده‌ڵێ:
– یه‌كه‌م چرپه‌ی عه‌شقه‌كه‌ت له كوێیه؟
– ژماره‌ی یه‌كه‌م ته‌له‌فۆنت له كوێیه؟
– یه‌كه‌م نامه‌ی كه بۆت نووسیم له كوێیه؟
– یه‌كه‌م ئوتێل كه روومان تێكرد له كوێیه؟
– یه‌كه‌م جێ ژوانمان له كوێیه؟
له‌پڕ ده‌فڕی و ده‌روازه‌ی قه‌برستانم به باڵه شكاوه‌كانت لێ ده‌گری و
به توڕه‌یی پێم ده‌ڵێی:
– ئه‌ی پیاو ئه‌ی دڕنده‌ی تێرنه‌خۆر
– ئه‌ی ده‌عبای مشه‌خۆر
– ئه‌ی گه‌وره‌ترین درۆزنی مێژوو
– ئه‌ی ساخته‌چی، كارخانه‌چی
– تۆ كه ئێستا له‌باوه‌شی ژنێكی دیكه دای
– تۆ كه ئێستا بۆنی هه‌ناسه‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌ی
– بۆ لێم ناگه‌ڕێی به ئاسووده‌یی بنووم
– بۆ لێم ناگه‌ڕێی چێژ له مردم ببینم، هه‌ی تف له ژیان.
له دیوانی (په‌ست وه‌ك ئێواره نارنجییه‌كانی نیشتیمان)ی
ئیسماعیل به‌رزنجی
زانا خه‌لیل