به بۆنه‌ی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر رۆژی قه‌ده‌غه‌كردنی تووندوتیژی دژی ژنان
هه‌روه‌ك لای هه‌مووان ئاشكرایه رۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر وه‌كو رۆژی قه‌ده‌غه‌كردنی تووندوتیژی دژی ژنان نێودێر كراوه. دیاریكردنی ئه‌و رۆژه وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی كاره‌ساتێكه كه نمونه‌ی له مێژوودا به داخه‌وه كه‌م نییه و به به‌رده‌وامیش به شێوازی جۆراوجۆر دووپات ده‌بێته‌وه.
له رێكه‌وتی 25ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1960 له وڵاتی دۆمینیکا‌ن، سێ خوشکی بنه‌ماڵه‌ی میرابل به ناوه‌کانی (پاتريا، مينروا و ماريا ترزا) دوای ئه‌شکه‌نجه و ئازاری جنسی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه به تۆمه‌تی چالاکیی سیاسی دژی حکوومه‌تی ” تروجيلو ” Rafael Trujillo كوژران. گیان له ده‌ست دانی ئه‌و سێ خوشكه له راستیدا گه‌شێنه‌ره‌وه‌ی خه‌باتێكی جه‌ماوه‌ری بوو كه له دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی دیكتاتۆری ئه‌و وڵاته له ئارا دابوو به چه‌شنێك كه پاش ماوه‌ی نزیك به ساڵێك ده‌سه‌ڵاتی “تروجیلو” روخا. هه‌ر بۆیه ئه‌و خوشكانه كه به “په‌پوله‌كان” ناسراون، له سه‌ر ئاستی جیهانیدا وه‌كو هێمای خۆڕاگری له دژی دیكتاتۆری دێنه ئه‌ژمار. سه‌ره‌تا له 25ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1981دا و له ساڵیادی گیان له ده‌ستدانی ئه‌و خوشكانه‌دا له لایه‌ن فێمێنیسته‌كانی ئه‌مریكای لاتینه‌وه ئه‌و رۆژه وه‌كو رۆژی خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی تووندوتیژی له دژی ژنان دیاری كرا و پاش ساڵانێكش له رێكه‌وتی 17ی ده‌یسامبری 1999دا رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌كو رۆژێكی جیهانی له دژی تووندوتیژی له دژی ژنان په‌سندی كرد.
گومان له‌وه‌دا نییه كه دیاریكردنی وه‌ها رۆژێك ئه‌وه‌مان به روونی بۆ ده‌خاته روو كه تووندوتیژی دژ به ژنان له هه‌موو جیهان تا ئێستاش هه‌یه و به‌رده‌وامه. جا با بزانین مه‌به‌ست له تووندوتیژی چییه؟
ئه‌گه‌ر بێت و پێناسه‌یه‌كی كورت و سه‌رپێی تووندوتیژی بكه‌ین ده‌توانین بڵێین تووندوتیژی بریتییه له سه‌رجه‌م ئه‌و كاروكردارانه‌ی كه ئه‌نجام ده‌درێن بۆ ئازاردانی به‌رامبه‌ر به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه، له‌وانه‌ش ده‌توانین لێدان و سوكایه‌تی و بێحورمه‌تی پێكردن و شكاندنی كه‌رامه‌ت و رووشاندنی ناخی كه‌سه‌كه و له ماڵ كردنه ده‌ره‌وه و هتد ناو ببه‌ین. به چاوخشاندنێكی خێرا به سه‌ر پرۆسه‌ی تووندوتیژی دژی ژناندا، ده‌بینین هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ی كه له نێو بنه‌ماڵه‌دا منداڵێكی كچ له دایك ده‌بێ و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك له بری پیرۆزبایی و ئاواتی به‌خته‌وه‌ری، به دایكی منداڵه كچه‌كه ده‌ڵێن خوا به‌شی چاكترت بداتێ، به‌دبه‌ختیه‌كان بۆ ژنێك هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن و ده‌توانین بڵێین چوارچێوه‌ی خێزان شوێنی یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌كانی تووندوتیژین به‌رامبه‌ر به ژن.
پێویسته ئه‌وه بڵێم كه تووندوتیژی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا دژی ژنان ئه‌نجام ده‌درێت به‌ڵام ته‌نیا ده‌توانین بڵێین ئه‌وه شێوه‌ی ئه‌نجامدانی كرداره‌كه‌یه كه له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌گۆڕدرێت.
لێره‌دا به كورتی ئاماژه به چه‌ند شێوه‌یه‌كی تووندوتیژی له دژی ژنان ده‌كه‌م.
• یه‌كێك له‌وانه لێدانی ژن و خوشك و دایكه له لایه‌ن برا و كوڕ و باوك و هاوسه‌ر و زۆرجاریش ئامۆزا و پیاوانی تری نزیك له بنه‌ماڵه.
• تووندوتیژی دژی ژنان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و له ناو كۆمه‌ڵگادا وه‌كو: ده‌ست بۆ بردن و هه‌ڵمه‌ت بۆ بردن و تانه‌وته‌شه‌ر لێدان و وتنی وشه‌ی ناشیرین.
• ده‌ست درێژیی سێكسی بۆ سه‌ر ژنان كه له دوو به‌شدا خۆی ده‌بینێته‌وه: یه‌كه‌میان كه زۆر جار له ناو خودی بنه‌ماڵه و له مابه‌ینی دوو هاوسه‌ردا روو ده‌دات وه‌ك ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی سێكسی به بێ ره‌زامه‌ندیی ژن و دووهه‌میان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ له لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستدرێژی كه‌ر و له شوێنی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت.
• ژنان زۆرجار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تیشه‌وه رووبه‌ڕوی تووندوتیژی ده‌بنه‌وه به‌وه‌ی كه زۆرجار هێندێك یاسا و رێسا داده‌ڕێژرێ كه راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر جۆری ژیانی ژنان هه‌یه و ئه‌وه‌ش به‌جۆرێك له جۆره‌كانی تووندوتیژی دێته هه‌ژمار.
• ئازاردان یان رووشاندنی كه‌سایه‌تی و ده‌روونیی ژن كه ئه‌مه‌ش زۆرجار خۆی له چوارچێوه‌ی وتنی وشه‌گه‌لێكی برینداركه‌ر له رووی ده‌روونیه‌وه ده‌بینێته‌وه بۆ نمونه وشه‌ی وه‌ك قه‌حبه، به‌ره‌ڵڵا، ئابڕوبه‌ره و … .
• ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی كه دین به‌سه‌ر ژنانیدا ده‌سه‌پێنێ و ناچار به ملكه‌چبوونیان ده‌كات له ئاست پیاواندا. ته‌نانه‌ت زۆر به روونیش ئه‌مه له ئایینی ئیسلامدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه ژن ده‌بێت ملكه‌چی هه‌موو قسه و ئاره‌زوویه‌كی پیاوان بێت ئه‌گینا به پێچه‌وانه‌وه رووبه‌ڕوی سزاگه‌لی جۆراوجۆر له لایه‌ن پیاو ده‌بێته‌وه. بۆ نمونه لێدان یان جێگه لێ جیا كردنه‌وه.
• ده‌توانین كرده‌وه‌ی به‌زۆر به‌شودان، دووگیانبوونی نه‌خوازراو و خه‌ته‌نه و فرۆشتنی ژنان و تاد له ریزی تووندوتیژی دژ به ژنان ناو بنێین.
ئێستا جێگه‌ی خۆیه‌تی چاوخشاندنێكی كورت و خێرا به‌سه‌ر هۆكاره‌كانی چاوپۆشی و بێده‌نگه له ئاستی تووندوتیژی له مه‌سه‌له‌ی ژناندا بكه‌ین. ده‌كرێ بڵێم هۆكار زۆرن به‌ڵام یه‌كێك له هۆكاره‌كانی بێده‌نگه لێكردنی تووندوتیژی سه‌ره‌تا له سه‌ر ئاستی بنه‌ماڵه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزمی باری رۆشنبیریی ژنان چونكه به راستی كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه مافه ره‌واكانی خۆیان وه‌ك پێویست ناناسن و به‌داخه‌وه له لای ئه‌مجۆره ژنانه ئه‌م كرده‌وه تووندوتیژیانه وه‌ك شتێكی زۆر ئاسایی دێته به‌رچاو.
هۆكارێكی تری زۆر گرنگ به لای منه‌وه هۆكاری ئابوورییه. له‌و جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه پیاو وه‌ك نان په‌یداكه‌ری بنه‌ماڵه ده‌ور ئه‌بینێ، ده‌بینین تووندوتیژی دژ به ژنان زۆر له سه‌ره‌وه‌تره و لێره‌دایه كه جارێكی تر ژن خۆی وه‌ك پاشكۆی پیاو ده‌بینێت و ئاماده‌یه چاوپۆشی له زۆر جۆری بێحورمه‌تی و بێ رێزی بكات چونكه ئه‌و خۆی وه‌ك كۆیله دێته به‌رچاو و دوای ئه‌وه‌ش له كونجی ژوور و چێشتخانه‌كه‌یدا یاسایه‌كی باشتر بۆ ژیانی نابینێ و یان نایبیستێ.
یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كان ده‌توانێ خۆی له چوارچێوه‌ی عه‌قڵییه‌تی خێڵه‌كیدا ببینێته‌وه چونكه تا چ راده‌یه‌ك عه‌قڵییه‌تی خێڵه‌كی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا زاڵ بێت هه‌ر به‌و راده‌یه‌ش تووندوتیژی دژ به ژنان وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێت. له چوارچێوه‌ی عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كیدا هه‌رده‌م ژن وه‌ك پارێزه‌ری شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه و خێڵ و عه‌شیره‌ت چاوی لێده‌كرێ و كه‌واته عه‌قڵییه‌تی خێڵ كه بێگومان به دست پیاوانه‌وه‌یه ئه‌وه وه‌كو ئه‌ركێك ده‌بینێت كه ده‌بێ ئاگای له شه‌ره‌ف و ناموسه‌كه‌ی بێت!
لێره‌دا چه‌ند خاڵێك وه‌ك رێگاچاره وه‌بیردێنمه‌وه كه ره‌نگه هه‌ر نه‌بێ تا راده‌یه‌ك ببنه هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی تووندوتیژی. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌توانێ تووندوتیژی تا راده‌یه‌كی باش كه‌م بكاته‌وه، به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ییه كه پێویسته ژنان مافه‌كانیان به باشی له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگادا بناسن و ئه‌وه بزانن كه ئه‌وانیش بوونه‌وه‌رێكن كه هیچ كه‌متر نین له پیاو و پێویسته له هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی‌دا هه‌مان ماف و حه‌قیان هه‌بێت كه پیاوێك ده‌كرێ هه‌یبێت. پێكهێنان و چالاك كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن و رێكخراوه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیه‌كان ده‌كرێ ده‌ورێكی گرنگ و كاریگه‌ر له‌م بواره‌دا بگێڕێت له رۆشنبیركردنه‌وه و ناساندنی مافه‌كانی هه‌ردوو ره‌گه‌ز له كۆمه‌ڵگادا.
بواری په‌روه‌رده و راگه‌یاندن ده‌كرێ رۆڵێكی گرنگی هه‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی تووندوتیژی. بۆ نمونه به‌وه‌ی كه هه‌ر له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی خوێندنگاكانه‌وه بابه‌تی مافی یه‌كسان و یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو و لێك جیانه‌كردنه‌وه‌ی كوڕان و كچان و چاندنی تۆوی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ مرۆڤ به بێ جیاوازی ببێته یه‌كێك له بنه‌ماكانی فێركردن و دروستكردنی متمانه له نێو هه‌ردوو ره‌گه‌زدا.
سه‌ربه‌خۆیی ژنان له بواری ئابووری ده‌توانێ تا راده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی تووندوتیژی یان لانیكه‌م ژن ئه‌گه‌ر له بواری ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆ بێت ئیتر ناچار نییه كه هه‌رده‌م وه‌كو چاو له ده‌ست و ژێرده‌سته بژیت و هه‌موو ئه‌و بێمافیانه قبوڵ بكات كه ده‌رحه‌قی ده‌كرێت.
به باوه‌ڕی من ئه‌م خاڵانه‌ی لای سه‌ره‌وه تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌توانن ببنه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی تووندوتیژی بۆ سه‌ر ژنان به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ئێمه خۆمان وه‌ك ژن نابێ هیچكات له خۆ پێگه‌یاندن و ناسینی مافه‌كانمان غافڵ بین.
به‌و هیوایه‌ی كه به هاوكاریی هه‌رچی زیاتری رێكخراو و ئه‌نجومه‌ن و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و خودی ژنان خۆیان هه‌وڵی جدی بدرێ بۆ زیاتر رۆشنبیر كردنه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگا به گشتی و ژنان به تایبه‌تی، چونكه به هه‌ر راده‌یه‌ك ژنان بتوانن به بیرێكی فراوانتره‌وه بێینه مه‌یدان هه‌ر به‌و راده‌یه‌ش ده‌توانرێ كۆمه‌ڵگایه‌كی له رووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه سالم و دوور له توند‌و تیژی گه‌شه بكات.
سه‌رگوڵ بێتوشی