بونیادی گێڕانه‌وه له شیعره‌کانی به‌شدار سامی دا
به هۆی کاڵبوونه‌وه‌ی سنووری نێوان ژانره ئه‌ده‌بییه‌کان، ده‌قی نوێ و ته‌کنیکی نوێ دروست بووه. ژانره ئه‌ده‌بییه‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌دا سووێکی زۆر له بونیاد و توخمی یه‌کتر وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆماننووسان سوود له بونیادی شیعر، ئه‌ده‌بیی میللی و فۆلکلۆر، ئه‌فسانه…تاد و شاعیرانیش سوود له بونیاد و توخمه‌کانی هونه‌ری گێڕانه‌وه به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه وه‌ربگرێن. ئه‌م سوود وه‌رگرتنانه ته‌نێ بۆ به هونه‌ریکردنی ده‌قه. من له ساڵی (2010) به توێژینه‌وه‌یه‌ک به نێونیشانی (ده‌قی کراوه له کتێبی ملوانه‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌س) له چوارده‌یه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌شدار بووم، له‌وێدا باسم له ده‌قی کراوه کرد (نه‌ک به واتا ئیکۆیه‌که‌ی)، ئه‌و ده‌قه‌یه که سوود له توخم و پێکهاته‌کانی هونه‌ری گێڕانه‌وه وه‌رده‌گرێت، گفتوگۆیه‌کی باشی له‌باره‌وه کراو، له بیرمه به توندی له‌لایه‌ن یادی به‌خێر (زاهیر ڕۆژبه‌یانی) ڕه‌خنه‌ی لێ‌گیرا. لێره‌دا مه‌به‌ستم زیاتر ئه‌وه‌یه چیدی سنوورێک و دیوارێکی ئه‌ستوور له نێوان ژانره ئه‌ده‌بییه‌کاندا نه‌ماوه، به‌ڵکه ئه‌م ژانرانه تێکه‌ڵاوی یه‌کدی ده‌بن.
زمان له شیعردا به پله‌ی یه‌که‌م دێت، چونکوو هه‌موو داهێنان و گه‌مه‌کان له ڕێی زمانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. ” شیعر گه‌مه‌کردن کردن نییه به زمان، به‌ڵکه گه‌مه‌کردنه له‌گه‌ڵ زمان”1، واتا لێره‌دا شاعیر ده‌بێ زمان ئه‌زموون بکات. ئه‌زموونکردنی زمان واته ئافراندنی هه‌موو ئه‌و گه‌مانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ر چوار ئاسته‌ی زماندا ده‌یکه‌ین، ئاستی واتاسازی، ئاستی ده‌نگسازی، ئاستی وشه‌سازی، ئاستی ڕسته‌سازی. نه‌ک وه‌کوو زۆر له شاعیرانی کورد زمان وه‌کوو هۆکارێک به کارده‌به‌ن، ئه‌مه‌یش کێمسای له ئافراندنی ئه‌و وێنانه دروست ده‌کات، که هه‌وڵی ئافراندنیان ده‌دات. واته ئیش‌کردنی زۆر له شاعیرانمان ئیشکردنێکی زۆردارانه‌یه له‌سه‌ر زمان، تۆ به زۆر زمان بکه‌ی به هۆکارێک بۆ دروستکردنی وێنه و گه‌مه زمانییه‌کان، بێگومان ئه‌و زمانه خاڵی ده‌بێت له بوونی ئه‌و شاعیره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زمانه‌که ئه‌زموون کرا، شاعیر بوونی خۆی خسته خزمه‌ت ئه‌و ئه‌زموونه‌وه، ئه‌وا له نێوان هه‌ر وشه‌یه‌ک و وشه‌یه‌کیدی، که له نێو شیعره‌که‌دا ده‌ینووسیت په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و دروست ده‌بێت.
زۆرن ئه‌و نووسه‌رانی ئه‌زموونی ژیانیان خه‌رمانه‌یه‌که و هه‌میشه داهێنانه‌کانی خۆیان له‌وێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌و مۆتیڤانه‌ی له ئه‌زموونه‌وه هه‌ڵده‌هێنجرێن، زۆر گرنگتر و جوانترن له‌و مۆتیڤانه‌ی له ژیانی خه‌ڵکی دیکه‌وه بۆ ده‌ق سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت. لێره‌وه زمان کاری خۆی ده‌کات. مه‌به‌ستمان له بونیادی گێڕانه‌وه، کۆی توخم و بونیاده‌کانی گێڕانه‌وه نییه، به‌ڵکه ده‌کری له شیعردا بۆ نموونه وه‌گێڕ و گوێدێر* بوونی هه‌بێت، دیالۆگ هه‌بێت، کورتیله چیرۆک هه‌بێت. به کورتی فه‌زایه‌کی گێڕانه‌وه‌یی بوونی هه‌بێت، ئه‌م فه‌زایه‌ش له ڕێی فۆرمی شیعریی و شیعرییه‌ته‌وه پێکده‌هێنرێت، به‌ڵام خوێنه‌ر له کاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که به‌ر زۆرێک له بونیاده‌کانی گێڕانه‌وه ده‌که‌وێت، ئه‌م بونیادانه‌یش ته‌نێ بۆ به هونه‌ریکردنی ده‌قه‌که و به شێوه‌یه‌کی دی نووسینه. لێره‌وه شاعیر ده‌بێ زۆر وریا و به ئاگا بێت، چونکوو تێکه‌ڵکردنی بونیاده‌کانی دوو ژانر هه‌روا کارێکی سانا نییه.
(به‌شدار سامی) تا ئێستا ته‌نێ یه‌ک به‌رهه‌می چاپکراوی شیعری هه‌یه، به‌ڵام شیعره‌کانی جیاوازن، به‌و واتایه‌ی نا، که دابڕانێکی له نێو شیعری کوردی دروست کردبێ، به‌ڵکه هێنده هه‌یه له خۆی ده‌چێت. ئه‌مه خاڵێکی زۆر گرنگه بۆ شاعیرێک له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی له که‌س نه‌چیت. شیعره‌کانی (به‌شدار سامی) چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کیان هه‌یه. یه‌کێک له‌و تایبه‌تمه‌دییانه ئه‌وه‌یه زوومی کامێرای شاعیر هه‌میشه له‌سه‌ر دیارده و شته پاژه‌کانه (الجزئیات)، نه‌ک گشته‌کان. میلله‌تی کورد زۆر کاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌سه‌رهاتووه، که‌م نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆماننووس هه‌یه، خۆی له به ده‌قکردنی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال، شه‌ڕی ناوخۆ، کۆڕه‌و…تاد نه‌دابێت. به‌ڵام ده‌پرسم چه‌ند له‌و ده‌قانه ماونه‌ته‌وه، یان چه‌ندیان زه‌مه‌نیان بڕیوه؟ له کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه شیعری (لاوکی هه‌ڵه‌بجه)ی (ڕه‌فیق سابیر) توانیویه‌تی زه‌مه‌ن ببڕێ، له ئه‌نفال (گۆڕستانی چراکان)ی (شێرکۆ بێکه‌س)، ڕه‌نگه ده‌قی دیکه‌یش هه‌بن و ئێمه لێیان بێ ئاگا بین. به بڕوای من هۆکاری ئه‌وه‌ی ده‌قه‌کانی دیکه، که نه‌یانتوانیوه زه‌مه‌ن ببڕن، ئه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌کی گشتی وێنای ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان کردووه. نه‌هاتوون به شێوه‌یه‌کی ورد، له چیرۆکه بچووکه‌کانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ن، له‌ناو هه‌ر یه‌ک له‌م کاره‌ساتانه ده‌یان و سه‌تان چیرۆک و ڕووداوی هونه‌ری بوونیان هه‌یه، که که‌ره‌سه‌یه‌کی خاوی باشن بۆ کردنیان به ده‌ق. ئه‌م ئیشکردنه له‌سه‌ر گشت یه‌کێکه له هۆکاره‌کانی لاوازی ده‌قی کوردی.
کارکردن له‌سه‌ر پاژه ورده‌کانی ژیان، ڕۆچوونه به نێو قووڵایی ژیان، له‌وێوه مرۆڤ له ده‌ره‌وه ده‌ڕوانێت. شاعیر له هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی ئێمه دیومانه و خوێندوومانه‌ته‌وه زوومی کامێرای له‌سه‌ر گرته بچووکه‌کانی ژیان بووه، کاتێک باسی عه‌شق ده‌کا، نایه‌ت باسی عه‌شقی له‌یلا و مه‌جنوون و شیرین و فه‌رهادمان بۆ بکات، به‌ڵکه باسی ئه‌و چرکانه‌مان بۆ ده‌کات، که خۆی له کونجێکی ژیان عاشق بووه. واتا زمان و وێناکردنه‌کانی شاعیر له بازنه‌یه‌ک ناخولێته‌وه، به‌ڵکه دێت گرته‌یه‌ک له چیرۆکی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه‌یش وا ده‌کات زمانی شاعیر زمانێکی بازنه‌یی نه‌بێت، وه‌کوو زۆربه‌ی شاعیرانی دیکه، زمانێکه پشت به دیارده و گرته پاژه‌کان ده‌به‌ستێت.
داریووش گوتی: نا!
دوو ژن منیان خۆشده‌وێ
خودایه دووكه‌رتم كه و
هه‌ر كه‌رتێك و دڵێكی خۆی بدێ!
من, ده‌مه‌وێ هه‌ردووكیانم هه‌بێ!
له‌م شیعره‌دا تێمه‌ی سه‌ره‌کیی خۆشه‌ویستییه، به‌ڵام خۆشه‌ویستییه‌ک نا، شاعیر هاوار و فیغان و شینوشه‌پۆڕ بۆ یار بکات، یان به شێوه‌یه‌ک خۆی ڕۆمانسی بکاته‌وه، خوێنه‌ر بڵێت هه‌نووکه ڕه‌نگه بتوێته‌وه و ببێت به هه‌ڵم. شاعیر نایوێ هیچ یه‌ک له‌و دوو ژنه‌ی له کیس بچێت، هه‌روه‌ها نایوێت غه‌در له هیچیان بکات، ده‌که‌وێته دیالۆگ له‌گه‌ڵ خودا، تێمه‌که‌ی بونیادێکی چێرۆکی هه‌یه، چونکوو له‌یه‌ک کاتدا هه‌م وه‌گێڕ و هه‌م گوێدێریشمان هه‌ن.
ڕۆبۆت
حه‌زم دەکرد
سه‌گ و پشیله و كه‌رم هه‌بن
دایكم ـ ژنه‌كم,
نه‌یانهێشت
به‌حاڵ مریشكێكم په‌یدا كرد
دایكم ـ ژنه‌كه‌م,
سه‌رییان بڕی و
خواردیان
من, نه‌ژیاوم!
ژیان لای شاعیر له‌و شته ساده و ساکارانه پێکهاتووه، که زۆربه‌ی خه‌ڵک گرنگیان پێ ناده‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕسته‌ی (من، نه‌ژیاوم) بکه‌ین، واتای زۆر ده‌دات، به‌وه‌ی نه‌یانهێشتووه شاعیر بژیه‌ت، چێژ له ژیان بکا، چونکوو ژیان هه‌ر ئه‌وه نییه، مرۆڤ خواردن بخوات و بنوێ و سێکس بکات، به‌ڵکه زۆرجار ژیان له شته ورده‌کان، له شته ساکاره‌کان بوونی هه‌یه. لێره‌دا هه‌ست به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکێک، ئازارێک له بۆته‌ی فۆرمێکی شیعریی ده‌که‌ین. ده‌ربڕینی ئه‌و ئازارانه هه‌میشه نیشاندانی ڕووه ڕاسته‌قینه‌که‌ی شاعیره.
یه‌کێک له بونیاده‌کانی گێڕانه‌وه له شیعره‌کانی شاعیر ئه‌و ته‌کنیکه‌یه که (ماریۆ ڤارگاس یووسا) ناوی ده‌نێت (گواستنه‌وه‌ی شوێنی وه‌گێڕ)، بێگومان ئه‌مه له هونه‌ری گێڕانه‌وه (ڕۆمان، چیرۆک، یادنووسین…تاد) دا زیاتر هه‌یه. ئه‌وه‌ی جێی سرنجه له‌م شیعرانه ده‌ستاوده‌ستکردنی وه‌گێڕ بوونی هه‌یه، به حوکمی ئه‌وه‌ی دیالۆگ له نیو شیعره‌کان بوونی هه‌یه، که‌واته وه‌گێڕه‌کان ده‌گۆڕێن، له که‌سی یه‌که‌مه‌وه بۆ که‌سی سێیه‌می نادیار ده‌گۆڕێ، یان به پێچه‌وانه‌وه. لێره‌دا فره‌یی له بۆچوونه‌کان ڕووده‌دات. له زۆربه‌ی شیعره‌کان دوو کاره‌کته‌ر بوونیان هه‌یه، (من)ی شاعیر و (تۆ)ی گوێدێر، هه‌روه‌ها زۆرجار (ئه‌و)ی نادیار ئاماده‌یی له نێو دیالۆگه‌کان هه‌یه.
به‌دبه‌خت
یه‌كه‌م جار به ته‌نیا تێپه‌ڕی
دووه‌م جار و
سێیه‌م جار و
چواره‌م جار.. ئاااااخ
پیاوێك ده‌ستی خستبووه نێو ده‌ستی و
به به‌رده‌می مندا تێپه‌ڕین !
دایكم گوتی:
شووی كرد
ئه‌و كچه‌ی حه‌زت ده‌كرد هاوسه‌رت با!
له‌م شیعره‌دا سێ کاره‌کته‌ر بوونیان هه‌یه. (من)ی شاعیر وه‌کوو وه‌گێڕ له فۆرمی شیعر ساتێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. گرته‌یه‌کی ژیانمان نیشان ده‌دات، که حه‌زی له کچێک کردووه و ئێستا شووی کردووه. کاره‌کته‌ری (ئه‌و)ی نادیار ئاماده‌یی هه‌یه، له هه‌مان کاتدا جڵه‌وی گێڕانه‌وه ده‌داته ده‌ست کاره‌کته‌رێکی دیکه (دایک)ی شاعیر، له‌وێدا (من)ی شاعیر ده‌بێته گوێدێر. له‌م شیعره‌دا دوو به‌شمان هه‌یه، به‌شێک، له به‌شی یه‌که‌م (من)ی شاعیر وه‌گێڕه و له به‌شی دووه‌م (دایک) ده‌بێته‌وه وه‌گێڕ، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه هونه‌ری دیالۆگ بوونی هه‌یه، چونکه له مه‌نه‌لۆگ کاره‌کته‌ر هه‌م خۆی وه‌گێڕه و هه‌م خۆیشی گوێدێره. بۆیه‌یش وێناکردنی ژیان، ته‌نانه‌ت پاژێکی چکۆڵه له ژیانی که‌سێک، ده‌ربڕینی بارودوخێکی وه‌ها، یان ئیش‌کردن له‌سه‌ر پاژه چکۆڵه‌کانی ژیان پێویستی به فۆرمێکی شیعری تازه هه‌یه. تێمه‌ی شیعره‌که حه‌زێکی چکۆله نیشان ده‌دات، به‌ڵام چ شتێک به‌ربه‌ست بووه له‌به‌رده‌م هێنانه‌دی ئه‌م حه‌زه، ئه‌مه‌یه ئیش‌کردن له‌سه‌ر تێمه‌یه‌کی وه‌کوو خۆشه‌ویستی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری زۆرێک له شیعری کوردی بکه‌ین، خۆشه‌ویستیان به شێوه گشتییه‌که وه‌رگرتووه، نه‌ک وێناکردنێکی ورد.
ئه‌و مۆتیڤانه‌ی شاعیر کاری له‌سه‌ر کردوون و زۆربه‌ی شیعره‌کانی پێکده‌هێنن، بریتیین له (ژن، سێکس). ئه‌م دوو مۆتیڤه به شێوه‌یه‌ک کاریان له‌سه‌ر کراوه، هه‌ر جاره‌ی واتایه‌ک ببه‌خشن. بێگومان کارکردنه‌که‌یش خاڵی له بونیادی گێڕانه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر له پرۆسێسه‌ی خۆشه‌ویستییه‌کی ئه‌فلاتوونی ڕۆح چه‌ق بێت، ئه‌وا له پرۆسێسه‌ی سێکس جه‌سته ده‌بێته چه‌ق. ته‌نانه‌ت زێی ئافره‌ت به چه‌قی گه‌ردوون داده‌نرێت، لێره‌وه ململانێی نێوان ڕۆح و جه‌سته، به واتایه‌کی دیکه ئایدیالیزم و ماتریالیزم دروست ده‌بێت. شاعیر ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به جه‌سته ده‌دات، هێنده خۆی به لایه‌نی ڕۆحییه‌وه خه‌ریک ناکات. له‌وێدا هه‌وڵی که‌شفکردنی جه‌سته ده‌دات، چونکوو هه‌موو نهێنییه‌ک له‌وێدا به‌دی ده‌کات، ته‌نانه‌ت گه‌ڕانێکه به دوای خود، (ئه‌دۆنیس) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ” هه‌ر جه‌سته‌یه‌ک له جه‌سته‌کان بریتییه له ئاره‌زوویه‌کی گه‌وره، بریتییه له گه‌ڕان به دوای خود.”2 جه‌سته ته‌نێ دامرکاندنه‌وه‌ی حه‌زه‌کان نییه، به‌ڵکه شانۆیه‌که بۆ خۆ دۆزینه‌وه تێیدا.
ئااااه
به‌بیرت ده‌هێنمه‌وه, كه من, چه‌ندین جار..
ده‌رپێكه‌ت نا
ستیانه‌كه‌ت نا
له‌شتم شووشتووه.
مامه‌ڵه‌کردنی شاعیر له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه، ئه‌و که‌سێکی ڕۆمانسی نییه، که‌سێک نییه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چاو و برۆ و پرچی یاردا بکات، ته‌نانه‌ت ناوی یاریش نابات، به‌ڵکه ئه‌و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ جه‌سته مامه‌ڵه ده‌کات، چونکوو ئه‌و هه‌وڵی که‌شکردنی گه‌ردوون له ڕێی جه‌سته‌وه ده‌دات، له‌وێشدا هه‌وڵی خۆدۆزینه‌وه ده‌دات. مامه‌ڵه‌کردنێکی به‌رکه‌وتنه، نه‌ك ڕۆحیانه. بۆیه ده‌بینین له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌میشه جه‌سته داده‌پۆشرێت، ده‌شاردرێته‌وه، ئه‌مه هه‌وڵدانه بۆ ڕێگرتن له خودی که‌شفکردن. جه‌سته ده‌رناکه‌وێت، ئه‌مه‌یش ڕێیه‌که بۆ هه‌ژاری شارستانییه‌تی ئێمه، ئه‌مه‌یش کارده‌کاته سه‌ر پرۆسه‌ی سێکس، چونکوو ” کرداری سێکسی مه‌زنترین و بێهاوتاترین کرداره له ژیانی ئێمه‌دا، چونکه تاکه کردارێکه نازانین ئاخۆ زیندووین یان مردووین. ژیان و مردن له یه‌کگرتنی دوو ئه‌ندامی سێکسیدا، ئاویزانی یه‌کدی ده‌بن.”3 ئه‌م یه‌کگرتنه بۆ سه‌رله‌نوو ئافراندنی ژیانێکی دیکه، ژیانێکی نوێ، کاتێک شاعیر هه‌وڵی سێکس ده‌دا، ئه‌وه هه‌وڵی ناسینی خۆی له ڕێی ئه‌ودییه‌وه ده‌دات.
شه‌و
له نهۆمی حه‌وته‌می هۆتێلدا
ماینه‌وه
ته‌مام گرتبوو سێكسی له‌گه‌ڵ بكه‌م.
ده‌رپێیه‌كی ڕه‌ش و
ستیانێكی ڕه‌ش و
ژوورێكی ڕووناك هه‌بوون,
گڵۆپمان كوژانده‌وه
كاتێكی خۆش‌بوو!
له‌م شیعره‌دا، که بونیادێکی گێرانه‌وه‌یی هه‌یه، ڕووداوێک، گرته‌یه‌کی ژیانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕیتمی کۆتا دێری شیعره‌که بکه‌ین، ئارامییه‌کی ته‌واوی تیدا به‌دی ده‌که‌ین. ئارامییه‌ک دوای یه‌کگرتنی دوو جه‌سته هاتۆته‌بوون، ئه‌مه‌یه واتای خولقاندنی ژیانێکی نوێ. لێکدانی هه‌موو پارچه‌کانی وه‌کوو (ده‌رپێی ڕه‌ش، ستیانی ڕه‌ش) له‌گه‌ڵ ناوونیشانی شیعره‌که (شه‌و) گه‌مه‌یه‌کی واتایی دروست ده‌که‌ن، چونکوو له‌ویدا تاکه وشه‌یه‌ک دژواز بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه (گلۆپه)، که ڕووناکی ده‌به‌خشێت و تاریکی شه‌و و ستیان و درپێ ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، هێنانه‌وه‌ی دوو وشه‌ی دژواز گه‌مه‌یه‌کی زمانه‌وانییه شاعیر بۆ خولقاندنی وێنه‌یه‌ک ئه‌نجامی ده‌دات. تاکوو گلۆپه‌که داگیرسابێت، هیچ جووڵه‌یه‌ک، ژیانێک ڕوونادات، به‌ڵام ساتی دوای کوژاندنه‌وه، ساتی ژیانکردنه، ساتی ژیانێکی نوێیه، که ژیان و مردن له‌ویدا یه‌کده‌گرن، بۆیه‌یش هه‌ست به ئارامییه‌کی زۆر له ڕیتمی دوا دێردا ده‌که‌ین.
له‌م شیعرانه‌ی (به‌شدار سامی) له ڕووی ڕیتمه‌وه زۆرجار هه‌ست به کاریگه‌ری ڕیتمی شیعره‌کانی (به‌ڕۆژ ئاکره‌یی) ده‌که‌ین. ئه‌وه ئاشکرایه شیعره‌کانی (به‌ڕۆژ ئاکره‌یی) له ڕووی ڕیتم، ده‌نگ، مۆسیقاوه ئێستاتیکای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ی من له به‌راوردکردنی شیعره‌کانی (به‌ڕۆژ) و (به‌شدار) بۆم به دیارکه‌وتووه، له هه‌ندێک شوێن کاریگه‌ری ڕیتمی شیعره‌کانی (به‌ڕۆژ) ده‌بینینه‌وه. ئه‌م په‌یڤه‌م ته‌نێ له ڕووی ڕیتمه‌وه‌یه، نه‌ک لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی شیعریی. شیعره‌کانی (به‌ڕۆژ) زۆربه‌یان به‌یه‌ک هه‌ناسه‌ی درێژ ده‌خوێندرێنه‌وه، واتا و‌چانی که‌م تێدایه، ئه‌ویش زیاتر به هۆی به‌کار‌هێنانی تیپی (و) وێنه و وشه‌کان لێکده‌دات. یان پاته‌کردنه‌وه‌ی ده‌نگ زۆر ده‌بیندرێت. ئه‌مانه لای (به‌شدار) که‌م به دیارده‌که‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه تێبینیمان کردبێ کاریگه‌ری ڕیتمی شیعره‌کانی به‌ڕۆژ به‌سه‌ر هه‌ندێک له‌شیعره‌کانه‌وه دیاره.
مردن
له نێو ئه‌و هه‌موو كۆڵان و
بازاڕ و
شار و
ده‌وڵه‌ت و چووزانم چی تردا
من، له كوێدا ده‌توانم به‌دواتدا بگه‌ڕێم؟
هه‌ی نازانم… ناوت لێ بنێم چی!
حه‌مه مه‌نتک
په‌راویز و سه‌رچاوه‌کان:
1. زمان، بوون، شیعر ، عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر، 2010، ل25.
* مه‌به‌ستمان له وه‌گێڕ (الراوی- السارد)ی عه‌ره‌بییه، که له کوردی زۆر وشه‌ی بۆ داتاشراوه وه‌کوو( گێڕه‌ره‌وه، گێڕه‌وه، بگێڕ، چیرۆکبێژ، حه‌کایه‌تبێژ)، مه‌به‌ستیشمان له گوێدێر (المروی له)ی عه‌ره‌بییه، ئه‌ویش وشه‌ی له کوردی بۆ داتاشراوه وه‌کوو (بۆ گێڕه‌وه)، ئه‌م وشه داتاشراوانه وه‌ک بڵێی به زۆر داتاشراون، به‌ڵام له کوریدا ئه‌م وشه ناسک و په‌تیانه‌مان هه‌یه. ئه‌م دوو زاراوه‌یه‌م به هاوکاری و ڕاوێژی (د. هۆگر و بوشرا که‌سنه‌زانی) له زانکۆی سلێمانی ده‌ستخستووه.
2. شوناسی ته‌واو نه‌کراو، ئه‌دۆنیس، و: نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، له بڵاوکراوه‌کانی پاشکۆی چاو‌دێر، سلێمانی، 2008، ل99.
3. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل101.